په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠١٧

سەبارەت بە گشتپرسیی و کۆڕەوەکە.

حەمە غەفور      

دەرهەق درۆی دەسەڵات بۆ گشتپرسیی.


مەلا بەختیار لە کاتی لێدوانیدا زۆر جاران وەکو دەڵێن "خۆی دەبڕێت"!

ئەمڕۆ لە پێرس کۆنفڕانسێکدا کە نە پێکەنین بوو نە زەردەخەنە تێکەڵی قسەکانی کرد و ووتی: "کۆبونەوەکەی دوێنێ و ئەمڕۆشمان بۆ ئەوەیە بڵێین، ئێمە بەڕاستمانە ئەمانەوێ گشتپرسیی بکەین"!

بێ ئاگا لەوەی بەسەریا تێپەڕی کە دیوێکی دیکەی قسەکانی ئەوەیە، کە تا ئێستا هەرچییەکیان کردوە و ووتووە سەبارەت سەربەخۆیی و گشتپرسیی یان درۆیان کردوە یانیش بە گاڵتەیان بووە!

سەرئەنجام ئەم پرسیارە دێتە بەر لووتتان، ئێوە کاتێک ساڵی ٢٠٠٥ بە تەنیشت سندوقەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقییەوە ڕاپرسییەکی نافەرمیتان ئەنجامدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ڕێژەی ٩٨ دەرسەدی بەشداربوان دەنگیان دابوو بەسەربەخۆیی کوردستان، لە جیاتی ئەوەی بێن و بونیادی بابەتی و واقعی بۆ جیابوونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و ناقەومی و نائایینی سازمان و بنیاتبنێن، هاتن هەلپەرستانە ئەم هەنگاوەتان وەکو کارتی گوشار بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەند و بۆ دەستکەوتی حزبەکانتان بەکارهێنا و خۆتان پێ دەوڵەمەند کرد، کە بەرهەمەکەی چەند سەد ملیاردێری دۆلار و دەیان ملیۆنێر بوو لە بەرپرس و ئەندامانی بنەماڵە و ئەحزابەکانتان. وە نەهامەتی و هەژاری زیاتر و بێکاری زیاتر و دەیان گرفتاری دیکەتان کردە بەشی هاوڵاتیانی کوردستان، ئێستا خێرە لەنێو ئەوپەڕی داوەشاوی و تەنگژەی سیاسی و ئاژاوەی نێو ماڵی بۆرژواییانەتان و لەنێو قەیرانی ئابوری و بڕینی بەکۆمەڵی مووچەی سەدان هەزار کەس و ڕاوەستانی سەرجەمی پڕۆژە و ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان، وە لە کاتێکدا نە پارلەمانتان پارلەمانە و نە حکومەتتان حکومەت، نە ڕێکەوتنتان ڕێکەوتن و نە سیاسەت و نە نەخشەڕێگاتان پەیوەندی بەم چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، دەستتان کردووە بە کوتانی تەپڵی کوردایەتی و دەتانەوێت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک و باوەشێن کردنی ئاگری شەڕ و دوژمنایەتی قەومیی، گرفتاری و کێشە و قەیران و نەدانی مووچە و دەیان پرسی دیکە لە بیری هاوڵاتیان بەرنەوە و باس و خواسی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی بهێننەئاراوە!؟

خەڵکی کوردستان ئەزموونی باشیان کۆکردۆتەوە لەبارەتانەوە و باش دەتانناسن و پێناچێت ئەمجارەیان پەتی درۆکانتان زۆر دوورتر لە دەورو بەری خۆتان بڕوات! هاوڵاتیانی شەرافەتمەندی کوردستان خوازیاری کوردستانێکی مۆدێرن و ئاوەدان و پڕ لە کار و خزمەتگوزارین و بە قووڵی دەخوازن ئینسانی ئەم ووڵاتەسەربەخۆ لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینییان شکۆمەند بژین، هەموو پێکهاتەکان ئاشتی و ئارامی و برایەتی و پێکەوەژیان کۆیانکاتەوە، جا لە چوارچێوەی ئەم نیمچە سەربەخۆییەدا بێت کە ئێستا هەیە یاخود لە چوارچێوەی کوردستانێکی سەربەخۆدا بێت!

وریا بن کێ ناڵێت ئەمجارەیان خەڵکی کوردستان لەسەر ئەم خواستە مێژووییە بەرینە کۆمەڵایەتییەیان دەست ناکەن بە چاوتاندا و سەرتاپای سیاسەتە هەلپەرستانەکانتان کە لە پشتی درۆی گشتپرسییتانەوە شاراوەیە بۆ مەرامی تەسکی حزبی و بنەماڵەییتان ناکەنە خەونی شاعیرانە لێتان!

 

 

بە بۆنەی کۆڕەوەکەوە.


کۆڕەوی خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەر ڕیوایەتێکی ناسیونالیستانە بۆی، ڕەتکردنەوەی شەڕ و کێشمەکێشی قەومی و نایەکی جەماوەری و گشتگیر بوو دژی بەعس و هەڵاواردنی قەومی و نەژادی. نەفرەتێکی ملیۆنی خەڵکێکی ژێردەستەی شۆڤێنیزمی بەعسییەکان بوو بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ دژی ستەمی قەومی و هاوار و بانگەوازێکی ڕاشکاوانەش بوو بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان دوور لە دنەدان و خۆشکردنی ئاگری کێبەرکێ و دوژمنایەتی نێوان پێکهاتەکانی عێراق. هیچ پاساوێک ناتوانێت ئەم وێنایە لە کۆڕەوی خەڵکی کوردستان داماڵێت و دوای ٢٦ ساڵ لایەنێک یان زیاتر بەناوی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە لە شاری کەرکوک ئاگری جەنگ و دوژمنایەتی قەومی بە پاساوی تەسکی حزبی و بۆ مەرامی تایبەت باوەشێن بکەن!

خەڵکی کوردستان لە ئاستی گشتیدا دەیەوێت بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا، یان پێکەوەژیانێکی برایانە و سەردەمیانە هەڵبژێرێت، یاخود بەشێوەیەکی سالم و شارستانی بیر لە جیابوونەوەیەکی مۆدێرن و دوور لە دەمارگیری نەتەوەپەرستانە بکاتەوە. ئەم پۆتانسێلە خۆشبەختانە بەردەستە و دەکرێت لە بەرژەوەندی ئاشتەواییەکی هەمەگیر بخرێتەکار. تا لە گشتپرسییەکی جێگاپەسەندی گشت پێهکهاتەکاندا بڕیاری خۆی بدات. لەم نێوەدا ناسیونالیزمی کورد و عەرەب و حزبەکانیان تەگەرەی سەرەکی بەردەم جیبەجێبوونی ئەم خواستە ئاشتیخوازانەیەن.

ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە بە قووڵی دەیەوێت مێژووی لێرەبەدوای خۆی بەشێوەیەکی جیاواز و سەردەمیانە ئەزموون بکات. هەر حزب و لایەنێک ئەگەر بە ڕاستی ئەجێندای تایبەتی تری نییە ئەرکییەتی هاوکاری ئەم پرۆسەیە بکات نەک کۆسپ و گرفتی بۆ سازبدات. بەمپێیە هەر کەس و لایەنێک لەژێر هەر پاساوێکدا ئەم خواستە ملیۆنییە پێشێلبکات و هەوڵبدات بەلاڕێیدا بەریت دوژمنی سەرەکی خەڵک و ئاشتی و ئارامی و ژیانێکی شکۆمەندانەیە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، وە بە توندی دەکەوێتە بەر نەفرەتی گشتیی ئەم خەڵکەوە.

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک