په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١١

 پرسیارێک سەربەخۆیی باشووری سودان لە کوردستانی دەکا.


ئاسۆ که‌مال   


گوێبیستی هەواڵی رفراندۆمی باشووری سودان پرسیارێک لە بەردەم هەر کەسێ لە کوردستاندا دروست دەکا ئەوە بۆچی کوردستان وەک باشووری سودان سەربەخۆ نابێت؟ بۆچی لەکاتیکدا هەردوولا یەک کێشەیان هەیە بەڵام دووچارەنوسی جیاواز؟ خەڵکی کوردستان وەک خەڵکی باشووری سودان هەردوو لا بەدەست حکومەتێکی ناوەندیەوە توشی ستەم و هەڵاواردن هاتن، هەردوولا شەڕ و کوشتار و جینۆسایدیان بەرامبەرکرا، هەردوولا حکومەتێکی ناوەندی خاوەن ناسنامەی قەومی عەرەبی و ئیسلامی هەڵگرتوە و هاوڵاتیانی غەیری عەرەب بە پلەدوو مامەڵە دەکەن، هەردوولا کێشەی جیگای ناکۆک و نەوت و داهاتیان لەگەڵ دەولەتی ناوەندیدا هەیە. جیاوازیشیان هەیە باشووری سودان هەژارترین بەشی ئەفریقایە و کوردستان دەیان بەرابەری ئەو دەوڵەمەندە. نەخویندەواری و نەخۆشی وبرسیەتی وبێکاری لەباشووری سودان سەدبەرابەری کوردستانە. حکومەتی ناوەندی لە سودان جێگیر و خاوەن سوپای گەورە و لە عێراقدا حکومەتێکی ناجێگیر و سوپایەک هێشتا خۆی کۆنەکردۆتەوە هەیە و دەسەڵاتی میلیشیایی زاڵە. بەڵام سەرەرای هەموو ئەم خاڵە هاوبەشانە و سەرەرای لە پێشەوەبوونی هەلومەرجی کوردستان بەپیچەوانەوە کوردستان پاشکۆی عێراقێکی عەرەبی و ئیسلامیە بەپێی دەستور و باشووری سودان رفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا. سەرچاوەی ئەم دوو چارەنوسە جیاوازە بڕیار و سیاسەتی حیزبە باڵادەستەکانی کوردستانە لەچاو بەرەی میللی باشووری سودانە.

 

یەکێتی و پارتی بە ویست و بەرژەوەندی خۆیان کوردستانیان بەناوی "فیدرالیزم"ەوە کردۆتە پاشکۆی عێراق و بەرەی میللی لە ریکەوتنی لەگەڵ دەولەتی مەرکەزیدا بریاری رفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی سەپاندوە. بۆچی باشووری سودان بەو هەموو نەهامەتیە ئینسانیانەشی لە جیابونەوەیدا هێشتا چاوەڕوانی دەکا سەربەخۆیی هەڵبژاردوە و کوردستان لە سەربەخۆبونیدا کۆتایی دێنێ بەکێشەی هەموو ڕۆژەی پلەدوویی لە سایەی ناسنامەی عەرەبی وئیسلامی دەولەتی عێراقی قبولکردن ، کێشەی بودجە و داهاتی کوردستان و سوپا و سنور و دەیان کێشەی تر کە هەرکامیان شەڕێکی نەبڕاوە و فتیلی هەڵگیرسانی دوبارەی سیناریۆیەکی ترسی ستەم و کوشتاری قەومیە ، بەڵام سەرەرای ئەمانەش حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ناسیونالیزمی کورد مانەوەی لە عێراقدا پێ باشە. دوای ئەم هەموو ڕاستیانەی کە لە بەراوردێکی سادەی سەربەخۆیی باشووری سودان و واقعیەتی کوردستاندا دەردەکەوێ ئەگەر هەر کەسێک وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە بەوەی ئەمە ڕیەل پۆلەتیکە لەکوردستان ئەوە بێگومان پیویستی بە تێستی عەقڵ هەیە.


لەکوردستان جیاوازیەکی تری لە باشووری سودان و تەیموری ڕۆژهەڵات و سەحرای غەربی هەیە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کوردستان خۆیان ڕێگرن لەسەربەخۆبوونی کوردستان و بەرژەوەندی مانەوەی دەسەڵاتیان لەمانەوەدا دەبیننەوە. پێش 15 ساڵ حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری باسی جیابونەوەی کرد لەلایەن یەکێتیەوە درا بەدادگا و کرایە باینویەک بۆ هێرشکردنە سەری، لەدەرەوە وناوەوەی کوردستان پشتیوانی جەماوەری و ناوەندە سیاسی و ئینسان دۆستەکانی هەبوو ، لە راپرسیەکدا %98 ی خەلکی کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا وە دوو ملیۆن ئیمزایان دا بە نەتەوەیەکگرتوەکان بەڵام سەرۆک کۆماری عێراق ئەمانە بەخەو ناو دەبا و سەرۆکی هەرێمیش بەجیا لەوەی لە پروپاگەندەی ئیعلامیدا بەقسە لەگەڵیدایە بەڵام دیسانەوە بەعەمەلی بڕیاری "فیدرالی" یەکەی خۆیان بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەزانێ و دەیسەپینێ بەسەر %98 خەڵکدا. ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانە نایانەوێت ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕاپرسی خەڵک بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشەیە بگرن لەبەرئەوەی دەسەڵاتێکی تۆتالیتارن و هیچ مافێکی خەڵک لەبڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان بەڕەسمی ناناسن. ئەوان نایانەوێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ لەبەرئەوەی مانەوەیان لە عێراقدا دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان لە عێراقێکی پڕ لە میلیشیادا بیانوی مانەوەی هەیە و لەجیاتی بودجەیەک دووانیان هەیە ،لەکوردستان و لە ناوەندەوە، ڕێگەی ساتوسەودا ومامەڵەیان لەگەڵ دەولەتانی دەوروبەردا زیاتر کراوەیە، هەمیشە دەتوانن سیناریۆی پاراستنی نەتەوە لە دوژمنی بێگانە بکەنە وەسیلەی کپکردنەوەی دەنگی ناڕازی بەرامبەر بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی کوردایەتیان. ئەمەیان ڕیەل پۆلەتیکە نەک بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە عێراقدا وەک خۆیان دەلێن بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەی مانەوەی دەسەڵاتیان.

 

لە عێراقێکدا کە هەمووی بەسەر قەومیەت و مەزهەبدا دابەشکراوە و هەریەکە بە پێی هێزی میلیشیاکەی دەسەڵاتی ناوچەیەکی پاوان کردوە و ئایندەی دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی تێدا نادیارە باردۆخێکی لەبارە بۆ حیزبە ناسیونالیستیە کوردەکان کە ئایندەی دەسەڵاتی محەلی و سەهمیان لە نەوت و بازاڕی سەرمایەی عێراقدا مسۆگەرتر ببینن وەک لە کوردستانێکی سەربەخۆدا کە کێشەی کورد حەل دەکات بەڵام دەسەلاتی ئەوان بەنادیاری دەهێڵیتەوە. ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بەستۆتەوە بە نەخشەیەک کە ئەمریکا لە جەنگی دووەمی خلیجەوە بۆ عێراقی داناوە و لە ڕوخانی بەعسیشدا خزمەتی دامەزراندنەوەی دەولەتی عێراقیان وەک مەندوبی ئەمریکا لەعێراقدا بەجێگەیاند و دەستوری پاشکۆکردنەوەی کوردستانیان کرد بە دیاری بۆ تورکیا و ئیران و ووڵاتانی عەرەبی ، هەرچەند لەبەرامبەریدا فیدرالیزمێکیان پێبەخشیون کە تەنیا لەلایەن خۆیانەوە ئیعتباری هەیە و هەموو دابەشکردنی ئیستا لە دیفاکتۆ تیناپەڕێ کە تەوازنی هێزە عێراقی و ناوچەیی ودەولیەکان وەکو شیری دیموکلیس بەسەرسەریەوە ڕاگیراوە. حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خۆیان لەداڕێژەران و بەشی ئاکتیڤی ئەم سیناریۆیەن کە کوردستانی وەک پاشکۆی وەزعی عێراق هێشتۆتەوە نەک ئەوەی کە ئەوان خواستی جیابونەوەیان هەبێت و بۆیان کاری کردە نەبێ.

 

هەربۆیە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ سەربەخۆیی باشووری سودان لە کوردستانی دەکات ئەوەیە خەڵکی کوردستان باجی مانەوەی میلیشیا دەسەلاتدارەکان دەدەنەوە و جارێ مافی رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانیان لەلایەن ئەم حیزبانەوە لێ زەوتکراوە. بزوتنەوەی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە گێڕانەوەی ئەم مافە بۆ خەڵک و سەپاندنی وەک ئەمری واقیع بەسەر ئەم حیزبانەدا، دەتوانێت نموونەی باشووری سودان و تەیموری ڕۆژهەڵات لە کوردستاندا پیادەبکا.


‏9‏\1‏\2011

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال