په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

روونکردنەوەیەک لە گۆڤارى لڤینەوە
لەسەر راگەیاندنێکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم.

 


سەبارەت بەرونکردنەوەکەى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم لەسەر مانشێتى سەرەکى ژمارە 104 ى گۆڤارەکەمان بەناونیشانى" موچەى مانگێکى سەرۆکى هەرێم 400 هەزار دۆلارە" .


ئێمە وەک گۆڤارى لڤین لەسەر ئەو رونکردنەوەیە ئەم تێبینیانە دەخەینە بەردەم راى گشتى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان:

1. باسکردن لە موچەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە پێى یاسای رۆژنامەگەرى کوردستان و بە پێى یاساى سزادانیش نە تەشهیرە و نە قەدەغە، تەنها ئەوەندەیە کە رەنگە وروژاندنى ئەم بابەتە بۆ راى گشتى و پەرلەمان لەلایەن گۆڤارەکەمانەوە بابەتێکى قورس بێت بەلاى سەرۆکایەتى هەرێم و دەزگاکانى راگەیاندنى پارتییەوە ،بۆیە بەو شێوە توندە کەوتنە وەڵامدانەوەى.


2. دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بەشێکى تایبەتى لە بودجەى هەرێم هەیە کە زیاترە لە 5% بودجەى گشتى هەرێم کوردستان و نزیکەى نیو ملیار دۆلارە، بە پێى یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان کە لە ساڵى 2005 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچوە موچەى سەرۆکى هەرێم لە ناو ئەم میزانیەیەدایە و دەبێت بە یاسا رێکبخرێت ، بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت هەتا ئێستا لە پەرلەماندا ئەم یاسایە دەرنەچوە و دیارى نەکراوە کە موچەى سەرۆکى هەرێم چەندەیە؟ کە زانینى ئەمە مافى هەموو هاوڵاتیەکى کوردستانەو لە زۆربەى وڵاتانى دونیاشدا بە دەوڵەتە دیکتاتۆر و سەرکوتکارەکانیشەوە موچەى سەرۆکى وڵات هەم ئاشکرایە و هەم بە یاسا رێکخراوە کە بەداخەوە لە هەرێمى کوردستاندا هەتا ئێستا پێشێلى راستەوخۆى ئەم یاسایە کراوە لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێم و خودى سەرۆکى هەرێمەوە.


3. سەرۆکى هەرێم بەپێى دەستور و یاسا فەرمانبەرێکى پلە باڵاى دەوڵەت زیاتر نییە کە یاسا ماف و ئەرکەکەکانى دیاریکردوە ، لەم روانگەیەشەوە سەرۆکى هەرێم مافى خۆیەتى موچەى هەبێت تەنانەت موچەکەى بەرزترین پلەى موچە بێت لە هەرێمدا ، بەڵام ئەم حاڵەتە نائاساییەى کە ئەمڕۆ عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتۆتەوە دەبێت کۆتایى پێبهێنرێت کە موچەى سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانى هەزار جار لە موچەى فەرمانبەرێکى ئاسایى دەوڵەت زیاتر بێت.
ئەوەى جێگەى سەرنجى ئێمەیە، رونکردنەوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم دەڵێت "سەرۆکى هەرێم هەتا ئێستا یەک دینار موچەى سەرۆکایەتى وەرنەگرتوە" کە ئەمە جێگاى گومانى ئێمە و هەموو هاوڵاتیانى کوردستانیشە؟!، لەبەر دوو هۆ : یەکەمیان ئەوەى کە سەرۆکى هەرێم سەرۆکى بەرزترین دەزگاى دەوڵەتە و بەڕێوەبردنى ئەم دەزگایە جیاوازە لە بەڕێوەبردنى دیوەخان، دوەمیشیان هێشتنەوە و دیارینەکردنى موچەى سەرۆکى هەرێمە بە شاراوەیى و دیارینەکردنیەتى لەلایەن پەرلەمانەوە، هەرکاتێک بە پێى یاسا رێکخرا و دیاریکرا ئەو کات سەرۆکى هەرێم دەتوانێت سەربەرزانە بڵێت "من موچەکەم ئەوەندەیە و وەریناگرم و دەیبەخشمەوە بە خەڵکى کوردستان".


4. ئێمە بەلامانەوە سەیرە کە دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم لەکاتێکدا بەسەر یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێمدا بازى داوە کەچى داواى ئیجرائاتى یاسایى بەرامبەر بە ئێمە دەکات، چونکە دیارینەکردنى موچەى سەرۆک بە پێى یاسا لە ماوەى چوار ساڵى رابردوودا و بەخشینى پلەى سەربازى بە نایاسایى کە سەرۆکى هەرێم بە برازایەکى خۆى بەخشیوە نایاسایەکى گەورە و خەرقێکى مەترسیدارى رێوشوێنە ئسوڵی و یاساییەکانى هەرێمى کوردستانە کە جەنابى سەرۆک سوێندى پاریزگاریکردنیانى خواردوە.


5. بەیاننامەکە بەنەفەسى نەفیر عامى شەڕ نوسراوە و دەڵێت " دەبێت تەحەمولى ئەم رەفتارە بکەن" کە ئەمە زمانى رێوشوێنى ئسوڵى و یاسایى نییە و زیاتر لە زمانى هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە دەچێت کە ئێمە زۆر بە گومانەوە دەڕوانینە ئەم دەستەواژەیە و پێمان وایە ئەم بەیاننامەیە هەڕەشەى راستەوخۆى تێدایە بۆ سەر ژیان و سەلامەتیمان و لەم روەشەوە هەموو رێکخراوە ناوخۆیى و نێو دەوڵەتیەکان لەم هەڕەشەیە ئاگادار دەکەینەوە و هەر ئەوانیش بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر ژیان و سەلامەتیماندا.


6. وەکو رەچاوکردنى بابەتى بون و ئیتیکى رۆژنامەوانى ئێمە داواى دەسکەوتنى ئەو زانیارییە پەیوەندیمان بە لایەنى پەیوەندیدارەوە کردوە و لەو بارەیەوە پرسیارمان لە سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم د. فواد حسین کردوە بەڵام ئەو پێى راگەیاندین کە نایەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات.هەروەها هەمان پرسیارمان ئاراستەى سکرتێرى رۆژنامەوانى سەرۆکایەتى هەرێم کردوە بەڵام ئەویش بە بیانوى نەبونى کات وەڵامى نەداینەوە.
7. ئێمە بۆ بڵاوکردنەوەى ئەو زانیارییە سەرچاوەى پێویستمان هەیە و پیشوازی لە رێوشوێنى یاسایى دەکەین لەو بارەیەوە و ئامادەى سەلماندنى زانیاریەکانمانین لە بەردەم دادگایەکى عادیلانەدا.


8. ئێمە لە ماوەى کارکردنماندا چەندین بەڵگەنامەو دیکۆمێنتمان لەسەر کارە نایاسایەکانى سەرۆکایەتى هەرێم بڵاوکردۆتەوە بەبێ ئەوەى هەتا ئێستا وەڵامى یەک بابەتى دابێتەوە، وەڵامدانەوەى ئەم بابەتە بۆ ئێمە و بۆ خەڵکیش جێگەى پرسیارە؟ هەر بۆیە بۆ ئێمە جێگەى خۆشحاڵى دەبێت کە بەهۆى بردنى ئەم دۆسیەیەوە بۆ بەردەم دادگا دۆسیەى پێشیلکاریە یاسایەکانى دەزگاى سەرۆکایەتى هەرێم لەبەردەم داداگاکاندا بکەینەوە، هەر لێرەشەو رایدەگەیەنین لە حاڵەتى جوڵانى ئەم دۆسییەدا لە دادگا ئێمە چەند مەلەفێکى یاسایى دیکە لەسەر سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لە دادگاکاندا دەجوڵێنین.


9. بۆ چەندەمین جارە کە بە پێى راپرسى دەزگا و سەنتەر جیاوازەکان لڤین دەبێتە باشترین گۆڤار و تەنانەت باشترین لەناو میدیاى کوردیدا ، بە پێى نوێترین راپرسی جەماوەریش کە لەلایەن پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان ئەنجامدراوە کە رێکخراوێکى ناحکومیە و بارەگا سەرەکیەکەى لە هەولێرە،گۆڤارى لڤین وەکو یەکەمین دەزگاى راگەیاندنى کوردى دەرچوە بۆ راستگۆیى لە هەواڵ و زانیاریەکانى، دیارە ئەمەش بایەخى خۆى هەیە و ئەگەر ئاماژەبێت بۆ شتێک ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە لڤین راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکان دەکات، بەڵام بە جورئەتە لە بڵاوکردنەوەى راستیەکاندا، بۆیە ئەم جۆرە پەرچەکردارانە کاریگەریان نابێت لە سەر ناو و ناوبانگى لڤین و وەک هەمیشە بە راستگۆترین و باشترین و پڕ تیراژترین و پڕخوێنەرترین میدیاى کوردى دەمێنێتەوە.

 


گۆڤارى لڤین
5/10/2009