|
سه‌فه‌ر .
سه‌لیم ئارووم
به‌ده‌م ڕێی ڕه‌واوه‌ی ڕه‌و، له سه‌ر ته‌ته‌ڵه‌ی باڵی بڵاوی شه‌ماڵ و
زینی شنه شنی شنه « با » و شنینه‌وه‌ی وه‌نه‌وشه‌ی هه‌ست، له گه‌ڵ
یه‌که‌م ترپه‌ی تریوه‌ی تراوی هه‌نگاوی بارانی ته‌ریو و شڵاپی شڵپه‌ی
گوڕمی گۆمی خوٌێنی ًچاوه‌ی چاوم ، وشه‌ی ده‌م خونچه‌ی سینه‌باخچه‌ی
ماڵی کاڵی خه‌یاڵم وه‌خۆ ده‌خه‌م. پٌێنووسی پێ برینی بێ بڕه‌وم، بیره
خه‌وێ له‌بانێژه‌ی خوێن ده‌شکێنێ و کاروان کاروان بڕینی بێ بڕانه‌وه‌ی
برین بیراوبیر ده‌خۆن و باڕێزه‌بارانی چاوی ڕێزه‌ڕێزه سه‌ر ئاخون. شه‌و
شه‌که‌ته، ماندوو و که‌نه‌فتی ڕێگای دوور، له سه‌ر حه‌ریری کاته‌کان،
سات سات بۆ ئۆخژن و هێوری هۆمه‌نی هۆرژنی گریان و به ده‌م ماری زولفی
لوولی ڕێگا، هۆن به هۆن ڕۆندکی چاوان وه‌ک ده‌نگی زه‌نگی شه‌وێنی
بێدارانی شه‌و، شوێنگه‌ی شه‌و ده‌شێوێنێ و شه‌قڵی شکۆی شه‌وگار ده‌شکێنێ.
کیژی به‌یان ده‌سرازه‌ی ده‌ستی لانکی شلوێی شه‌وی شل کرد و سه‌رده‌مه‌ی
سه‌ری له‌سه‌ر لادا. ده‌لاده لای حه‌زی شلک و ساوای لادراوم تا وه‌لاوێ
کڵی دڵی دڵاوانم. تۆ کازێوه‌ی به‌ربه‌یانی بێ به‌یانی، من ڕێبوارێکی له‌شه‌و
هه‌ستاو ، دێمه لات و باوه‌شت ده‌که‌م به وڵات. وڵاتێکی بێ باران،
باڕن و بۆرانم، دای ده باران، تۆ بارانی؛ چه‌پکه ڕیحانه‌ی ڕووحم
ویشکه‌ڵاتوو. بۆ بووی به په‌ڵه هه‌ورێکی به‌په‌له، دای ده باران
لێوی حه‌زه‌کانم ڕێبوارێکی تۆز لێ نیشتوو، هۆ خاڵه ڕێبواری ڕێ به ڕێ
ون بوو!!! چاو مه‌گێڕه، به‌هاره‌و خێڵ به‌ره و ژووره.
بدێره ئێره چه‌پکه تیرێژ، ئاسمان خۆڵه‌مڕه و خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌ستێره‌یه.
گۆچانی ژان به‌ده‌سته‌وه، کوا گه‌ڕه‌کی ئه‌ستێره؟ سیره‌ی چاو و سه‌یری
دڵ له‌گه‌ڵ کزه‌ی شه‌ماڵ جێ پێی ماچێک جێ بهێڵین، بێ ساوه ساو له
ئاسمانی هه‌ور و ساوی دڵداره‌کان ببین به ئه‌ستێره و تریفه باوێن به
تاو.
مانگ له سوێیه، له بێستانی سووره بانوو ئه‌سپه‌ری سپێدارت پێ بکوته،
با به که‌ردوو به‌ره‌ژانی هیوای له کڕ که‌وتوو هه‌ڵده‌ینه‌وه و شه‌غره
شه‌غره چڵی خه‌ڵفی خۆری بزه له ته‌ره ده‌ین.
گه‌ڕه لاوژه‌ی زامی هیوای خنکاو گڕ که‌ین و دڕ ده‌ین به‌زرمه‌و زیله‌ی
خه‌نه‌به‌ندانی خه‌م و که‌ت که‌ین حه‌زه‌کانی که‌ت کراو و کزر بێ کڕژه
هه‌نگاوی کزه‌ی هه‌ناوی کزاو.
هۆ لالۆ خه‌مه‌ی کاکۆڵ سپی!!! ده‌لالۆ، ده‌لال!!! سه‌ری سه‌ر سه‌نیری
سه‌ربزێنت هه‌ڵبڕه، بۆ وا به په‌له په‌لی ئه‌سپی ڕه‌وتی ڕه‌وت په‌ل
هاویشت و په‌لت دا له ده‌راوی ده‌وار و ده‌مه‌نی دوڕگه‌ی هه‌ور. تۆ شه‌نگه
سواری به‌ژن شوش و زراوی، بچه‌لێنه چه‌لێ چه‌می خه‌م، هه‌ڵکێشه ڕمب
با بڕه‌وێ ڕمبه‌ڕمبی بێ ڕمێنی شه‌وه زه‌نگی بێ پساوی پساوتوو. لێ ده
ڕکێفی ماینی شێ خز، هۆ سواره‌که‌ی سه‌فه‌ر کردووی سه‌رباڵی هه‌ور. دڵی
کزی هۆزت ته‌زی به ته‌زووی تۆزێ به ژانی کۆچت. ئاسمان ده‌بریسێنێ،
کڵپه‌ی دڵی گڕی په‌یامی مه‌رگه‌زێیه، ڕێ داگره چل پله‌ی عوممانێ شۆڕه‌لاسه‌که‌ی
باڵداری باڵه‌کیان بۆ گوڵی شۆڕانێ. « به قه‌د خیزی له چۆمان، به قه‌د
ماسی له گۆمان، به قه‌د گه‌ڵای له داران، به قه‌د خوناوکه‌ی باران
» بۆ خۆزگه‌ی خزی خوێن تزاو و دڵ کزاو و هه‌ڵکزاوت؛ سڵاو بۆ سندووقه
سه‌ری باڵات.
هۆ ئاشنا! دووریت شه‌وێکی کڕ و ده‌شتێکی قڕ و چیایه‌کی چڕه.ڕێگایه‌کی
گرێ و گۆڵ و ده‌رو دۆڵ، هه‌ڵت و هه‌ڵدێرو هه‌ڵه‌مووت، بست به‌بستی مه‌رگه‌جاڕه،
جاوه، داوه، دامووسکێکی بادراوه و ته‌پکه‌یه‌کی چێندراوه. کۆترێکی
کۆته‌ره‌بووم به‌ده‌م ژانی به ژانه‌وه، به ده‌س باشووی شه‌وی که‌وی
به‌زامه‌وه.
له هه‌واری خاڵی یادت، سوارێکی هه‌ناسه‌سواوی به سۆ ساوم، ناکه‌وم تا
داکه‌وم، نابه‌زم تا دابه‌زم. به باڵای خه‌یاڵ دا ده‌چم تا سه‌ر باڵی
بانی پانی هه‌وری هه‌راوی یادت هه‌ڵده‌چم، قوول قوول ئه‌ستێره‌کان له
قوول ده‌گرم بۆ شه‌به‌قی شه‌وقی شۆق بدێری شه‌قاوی شه‌قامی شه‌وگار.
پیته‌کانی به پیتی پێ به‌کوان وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌ک له ڕۆژنامه‌ی
ڕۆژانه‌ی ئاسمانی هه‌ناو کوتاو ڕاده‌خووشێ، داده‌خووشێ له بان شانی
کاکه‌شان. کامه خامه‌ی خانی خاوه‌ن بیرێ، زۆر به بیرێ، کوا ده‌وێرێ
خۆ بوێرێ له قه‌ره‌ی قڕه‌ی قه‌ڵه‌می له قڕ که‌وتووم. پاش کۆچی سوورت
وشه‌کان بێ وشه، ورشه و گرشه‌ن، ڕسته‌کان بێ بڕست و نابڕشت. بێچۆوشه‌ی
دایک مردووی، سه‌ر شێواو و قڕ که‌وتوو، کوا بانۆکێک بیانخاته‌به‌ر به‌ر
دایکه‌ڵێ له شاڵاوی خوێناوی کولافی کۆلاره‌ی کۆست.
شابازی به‌رزه سوار!!! بازی نیگات دابه‌زێنه سه‌ر شاخی داخی داخ که‌وتوو،
بڕوانه ئه‌سرینی نه‌سڕاوی نه‌سرین به‌ده‌م تیری لاتیری خه‌ستی بارانی
بارت، گه‌زیزه زیزه و شلێره مل شل و وه‌نه‌وشه بێ نه‌شه، تێکڕا به
دوای دووان له مه‌رگت له کۆچی سووری ناوه‌ختت، لاره‌ملن، کزن، قزه‌ن
به چزی چزووی چزاوتووی کۆچه‌وه. دڵی زامی سه‌ر زینۆ، چاوی لێڵی سه‌ربستۆ،
هاتی هه‌ناوی دڵ به‌سۆ، هه‌موو تێکڕا، یه‌کڕا به ده‌نگ هاوار له تۆ:
دڵی زه‌ریای مه‌نگ خواردوومان سووره به ئاسۆی بریندار، سه‌ر هه‌ڵبڕه،
هاوارمان گرده بڕه، له‌باوه‌شی مه‌رگا سڕإه. سه‌ر هه‌ڵبڕه، ده‌هه‌ڵبڕه
ڕه‌وه‌زامی لێڕه‌واری زاموار.
ڕابه پێشه‌نگ!!! نیشتووی سه‌ر دڵانی شه‌نگ، شه‌نگه هه‌ڵۆی هه‌ڵه ته‌زێن،
گه‌ڵو به‌زێن، زۆر ته‌لانت تلاندووه، گلاندووه. تۆ نامری مردنیشت به‌زاندووه،
خه‌ساندووه. ده‌هه‌سته‌وه!!! به پێنووسی به هه‌سته‌وه، به هه‌ستی
هه‌ست بزوێنه‌وه. بڕوانه هۆزی هۆزانت هاتوون تۆز ماڵی تۆزی پیرۆزی به‌ر
پێت که‌ن به بڕژانگی ژان لێ نیشتوو. کڕنۆش به‌رن بۆ قه‌ڵافه‌تی قه‌ڵاسا،
بۆ هه‌وراز و هه‌ردی هه‌رێمی هه‌رمانت. هه‌موو هاتوون سه‌فه‌ر ده‌که‌ن
بۆ ناخی فه‌لسه‌فه‌ی ناخت، تا ته‌سه‌ل که‌ن ڕێگای سه‌وزی پڕ هه‌ناسه‌ت.
|