په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٩\٢٠١٤

قوڕ بەسەرخۆداکردن چارەسەر نییە!!


نەجم محەمەد    


لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا دیمەنى چەند رۆناکبیر و هونەرمەندێکى شارى کە رکووکم بینى بە داخەوە سەتڵە قوڕاویان بەسەر خۆیاندا دەکرد و سەرى خۆیان لە قوڕ دەنا وەک هەڵوێست وەرگرتن و ناڕەزایەیی دەربڕینێک بەرابەر بە هەلومەرج و ژیان و گوزەرانى سەخت و نالەباریان لەم شارەدا و هەروەها بەرابەر بە هاوکارى نەکردنیان بۆ پرۆژە هونەریی و رۆناکبیرییەکانیان و بەرابەر بە نەبوونى خزمەتگوزاریی و بارى ئاسایشی شارەکەیان و... هتد.

 

دیارە ئەو هونەرمەند و رۆناکبیرانە ئازادن لەم هەڵوێست وەرگرتنەیاندا بەڵام بە لاى منەوە ئەمە هەڵوێست و ناڕەزایی دەربڕینێکى واقیعى و راشکاوانە و تەندروست نییە و هیچ لە بابەتەکان ناگۆڕێ و کاریگەریی دانانێ لەسەر دەسەڵاتداران و حاکمانى شار و نابێتە گوشارێکی بەهێز.. بە کورتیی ئەو شێوازە ناڕەزایی دەربڕینە چارەسەر و ئەڵتەرناتیف نییە.. دیارە هونەرمەندان و رۆناکبیران لە هەر کوێیەک بن دەبێ رۆڵى پێشڕەوبوون و پێشەنگبوون و هۆشیارکەرەوەیان هەبێ بەڵام ئەم شێوازە لە ناڕەزایی دەربڕینە بە واتای پێشەنگبوون و پێشڕەوبوون نایەت کەپەیام و ئەرکی سەرەکیی و گەوهەریی رۆناکبیران و هونەرمەندانە.. بەداخەوە!

 

باشە ئەمە رەوشی هونەرمەندان و رۆناکبیران بێ کە پێشڕەو و پێشەنگن کە قوڕ لەسەربنێن ئەى دەبێ ئەو خەڵکە رەشوڕووت و داماو و سادەیە چى بکەن؟! بە داخەوە پێشتریش هەر لەم شارەدا چەند نووسەر و رۆناکبیرێک وەک ناڕەزایی دەربڕینێک هەستان بە سوتاندنى پەرتووکەکانیان.

 

من پێم وایە ئەم جۆر و شێوازە لە ناڕەزایی دەربڕین هیچ سوودێکى نییە و دەسەڵاتداران پێکەنینیان بەو جۆرە ناڕەزاییانە دێ و بگرە پێگە و جێگەى دەسەڵاتداران تونودتۆڵتر دەکا و ستەم و بێ مافییەکان پتر دەکا لەسەر خەڵکى، هەر بۆیە نابێ هونەرمەندان و رۆناکبیران لە ئاست بێ مافییەکان و هەلومەرجى سەخت و نالەبارى ژیان و گوزەران و ستەم و نەهامەتییەکاندا پەنا ببەنە بەر قوڕ لەسەرخۆنان.. ئەمە هەڵوێست و ناڕەزاییەکی زۆر بێ ئومێدانە و بێ هوودەییانە و رەشبینانە و ئەوپەڕى لاوازیی و بێ دەسەڵاتى بێ هێزییە، رێگەچارە و ئەڵتەرناتیفى گونجاو و واقیعى راشکاوانە ئەوەیە کە ببیتە هێزى گوشارێکی کاریگەر و راشکاوانەی بەردەوام بۆ سەر دەسەڵات و هوکاتیش خەڵکى ناڕازیی و ستەمکێش هۆشیار بکەیەوە و رێکیان بخەی و بیانهێنیە سەرشەقام و پێشڕەویی و پێشەنگییان بکەی و بیانکەیە هێزى گوشار و دەسەڵاتدارن ناچار بکەی کە ماف و داواکارییەکان جێبەجێ بکەن.. ئەمەیە ئەڵتەرناتیف نەک قوڕ بەسەرخۆداکردن.

 

ماڵپه‌ڕی نه‌جم محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک