په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٦

رووخاندنی خۆبەڕێوەبەریی.

 

دانییل گیرین

و. لە عەرەبییەوە: سەلام عارف

بانکەکانی پشتیوانە [الاعتماد] لای حکومەتی بۆرجوازی کۆماریی مانەوە، واتە لای کەرتی تایبەتی، بێگومان بە چاودێریی دەوڵەت، بەھیچ کلۆجێک بواری ئەوە نەدەدرا، ئەو بانکانە بکرێنە خزمەتکاری خۆبەڕێوەبەرایەتی، گەرچی بارەکە ئاواھی بوو، ھەندێک ھەرەوەزی ھەر بەردەوامبوون و بەوە پشتیانبەستبوو، کە ‌لە شۆڕشی تەموزی ١٩٣٦ دەستخرابوو، سەرباری ئەو دەستکەوتەش بەناچاریی دەستیانگرت بەسەر ھەندێک کەلووپەلی حازربەدەستدا، بۆ نموونە خشڵ و زێڕ و زیو و پاشماوەی دێرینی پەرستگەکانی فرانکیەکان، ئەودەمە (کۆنفیدرالی نیشتمانی بۆ کار) پێشنیاری دامەزراندنی (بانکی کۆنفدرالی) کرد، بەڵام گوزەراندن و بەڕێکردنی پێشبڕکێی سەرمایەی پارەیی، جۆرێک بوو لە جۆرەکانی خەو وخەیاڵ، ئەو دەمە گواستنەوەی سەرمایەی پارەیی بۆ دەستی پرۆلیتاریای ڕێکخراو تەنھا چارە بوو، بەڵام (کۆنفدرالی نیشتمانی بۆکار) نەیدەوێرا بەو ئاڕاستەیە کاربکات و زیاتر ھەنگاوبنێت،چونکە بەندی "بەرەی میلی" بوو.

ئەو بەرەیە بەربەستی سەرەکی بوو، خۆراک بەخشەکەشی سەرکردە ڕامکارە [سیاستەبازە] جیاوازەکانی ئیسپانیای کۆماریی بوون، خۆبەڕێوەبردنیان بەوە تاوانباردەکرد، کە گورزی کوشندە لە "بەرەی میلی" دەوەشێنن، بەواتایەکی دیکە لە یەکێتی چینی کرێکار و وردەبۆرجواز، ئەو ڕەخنەیەشیان تێپەڕکردن و جێبەجێکردنی گەمە فرانکیەکە بوو، خودی ئەو گەمەیە گڕخۆشکەری ئەو ڕەخنەگرانە بوو، ھەر ئەو‌انیش بوون، کە بەھەموو فڕوفێڵ و تەڵەبازییەک ئەوەیان ڕەتدکردەوە، چەک بە پێشڕەویی ئازادیخوازی ناوچەی ئاراگۆن بدەن، چاری ناچار ئەوان بەدەستی بەتاڵەوە بەڕووی گولەڕێژەکانی فرانکۆ ڕاوەستانەوە، کەچی دواتر ئازادیخوازەکانیان بە سڕ و سستی و بەستەڵەکی تاوانبارکرد.

بە ڕاگەیێندراوی ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٦ڕەوایی بە بەشێک لە ھەرەوەزییە کشتوکاڵیەکانی دێھاتەکان درا، ئەو دەمە ئەریبە Aribe وەزیری کشتوکاڵ بوو، ئەو کەسێکی کۆمونیست بوو، دژایەتیکردنی ھەرەوەزیی لە شادەمارەکانیدا ھاتوچۆی دەکرد. زۆر بەتاسەی ئەوەوە بوو، کە جوتیارانی ھەرەوەزییەکان بەگومان و نائومێد بکات، تەندروستی ھەرەوەزییەکانی خستەژێر باری ھەندێک بنەمای بێبەزەییانە و ئاڵۆزەوە، ماوەیەکی دیاریکراوی بەسەر ھەموو ئەو ھەرەوەزییەکان‌دا سەپاند، کە ‌لە کاتی خۆیدا یاسایینەکراون، ئەوانە ھەموو یاساخن و دەبێت بۆ خاوەنەکانی پێشووتریان بگێڕدرێنەوە، ئەو کەسە واتە ئەریبە جوتیارانی ھاندەدا، تا نەچنە ھەرەوەزییەکانەوە ‌و نەفرەتییدەکردن
*، کانونی یەکەمی ١٩٣٦، لە وتەیەکدا بۆ زەمیندارە گچکە و تاک و تەنیاکان، وتی تفەنگەکانی پارتیی کۆمونیست و حکومەت لەبەردەست و لە خزمەتی ئەواندایە، بەبێ ئەوەی ھیچ بەسەر ھەرەوەزییەکاندا دابەشبکات، پەینی ھاوردەی بەسەر ئەواندا دابەشکرد، ئەو ھاوەڵی کوموریرا بوو. کوموریرا بەرپرسی گشتی ئابووری ناوچەی کاتالۆنیا بوو، بەجووتە زەمیندارە گچکەکان و ناوەندەکان و بازرگانەکان و تەنانەت خاوەنداراییە گەورەکانیش، ھەموو ئەوانەیان لە سەندیکایەکی کۆنەپارێزدا گردکردەوە، ھەروەھا لە بەرشەلۆنە ڕێکخستنی ئازوقەیان لە سەندیکا کرێکارییەکان سەندەوە، دایانە دەست فرۆشیارەکانی [باییعەکانی] کەرتی بازرگانی تایبەت.

لە دوا وەرچەرخاندا دوای وردوخاشکردنی پێشڕەویی شۆڕشگێڕی بەرشەلۆنە، ھاوپەیمانیی حوکمەتی بەبێ سڵکردنەوە ئایاری ١٩٣٧ بە شێوازی سەربازیی خۆبەڕێوەبەریی کشتوکاڵی تەفروتوناکرد، ڕاگەیێندراوی١٠ی ئابی ١٩٣٧ دەرکرد بەو ڕاگەیێندراوە "ئەنجومەنی بەرگری ھەرێمیی" ‌ناوچەی ئاراگۆنی ھەڵوەشاندەوە، گوایە لە دەرەوەی " دەسەڵاتی ناوەندە"، (جواکین ئاسکاروز Joaquin Ascaso چالاکی بەوە تاوانبارکرد، کە گوایە "خشڵ و زێڕ و زیوی" فرۆشتووە، لە ڕاستیدا ئەو تەنھا ھێندەی فرۆشتبوو، کە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی ھەرەوەزییەکان تەرخانکرابوو، پاش ماوەیەکی کەم تیپی یازدەی گەڕۆک بە سەرکردەیی ئەفسەر لیستێرLister ستالینیست و بە ‌پشتیوانی زرێپۆشەکان ھێرشیکردە سەر ناوچەی ئاراگۆن، بەرپرسەکانی ھەرەوەزییەکانی دەستگیرکرد، بنکەکانی قفڵدان و ھەموو لیژنەکانی ھەڵوەشاندنەوە، فرۆشگەکانی شارەوانییەکانی تاڵانکردن و دەزگەکانیانی شکاندن، (ڕۆژنامەی کۆمونیست)یش نەفرەتی خۆی ئاڕاستەی ھەرەوەزیی کرد و بە تاوانی ‌" ھەرەوەزیی سەپێندراوی ناچاریی" تۆمەتباریکرد ئەو کەسە ستالینیستە لە ‌٣٠٪ ھەرەوەزییەکانی تەفروتوناکرد، ئەوەش کە مایەوە، لەبەر ئەوەبوو کە شێوازی داپڵۆسینی ستالینیستی نەیتوانی بەتەواوی جوتیاران ناچاربکات ببنە زەمینداری کەرتی تایبەتی، ھەر ئەوەندەی تیپەکی لیستێرLister تێپەڕبوو، جوتیاران ھەموو ئەو گرێبەستانەیان دڕاند، کە ‌بە زەبری دەمانچە واژۆکرابوون، سەرلەنوێ جارێکی دیکە دەستکرایەوە بە درووستکردنەوەی ھەرەوەزییەکان، دەربارەی ئەو گ. مونیسG Munis نووسیویەتی "یەکێک لە بازنە نموونەییەکانی شۆڕشی ئیسپانیا ئەو کارانەی ئەنجامدا، ھەرچەندە تۆقاندنی حکومەتی و ھەڕەشھی گەماڕۆی ئابووریی لەئارادابوو، جوتیاران لەسەر بڕوابوونیان بە سۆسیالیزم جەختیانکردەوە" دروستکردنەوەی ھەرەوەزییەکانی ئاراگۆن کارێکی زۆرگران نەبوو، پێویستی بە پاڵەوانییەکی مەزن نەبوو، دواتر پارتیی کۆمونیست ئەوەی تێبینیکرد، کە زیانێکی زۆری لە ھێزە زیندووەکانی ئابووریی دێھاتی داوە، ھەروەھا بەگشتی لە بەرھەمھێنان و نەبوونی ھێزی کار و ڕوخانی ورەی جەنگاوەرانی بەرەی جەنگ، بەجۆرێکی مەترسیدار بوونە ھۆی بەھێزبوونی چینی مامناوەندی زەمیندارەکان، ئەو پارتییە ویستی ھەڵەکانی خۆی چاکبکات، گەرەکی بوو گیان بە جەستەی ھەرەوەزیەکاندا بکاتەوە، بەڵام کار لە ‌کار ترازابوو، ھەوڵەکانی ناکام بوون، چونکە ھەرەوەزییە تازەکان، نەیانتوانی نە ڕووبەرەکان و نە ژمارەی کارگەران و نە چلۆنایەتی زەوییەکانی ھەرەوەزییە کۆنەکان دەستبخاتەوە، زۆر لە کارگەران لە ترسی داپڵۆسیین خۆیان گەیاندبووە بەرەی جەنگ، ھەندێکیشیان بەندکرابوون.

لە ناوچەی لوڤان Lovan، لە کاستیل Castel ، لە ھەرێمەکانی ھویسکا Huesca و تێرویل Teruel ، کۆمارییەکان بەھەمان شێوە ھێرشی چەکداریان کردە سەر خۆبەڕێوەبەرییە کشتوکاڵییەکان، بەڵام تاڕادەیەک خۆبەڕێوەبردن بە زیندووی مایەوە، بەتایبەتی لەو جێگانەدا کە نەکەوتبوونە ژێردەستی فرانکیەکان، بەتایبەتی لە لوڤان.

لە ڤالێنسیا ڕامیاریی حکومەت دەربارەی سۆسیالیزمی کشتوکاڵی دێھاتی، ڕامیارییەکی تەمومژاوی بوو، ئەوەش لە ھەرەسی کۆماری ئیسپانیا بەشداربوو، بێجگە ‌لەوە جوتیارە ھەژارەکانیش خەباتکردنیان لەپێناوی کۆمارییدا بە خەباتی خۆیان نەدەزانی بەرژەوەندەییەکانی خۆیان تیادا نەدەبینی.

بیرۆکراتیی بەڕێوەبەرایەتی سۆسیالیستە دەسەڵاخوازەکان، بە ھەڵمەتێکی نەخشەداڕێژراو لە ڕێگەی ڕۆژنامە ‌و ڕادیۆوە ھێرشیاندەکردە سەر سەرکەوتنەکانی خۆبەڕێوەبەری، ڕاستوڕەوانی خۆبەڕێوەبەرایەتیان خستە خانەی گومانەوە، بەنەفرت و سەرزەنشتکاریی گورزی خۆیان لێ وەشاند، حکومەتی ناوەندیی ئەوەی ڕەتکردەوە، کە ھیچ پشتتیوانەیەک بە خۆبەڕێوەبەرایەتی کاتالۆنیا ببەخشێت، ئەو دەمە کەسێکی ئازادیخواز شالیاری ئابووریی کاتالۆنیا بوو، لە خەزێنەی سندوقی پاشەکەوت ملیاردێکی بە خۆبەڕێوەبەری کاتالۆنیا بەخشی، بەڵام دواتر کومویرا ستالینیست بووە وەزیری ئابوری و ھەموو کارگەکانی خۆبەڕێوەبەرایەتی لە کەرەسە سەرەتاییەکان بێبەشکرد و کەرەسەکانی بەکەرتی تایبەت بەخشی، بێجگە ‌لەوەش بەڕێوەبەریی کاتالۆنیا پێویستییەکانی خۆی لە ھەرەوەزییەکان کریبوو، کەچی ئەو کەسە ستالینیستە پێدانی ئەو بڕەشی لەبیری خۆی بردەوە ‌و بەھاوبەشیکراوەکانی نەیدا.

حکومەتی ناوەندیی ھەموو ئامرازەکانی خنکاندنی ھەرەوەزییەکانی بەدەستەوەبوو، خۆماڵیکردنی ھاتوچۆ بەھۆی ئەوەوە ڕێگەی بۆ خۆشبوو، تا بتوانێت خۆراکی ھەندێکیان ببەخشێت بە ھەندێکی دیکەیان، بێجگە لەوەش لەجیاتی ئەوەی پۆشاکی سەربازیی لە ھەرەوەزییەکانی چنیین بکڕێت، لە ‌دەرەوە ھاوردەیدەکرد، ھەروەھا بە بەھانەی بەرگری نیشتمانییەوە بە ڕاگەیێندراوی ٢٢ی ئابی١٩٣٧، ڕاگەیێندراوی تشرینی یەکەمی١٩٣٦ی ناکاراکرد، ڕاگەیێندراوی ناکاراکراو بۆ بەھەرەوەزییکردنی دامەزراوەکانی کانزایی دەرکرابوو، بیانووی ئەو ناکاراکردنەش ئەوە ‌بوو، کە ‌گوایە ‌"سەرپێچییە لە ھۆشمەندیی دەستوور"، سەرباری ئەوەش ھەموو ئەو فەرمانبەر و بەڕێوەبەرە زلانەی کە خۆبەڕێوەبردن وەلاینابوون،گەڕاندنییەوە سەر جێگەکانیان، ئەوانە ھەموو کەسانی ڕقئەستوور و تۆڵەچی بوون.

بە ڕاگەیێندراوی ١١ی ئابی ١٩٣٨ خاڵی کۆتایی خرایە ‌سەر چڕکردنەوەی پیشەسازیی جەنگی و کرایە خزمەتکاریی شالیاریی پڕچەککردن، ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر لە کەسانی بیرۆکراتی سەر بە پارتیی خزێنرایە نێو کارگەکانییەوە، ئەو کەسە بیرۆکراتانەش زیاتر لەوانە بوون، کە تازەکی چووبوونە پارتیی کۆمونیستەوە، کرێکاران لە ھەلومەرجێکی زۆر نالەباردا ئەو دامەزراوانەیان دامەزراندبوو، بەو دەستێوەردانە چاودێرکردنی بەرھەمھێنانیان لەدەستچوو.

تا سەردەمی وردوخاشکردنی ئیسپانیای کۆماری خۆبەڕێوەبەریی پیشەسازیی کاتالۆنیا و لقەکانی دیکە بە زیندوویی مایەوە، بەڵام دەرووەکانی فرۆشتن و ساخکردنەوەی لەدەستدابوو، چونکە حکومەت ھەموو پشتیوانەیەکی کڕینی لێ دابڕیبوو.

بەکورتی ھەر کە ھەرەوەزییەکانی ئیسپانیا لەدایکبوون، سنووردارکراون و لە مەنگەنەی توندوتۆڵی جەنگ دران، بەڵام وانەیەکی بەھێز و بزوێنەری لە دوای خۆی جێھێشت، ھەر ئەوەش ئاوای لە(ئێما گۆڵدمان) کردووە، تا بڵێت "با لە دوایین وەرچەرخانیشدا فرانکۆ سەرکەوتووبووبێت،بەڵام گردکردنەوەی پیشەسازییەکان و زەوییەکان مەزنتریین دەسکەوتی ھەر قۆناخێکی شۆڕشگێڕە، ئازادیخوازان تەفروتوناکران، بەڵام بیرۆکەکەیان بە زیندووی دەمێنێتەوە" ڕۆژی ‌٢١ی تەموزی ١٩٣٧ لە بەرشەلۆنە لە وتەیەکدا (ڤێدریکا مونسنی) ناوەڕۆکی دوو ئەلتەرنەتیڤی خستەڕوو "لەلایەک لایەنگرانی دەسەڵات و ئابووری ئاڕاستەکراو لەلایەن دەوڵەتەوە، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی ھەموو خەڵک دەکاتە سوخرەکێش و دەوڵەتیش دەکاتە خاوەنکار و جامبازێکی زەبەلاح، لەلایەکی دیکەوە خستنەگەڕی کانەکان و کێڵگەکان و کارگەکان و پیشەکان لەلایەن چینی زەحمەتکێشانەوە، کە لە فیدریالییە سەندیکاییەکاندا ڕێکخراوە"، دەشێت سبەینێ پرس و گرفتی ھەموو سۆسیالیزم بێت.
________________________________
* بابەتێکە لە پەرتووکی (التحرریة من العقیدة الی الممارسة)ی دانییل گرین.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک