په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

رووداوى سی‌و‌یه‌کی ئاب و دەفتەرە سەروەرییه‌کەى یەکێتى.

   
ئیسماعیل عەبدولڕەحمان


ڕوداوى سى و یەکى ئاب تەنیا زەرەرو زیان بەر یەکێتى وەک هێزێکى سیاسى و سەربازى نەکەوت ، بەڵکو خەڵکى کاسبکارى سنورى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى یەکێتیش توشى زەرەرو زیانى گەورەى ئابورى هاتن ، هەروەک چۆن پارتى بەتەنیا سود مەند نەبوو لەدەسکەوتى ئەو ڕۆژە ، بەڵکو خەڵکى کاسبکارى سنورى ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتیش سود مەندى گەورەى ئابورى بون بەهۆى ڕوداوى ئەو ڕۆژە.


ڕۆژى 31ى ئابى ساڵى 1996 چەند کاتژمێرێک پێش هێرشە هاوبەشەکەى سوپاى عێراق و هێزەکانى پارتى بۆ سەر هەولێر ، گومرگى ڕسق فرۆشتن ( علوە ) ى هەولێر ئەو کاتى لەفلکەى دارەتو بوو کە لەسەر ڕێگاى هێرشەکە بوو ، ئینجا زۆربەى ڕسق فرۆشەکان خەڵکى سنورى ژێر دەسەڵاتى یەکێتى بوون ، کە کڕین و فرۆشتنى ڕسق لەو پەڕى گەرمى و بەنرخى دابو ، من بەخۆم ئەو ڕۆژى بیبەرم هێنابوو بۆ فرۆشتن بارە بیبەرەکەى من گەر بەیانى زو پێش خۆر هەڵاتن بمفرۆشتایە کەکڕیارى مسۆگرم هەبوو ئەوە بایى شەش هەزار دینارى سویسڕى ئەو کاتى بوو ، بەڵام تەماحى زیاترم کرد بۆیە ماینەوە تانزیک کاتژمێر هەشتى بەیانى کەلەگەڵ هەرخولەکێکیش دەنگى تۆپ و دۆشکە زیاتر نزیک دەبۆوە ، بۆیە کاتێک هێرشەکە گەیشتە گوندى گردەڕەشەو نزیک بازگەى هەولێر - کرکوک ، بەس پێمان کرا بەرەو ناو شارى هەولێر هەڵبێین و بارە ڕسقەکان بەجێ بێلین.

ئینجا مەبەستم ئەوەیە ئەو هەموو زەرەرو زیانە کەنەک هەر ڕۆژى 31ى ئاب لێمان کەوت ، بەڵکو هەر ئەو وەرزەى هاوینى دواى 31 ئابى 1996 هەمووى بوە نەگبەتى بۆ بەرو بومەکانمان ، لەنێوان سنورى یەکێتى و پارتى دوانزە بازگەى پارتى هەبوو لەگەڵ بازگەیەکى یەکێتى بەڵام خوا هەڵناگرێت بازگەکەى یەکێتى بەڕوى هەر دوانزە بازگەکەى پارتى هەبوو ، ئەو بازگەیە کوڵى پارتیشى لەخەڵکى کاسب کارو خاوەن شینایەکانى سنورى خۆى دەردەکرد ، چارەنەبوو ڕسق لەسنورى یەکێتى نەدەفرۆشا کەچى نەشى دەهێشت بۆ هەولێریشى بەین ، ئینجا لەسەر ئەو هەموو ماندى بوونەى ڕۆژیش لەناو شینایى دەبوایە شەویش بەدزیەوە بەهزار فڕت و فێڵ و پارەدان تاکو لەبازگەى یەکێتى دەر دەچوین ئینجا کەدەگەیشتینە بازگەى پارتى وەک ئەوەبوو بەتاقمى تڤەنگەوە تەسلیم بوبیتینەوە ، ئەوەندە پرسیارى نابەجێیان لێدەکردین ، دەیانگوت لەکوێوە دێى بۆ کوێ دەچى ؟ خزمت پێشمەرگەیە ؟ ئەو بیبەرە یان ئەو تەماتەیە چى لەبنە وەلحاسر تادەگەیشتینە گومرگى هەولێر دەبوە نزیک نیوەڕۆ کە کەس نەى دەگوت بارى ڕسقتان بەچەند ، چونکە خاوەن شینایەکانى سنورى پارتى هیچ کێشەیان نەبوو بەیانیان زو لەهەموولایەکەوە ڕسقیان دەهێنایە هەولێر و بازاڕى ڕسقیان زۆر هەرزان کرد ، بەڵام بۆ ئەوان هەرخێرى هەبوو ، چونکە گازوایل و پەینى کیمیاویان بەهەرزان بەدەست دەکەوت بەڵام بۆ ناوچەى ئێمە چونکە دەبوایە لەسنورى پارتیەوە بۆمان بهاتایە بۆیە زۆر بەگران دەگەیشتە دەستمان ، هەربۆیە بەهۆى ڕوداوى 31ى ئاب زەرەرو زیانێکى زۆر مان کرد کورد گوتەنى مادام سەرمان سەلامەت بوو ماڵى دنیا هیچ نییە.

ئینجا بەهۆى گرانى ئەوکات و ئەو زەرەرو زیانەى پێمان کەوت بەهۆى 31ى ئابەوە بەناچارى زۆربەى خەڵکى گوند نشینەکان بۆ ئەوەى کاسبیەک بکەن بەرەو هەولێر کۆچیان کرد ، منیش هاتمەوە هەولێر و عارەبانەیەکم بەکرێ گرت لەشێخەڵا ڕسقم دەفرۆشت ، ئینجا جگە لەو ماندى بونەى ڕۆژانەم و ڕاونانى بەردوامى عارەبانچیەکانى ڕسق فرۆشتن لەلایان پۆلیسەکانەوە بۆ نەهێشتنى کاسبیەکەمان ، ئینجا ئێوارانیش بەنهێنى گوێم لەئێزگەى دەنگى گەلى کوردستان ڕادەگرت بۆ ئەوەى بزانین حاڵ و حەواڵى یەکێتیەکەمان چۆنە.

ئێزگەى دەنگى گەلى کوردستانیش وەک پیشەى هەمیشەیى لەتیژکردنەوەو بەگڕخستنى خەڵک زۆر شارەزایە ، چونکە ئەوکاتى تاکەدەنگى یەکێتى بوو کە سنورى دەبەزاندو خۆى بەماڵە یەکێتیەکان دەکرد ، یەکێتیش باش دەیزانى مۆدیلى شەپۆلى کورتى 75مەترى ئێزگەکەى هاتەوە گۆڕێ و هەرچى خەڵکى یەکێتى هەیە لەهەولێرو دەوروبەر گوێ بیستى ئێزگەى دەنگى گەلى کوردستان دەبن و هەر تەنیا لەڕێگاى ئەم ئێزگەوە دەزانن بارو دۆخى یەکێتى لەچ حاڵێک دایە ، ئینجا دەنگى گەلى کوردستانیش کەزمانحاڵى یەکێتیە نەزمێکى ترى خەباتى هێنایە گۆڕێ ، ئەویش بۆ سەرنج ڕاکێشان و بزواندنى حەماسەتى خەڵکى یەکێتی ، بەیانێکى فەرمى دەرکرد بەناوى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ ئەو کەسانەى لەدواى 31 ى ئابەوە دەستیان گرتەوە بەیەکێتى و نەیان هێشتوە یەکێتى بڕبڕەى پشتى بشکێ ، ئەوە یەکێتى دەفتەرى سەروەرى کردۆتەوە بۆ ناو نوسکردنى ئەو کەسانەى خاوەن هەڵوێست و مەردایەتى و گیانى فیداکاری بوونە لەپێناو حزبى شەهیدان کەیەکێتى نیشتیمانى کوردستانە ، وەلحاسر ئێزگەکە ئەوەندەى گەرم کردم وەک بەرەمێز بەگڕو ڤڕى خستم بۆیە بەیانیەکەى لەجیاتى بچمە گومرگ یەکسەر بەرەو شارى کۆیە بەڕێکەوتم بەو مەبەستەى تاکو لەدەفتەرى سەروەرى ناوم تۆماربکەم و بزانم حزبى شەهیدان چى لەمن دەوێ بۆى بکەم.

بائەوەشمان لەبیر نەچێت من لەبەرئەوەى لەپێش ڕاپەرینیش لەڕێکخستنى کۆمەڵە بومەو لەڕاپەڕینیش لەشانە چەکدارەکانى بروسک بومەو خاوەن زۆرێک لەشەیدو ئەنفالین و هەر لەدواى ڕاپەڕینەوە تاکو بەهارى ساڵى 1996هەرپێشمەرگەى یەکێتى بوم ، بۆیە ئەو کاتى بەو شێوەیە دڵسۆزو پەرۆشى یەکێتى بومە.


ئینجا لەکۆیێ لەناو مەڵبەندى 3 بەرپرسەکانم بینى و هەڵوێستى منیان بەرەو ڕو زۆر بەرز نرخاند و گوتیان یەکێتى هەرگیز جارێکى تر کەسانى دڵسۆزى خۆى فرامۆش ناکات ، هەربۆیەش یەکێتى دەفتەرى سەروەرى داناوە تاکو لەسەرکەوتنى دا تاجى زێڕینى شەرەف و کرامەت بخاتە سەر ئەندام و دۆست و هەوادارانى کەلەو کارەساتە جەرگبڕە پشتى یەکێتیان گرت.


منیش وەکو پاتریەکى فول شەحن کرابم بەڕێنمایەکى ڕێک و پێک و بەنازناوى نهێنى و بۆ ئاگەدار کردنەوە لەئێزگەى دەنگى گەلى کوردستان بەرەو هەولێر گەڕامەوە ، زو توانیم چەند لیژنەیەک لەخەڵکى یەکێتى دروست بکەم و دوایش چەند لیژنەیەکى تریان تەسلیم بە من کرد بۆ سەرپرشتى کردن.


تێبینیەکى گرنگ : یەکێتى لەوکاتى دا لەبارو دۆخێکى لاوازى ڕێکخستن دابوو ، بۆیە دەیویست لەڕوى ڕێکخستنەوە لەجەماوەرەکەى دانەبڕێ و خەڵکى خۆى لێى نائومێد نەبن ، دەنا هیچ مەبەستێکى سەربازى و شتى واى بەئێمەنەبو لەڕێنمایەکانیش هەردەم ئێمەیان ئامۆژگارى دەکرد کەئاگەدارى خۆمان بین و قسەو کردەوەى هەڵە نەکەین ، چونکە وایان حاڵى کردین هەرکە ئاشکرابین پارتى هەموومان لەناومان دەبات ، بۆیە زۆر دەترساین و زۆریش بەوریایەوە یەکتریمان دەبینى لەگەڵ برادەرانى تردا ، بەڵام لەگەڵ ئەوترسەشدا هەتا ڕۆژنامەى کوردستانى نوێشمان بەدەست دەگەیش بۆ خوێندنەوە کەئەوکاتى زۆر بەمەترسیش دادەنرا، بەڵام زۆربەى کات لەناو عارەبانەکەم هەبوو بۆ ئەوەى برادەران لێم وەرگرن و بیخوێنەوە ، کەش و هەواى ڕێکخستنى ئێمە بەساڵى هەشتایەکانى سەردەمى بەعس دەچو ئەوەندە لەژێر ترس و دڵە ڕاوکێدا بووین ، بەڵام چونکە بەخەیاڵى خۆمان ناومان لەدەفتەرى سەروەرى نوسراوە ، بۆیە زۆر باکمان سەختى خەباتى نهێنى نەبوو.

ڕۆژێک لەگەڵ سەر پرشتیارى لیژنەیەکى تر لەڕێخستنە نهێنیەکان دانیشتم و لێیى پرسیم گوتى مووچەى ئێوەچەندە بۆ لیژنەکەتان ؟ گوتم مووچەى چى؟ گوتى وەڵا من برا دەرێک دەناسم خزمى کاک ........ ئەندام سەرکردایەتیە ، گوتى مانگانەى سەرپرشتیارى لیژنەکان لەمەکتەبى ڕیکخستنەوە بڕى 1500تا2000دینارى سویسڕى ئەوکاتى بۆیان خەرج دەکرێت ، منیش گوتم شتى وام نەزانیە پارە بۆ لیژنە هەبێت ، ئەویش گوتى خۆمنیش چاوم لێنیە بەڵام ناخۆشە بۆ هەندێک هەبێت کەخزمى خۆیانەو بۆ هەندێکیش نەبێ کەخزمیان نییە ، منیش هەستم کرد ئەو برادەرە ڕاست دەکات بۆیە چومەوە کۆیێ ئەو جارە کەمێک مامەوە تاکو توشى کارگێر مەڵبەندێک بوم کەبرادەرم بوو ، پاش چاک و چۆنى کردن گوتى بەخوا پێم خۆش بوو موچەکەت بۆ زیاد کرا منیش گوتم بۆ پێشان موچەکەم چەند بوو گوتى هەر 700دینارەکەنەبوو گوتم ئەى ئێستا گوتى بوەتە 1000دینار گوتم ئەوە تۆچۆن دەزانى گوتى کلێشەى موچەکان لاى منە من دەچم پارەکە دەهێنم لەمەکتەبى ڕێکخستن کەبڕى 180000 دینارە تایبەتە بۆ ڕێکخستنە نەهێنیەکانى ناوشارى هەولێرو دەوروبەرى.


دواى هەر ئەو ڕۆژى لەکۆیە چومە ماڵى ئەو ئەندام سەرکردایەتیەى لێپرسراوى ڕێکخستنەکان بوو ، ئەو لەماڵ بوو گوتم کاک ........ باشە مام جەلال بڕیارى نەداوە بڕە پارەک بۆ ئەو خەڵکە هەژارانەى ڕێکخستن لەهەولێر خەرج بکرێت گوتى وەڵا شتێکى واباسکراوە لەوانەیە لەکۆبونەوەى ئەمجارەى سەرکردایەتى بڕیارى لەسەر بدرێت ، منیش گوتم چما بۆ خەرجکردنى بڕە پارەیەکیش بڕیارى کۆبونەوەى سەرکردایەتى دەوێت ، ئەویش گوتى خۆ بەس ئێوەنین ئێمە سێ هەزار ئەندامان لەناو هەولێر هەیە و سێ هەزاریشمان لەدەورو بەرى هەولێر هەیە ئێ خۆ موچەى شەش هەزار کەس هەوەنتە نییە، وەلحاسر چەند جارى لێم دەپرسى ئەرێ کۆبونەوەى سەرکردایەتى بڕیارى خەرجکردنى موچەى نەدا ئەویش هەرجارەى بیانوەکى دەهێناوە ، وەک ئێستا چۆن دەڵێن ترسى دەرەکیمان لەسەرە ئەویش ئەو کاتى دەیگوت ئێمە بەبەردەوامى ترسى هێرشى پارتیمان لەسەرە کەى کاتى موچەو موچەکاریە.

هەربەهۆى نەدانى موچەوە برادەرێکى ترم کەئەویش سەرپرشتى لیژنەیەکى توێژێکى گرنگى دەکرد پێمى گوت دەڵێن لەمەکتەب ڕێکخستنەوە موچە دێت بۆ مەڵبەندو لەوێشەوە دەبێت ڕەوانبکرێت بۆ هەولێرو بۆ دەست لیژنەکان بەڵام تائێستا ئەو لیژنەى ئێمە پارەى بۆ نەهاتوە ، ئەو برادەرەم خۆى زۆر دەوڵەمەند بوو گوێى لەموچەى یەکێتى نەبوو ، بەڵام چەند ماڵە یەکێتیەکى هەژارى دەناسى پێى خۆش بوو موچە بۆ ئەوماڵانە وەرگرێت ، منیش گوتم بابچینە کۆیێ و یەکلاى کەینەوە بزانین موچە هەیە یان نا ، ئەو برادەرەى لەگەڵم بوو ئەویش ئەندام سەرکردایەتیەکەى دەناسى چوینە ماڵیان ئەو یەکسەر گوتى وەڵاهى من هیچ حەزبەوبەر پرسیارەتیەناکەم توشى شەرمەزارى بوومە ، چەند جار داوام لەمەکتەب سیاسى کردوە بڕە پارەیەک خەرجکەن بۆ ئەو خەڵکە هەژارانەى لەهەولێرن ، کەچى خەرجى ناکەن.

برادەرەکەم بەئەندام سەرکردایەتیەکەى گوت وەڵا بابە ئێمە پارەمان ناوێ خوابکەم ناوەکانمان نەگاتەوە دەست پارتى ، قێڕسى لەپارەش ، ئەندام سەرکردایەتیەکە زۆر ئەو قسەى پێناخۆش بوو گوتى ناوى ڕێکخستنەکانى هەولێر هەمووى لەدەفتەرى سەروەرى نوسراوە ئەو دەفتەرەش تەنیا لەلاى مام جەلالەو جگە لەکاک ئەرسەلان کەسێکى تر نابینێت.

ئینجا ئەو ڕۆژەى مام جەلال کەبۆ یەکەمجار لەدواى شەڕى ناوخۆوە کەهاتە خزمەت بارزانى کەساڵى 1998بوو لەوکاتەى مام جەلال لەهاوینە هەوارى پیرمام لەلاى مسعود بارزانى بوو ، ئەو شەوى ئاسایش من و نۆ برادەرى ترى ڕێکخستنى نهێنى ئاگەدار کردەوە کەسبەى بچینە ئاسایشى بەلدەى هەولێر ، من ئەو شەوى هەتا ڕۆژ بۆوە لەترسان خەو نەچوە چاوم شەوی دستان بوو هەرتەواو نەدەبوو خۆر هەڵبێت و ببێتە بەیانى و بزانم ئاسایش بۆچى بانگمانى کردوە ، کاتەکانى دڵ توندى و ترس ڕۆی و بەیانى زو هێشتا دەوام دەستى پێنەکردبو من لەپێش ئاسایش ئامادەبوم دەبینم بەمنەوە دەکەسین ئاسایش لەدومانى ناردوە ، ئینجا برادەرێکەم کەئەویش بانگ کرابو دەیگوت بەخوا دەترسێم مام جەلال دەفتەرى سەروەریەکەى لەگەڵ خۆى هێنابێت و پێشکەشى دەست کاک مسعود کردبێ ، دەنا گەر وانیە پارتى چۆن دەزانى ئێمە یەکێتین ، ئینجا لەسەر ئەم هەموو ترسەش پێکەنین گرتبومانى کە ئەو برادەرەمان دەیگوت هەبێ و نەبێ مامە دەفتەرەکەى لەگەڵ خۆى هێناوەو ناومانى داوە.

ئاسایش ئێمەى بۆ بانگ کردبو؟ ئێمە لەبەرئەوەى ڕقو قینمان زۆر لەپارتى بوو هەر لەبنەڕەتى پارتى ناسینماندا پارتیمان وەک دڕندە هاتبوە بەر چاو بۆیە هەرگیز بەخەیاڵمان دانەدەهات پارتى ویژدان و لێبوردنى هەبێت بەتایبەت بەرانبەر بەیەکێتى ، ئاخر ئێمەش نەهەقماننەبوو ، چونکە لەو سەردەمەى پارتى کەسێکمان نەدەناسى کەباسى پارتى بەچاکە بکات بۆیە بەهیچ شێوەیەک نەماندەزانى بەزەیى لە ئەخلاقى پارتى دا هەبێت.

ئەوەى لەژورى لێکۆڵینەوە لەئاسایش بینیمان تەواو پێچەوانەى بۆچونەکانمان بوو ، ئەفسەرى ئاسیشى لێکۆڵینەوەکە لەزۆربەى هەڵس و کەتمانى دەزانى هەتا دەیزانى ڕۆژنامەى کوردستانى نوێش دەخوێنینەوە ، کاتێک ئەفسەرەکە قسەى دەکرد قسەکانى زۆرینەى ڕاست بوون ، بەڵام لەژمارەو لەهەندێک هاتو چۆماندا هەڵەى هەبوو بەهەر حاڵ منیش گوتم مادام سورى لەسەر ئەوەى ئێمە لەڕێکخستنى یەکێتین و ڕۆژنامەى کوردستانى نوێ دەخوێنینەوە ئەى بۆ لەوکاتى ئێمەتان نەگرت ؟ ئەفسەرەکە گوتى نیوەى هەولێر یەکێتیە خۆناکرێت هەمووى بگرین ، ئێمە کەسێک دەگرین نیەتى خراپەکارى هەبێت کەئێوەشمان نەگرتوە لەبەر ئەوەبوە ئێوە هیچ مەبەستێکى خراپە لەنیەتان نەبوە بەرانبەر پارتى بیکەن ، بەڵام هەر ڕقێکى چەسپاو لەدڵتان هەیە بەرانبەر پارتى ئەوەش لەبەهەڵە حاڵى بوون لەسەر پارتى سەر چاوەى گرتوە.

گەڕانەوەى مەڵبەند بۆ هەولێرو بەرپرسەکەى یەکێتى ، بەهۆى لێک نزیک بونەوەى هەوڵە ئاشتیە خوازیەکانى نێوان یەکێتى و پارتى ، مەڵبەندى سێى یەکێتى گەڕایەوە هەولێر و ئەو بەرپرسەش گەڕاوە بۆ هەولێر ، ڕۆژێک کاکى بەر پرسى لاى نوسینگەیەکى کڕین و فرۆشتنى زەوى و زارم بینى لەسەر جادەى 100مەترى هەولێر هەرکە ئەو لەنوسینگەکە ڕۆى منیش چومە لاى نوسینگەکە کەخاوەنەکەى دەناسم گوتم ئەرێ تازە کاک ......... بینى لێرە ئەوە چۆنە هاتوە بۆ نوسینگەى کڕین و فرۆشتنى زەوى ، گوتى وەڵا ئەو هاتوە زەوى بۆ بکڕم لەسەر سەد مەترى منیش گوتم بۆ زەوى فرۆشتن هەیە لەسەر زەوى گوتى بەڵێ هەیە ئێستا شەش سەد مەتر زەوى کە دووپارچەى سێ سەد مەترین لەتەنیشت یەکن بۆ کاک....... قەولە بیکڕم ، گوتم ئەوە بەمەترە یان بەپارچەیە خاوەن نوسینگەکە گوتى زەوى لەسەر سەد مەترى گرانە بەمەتر دەفرۆشێت مەترى بەسێ هەزاردینارى سوسرى ئەو کاتى ، ئینجا کاکى سەرکردە زەویەکەى کڕى کەڕوەو قیبلەن واتە بەرەو ڕۆژە ، کەئەوەش مواسەفاتى پلەیەکى خانوە لەهەولێر.

ئینجا ئەوەى ماوەتەوە بڵێم لەیادى ڕوداوى 31 ى ئابدا ، ئەو پرسیارەیە لەسەر کردایەتى یەکێتى و جەنابى مام جەلال ئەرێ چتان لەدەفتەرى سەروەرى کرد؟ ئایا ئەو دەفتەرە لەگەڵ بارگەو بارخانەى نەوشیروان بۆ گردە ڕۆشتوە یان لەهاوینە هەوارى سەلاحەدینە یان لەکون و قوژبنى ژورە زۆرەکانى مامەیە لەقەڵاچۆلانە یان لەسلێمانیە یان لەدوکانە یان بەغدایە ؟؟؟ هەرچەندە باوڕیشناکەم ئەو دەفتەرە لەژورەکانى مامە مابێ چونکە گەر بمایە دادە هێرۆ کەزۆر حەزى لەخوێندنەوەى کتێب و دەفتەرە کۆنەکانە جارێک هەر دەیخوێندەوەو لەسەر وتارى گۆڤارى خاکدا ئاماژەى بەتۆز لێ نیشتوى دەفتەرى سەروەرى دەکرد و هەرنا بەقەد مشکێکیش باسى ژیانى پڕلەڕەزالەت و دەردەسەرى ڕێکخستنە نەهێنیەکانى دواى 31 ى ئابى لەهەولێر دەکرد.

 


ary_esmail@yahoo.com