په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠١١

رەشبیرەکانی (کۆسا نۆسترا)* لە بەردەرکی سەرا.

- پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئه‌مهریکایی وەک نموونە -


سەلام عەبدوڵا  


لەبەر ئەوەی زۆری کەس هەیە خۆیان لە مرۆڤی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی به‌ کەمتر دەزانن، بۆیە دەبینین حیزب و رێکخراو وکەسانی گەندەڵ و تاوانباری ئەو وڵاتانە وەک ئازادیخواز و لایەنگری داپەروەری بە خەڵکی نەگبەتی وڵاتەکەم دەفرۆشن و مایکل رۆبن و پەیمانگەی ئینترپرایزی ئه‌مه‌ریکایی نموونەیەکیانە. ئایا پەیمانگەی ئەنتەرپرایز کێن و چیان کردووەو چی دەکەن؟


وتارەکەی مایکل رۆبن بۆ خەڵک خوێنرایەوە، لە وتارەکەی ناوبراو بۆ خۆپیشاندەرانی ئازادیخوازی سلیمانی، هاتووە: (ئه‌مه‌ریکا پێویستە لە دەسەڵاتدارانی ئێوە زۆر تووڕە بن....ئێمە ئەمەمان کرد بۆ دەستەبەرکردنی حوکمی یاسا و دادپەروەریی).


لەبەر ئەوەی رۆبن پێیوایە ئێمە بێئاگاین لە ناعەداڵەتی، هەژاری و گەندەڵی و لانەوازی و قەرزاری هاوڵاتییەکانی ئه‌مه‌ریکا، بۆیە هاتووە وەک رزگارکەرێک قسەمان بۆ دەکات. حکومەتی ئه‌مه‌ریکا و پەیمانگەی ئینترپرایز بەهۆی چەندین جەنگ و پشتیوانیکردنی حکومەت و رێکخراوە تیرۆریست و دیکتاتۆرییەکان و پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووە، بە گەندەڵی و تاوان، تاوانبارن و پێشی هەموو شتێک خیانەت لە پەیامەکەی ئیبراهیم لینکۆلن دەکەن! رۆبن و پەیکانگەکەی دەبێ بە زووترین کات بۆ بەردەم دادگا راپێچ بکرێن!

گەندەڵیی و تاوانکاریی پەیمانگەی ئینتەرپڕایزی ئه‌مه‌ریکایی.

هێشتا راپۆرتەکەی کەشوهەوای جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاونەکرابووەوە، لۆبی پیشەسازی بڕە پارەیان تەرخان کرد بۆ لێکۆڵەران تا راپۆرتی نابراو بە هەڵە بخەنەوە. وەک(گاردیان) ئیمڕۆ لە کۆتایی دیداری پسپۆڕان لە پاریس بڵاویکرەوە <پەیمانگەی کۆنەپارێزی ئه‌مه‌ریکایی(ئینتەرپڕایز) 10هەزار دۆلار و نرخی هاتووچوو بە هەر زانایەک دەدەن بۆ بەرگرتن بە راپۆرتی نابراو>.


لە درێژەی وتارەکە هاتووە: ئینتەرپڕایز یەکێکە لە(تینک تانک)ە کاریگەرەکانی کۆنەپارێزە نوێکانە کە رۆڵی سەرەکی بینیوە لە جەنگی عیراق.... کۆمپانیای نەوتی(ExxonMobl) سپۆنوری ئەم پەیمانکەیە و بۆ ئەو مەبەستە 1،6ملیون دۆلاریان بۆ خەرجکردووە. قسەکەرێکی کۆمپانیاکە وتی کۆمپانیاکەمان ساڵانە 1% لە داهاتە گشتییەکەی بۆ ئینتەرپەڕایز تەرخان دەکات. ئەم پەیمانگەیە پەیوەندی نزیک لەگەل ئیدارەی بوش هەیەو زیاتر لە20کارمەندی، جاران وەک راوێژکار لە حکومەتی بوش کاریان کردووە.


زانایان لە راپۆرتەکەی پاریس هیچ گومانێکیان نەهێشت لەوەی کە مرۆڤ هۆی گۆِانکارییەکانی کەشوهەوای سەرزەمینە...سووتەمەی وەک خەڵوزو نەوت لەو پەرەسەندنە بەرپرسیارە. مرۆڤایەتی هەڕەشەی رەشەبای زەبلاح و بەرزبوونی ئاستی دەریا و قۆناغی وشکایی لێدەکرێ.

مایکل خۆی بە قسەکەری خەڵک دەزانێ!

بین ستیوارد(چالاکوانێکی رێکخراوی ژینگەپارێزی گرین پیس)بە توندی رەخنەی لە ئینتەرپرایز گرت و وتی: ئینتەرپەرایز لە فابریکێکی هزر زیاترەو کرێگرتەن و وەک رۆشنبیر، کۆسا نۆسترای حکومەتی بوشن. ئەمانە نوێنەری کۆشکی سپین لە بواری حاشاکردن لە گۆڕانی ژینگە....ئەوانە لەئاستی زانست و رەوشت دۆڕاندیان و ئەوەی دەیانەوێت بریتیە لە جانتای پڕ لە پارە.


ئایا مایکل رۆبن و برادەرو دۆستە کوردە رەشبیر و بەرپرسی هەندێ رۆژنامە و گۆڤارە کۆسا نۆسترای کۆنەپارێزە راستڕەوەکانی ئه‌مه‌ریکا نین لە کوردستان؟!


تۆماس پانی لە2/2/2007لە وتارێک بەناو(هاوپەیمانیەکی بکوژ)دەنووسێ: لە لێکۆڵینەوەکەی ئەنجومەنی کەشووهەوای(UN) کە ئیمڕۆ لە دنیا هەڵای نایەوە، هاتووە: (بەڕوونی دەرکەوتووە کە مرۆڤ بەرپرسە لەبەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا...پەیمانگەی ئینتەرپرایز پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە بۆ زانا، سیاسەتمەدارو ئابووریناسەکان تا وتار دژ بە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەدا بنووسن و لە"گۆڤارە سەربەخۆکان"بڵاوی بکەنەوە....ئەم هەوڵە لە بەرژەوەندی"هاوپەیمانییەکی بکوژ"ی زلهێزە...جاران لی رایموند(جێگری سەرۆکی پەیمانگەی ئینتەرپرایز)بەڕێوبەری کۆمپانیای نەوت(ExxonMob)بوو.


هەروا پەمانگەکەی رۆبن شانبەشانی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریکا لە کۆبوونەکەی(براتسلاڤا)ساڵی2000 بەشداری کرد!


لەم کۆبوونەوەیە بڕیاردرا بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنەکەی هیلسنکی بۆ(پێکەوەکارکردن و ئاسایشی ئۆروپا). ئیمزاکەرانی ئەم رێککەوتننامەیە(ئه‌مه‌ریکا و زۆربەی وڵاتانی ئۆروپا)بە ئەرکی خۆیان زانیوە ((لە داهاتودا هەرگیز نابێ رێ بدرێ بە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ گۆڕینی سنوورەکانی دەوڵەتانی ئۆروپا.)).


مایکل رۆبن باسی یاسا و عەداڵەت دەکات، بەڵام ئایا دەزانێ ماوەی پتر لە 20 ساڵە زیندانی سیاسی و رۆژنامەنووس مۆمیا ئەبو جەمال(سەر بە رێکخراوی پڵنگی رەش) بەناهەق زیندانی کراوەو لەوانەیە لە هەر کاتێک لەسێدارەی بدەن، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتییە جیهانییەکان، هێشتا هەر ئازاد نەکراوە. لە وڵاتە"ئازادەکەی برادەرە بێلایەنەکەمان"مافی مانگرتنیش لە کرێکاران قەدەغە دەکرێ!


شایانی باسە پەیمانگەی ئینتەرپرایز لە1943دامەزراوە وەک دەزگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە بۆ بەرگی لە سیستێمی سەرمایەداری و رەفتاری کۆمپانییە گەورەکان و بەرژەوەندیەکانیان، بەڵام پاشان بواری خوازراوی بەرفراوانتر بوو.

ئایا کوردستانی عیراق هاوپەیمانێکی باشە؟


ئەوە ناوی ئەو راپۆرتەیە لەلایەن ئینتەرپرایز لە 13ی ئاب/2008بڵاوکراوەتەوەو نووسەرەکەی(مایکل رۆبن)ەو تێدا بە تووندی رەخنە لە پارتی و یەکێتی دەگرێ و هەندێ نهێنی ئابرووچووانەو مەترسیدار دەردەخات. لەو راپۆرتە(پارتی کرێکارانی کوردستان)بە تیرۆریست ناودەبات و"تیرۆرستییەکەی دۆزی نەتەوەی کورد پیس دەکات... هەردوو حیزبەکە بە بەمامەڵەکردنیان لەگەل ئیران، خیانەتیان لە متمانەی ئه‌مه‌ریکا کرد"...و زۆر شتی تر.
ئینتەرپڕایز لە13ی ئاب/2008

جاش و موستەشارە کوردەکانی ئینتەرپرایز!


زۆرێک لە رۆژنامە، گۆڤارو کەناڵی تەلەفزیونی بەشێوەیەک باسی پەیمانگەی ئینتەرپرایز و مایکل رۆبن دەکەن، وەک بڵێی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی بێلایەنن و بێوەن و کارەکەیان تەنها ئەوەیە بەشێوەیەکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە کاردەکەن. ئەمە درۆیەکی شاخدارو مەترسیدارە، گاڵتەکردنە بە خوێنەر و خەڵکی کوردستان، چونکە: 1- کارل روف یەکێکە لە سەرانی ئەو پەیمانگەیە و هاوکات یەکێک بوو لە گەورە موستەشارەکانی جۆرج بوش و نزیکە لە زانکۆی بۆب جۆنس لە ساوت کارۆلینا(سەنترێکی راستڕەوە توندڕەوەکان)ەو هەر خۆیشی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی بوشی کردووە. کارمەندانی ئەم پەیمانگە"سەربەخۆیە" وەک مایکل لادین و جاشوا میرۆفیک پێکەوە لەگەل هەڵۆ کۆنەپارێزەکان وەک جیمس ولسی(سەرۆکی رابردووی هەواڵگری ئه‌مه‌ریکا)، جاک کامب(کاندیدی حیزبی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریکا1996 و یاریدەری وەزیری بەرگری بۆ سیاسەتی ئاسایشی نیودەوڵەتی)کاردەکەن، واتە"دەستی شاراوە"ی وەزارەتی دەرەوەو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئه‌مه‌ریکان. یەکێک لە گەورە لێکۆڵەری ئەو پەیمانگە"بێلایەن و زانستی و ناحکومییە"ناوی (جۆن بولتن)ە کە بالیوزی ئه‌مه‌ریکا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم"ئەستێرە بێلایەنە" لە 29/8/2010بانگەوازی بۆ بۆردومانکردنی بنکەکانی پیتاندی ئەتۆمی ئیرانی کرد. ئەم کامەندەی سەر بە رێکخراوێکی"ngo"ە لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی ووڵ ستریت ساڵی 1997نووسیویەتی(ئەو پەیماننامە نیودەوڵەتییانە کە ئه‌مه‌ریکا مۆری دەکات یاساگەلێک نین رێزیان لێ بگیرێت، بەڵام وەک پێویستییەکی سیاسی زیانی نییە لەگەل گۆڕانی بارودۆخ لێی پاشگەز ببینەوە).


کۆنەپارێزە نوێکان بەیەکچاو تەماشای نازیەت، شوعییەت و بزووتنەوە ئیسلامیەکان دەکەن، ئێستا ئیتر منیش سەیرم نایەت لەوەی کە رەشبیران، هەندێ گۆڤار لە هەرێم وەک سەگی هار ئەم کارە دەکەن.

ئەنارشستی داهێنەرانە یان ئەنارشستی بنیاتنەر.


ئەمە تیۆری گەورە فەیلەسوفی کۆنەپارێزە راستڕەوەکان(لیڤی شتراوس)ە و کۆنەپارێزە راستڕەوی ئه‌مه‌ریکا کاری پێدەکەن. ناواخنەکەی ئەمەیە: جەماوەر لەناو هەرانانەوە غەرق بکەن تا نوخبە بتوانێ جێگیربوونی بارودۆخەکەی دابین بکات). لە ئه‌مه‌ریکا بە شتراوسییەکان ناسراون و گۆڤاری(کۆمینتەری)دەردەکەن. پرۆفیسۆر نۆرمان پۆتهۆراس سەرپەرشتی دەکات و بە گرنگترین بەرهەمی کۆنەپارێزەرە نوێکانە.

مافیای چەک و ئەتۆم لەسەرووی یاسان!


لە وڵاتی(ئازای سەرمایەی دارایی، کۆمپانیای بانناسیونال وجەنگ و هەژاری) بە گوێرەی راپۆرتی لیژنەی چاودێریکردنی ئەتۆم، لە 23/3/2011ئاشکرای کرد کە ئەرکی راگەیاندنی هەڵەی کەرەستە و"لەکارکەوتن" کە لەوانەیە رووداوی کارەساتئامێزی لێ بکەوێتەوە لە زیاتر لە یەک لەسەر سێی حاڵەتەکان، پشتگوێ خراون).


حکومەتە مەدەنی و دیموکراسیەکەی"بەڕێز"رۆبن تەنها لە ساڵی2008دا وەک پەیمانگەی تۆژینەوەی ئاشتی جیهانی بڵاویکردووە، بودجەیەکی خەیاڵی بۆ جەنگ تەرخان کردووە(1.464 ملیارد دۆلار)!. ئێستا ئۆباما درێژە کارو ئەرکەکانی سەرۆکەکانی پێشتری دەداو پشتیوانی لەو دیکتاتۆرانە دەکات کە لە سەدام یان ئەحمەدی نەژاد کەمتر نین، بۆ نموونە بە بڕی 60ملیارد دۆلار 84 فرۆکەی جەنگی(ف.15)، 70هیلیکۆپتەر لە جۆری ئەپاچی، بە سعودیەی عەرەبی دەفرۆشێت. بەڵام ئاشکرایە ئاشتییەکەی(ئینتەرپرایز) شێوەی تری هەیە، بۆ نموونە لە ووڵ ستریت جۆرنال نووسراوە: تەنها بە پڕچەککردنی سعودیەی عەرەبی بە فرۆکەی جەنگی، کار بۆ نزیکەی 77هەزار کەس لە کۆمپانیای بۆینگ دابین دەبێت. ئۆباما ئێستا خەریکە زەمینە بۆ بازرگانی بە سیستێمی(تات) خۆشدەکات. راکێتەکانی ئەم سیستێمە دەگاتە دەرەوری و بەرزی ئەتمۆسفێری زەمین. ئیمارات بە بڕی 7ملیارد دۆلار نموونەیەکی هاوشێوەی ئەو سیستێمە کرێوە لەگەل 147راکێت.

وا باشە رۆبن لەبری فرۆشتنی"عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی" بەخەڵکی کوردستان بفرۆشێ، وا باشە خۆی و پەیمانگە"زانستی و بێلایەنەکەی" خەریکی گەندەڵی بۆرسەی ووڵ ستریت و لابردین قەرزی بانقەکان لەسەر ملیونان هاوڵاتی ئه‌مه‌ریکا ببێت و وەک کەسێکی"ئازادیخواز"بە بەڵگەوە بیسلمێنێ کە تەرخانکردنی پتر لە یەک بلیون دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری، باشتر وایە بۆ ئاشتی تەرخانی بکات و بەمە خۆشەویستی گەلانی دنیا دابیندەکەن! وەک هاوڵاتییەکیش تکا لە برادەرە دژ بە گەندەڵییەکانی دەکەم، بەڵکو نەختێ مەشوەرەت بە"سەرۆکی مێژووی"وڵاتەکەی بدەن بۆ خزمەتکردنی خانەشینەکانیان و خزمەتگوزاری تەندرووستی بۆ هەژاران و بێکار و لانەوازەکانیان باش بکەن نەک بە گوێرەی بەرنامەی(Medicaid) کەم بکەنەوە!، ئاخر باش نییە 23ملیون ئەکریکی بە بێ بیمەی تەندرووستی بژین: ئەمە بۆ ئاشتی جیهانی خراپە و پێشێلکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤە! هەروا(باج)یش کەم بکەنەوەو کرێی کار زیادبکەن تا هەموو ئه‌مه‌ریکا لەسەر قەرز نەژێن و تۆزێک کەرامەت بۆ هاوڵاتییەکانیان دابین بکەن!


ئێمە خۆمان ئەقڵ و توانامان هەیە بۆ خەباتکردن لە پێناو عەدالەتی کومەڵایەتی کە حکومەتەکەی ئەو بە ئاگر و ئاسن لە دژیدا رادەوەستێ، وەک نزیکترین مێژووی ئه‌مه‌ریکای لاتین و دژایەتیکردنیان بۆ شوعییەت پێماندەڵێن!


ئەوە چارەنووسی ئەو رەشبیرە جاش قەڵەمانەیە کە خۆیان بۆ ملکەچی و جاشایەتی و خۆفرۆشتن بە ئەم یا ئەولایەن تەرخانکردووەو بەردەوام خۆیان وەک کەسانی دڵسۆزی"بێلایەن"و دژ بە گەندڵی و دڵسۆزی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بە هەژاران دەفرۆشن و لەراستیدا ئەجندای کۆنەپەرەستی و تاوان جێبەجێ دەکەن...
ئێوە سەری ئازادی دەبڕن!


ئێوە جامبازی بە عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە دەکەن!


بەرەی هەژارەکان و ئاواتەکانیان و دژایەتی کەندەڵی لەشوێنێکی ترەو لەو شوێنە دەست پێدەکاتەوە کاتێ دوژمنەکانیان دەناسنەوەو بە خۆیان داخوازییەکان رادەگەینن و پێشکەش دەکەن. داخوازییە رەواکانی ستەمدیدەکان لەبەرچاون، گرنگ ئەوەیە نەهێڵین یاری بە ئازار و نەگبەتییە رۆژانەکانمان بە قوربانیان بکرێ...
__________________________________________
تێبینی: کۆسا نۆسترا رێکخراوێکی تاوانبارییە لە ئه‌مه‌ریکا و خۆیان بەشێوەی مافیاکانی سیسیلیا رێکخستووە.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک