په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٥\٢٠١٠

پڕۆفیسۆر و دکتۆر عەلی قەرەداغی: (ئیشەڵا بەرەو بازاڕێکی ئازاد دەڕوا).


سەلام عەبدوڵا    


ئیمڕۆ یەکی ئایارە و لە سایتی (ئاوێنە) دیمانەیەکی هەفتەنامەکەیانم - کە لەگەڵ د. عەلی قەرەداغی سازدراوە - خوێندەوە. عەلی قەرەداغی لە وەڵامی پرسیاری: کەوایە ئەوەی ئێستا لە کوردستان هەیە، چ جۆرە بازاڕێکە، دەڵێ: (دەکرێت بڵێین ئیشەڵا بەرەو بازاڕی ئازاد دەڕوا.).


ناوبراو پرۆفیسۆر و دکتۆر و فەقیهێکی ئیسلامییە لە جیهان کەچی لەم رۆژە زۆر رەشە کە سەرمایەداری و بازاڕە ئازادەکەی بە بۆرسەکەیەوە لەناو قەیرانێکی وا دەخولێنەوە کە بەخۆشیان سەر لەبەری دەرناکەن، جەنابی ئەو بۆچوونەی هەیە.


ئایا د.عەلی ئاگای لە پرەنسیپەکانی بازاڕی ئازاد و کارتێکردن و کێشەکانی هەیە؟ ئایا ئەو بازاڕە کە جەنابی ئومێدەخوازە لە کوردستان"بەرقەرار ببێ" فڕی بەسەر ژیانی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە؟!


لە هەموو وەڵاتانی جیهان و لە پێشەوەیان لە وەڵاتانی ئۆروپا، کرێکاران و دۆستەکانیان ناڕەزایەتی جۆراوجۆر دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەو سەندوقی دراوی جیهانی و بانقی جیهانی و بازاڕە ئازادەکەیان جەنابی پرۆفیسور دکتۆر عەلی، رێکخست، بۆ نموونە:


لە 77شاری یۆنان خۆپیشاندان دژ بە گرانیی بازاڕ و کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینکردن و کرێکارانی بەندەرەکان خۆپیشاندانیان رێکخست، شوفێرەکانی ئەسین، بۆ ماوەی 24ساعات مانیان گرت و گەنجەکان داوای فێرکردنی بەخۆڕاییان کرد؛ تەنها لە شاری ئەستەنبول200هەزار کرێکار بە سەندیکا و شوعی و چەپەکان، خۆپیشاندانیان کرد؛ لە ڤین 100هەزار کرێکار ناڕەزایەتیان دەربڕی؛ لە مۆسکۆ و سان پترسبۆرگ سەدان کرێکار و چالاکوانی پرۆلیتاری دەستگیرکران؛ لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، مەکسیکۆ ستی، مەغرب و سپانیا ملیونان چەوساوە وەک چینێکی دیاریکراو ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.


هەر بۆ ئاگاداری"پرۆفیسۆرەکەمان" چەند نموونەیەک لە هاوار و داخوازی ملیونان ژێردەستەی و چەوساوە دەخەمە پێش چاوی: (ئێمە نرخی قەیرانەکەتان نادەین)، (کار و ماف و کرێی کاری یەکسان بۆ کرێکارانی کاتی)، (سۆسیالیزم یان بەربەرییەت)!


کاک عەلی دەبێ باش بزانێت کە پاش بەڵێنەکانی ئۆباما بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بانقەکانیان یان لەلانی کەمەوە راگرتنی زیانەکانیان، تازه‌ بە تازە هه‌شت بانقی مایەپوچ بوون و لەولاوە قەیرانەکە هەموو ئیدێکسی بۆرسەکانی ئۆروپاشی گرتۆتەوە. دوێنێ نیویۆرک تایمز، نووسیویەتی: (لەوانەیە دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی بڕە پارەیەکی زۆر بدا تا نەک هەر پشتیوانی لە یونان بکەن، بەڵکو پورتوگال و سپانیاش... لەو نووسینە بۆچوونی پیرۆ خیزی سەر بە(بەرگلی کەپیتال) هێناوە کە دەڵێ: ئەوە بڕێکی زۆر گەورەیە. 90ملیارد بۆ یونان، 40ملیارد بۆ پورتوگال و 350ملیارد بۆ سپانیا...).


لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی (ئەتلەنتیک جۆرنال- کۆنستیتسیون) بۆچوونی نیکۆلاوس سکۆریاس(سەرمایەگوزاریی پیکاسۆس سیکۆریتی) لە ئەسین بڵاوکردەوە کە دەڵێ: مەترسییەکی جدی پەتاکە لە ئارادایە و هاوشێوەی هەرەسی بانقی(لیمان برازەر). هەموو کەسێک شله‌ژاوە و بازاڕیش ترسێکی زۆر باڵی بەسەر دەکێشێ).

 
پرۆفیسۆر عەلی وەک زمانحاڵی دیکتاتۆریەتی سەندوقی دراوی جیهانی قسە دەکات و ئەوەی لەبیرچووە کە ئەم بازاڕە بووە بە بەڵا و تاوان و نەگبەتی (لە سایەی بازاڕەکەیەوە، "پەنا بەخۆ" جەنگ و کوشتن زیادی کردووە و باسی بێکاریی و بازرگانی بە مرۆڤ بۆ خۆی بەجێدەهێڵم). ئەگەر یەکێک لەم ئیسلامییە پرسیاری پرەنسپەکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بکات، ئەوا بەبێ چەندوچۆن ئایەتێکی قورئانمان بۆ هەڵدەدات و ئیدی هەر جۆرە رەخنە و بۆچوونێکیش حەرام دەکرێت و خۆیان بە تاقە رزگارکەری مرۆڤایه‌تی دەزانن.


ئیسلام ئەمەیە: یەکێکیان بە چەقۆ مرۆڤ سەردەبڕێ، ئەوی تر فتوای قەدەغەکردنی ئەم رۆژنامە و ئەو گۆڤار دەدا، لەولاوە چالاکوانی مەدەنی کورد دەکوژن و زەواجی موتعە حەڵاڵ دەکەن، ئەوجا لایەنێکی تریان کۆسپ دەخاتە بەردەم ماددەی 140 و هەیشە هاوکاریی بەعس دەکات، لەم لاوە بە بارێ بڕوانامە و بە ناوی خوداوە جامبازیی بۆ بازاڕی ئازاد دەکات و بە پارە فێری قوتابیان دەکەن....هتد!َ


ئێمە کار بۆ رزگاری کوردستانیان دەکەین لە جەوری بازاڕی ئازاد و کۆمەڵگەی کاڵا و ئەخلاقە قیزەوەنەکەی، پرۆفیسۆر عەلی جاڕی بۆ دەدا!


ئێمە داوادەکەین حکومەت خەرجی فێرکردن و پەروەردە لە ئەستۆ بگرێ، واتە بەخۆڕایی و زانکۆ ئەهلییەکان خۆماڵی بکرێن(7زانکۆی کەرتی تایبەت هەیە و لە بەرامبەردا 6زانکۆی حکومی)، ئەو زانکۆی ئەهلی دامەزراندووە بەناو (زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی) لە قەرەداغ و پارە لە فێرخوازان وەردەگرێت!


هەر خاوەن ویژدانێک نەفرەت لە دەسەڵاتدارەکانی پیترۆدۆلارەکانی بەنداو دەکات، بەڵام "مامۆستا" چاودێری شەرعی بانکی ئیسلامی و کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە وەڵاتانی شێخ و پاشاکانی قەتەر، دوبەی و بەحرەین و کوەیت دەکات!


ئێمە دەڵێین بانق دەبێ لە خزمەتی هاوڵاتیان بێت و نابێ بەناو سووەرگرتن یان رسومات (بڕوانە کڵاوکڵاواتی خاوەن بانق!)، ئەرکی سەرشانی خەڵک گران بکرێت، کەچی ئەو ریکلام بۆ فێڵی شەرعی دەبا (سوو یان رسومات) هەردووکیان هەر جووتە کڵاشە هەورامییەکەیە و بەناو هەر یەکێکیانەوە بێت، ئەو (250 هەزار) دینارە لە خەڵکەکە وەردەگرن و جەنابیشی فتوای حەڵاڵبوونی شەرعی کارێکی جەردەیی ئاشکرا دەدات!...ئەوە یەکێکە لە رێگاکانی جەردەیی سەرمایە دارایی بانقەکانە!


مامۆستا وەک "زانایەک" دەبوو بیگوتایە (گەرچی بۆرسە)مان نییە، بەڵام لە کوردستان بازاڕی ئازاد بە پلەی یەکەم باڵادەستە، چونکە بۆ نموونە (سەدان کۆمپانیا و بانقی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و دەرەکی) لە کوردستان تەراتێن دەکەن و بڕیار لەسەر بژێویمان دەدەن.


بە کورتییەکەی(!): "ئینشەڵای" خێرت نەبێت بۆ ئەو بازاڕە نامرۆیی و چەوسێنەرە کە جاڕی بۆ دەدەی و ئەو شەرع و فیقە و و عیلمە کە قوڕەکە زیاتر لۆ هەژارانی کوردستان خەستتر دەکات، ئەی جەنابی پڕۆفیسۆر و دکتۆر و چاودێر و فەقیە و خاوەن ئیمتیازی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی عەلی قەرەداغی!

 

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا