په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٦

رۆمانی (باڕۆنی سەردارەکان).

- گێڕانەوەی دواین چیرۆکی ژیانی دارنشینی مرۆڤ -

بەنگین پیرۆت    

 

لە ڕۆمانی "باڕۆنی سەردارەکان" "بگێڕەوە" "چیرۆک بێژتن" جگە لەوەی وەکو چیرۆک خوانی ڕوداوەکان و بگێڕەوەی چیرۆکی ناو ڕۆمانەکە خوێنەر ئاوێتەی ڕوداوەکان دەکات. بگێڕەوە "بیاجۆ"ی برای "کۆزیمۆ" گێڕانەوە و باسکردنەکانی بەشێوەیەکە وا لەخوێنەر دەکات. دەووری جیاجیا لەنمایشی کارەکتەرەکان ببینێت،یانی ڕوداو و چیرۆک و کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە بەشێوەیەک خۆیان دەنوێنن جارێک وەکو پاڵەوانی ڕوداوەکانی ناو چیرۆکێکی خەیاڵی ڕۆمان ئامێز، جارێکیش وەکو ئەکتەری فیلمی سینەمایی، یان ڕوداوەێکی ڕاستەقینە، جارێکیش خۆیان دەبن بەچیرۆک خوان، ھەروەک کۆزیمۆ چیرۆکی شوالیە زڕ مامەکەی بۆ دانیشتوانی دارستان دەگێڕایەوە، یان داستانی سەیر و سەمەرەکانی خۆی دەگێڕایەوە.


من تا ڕۆمانێک لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکەم بۆ خوێندنەوە ھەڵدەبژێرم، ئازارێکی ڕۆحی سەخت دەنۆشم، دواجار کە بڕیار لەخوێندنەوەی ڕۆمانێک دەدەم،ھەرگیز بڕیار لەسەر ئەوە نادەم قەبارەی کتێبەکە چەندە، یان ئاخۆ چی لەناوەرۆکەکەیدا نوسراوە. لەخوێندنەوەی ڕۆماندا ھەمیشە پرسیارێک خودەی ھزرم دەدات ئاخۆ چیرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکە پاڵەوان خۆی بیگێڕتەوە تام و چێژ بەخشە یان چیرۆک خوان کەسێکی تر بێت؟ ئایا چیرۆک خوان دەتوانێت ڕوداوەکە وەکو خۆی کە ھەیە بەخوێنەر بگەیەنێت؟


لەم ڕۆمانەدا "باڕۆنی سەردارەکان" نوسینی ڕۆماننوسی ئیتاڵی "ئیتالۆ کاڵڤینۆ" وەرگێڕانی بۆ کوردی "عەتا نەھایی" وەک زۆربەی ڕۆمانەکانی تر بگێڕەوە باسی کارەکتەرەکان دەکات، کە لەناو چیرۆکی ڕۆماندا دەووری پاڵەوان دەگێڕن،پێچەوانەی ئەو ڕۆمانانەی لەچەشنی ڕۆمانی "گێلەپیاو" و "بێ سەرپەرشتان" نوسراون ک بگێڕەوە ھەم چیرۆک خوانە و ھەم پاڵەوانی چیرۆکەکەش خۆیەتی، واتا لەم ڕۆمانەدا "باڕۆنی سەردارەکان" چیرۆک خوان باسی کەسانی تر و ئەوانیتر دەکات بەڵام لەڕۆمانەکانی ھاوشێوەی ڕۆمانی گێلەپیاو و بێ سەرپەرشتان بگێڕەوە باسی چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات، کە زیاتر لەیاداشت و بیرەوەری نزیکە تا ڕۆمان.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کام شێواز نوسینە لەھەست و چێژی خوێنەر نزیکە و خوێنەر خۆی تێدا دەدۆزێتەوە؟ یان تەکنیکی دەربڕینی فەلسەفی و پرسیار ئامێز ترە؟ ئایا ئەو ڕۆمانانەی نوسەرێک باسی ئەوانی تر بکات، یان کارەکتەر خۆی ببێت بەنوسەری چیرۆکەکانی ژیانی خۆی؟ بۆ نمونە لەڕۆمانی "باڕۆنی سەردارەکان" "کۆزیمۆ" کە کارەکتەری سەرەکی ناو چیرۆکی ناو ڕۆمانەکەیە لەجیاتی "بیاجۆ"ی برای ھەر خۆشی بگێڕەوە و چیرۆک خوان و لەجیاتی "ئیتالۆ کالچڤینۆ"ش بنوسی ڕوداو و وورد و درشتی ڕۆمانەکە بوایە، چێژ و نەشئەی ھەمان ئەو چێژ و نەشئە دەبوو کە "فەرید" لەڕۆمانی "گێلەپیاو" و "بێژەن" لەڕۆمانی "بێ سەرپەرشتان" بەپێچەوانەی "کۆزیمۆ" لەڕۆمانی "باڕۆنی سەردارەکان" خۆیان ھەم چیرۆک خوان و ھەمیش کارەکتەرن؟


لەبەرامبەریشدا بۆچونێکی تر ھەیە کە ئەگەر چیرۆک خوانی ڕۆمان نوسەکان نەبونایە چیرۆکی ژیانی ئێمە لەڕوداوێکی ئاساییەوە نەدەبوو بەڕۆمان!


با ڕۆمان نوسەکان ھەر ھەبن، کێ لەئێمە حەز دەکات شەرمەزاریەکانی ڕابردوی ببێتە چیرۆک بەسەر زمانی خەڵکەوە؟ کێ دەڵێ من شایستەی ئەو ھەموو ڕیسوایەم کە تۆ پێمی دەکەیت؟ کێ ناڵێ کردەوەکانی تۆ شایستەی شەرمەزارکردنە نەک کردەوەکانی من.


کەواتە: چیرۆک خوان چەند خەریکی وونکردنی چیرۆک و ڕوداوی ڕابردوی خۆیەتی، ئەوەندەش خەریکی ھەڵدانەوەی چیرۆک و ڕابردوی ئەویترە.


ڕەنگە پێچەوانەکەشی ڕاست بێت و ئەوەندەی چیرۆک و ڕوداوە ڕاستەقینەکان لەزمانی ئەوانیترەوە بگێڕدرێتەوە، چیرۆک خوان کە وەک یاداشت نوسێک دەوری دەبێت ڕەنگە نەتوانێت و نەوێرێت یاداشتە ڕۆمانێکی وەک "نانی ڕووت"ی "محمد شوکری" بنوسێتەوە، من کە ئەمە دەڵێم، بەلەبەر چاوگرتنی ڕۆمانی خەیاڵی و ڕۆمانێک کە چیرۆکەکەی ڕوداوێکی ڕستەقینەیە.


مرۆڤ ئەگەر نەیەوێت لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی گەمژەدا بژیت لەشەڕی سەر زەوی ڕا بکات و ئازار و ژیانی ڕیسوایی قبوڵ نەکات و لەجێ بەجێکردنی سرووتە ئاینەکان بەدوور بێت شایستەی ئەوەیە پێی بگوترێت کێوی؟ ھەروەک باڕۆن باوکی کۆزیمۆ دوای ئەوەی کۆزیمۆ بڕیاریدا کە تا ژیانی ماوە بەسەر دارەکانەوە بژیت و پێی بەزەوی نەکەوێتەوە، بەکۆزیمۆی گووت:ئەی دەرس و دەوورەکەتان؟ تەکلیف و سەعییە ئایینییەکەتان؟ بەتەمای ھەر بەم شێوەیە وەک کێوییەکانی ئەمریکا لەسەر دارەکان بژیت؟


ئایا ئامانج لەدروست بوونی مرۆڤ ئاوەدانکردنەوەی زەوی بوو یان وابەستە بوونی بوو بەئایینێکی دیاریکراو؟ ئایا بەر لەپەیدا بوونی مرۆڤ ئایینەکان ھەبوون؟ مرۆڤ لەسەر زەوی بژیت، یان لەسەر لقی دارێک لەبەھای مرۆڤ بوونی کەم دەکاتەوە؟


لەم ڕۆمانەدا جیاوازی نێوان ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەرزی واقیع و ژیانی لەناو چیرۆک و ڕوداوەکانی ناو ڕۆمان، جیاوازیەکی قوڵە.


بۆ نمونە مرۆڤەکانی ژیانی دونیای ڕاستەقینە گۆشەگیر و بێدەسەڵاتن، مرۆڤەکانی ناو ژیانی ڕۆمانیشمرۆڤی پڕ لە وزە و توانایەکی خەیاڵین، لەکاتێکدا ڕوداوی ناو ڕۆمانەکە، ڕەنگە لەچیرۆکی ڕاستەقینەوەوەرگیرابێت، یان ئەو کارەکتەرە پڕ لەوزەیە ڕەنگە دروستکەری چیرۆکەکەی مرۆڤێکی داماو بێت.


ھەروەک کۆزیمۆی گۆشەگیر لەدونیای ماڵباتەکەی، بۆتە کۆزیمۆی پڕ لەوزە و پڕ لەتوانای نمایشکرنی ژیانێکی تازە کە ڕەنگە بۆ نوسەری ڕۆمانەکەش ئیتالۆ کاڵڤینۆ پێچەوانەکەی ڕاست بێت مرۆڤێکی بەتوانا و پڕ وزە بوبێت ئەگینا نوسینی ڕۆمانێکی وا ئەفسوناوی لەتوانای مرۆڤێکی سست و بێ ھێزدا نیە.


لەم ڕۆمانەدا گەڕانەوە بۆ دارستان گەڕانەویە بۆ ژیان، نەک گەڕانەوە بۆ جەنگڵستان. گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ئاشت بونەوەی نێوان مرۆڤ و سروشت، بەپاکی ئاو و ھەوا وا لەمرۆڤ دەکەن بیر لەپاراستنی دارستانەکان بکاتەوە و ڕێگە لەوشک بوون و پیس بونی ژینگە بگیردرێت، لێرە ئاگر ئەو دوژمنە دڕندەیەییە کە منداڵە بەڕەڵا و چەتەکانی دەریا و خەڵوزکاریش بێزی لێدەکەن.


دارستانەکەی "ئۆمبرۆزا" لەکۆماری "جنۆڤا" ھەرچەند وڵاتێکی یوتۆپیایی خەیاڵدانی نوسەرەکەیەتی،بەڵام بۆتە شارێکی گەورە، ناپلۆن و شازادەکانی نەمسا و ئینگلیز و تەواوی ئەوروپا سەردانی دەکەن، جگە لەمرۆڤ و دار و ئاو، پڕە لەمیوەی جۆراو جۆری وەک ھەنجیر و گێلاس و بەڕوو، پڕە لەسمۆرە و کەروێشک و چۆلەکە و سەگ و ڕێوی، بەشێوەیەک ژیان لێرەیە، بەجۆرێک ژینگەی پاک لێرەیە، تام و چێژی ماچ و مانای عەشق ە خۆشی ژیانێکی بێ ئازاردانی ئەویتر لێرەیە.


ئەگەر کەسێکمان خۆش بوێت دەبێ خۆشی ئەومان بوێت، نەک ئازاردانی.
________________________________
ڕۆمانی "باڕۆنی سەردارەکان"

نووسینی: "ئیتالۆ کالڤینۆ

وەرگێڕانی بۆ کوردی: عەتا نەھایی
چاپ: چاپی یەکەم
ساڵ: ٢٠٠٧
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
کوردستان - سلێمانی

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک