په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٤

پیرۆز بێ ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن!


عوسمان رەحمانی     


زیاتر لە سەد ساڵ لەو کارەساتە تال و دڵ تەزێنە تێدەپەڕی کە تێیدا ١٤٠ ژنی کرێکار بە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە "تیانکەل"ی شاری نیویورک و لەبەر نەبونی سیستەمی پاراستنی شوێنی کار و خراپیی هەلومەرجی کار، گیانیان لە دەستدا. لەو کاتەوە تا ئێستا بە بەردەوامی هەڵاواردن و ستەم، توندوتیژی و کوشتار، کۆیلاێەتی سێکسی و ڕەگەزی لە دژی ژنان پەیڕەو کراوە و تایبەتمەندی و ڕوتینی ڕۆژانەی حاشا هەڵنەگری کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریی و سیستەمی سەرمایەداریە.


سەرەڕای ئەوەش کە هەشتی مارس وەک رۆژی جیهانیی ژن لە ساڵی ١٩٧٥ دا لە لاێان ڕێکخراوی نێونەتەوەییەوە بە ڕەسمی ناسرا و پەسەند کرا، بەڵام زوڵم و تەعەدا و تاوان لە هەمو دونیادا لە دژی ژنان بەتایبەتی لە وڵاتانی ئایینی و دواکەوتودا بەردەوامە و رۆژانە ژنان دەکاتە قوربانی.


لە ڕۆژی ٨ی مارسی هەر ساڵیکدا ژنان لە سەرتاسەری جیهان دا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە تا ڕیز لە دەستکەوتەکانی خەباتیان بگرن و پەیمان نوێ دەکەنەوە کە تا گەشتن بە ئازادی و بەرابەری لە هەمو بارێکەوە و لە هەمو جیهاندا، بەردەوام بن لە خەبات و بە هانای یەکترەوە بچن. بەم حاڵەشەوە دیسانەکە ستەم و هەڵاواردن و توندوتیژی لەسەر ژنان هەر بەردەوامە و تەنانەت بەشیک لە خودی ژنانیش دەستیان لەم زوڵم و زۆر و تاوانانەدا هەێە دژ بە خۆێان.


ژنان بە بەردەوامی لە هەمو کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆی جیهاندا و لە بواردەکانی ئابوری، سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتی و خێنزانیدا زولم و ستەم وتوندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت. لە هەمو بارێکەوە نابەرابەرن و تەنانەت لەو نەختە مافە سوکەش کە پیاوان هەێانە، بێ بەشن. تەنانەت لە کۆمەڵگا مودێڕن و پێشکەوتوەکانیشدا، نابەرابەری ژن و پیاو یەکیكە لە تایبەتمەندی و بنچینەییەکانی سیستەمی سیاسیی حاکم. بەکار هێنان و چەوساندنەوەی ژنان، تەنها باری ڕەگزیی ژنان ناگرێتەوە، بەڵکو بەرینایی ئەم زولـمە مێژوییەی بەشەر زۆر لەوە بەرینتر و فراوانترە کە قسەی لەسەر بکرێت.


لە هەمو کۆمەڵگا دواکەوتو و پێشکەوتوەکاندا، هەر هەمو باس لە مافی ژنان دەکەن. ئەم باس کردنانە تەنها بۆ فریودان و سوئیستفادە و بەهرە وەر گرتنە لە ژنان و هێزی کاریان. بۆ نمونە لە هەڵبژاردنەکاندا حیزبە سیاسیەکان بە دانی بەڵێنی نەهێشتنی ستەم لە سەر ژنان و دابین کردنی مافەکانیان، مامەڵە بە سەر ئازارەکانی ژنانەوە دەکەن. هەروەها بۆ بەدەست هێنانی هێزی کاری هەرزانتر و گوێڕاێەڵتر، هەرهەمو پیاوانی دەوڵەتی و سەرمایەگوزاران و خاوەن کارخانەکانەکان باسی مافی ژنان و ڕیزگرتن لە ژنان دەکەنە خۆراکی پروپاگاندەی خۆیان. کاتێک کە بەرهەمەکانی ئارایش کردن، لەش ساغی، پاک و خاوێنی، ڕازاندنەوە، جوانکاری و هەر شتێک کە بتوانێ لەگەڵ پێشوازیی ژنان یان ڕێکلام لە لاێان ئەوانەوە، قازانجی زۆر بۆ خاوەن کومپانیاکان و دەڵاڵەکان دەستەبەر بکا، بە لێشاو دەڕژێنرێتە ناو بازاڕەکان. بەڵام لە کردەودا لە بابەت دەستەبەر کردن و پاراستنی مافی ژنان هیچ کەسێک، نە ئەوانەیکە لە کاتی هەڵبژاردندا بەڵینیان دا و گەشتە پلە و پۆستی دەوڵەتی، نە پیاوانی هەڵسوڕینەری دەوڵەت و نە سەرمایەدارانی پشتگریکەر لە مافی ژنان، نە بەرهەم هێنەران و دەڵاڵەکانی هێنان و هەناردەی بەرهەمەکان بۆ بازار، دەنگی قیژە و هاوار و سکاڵا و ئازاری ئارام ئارام وردوخاش بونی کەسایەتی و هەویەی ژنیان نەبیست و نایبیسن.


بێگومان مافە ئینسانیەکانی ژنان بە بێ هاتنە مەیدانی خۆیان و بە بێ هوشیاری و ناسینی ڕیشەی ئەم نابەرابەری و ستەم و زوڵمانە، بەدەست ناێەن و ناپارێزرێن. ژن دەبێ خۆی وەک ئینسانێکی سەربەست و خاوەنی مافی یەکسان جێ و شوێنی کۆمەڵایەتی خۆی بناسێت و بۆ پاراستنی تێبکۆشێت! ژن دەبێ خۆی نرخی خۆی بزانێت و ڕیزی لێ بگرێت و باوەڕی بە خۆی بێت کە هیچ گومانێکی تێدا نیە لەم بارەیەوە. بەڵام بە داخەوە تەوەرێکی سەرەکیی شاراوە هەیە کە گەورەترین هۆکاری چەوساندنەوە و ژیر دەستیی ژنانە. زۆربەی ژنان بەردەوام بەرهەمی دێننەوە و ناتوانن دەستی لێ هەڵبگرن. خۆێان بونەتە ئامرازی سەرکوت و دەمکوتی دەستی سیستەم و باوەڕی دژی ئینسانیی پیاوسالاری و ئەم کوشت و کوشتارەێان. بۆ ناسینی ئەم تەوەرە دزیو و زیانبارە هەر ئەوەندە بەستە کە ئاماژە بە کارەکانی خودی ئەم ژنانە بکەین کە شانازیشی پیوە دەکەن و خۆێانی پێوە با دەدەن:


ئاێا چەند ژن لە کەس و کار و نزیکان و دەراوسێ و دەوروبەر و دۆست و ناسروای خۆتان دەناسن کە بە دانستە کارگەڵێک دەکەن کە لە بەرژەوەند و قازانجی ژنان و تەنانەت خۆشیاندا نیە؟ چەند ژن دەناسن کە لە قسە و وتار و کۆر و کۆبونەوە و وتووێژ لەگەڵ میدیا و تەلەڤزیون و ڕۆژنامەکاندا وەک ژنێکی هوشیار و تەواو تێگەشتو لە مافەکانی ژنان خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام لە کردار و کاتی هەلوێست گرتندا کە دەبێ بیسلەمێنن چاوپۆشی لە هەمو مافەکانی ژنان دەکەن و بە پێجەوانەوە ملکەچی خواست و یاساکانی پیاوانی ماڵ و دەستگاکانی دەولەتی و کولتورین. ئەم ژنانە کە بە قسە و وتار و ڕواڵەت هیچیان نەهێشتوەتە، بەڵام لە کرداردا ڕاست وەک ئەو ژنانەی کە بە هۆی هەژاری و یان دواکەوتویی کولتوریەوە لە ژێر باری زوڵم و ستەمی خێزانەکەی خۆیدا واتا مێرد، باوک و برا کە دەبی دابین کەری ئەمنیەتی گیانی و ژیانی بن، مل بە هەر توندوتیژی و ژێر دەستی و سوکایەتیەک دەدەن. چەند ژن دەناسن کە هوشیارن و بە تەواوی لە مافە ئینسانی و یەکسانەکانیان تێگەشتون، بەڵام بۆ بەدەست هێنانیان و سەپاندنیان هیچ کارێک ئەنجام نادەن؟ ئەم ژنانە هەمو تەعەدا و سوکاێەتی و هەڵاواردنێک قەبول دەکەن بە مەرجێک بڕێک زێریان بۆ بکڕن کە دەکاتە قیمەتیان و هیچیتر.


ئەم تەوەرە سەرکیە کە ئاماژەی پێ کرا، "هەست و سۆز و عاتیفەیە" یانی شتیک کە بە دریژایی مێژوی پیاوسالاری هیچکاتێک فام نەکرا، نەبینرا و چاوپۆشی لی کرا و بێ وڵام مایەوە. ئەگەر نەختێک زەحمەت بدەین بە خۆمان و لێ ڕامێنین، دەبینین کە ئەم "هەست و سۆزە" یەک لاێەنەێە وەک خۆرکە ژنانی خواردوە و کۆیلە و دەستمۆی کردون. هەست و سۆزی دایکی، هەست و سۆزی هاوسەر، هەست و سۆزی کچ بون، هەست و سۆزی خوشکاێەتی، هەست و سوزی ماڵدار، هەست سۆزی قەومی و ئایینی و ... ئەم هەست و سۆزانە بە شێوەێەکی وەها بە سەر بونی ژندا زاڵ بوە کە هەستی ژن بونی تێدا کوشتوە و ڕێگای لێ گرتوە کە بیرێک لە خۆی بکاتەوە و تێبگا کە، بەرلەویکە کچ، خوشک، دایک، هاوسەر و یان هەر ناوێکی دیکە کە کراوەتە تەوقی گەردەنی هەیبێت، بە خۆی بڵێت: تۆ "ژنیت"!! ئینسانێکی ژنیت و مافی تەواوی ئینسانی و یەکسانت هەێە لەگەڵ پیاو. ئەم بڵاێە واتا هەست و سۆز کە ژنی نابود کردوە، زۆربەی هەرە زۆری ژنانی ناچار بە بێدەنگی و خۆ خواردنەوە، تەعامول و تەحەمول و چش لە خۆ کردن، وە خۆ کردنە قوربانی کە، بەم حالەشەوە هیج حەسابێکی بۆ ناکرێ و بە کالای سێکسی و ئامێری ڕابواردن بۆ پیاوان و بەشیک لە مڵک و ماڵی پیاو دادەنرێت.


هەست و سۆزی ژن تەوق و کۆت و کەلەبچەێەکی مێژوییە کە ژنان کردویانەتە ئەستۆی خۆێان و مرۆڤ بونی خۆێانیان پێ نابود و سڕیوەتەوە. تا ژنان واز لەم خەڵاتە قیزەونە نەهێنین کە پیاوسالاری بڕیویەتی بە باڵاێاندا، قەت ناتوانن بگەن بە کەمترین مافە ئینسانیەکانیان.

 

ماڵپەڕی عوسمان رەحمانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک