په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٤\٢٠١٧

پەیامنامە:

قوربانیی و قەوانی قارەمانیی.


ئەرسەلان مەحمود  


قەڵادزێ، بە تەنھا ھەر ئەو جوگرافیایە نییە قەڵادزەییەکانی تیایدا نیشەجێنە، بەڵکو ڕۆشنایی ئەو پڕشنگدانە مرۆییە لەخولیاو ئەندێشەی قەڵادزەییەکاندا دەژی و، نامرێت!

بەعس، لە(٢٤\٤\١٩٧٤) ئەم شارەی بەچەکە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییە بەردەستکراوەکانی! بۆردومانکردو، سەرئەنجامیش لە (٢٦\٦\١٩٨٩) وێرانیکرد، بەڵام دواجار ھەر نەیتوانی ئەم ڕەنگدانی عیشقە، ئەم عەشقی ڕۆشناییە لەئەندێشەو زیھنیەتی خەڵکەکەیدا بسڕێتەوەو خامۆش بکات.

لەم شەبەنگە مانایەوە، لەم فتیلەو فانۆس و چرا تۆڕی تاک بەتاک و ماڵبەماڵەیەوە، لەم تریقانەوە خرۆشاوەی تروسکایی کوچە بەکوچەو، کۆڵان بەکۆڵان و، نوری بەرەبەیانی شەقامەوە، لەھەموو ئەو شتانەوەی پەیوەندیان بەڕوناکییەوە ھەیە، بۆ بەڕێزان: ئەندامانی ئەنجومەنە گەلیە_کارگێڕییە جیاوازەکانی خەمساردی و بێباکییەت لەم مەملەکەتە خەمڕەوێنەدا!!

سڵاوێک لەمانا، دڵنیام تەیکردنی ئەم رێگە تەنگەبەرو تاریک و تەریکە ژیانبەزێنە، نەیھەژاندون و، ناشتانھەژێنێت، ئەمە ھەم لەبەر ئەوەی ساڵیجارێک لوتف دەھێنن و پیایدا دەگەڕێنەوە، ھەم ھەر لەخۆیدا ئێوەی ئاسودەو مۆدێرنگەرا، ڕۆشنایی وەک تیۆری موجەڕەد، ماف و ئازادییە سروشتییەکان، پانەوپانی دیمۆکراسیەت و، ڕێچکە جەبرییەکانی تری تەبیعەت، ڕەتدەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر بەرژەوەندی ئەم پێدەشتە بەھەشتیە! لەھاتنە ناوەوەی ڕوناکی سروشتیدا بێت، بەرژەوەندییەکانی ئێوە لەقەدەغە کردنیدایە، چونکە لەتاریکیدا نەبێت داری دەسەڵاتی ئێوە، کوا لەکوێ پێدەگرێ و جارێکیدی دەنگ دەگرێت!!

ئێمە داوایەکمان ھەیە نایاب، بەسپاسەوە دەیخەینە بەردەم بەڕێزتان: تکایە ھەر بەشێوازە عورفییەکە نا، ئەمجارەیان بەیاسا، بفەرموون لوتف بکەن تەواوی کون و کەلەبەرەکانی شار، یەکبەیەکی پەنجەرەکانی چاوەڕوانی ئەم خەڵکە بەدیار ھاتنەوەی ڕۆشناییەوە دابخەن! ئێوە تێدەگەن لەنێوان ھات و نەھاتدا، زەواجێک ھەیە نەپساوە، با جوتیارەکان لەوە زیاتر پەڵپەی ھێنانی ئالیات و گەیاندنی پتڕۆ پەین و ڕۆناکی دەستکردتان پێنەگرن! ئەوەی بەحەوت پشت بچێتەوە سەر بڵاوبوونەوەی تاعون لەبیربکەن، با ھونەرمەندەکان لەوە پتر پڵتەپڵت لەمەڕ دروستکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگەی ھونەری نەکەن! کڵاوڕۆژنەکانی تەنھایی بەقەڵاتەوە بڕوخێنن، با گەنجەکان چیتر مینگە مینگ لەسەر بەنەبوونی مەلەوانگەو یاریگەو پەیمانگەو کۆلێژەکانی پەرەپێدانی مرۆیی نەکەن! زێیەکانی شار وەک بزاوتەوە ڕۆشنبیرییەکەی لاڕێکەن، پازدەو غارە لەکازینۆکاندا زیاد دەکات، مەعبەدو مەیخانەکان دەبووژێنەوە، مەڕو ماڵات و ڕەشە وڵاخ، پێست و گۆشت و خوێن و خورییەکەیان، سامانی کشتوکاڵی بەھێز دەکەن! درزەکان بگرن، با ڕۆشنایی داخڵ نەبێت! دزەکان ھێندەی دی بەرەڵڵاکەن، با شەفافیەت بفراژێت! با سەیرانی گوڵاڵەو چاندنی زەیتون و خواردنی خەرتەلە فراوانتر بێت، ئیسراف خراپە! دەشتەکانمان سەوز بەدەر بکەن، با لەداخە باخەکانتان وشک نەبن! جوانی شاخەکانمان بۆچیە، ھەنگەکانیش فێرە بەھەدەردانی بۆنخۆشی و تامخۆشی ڕەزو باخ و گوڵزار بوون! ئەمە بکەن، بەیاسا ڕێکیبخەن، بەمە ھیچ بوارێک نامێنێتەوە فروانبوونی مەزنی بەسەردا نەیەت، ھیچ کۆکەرەوەیەک موحتاج بەو جەووە سروشتییە نامێنێت جۆرئەتی ئەوە بکات بەبێ ئێوە بژیت، ھیچ ڕەژوکەرێک لەقوڵایی چاڵە چارە ڕەشەکەی خۆیدا نامێنێتەوە، چێژ لەخۆشگوزەرانی ھەڵکشاودا نەبینێت، یەک وشە نامێنێتەوە بۆ وتن دژی ئێوە بدرکێندرێت!!

بەڕێزان، دەست لەجوینەوەی بەلاغەت و دروشمبازی و پیاھەڵدانی ساڵانەی قوربانییەکانی شارو لێدانەوەی قەوانی قارەمانییەکانی شارۆمەندانی ھەڵگرن، ئێمە قوربانبمانداو، ئێمە قارەمانێتیمان نواند، ئێوە بیرمان دەھێننەوە!! ئەگەر ئێوە بەرھەمھێنانی ڕوناکیمان وەک ھەمیشە ھەر لەم ڕۆژدا پێببەخش و، سەرئەنجام بەرھەمی بەڵێنەکانتان نەچنینەوە، ئەگەر لەبری ژیانمان وەک ھەمیشە ھەر لەم ڕۆژەدا دڵخۆشمان بکەن و، ئاوڕ لەپەیام و ڕاسپاردەکانی شارۆمەندی شارەکە نەدەنەوە، گورزێکی کوشندە لەو سیاسەتکارییەی خۆتان دەدەن، کەڵەکەکردنی بێبەڵینی لەسەر بێبەڵینی، جگە لەکەڵەکردنی بێمانایی لەسەر بێمانایی، ھیچ بەھاو بایەخێکی تری نیەو نابێت، ھێزیکارو سروشت بەرێژەی جیا جیاو بەگوێرەی وڵات و کەش و ھەوا، ھاریکاری یەکتر دەکەن لەبەرھەمھێنانەوەی مانادا. ئێمە ھەین و ئێوە نین، ئەو بەشەی سروشت دەیبەخشێت ھەمیشە خۆڕاییە، ئەو بەشەی وزەو ھێزی کاری مرۆڤ بەشداری پێدەکات لەبونیادنانەوەدا بەھای ھەیەو، گەشە پێدەر دەردەچێت، سروشت نیوەی ھیزو کاریگەرییەکەی خۆی بەخشیووەتە ئێمە، بفەرموون ئێوەش نیوەکەی تری تەواو بکەن.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک