په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠١٣

راستکردنەوەی ھەڵەیەکی مێژوویی و غەدر لە ''سەروەریی یەکەم رۆژی راپەڕین''ی چوارقوڕنە.

- کورتە وەڵامێکی پێویست بۆ گۆڤاری ھۆنیا -


بەنگینە پیرۆت نوری  


لە ژمارە "٣٦"ی گۆڤاری ھۆنیا لاپەڕە"٢٣"دا بابەتەتێک لە ژێرناوی "کێ سەروەریەکانی میللەت دەشێوێنێت" لە سەرچاوەیەکی نادیار بە ناونیشانی "تایبەت بە ھۆنیا" ئامادەکراوە. بەر لەوەی من قسەیەک بکەم دەمەوێت بە گۆڤاری ھۆنیا بڵێم ئایا بابەتێکی ھەستیاری مێژوویی ئاوا ئامادە دەکرێت؟ ئایا ئامادەکار "تایبەتە"یان "کەسێکی گوماناوی بزرە"؟ ئایا ئامادەکار نەدەبوایە خۆی ناساندبا و بزانرێت کێ یە؟ خوانەخواستە کێ دەڵێ کەسێکی ڕاستگۆیە! ئایا کەسێکی ڕۆشنبیرە؟ ئایا لەبواری مێژوو شارەزایە؟ ئایا ڕانیەیە یان قەڵادزێی؟ چونکە ئەو بابەتە گومان لە بێ لایەن بوونی ھەڵدەگرێت، ئایا بۆ کەسێکی چوارقوڕنەش نەدوێنراوە وەکو ڕانیەیی و قەڵادزەیی ،خۆ چوارقوڕنە یەکەم شوێن بوو سەرچۆپی ڕاپەڕینی گرتە دەست.


خاڵێکی تر بڕیارەکەی پەرلەمانە کە نوسراوە"یەکەم/دانانی ڕۆژی ٥/ئادار/١٩٩٣بە ڕۆژی سەرەتایی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان عێراق"بە بێ ناو ھێنانی ھیچ شوێنێک گشتاندویەتی بۆ ڕاپەڕینی ھەموو گەلی کوردستان،کە لە ٢٨/١/١٩٩٣ئەو بڕیارە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە.


ئایا ئەو بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت کە سەروەری یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین ڕانیە یاخود قەڵادزێ دەگرێتەوە؟ لە کاتێکدا ئەو کەسانەی دووێنراون جگە لە "ئاسۆ فقێ رەسوڵ" کە بەشداربووە لە ڕاپەڕین، بەڵام ئەویش لە ڕۆشنبیرو شارەزایانی مێژووی ئەو بەروارە داوای ڕوون کردنەوەی مێژوویی دەکات،ئەوانیتر بەبێ بوونی بەڵگەی مێژوویی قسەیان کردوە،بۆیە جارێکی تر دەپرسم ئایا پرسێکی مێژوویی دەکرێ لە ھونەرمەندێکی مۆزیکی یا لە بەر پرسی سەنتەری رێکخراوێک پرسیار بکرێت ؟یاخود دەبێ لە کەسێکی شارەزای مێژوو؟ وەکو ئەوەی بەسەر گۆڤاری ھۆنیادا تێپەڕیوە!


منیش وەکو ئەو بەڕێزانە کە نەوەی دوای سەروەریەکانی ڕاپەڕینین،بۆ ئەوەی وەکو ئەوان و گۆڤاری ھۆنیا ھەڵەی مێژوویی نەکەم لە خوارەوە چەند بەڵگەیەکی مێژوویی دەخەمە ڕوو کە"سەروەری یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین بۆ چوارقوڕنە-کلیلی دەروازەی ڕاپەڕین-دەگەڕێتەوە" بۆ ھەمیشە کۆتایی بەو مەتەڵە مێژوویە دێنێت.


پشت ئەستور بە گۆڤارە "کلیلی دەروازە" ژمارە"١" لاپەڕە"٣" ساڵی دەرچونی ١٩٩٢بە ناونیشانی"چاوخشاندنێک بە مێژووی چوارقوڕنەدا " لە نوسینی"بەکر عبداڵلە سور"کە یەکێک بوە بەشداری ڕاپەڕینی کردوەو نوسراوەکەشی لەساتی خۆیدا بوەو لە ناو گەرما و گەرمی ڕووداوەکاندا بوەو پێش بەرواری بڕیاری پەرلەمانیش وتارەکەی نوسیوە،"چۆن-کەی-لەکوێ"کە سێ بنەمای سەرەکی بابەتی بڕوا پێکراوە لە نوسیندا لە بابەتەکەی کاک بەکردا ھەیە.


سەرچاوەیەکی تر ڕۆژنامەی "چەپک" کە لە بەرواری /١/١/٢٠٠٢ دەرچووە،لاپەڕە"٢"بابەتێک بەناوی"دروست بوونی شاری چوارقوڕنە"ئامادەکردنی "شادان قادر ئەبوبکر"،سەرچاوەیەکی تر کە بەکارم ھێناوە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسیە لە کتێبی"ڕاپەڕینی ئاداری١٩٩١لە باشوری کوردستان".


"ئاراس عبدالرحمن مستەفا"ساڵی دەرچوونی ٢٠٠٩ ، لاپەڕەکانی"٢٨٤-٢٨٥-٢٨٦-٢٨٧-٢٨٨-٢٩٥-٢٩٧-٢٩٨-٢٩٩-٦٥٤-" کە کاک ئاراس خۆی ئەو کەسانەی دواندوە کە بەشداری ڕاپەڕینی ڕانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوایان کردوە.


بەھیوام توانیبێتم سەرچاوەی ڕاست و دروستی مێژووییم بەکار ھێنا بێت.


مێژووی کۆنی چوارقوڕنە.


ناوچەی بیتوێن "پ.ز" لە ژێر قەڵەم ڕەوی گوتیەکان و بە شێک لە شانشینی گوتیام بوە، کە دەگەیشتە عومان و دەریای عەرەبی و بەحرێن،سەردەمێکیش لە ژێر دەستی لۆلۆیی یەکاندا بووە،سەردەمێکیش لە ژێر ئاڵای حکومەتی حەدیابەین و شانشینی میتانی بووە،سەردەمێکیش لەژێر قەڵەم ڕەوی پادشای کوردان ئیدسین دا بووە.ئەو ئیدسینە ھاوینان پایتەختی دەھێنایە قەڵای بێتواتە و زستانانیش دەچۆوە شاری سیمۆرم لە نزیک ئاڵتون کۆپری ئێستا.پادشا کوڕێکی لە ویلایەتی سەرگەڵو حوکم داربوە،بە ناوی "زیازۆنا"کە باس لە شارێک دەکات لە ڕۆژھەلاتی چوارقورنە و خوارووی رۆژئاوای کلکەی کۆڵێن بەناوی"کۆڵۆنیۆم" کە ئێستاش لە کارە کشتوکاڵیەکاندا ئاسەواری دەر دەکەوێت.ھەندێکیش پێیان وایە ئەو"کلکەی کۆڵنیۆم"ی ئەوسا بە پێیی تێپەڕبوونی کات لە سەر زمانان سوابێت ببوبێتە ئەو"کلکەی کۆڵێن"ی ئێستا.بەدرێژای دامێنی ڕۆژئاوای زنجیرۆکە چیای حاجیلان ئاوێکی زۆر ھەبوە گوندەکانی ھەموو بەسەریەکەوە بوون و ماڵەکانیش بەسەر یەکەوە ،گوندی شەھێن و بەیان و قەبرە سپیلکان یان قەبرە وردان ئاسەواریان ھێشتا دیارە ،لە باکوری ناحیەیی چوارقورنە لە دامێن لوتکەی چیای حاجیلان و لە ژێر بەردی پاڵاندا گوندی ئەستریلان ھەیە،ھەندێک بۆچوون ھەیەوپێیان وایە ئەم گوندە مێژووی بۆ پێش زاین دەگەڕێتەوە،کە ئێستاش ئاوەدانەو خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتی ھەرێم بۆ چووە.


مێژووی نوێی چوارقوڕنە.


مێژووی دروست بوونی ئەم شارۆچکەیە کە لەساڵی ١٩٦١وە ناحیەیە،دەگەڕێتەوە بۆ /٢٢/٤/١٩٥٨ی زاینی،بەر لەو بەروارە چوارقوڕنە گوندێکی چوار ماڵ دەبن ھەریەکەیان لە گۆشەیەکی گردۆڵکەدا خانویان دروست کردبوو واتە ھەریەکەی لە قوڕنەیەک،قوڕنەش واتە زاویە دێت،ووردە ووردە گەشەی کردوەو ماڵی تری لێ گردبوونەوەو پتر بوون،ماڵی اسماعیل ئاغا و جمیل ئاغای غفوری یانزەو لێوژە لەو گوندە نیشتەجێ بوون،دوای دروست بوونی ناحیەیی چوارقوڕنە ئاغاکان چونە شوێنی خۆیان و ئەو گوندە نەماو ئێستاش تەنیا شوێنەواری ماوە. ناوی "چوارقوڕنە-چوار-قوڕنە-چوار-گۆشە-چوار-زاویە".


ئەگەر بمانەوێت زیاتر دەربارەی چوارقوڕنە بدوێین ئێرە جێگەی ئەو باسە نیە لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت،لەناو چوارقوڕنەدا خەڵکی ھەموو گوند و شاروشارۆچکەکانی کوردستان بەدی دەکرێت و تیایدا نیشتەجێیە.


لەگەڵ دروست بوونی بەنداوی دووکان لەلایەن ئینگلیزەکان لەساڵی ١٩٥٧ ھەندێک گوندی دەشتی بیتوێن گوێزرایەوە کە ئاوی بەنداوەکە ژێر خۆیان دەدات،وەکو گوندی میرزا ڕۆستەمی بچوک و تەنگژە و گولەک و قرجە و تۆبەکاران و مەلا ھۆمەر و سورشەم،گەرەِکە سەرەکیەکانی چوارقوڕنە لەکاتی دروست بوونیدا ھەربەناوی ئەو گوندانەوە ناونراون کەلێیەوە ھاتوون بۆ چوارقوڕنە. گوندەکانی تریش بۆ قەرەنی ئاغا و سەروچاوە و سەنگەسەر و کەندەکەوە و قولی کانی ماران و بەکرەجۆ و ژاراوە ،گوازرانەوە.


بە چواردەوری گەڕکە کۆنەکانی چوارقوڕنەدا ووردە ووردە خەڵکی تێ ھاڵاو خانویان دروست دەکرد،بە جۆرێک خۆشناوێک یا جافێک لە ناوچەکانی خۆشناوەتی یا جافاتی و بەری مەرگە و ناوچەکانی تر بۆ ترێ فرۆشتن دەھاتنە چوارقوڕنە دوای ئەوەی ترێ یەکەیان دەفرۆشت جێ خانویەکیان گردەدا و کە دەچۆوەو دەھاتەوە خانوەکەی دروست دەکرد،بەو جۆرە شار فراوان بوو وەکو گەرەکی بنزێریان و بۆڵیان و جافان و سەرا و بەرجۆگا.


ساڵی ١٩٧٧لە یەکەم پیلانی ڕاگواستندا حکومەت گوندەکانی بناری قەندیلی ڕاگواستەڕۆژھەڵاتی چوارقوڕنە لە گەڵ گوندەکانی حاجی ئۆمەران،بەم جۆرە بە پێیی سەر ژمێری ساڵی ١٩٩٠ڕێژەی دانیشتوانی چوارقوڕنە و ئۆردوگای زۆرەملێیی بناری قەندیل و حاجی ئۆمەران"٣١١٦٨"کەس بووە.


ھەڵکەوتەی جوگرافیای ناحیەی چوارقوڕنە.


چوارقورنە لە رۆژئاوای قەزای ڕانیە بە دە کیلۆمەتر دوور کەوتۆتەوەو لە ناوەڕاستیاندا شاخۆڵکەیەک ھەیە کە پێیی دەڵێن "دەرو بزمار" کە لە سەردەمی میر بداخ و میر عیسا دا ھەردوو لەشکری بابان و سۆران لە و زنجیرە شاخەدا شەڕێکی خوێناویان ئەنجام داوە،لە دەستە ڕاستیەوە چیایی ماکۆکە لە دەستە چەپیەوە چیای کۆسرەتە،کە رووباری زێیی بچوک ئاوەکەی تا نزیک چوارقورنە بە ٤کیلۆمەتر سەرچاوەی گرتوە.


باری ئابووری.


باری ئابوری ئەم شارۆچکەیە زۆر بەھێزە لە بەر ئەوەی ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەتە لە بواری کشتوکاڵی ،خاوەنی زەویەکی پان و بەرینە ساڵانە بە ھەزاران تەن دانەوێڵە و گڵبەڕۆژەو خیارو شوتی و تەماتە و ھتد...بۆ پەروەردەکردنی ئاژەڵداری و بە خێو کردنی پەلەوەر بەڕێژەیەکی مام ناوەند و لەبارە.


مێژووی بەرخودانی خەڵکی چوارقورنە.


بۆ یەکەم جار لە ھەموو عێراقدا یەکەم بڵێسەی ناڕەزای لە دژی بەعس لە چوارقوڕنەبوو سەری ھەڵدا،ئێوارەی /٥/١٢/١٩٧٩ خەڵک ڕژانە سەر شەقام ڕێگای ڕانیە-سلێمانی دژی نەبوونی کارەبا ڕێپێوانیان ئەنجامدا و ھەر سەیارەیەکی میری گوزەری کردبا تێکیان دەشکاند و تا ٩ی شەوخۆپێشاندان و ڕێپێوان بەردەوام بوو ،تا لە پڕتاوێک یەکێک لە ئامرلیواکانی ڕژێم بە پشتیوانی سەدان سەربازی تایبەت بۆ بڵاوەپێکردنی جەماوەر بەناو خەڵکی وەر بوون،بەڵام جەماوەری ڕاپەڕیو ماوەیان نەدان و بە دروشمی شۆڕشگێڕانە لە خۆپیشاندان بەردەوام بوون دژ بە دەوڵەت،سەرەنجام حکومەت چەند داواکاریەکی جێ بەجێ کرد لە وانە گەڕانەوەی کارەبا بۆ چوارقوڕنە و جیاکردنەوەی خەتی معسکر لە کارەبای چوارقوڕنە و نقڵ کردنی بەڕێوەبەری کارەبای ڕانیە بۆ شوێنێکی تر.


لە بەرواری /١/٥/١٩٨٢ چوارقوڕنە بۆ پشتیوانی قەڵادزێ لە دوای ئەو شارە دووەم شوێن بوو دژ بە حکومەت ڕاپەڕی و تا بەرواری /٧/٥/١٩٨٢ "٢٤"برینداریدا و شەھیدێکیشی بەناوی شەھید مامۆستا محمد ابراھیم علی بەو ڕاپەڕینە بەخشی ،پاشان بەرخودان سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە.


لە بەرواری /٥/٣/١٩٩١ کات"٧"ی بەیانی دەستەیەک لە ھەرزەکارانی ناو بازار کەوتنە مقۆ مقۆ کە گوایە لە خەبات ڕاپەڕین بووە،بۆیە قووتوی دانیشتن و پێڵاو بۆیاخ کردن و لەتکە بلوک و بەرمیلی زبڵ و مێزی پاکەت فرۆشتنیان بە کەسێک بەناوی حمەی حەمباڵ فڕێدایە سەرجادەی گشتی ،پاشان ووردە ووردە ھاوکاریان زۆر بوو تا سەرەنجام شار خرۆشا و دووکان و بازار داخران و ڕێپێوان دەستی پێکرد تا نزیک تانکی ئاو و یەکەم دەستە لە شانە چەکدارەکانی بروسک کە ڕێکخستنی نھێنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون لەناو چوارقوڕنە وەکو مەلا ئاری و مەلا خدر و حارس و دەروێش کفرە دۆڵی و پیرۆت نوری ،پەیوەندیان پێوە کردن و بەڵێنی پشتیوانیان پێدان،پێشتریش چەند پێشمرگەیەک لە بەرواری /٤/٣/١٩٩١ لە وانە خدر حسن سەرگەینێڵێیی و ابراھیم ڕەبەن موسا و ڕەسوڵ موسا کە پێشمەرگەی تیپی ٧٤ی باڵەکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبن دەگەنە ناو چوارقوڕنە و چەند کۆبونەوەیەک لە ماڵی ئەحمدی حمە ئاغای سەرگەینەڵ لەگەڵ شانە چەکدارەکان دەکەن بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕاپەڕین، ھەروەھا ڕێکخراوی چوارقوڕنەی حیزبی سۆسیالست و شانە چەکدارەکانی حیزبی شیوعی عێراق ھەرێمی کوردستان دەوری ئەکتیڤیان بینی،دەربارەی وەزعی ئەو کاتی ڕانیەش بەم شێوەیە بووە،دوای ئەوەی ھەواڵ بڵاو بۆوە کە جادەی گشتی ڕانیە-چوارقوڕنە گیراوە و لە چوارقوڕنە جموجۆلی جەماوەر بۆ ڕاپەڕین دەستی پێکردوە و ھێزەکانی بەعسیش لە فیرقەی چوارقوڕنە و لەناو چوارقوڕنە کەوتونەتە سەرکوتکردنی خەڵک، لە ھەمانکاتدا نەبیاغا بە علی نەبی و ھاوڕێیانی ڕادەگەیەنێت کە لە چوارقوڕنە کۆمەڵێک خوێندکار و لاو بارودۆخێکی ئاڵۆزیان دروستکردوە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و بازار،لە حاجیاواش کات ٧و٣٠دەقیقە ھەواڵ بڵاو بۆوە کە لە چوارقوڕنە بە بەرمیل و بەردو بلوک سەرجادەکان گیراون و لە ڕانیەش جمو جۆڵ پەیدا بووە،بۆ شەوی /٥/٦/٣/١٩٩١ شانە چەکدارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراق-ھەرێمی کوردستان،کەمینێک بۆ پارێزگاریکردنی حاجیاوا لە سەر ڕێگای گشتی مەفرەقەکە دادەنێن و بۆ بەیانیش سەیتەرەکەی حاجیاوا - چوارقوڕنە دەستی بەسەر دا دەگرێت.


بەم شێوەیە بووەنەک ھەرچی ڕاست بۆوە خۆی بکات بە مێژوونوس و قسە دەربارەی مێژووی ڕاپەڕینی بەھاری١٩٩١ بکات،ئەوەی ھانی جەماوەری ڕانیەیی دەدا بۆ ھاتنە دەر لەماڵەکانیان بانگەوازی ڕێکخستنە نھێنیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە مینبەری مزگەوتەکان،بەڵام لە چوارقوڕنە دوای ڕاپەڕین مینبەری مزگەوتەکان بەتایبەتی مزگەوتی گەورە کەلە ناو بازاڕە ڕێکخستنە نھێنیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ جۆشدانی جەماوەری ڕاپەڕیو بۆ پشتیوانی بەکار دەھات.بەم شێوەیە چوارقوڕنە بوو بەھەوێنی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە کوردستان و عێراق، بۆیە ھەقێکی مێژوویە چوارقوڕنە"کلیلی دەروازەی ڕَاپەڕین "بێت.


تیًبینی: "ئەم بابەتە لەکاتی خۆیدا بڵاوکرایەوە و وەڵام درایەوە بەڵام دوای بڵاو کرانەوەی لە ڕۆژنامەی"ئاوێتە" لەلایان ھەندێک کەس بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان و بەناوی خۆیان بڵاویان کرد بۆ وە ئێستا بەمافی خۆمی دەزانم ھیچ کەس و لایەن و ماڵپەڕ و ڕۆژنامە بە بێ ڕەزامەندییم ھەقی بڵاوکردنەوەی نییە.
لەکەڵ ڕێزدا
 

چوارقوڕنە

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک