٤\١١\٢٠١١
رۆڵى
تهکنهلۆژیا لە تەمبەڵکردنی
مرۆڤەکاندا.
بێستون حەسەن
چەندین سەدە و ساڵ تێپەڕى و قۆناغ لەدواى
قۆناغ بوونەوەر بە گشتى و مرۆڤایەتى بە تایبەت لەم گۆڕانکارییە
ڕیشەییانەدا بێبەش نەبوون و بەرکەوتەى خۆیانیان هەبووە بۆ
بەرجەستەکردنى ماددە زیندووەکانى سەر زەوى، وەک چۆن سەرەتا گوزەرانى
ژییان سادە و ساکارانە بوو هەر بەو جۆرەش مرۆڤەکان دەستیان ئەدایە ئەو
سادەو ساکارییە و نەوعییەتى خواست و داواکاری و ئارەزووەکانیشیان
سنورداربوو. ڕەنگە بۆ وەدەست خستنى کاڵایەکى بەکار هێنەر چەندین گرفت و
ناڕەحەتى بهاتایەتە بەردەم چنگ خستنى ئەو ماددەیە ، بەڵام عەقڵیەتى
مرۆڤ وەک لە کتێبە ئایینیەکان و قورئانى پیرۆزیشدا هاتووە زۆر لەوە
بەتوانا ترە کە دەستەوەستان بوەستێ لە ئاست نەبوونى هۆکارى تایبەت بە
پێشخستنى ڕەوتى ژییان بگرە هەمیشە لەهەوڵ و کۆششى بەردەوامدا بووە تا
توانیویەتى گۆڕانکارى وەدەست بهێنێ لە سەر ئەو قەبارە زەوییەى کە
تیایدا نیشتەجێ بووە ، بەشێوەیەکى گشتى ئاستى جوڵەى مرۆڤەکانى ئەودەمە
گەلێ بەتواناتر و پڕ وزە تر بوو لە ئاستى ئێستەى تواناکانى تاک،ڕەنگە
هۆکار گەلێکى زۆر هەبن بۆ ئەم بەهانەیە بەڵام دیارترینیان بوونى تهکنهلۆژیاکانى
ئەم سەردەمە بن وەک ئۆتۆمبیل و تەلەفۆن و هۆکارەکانى ترى بەرجەستەکردنى
ژییان.
پێم سەیرە ئەم تهکنهلۆژیایەى بەشێکى دونیاى بە قۆناغێکى پێشکەوتوودا
بردووە و واى کردووە سەردەمى وەستاندن و بیرى تەسک و جەهالەت بەرێتە
بابێکى ترەوە و مرۆڤایەتى وا لێبکا لە دەرفەتێکى کەمدا زۆرترین خواست
وەدەست بهێنێت بەڵام ئەمەش چەندە هۆکارێکى باشە و خاڵى جەوهەرییە بۆ
پێشکەوتنى کۆمەڵگە بەوهێندەیەش لە زۆر ڕووەوە بۆتە هۆى وەستاندنى مێشکى
بەشێکى زۆرى عەقڵیەتەکان چونکە کاتێ هەموو جوڵەیەکى مرۆڤ بۆخۆى مایەى
بزواندنى خانە جیاوازەکانى ناو لەشە و بەو هۆیەشەوە کاریگەرى ئەرێنى
ئەنوێنێ بۆ ڕەوتى خولاندنەوەى ئەو سستەمەى کە مرڤایەتى پەیڕەوى دەکەن
لە شەوو ڕۆژێکدا ، بەڵام ئێستە تەنانەت گەر کەسێک بیەوێ بۆ کڕینى نانى
بەیانی بچێتە نانەواخانەیەک دەبینى هێز و بازوى ئەوەى نییە کە لێنەوێ و
بە پێى خۆى کارەکە ئەنجامبدا ، بەڵکو تەمبەڵییەک بە لەشیەوە دییارە و
هەوڵ ئەدا هۆکارى گواستنەوە بەکار بێنێ لەبرى خۆى جا ئەو هۆکارە
ئۆتۆمبیل بێ یان ماتۆڕسکیل یان هەر هۆیەکى تر کە یارمەتی دەر بێ بۆ
گەیاندنى ئەم ب شوێنى مەبەست گەر چى ئەو جێگەیەش هێند دوور نەبێ.
یاخود ئاستى کۆمەڵایەتى تاکەکان و خزمان و دۆستان لەگەڵ یەکتردا بە
جۆرێکە کە ڕەنگە باس کردنى ئەوبابەتە قسەگەلێک هەڵبگرێت کە ئێستە شیاو
نییە لەسەرى بدوێى بەڵام خۆ ئەتوانین ڕێنەدەین پێشکەوتنەکانى دونیا
کاریگەرى نەرێنى بکاتە سەرمان و وامان لێبکا کە هەموو کات پشت بە
تهکنهلۆژیا ببەستین و ئەو تاقە و توانایەى
کە لە پێشتردا بەکارمان ئەهێنا ئێستە لەدەستمان بچێت و کاتێکیش لە هێز
و باوو ئەکەوین چیتر ڕانەگەین وەفریاى خۆ کۆکردنەوەیەکیش بکەوین کە بۆ
جەستەى خۆمانە.ئاخر دەبێ هەمیشە وا خۆمان ڕابێنین کە خواوەند هێز و
توانایەکى پێبەخشیوین دەتوانین بە جۆرەها کاردانەوەى دەرەکى مامەڵەکان
بەرجەستە بکەین و سوودیش لە تهکنهلۆژیا ببینین وەک کاریگەرییەکى
بەهێز و پاڵپشت بۆ تواناکانمان نەک جێگرەوەى هەموو شتێکمان.
ماڵپهڕی بێستون حهسهن
|