|
ڕۆژێ چەندجار ..!

بەهێز حوسێن
من نە پزیشکم و نە دەرمانساز ، بەڵام ئەوەندە لە دونیا ئاگادارم کە
نیوەى کورد بەهەڵە دەرمان بەکار دەهێنێت و هۆکارى ئەمەش بەڕاى من
دەرمانساز (
سهیدهلانی ) یەکان لێى بەرپرسیارن .
کاتى خۆى کە دەرمان دراوە بە نەخۆش بۆ ئەوەى لێى تێک نەچێت و بە پێى
کات و سەعات و ڕۆژ بیخوات ، پێى گوتراوە ئەم جۆرە کەپسولە ڕۆژێک سێ جار
پاش نانخوارد بیخۆ !؟ یان وتراوە ئەم جۆرە شروبە سێ ژەمە بیخۆ !؟ بەڵام
بەپێى ئەو زانیارییە موتەوازیعەى من هەمە ئەمجۆرە کات دیاریکردنانە
هەڵەن و دەرمان بەپێى پێویستى ( لەنموونەى ئازار شکێن و خوێن مەیەنەر و
رَێگەگرى ڕشانەوە ) یان بەپێى سەعات لە لایەن نەخۆشەوە بەکاردەهێنرێت ،
واتە کە بە کەسێک ئەوترێت سێ ژەمە ئەم کەپسوولە لەنموونەى ( ئەمۆکسلین
) بخۆ ، ئەوا نازانرێت نێوانى هەر ژەمێک چەند کاتژمێرە و ڕەنگە گەر
ژەمێک نان نەخوات ئەوا کەپسوولەکەش بەکار نەهێنێت یان گەر دوو ژوم
خوارد بکات بەیەک دوو کەپسول بەسەر یەکەوە بخوات و ..هتد! کە وا دەزانم
لە حاڵەتە سروشتییەکانى نەخۆشدا ئەم جۆرە کەپسولە هەر (8 کاتژمێر ) ێک
تەنها کەپسولێکى لێ دەخورێت و بۆ بەکارهێنانیشى و نێوان خستنى
کەپسولەکان ژەم و ژەمکارى حیسابى بۆ نەکراوە .
لەوانەیە وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کردووە ، لە پێشاندا کە وشیارى کەسەکان
کەمبوون و ئەوەندە کاتژمێر حیسابى بۆ نەکراوە و خەڵکى بە بانگدانى
مزگەوتەکاندا کاتەکانى ڕێکخستبێت یان تا نەخۆشەکان خواردنى
دەرمانەکانیان بیر نەچێتەوە دەرمانساز و پزیشکەکان ئەو دەستەواژانەیان
بۆ نەخۆشەکان بەکارهێنابێت ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش لە
دەرمانخانەکاندا هەر لەسەر ئەو مۆدێلە باوەى جاران دەرمان بە نەخۆش
دەدەن و دەستەواژەکانى ( سێ ژەمە یان بەیانیان و ئێواران یان ڕۆژێک
ناڕۆژێک ) بەکار دەهێنن ، ئەمە لە کاتێکدا کە ئێتا پەل و گیرفان و
تەواوى چواردەورى مرۆڤ هەمووى کاتژمێرە و وشیارى تەندروستى و
بەکارهێنانى دەرمانیش لە بەرزبوونەوەدایە ، هەر مرۆڤێکى ئەمڕۆ لانى کەم
سەعاتێک لە دەستیدایە و مۆبایلەکەى سعاتە و لە نێو ئۆتومبیلەکەیدا
هەیەتى و دیوار و سەر مێزەکانیش لە ماڵ و شوێنى کاردا سەعاتیان لێ هەیە
.
بۆیە داواکارم لە پزیشک و دەرمانسازە بەڕێزەکان ڕێنمایى بەکارهێنانى
دەرمان وەک ڕێنمایى کۆمپانیا دروستکارەکانیان بە پێى سەعات و
دیاریکردنى کات بە تەواوەتى بۆ نەخۆش بە هەموو ئەو کەسانە بڵێن کە
دێنەلایان بۆ وەرگرتنى دەرمان ، چونکە هەر ئەو بەڕێزانە لەمن باشتر
دەزانن کە بەکارهێنانى دەرمان لە کاتى ناڕێکوپێکدا نەک هەر کاریگەریى
باشى نابێت بەڵکو کاریگەرى مەترسیداریشى هەیە بۆسەر مرۆڤ .
شتێکى تریش هەیە کە ئەویش چۆنێتى پاراستنى دەرمانە لە لایەن هاوڵاتى
نەخۆشەوە، لەسەر دەرمانەکان کۆمەڵێک ڕێنمایى بەزمانە جیاکان ( جگە لە
کوردى ) لەسەر دەرمانەکان نوسراون لەنموونەى ئەوەى کە ئەو دەرمانە لە چ
پلەیەکى گەرمادا دەپارێزرێت ، هەندێک لەو دەرمانانە بە تیشکى خۆر و
ڕوناکى ژوور تێکدەچن یان شێ دەبێتە هۆکارێک بۆ ئۆکسیناندنى کۆمەڵێک
دەرمان و ..هتد ، بۆیە ئەمانە پێویستیان بە ڕونکردنەوە هەیە لەلایەن
دەرمانسازەکانەوە بۆ هاوڵاتى ، زۆرباش دەکەین گەر ئەم لایەنە گرنگانە
فەرامۆش نەکەین و گرنگى بە پاراستنى تەندروستى تاکەکانى کۆمەڵ بدەین .
bahez2006@hotmail.com
|