١٥\٥\٢٠١٢
سەردانەکەی مالکی
و ناوی کەرکوکیش ھەر (تەئمیم)ە.
ھۆشیار وەلی
ھاتنەکەی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ شاری کەرکوک بەو چەک و
فرۆکە و تانک و ھێزە زەبەلاحەی ھێنابوی لەگەڵ خۆی وەک ھەڕەشە کردنێک و
ئیستیفزازی بوو بۆ میلەتی کورد بەگشتی و خەڵکی شارەکە بە تایبەتی بۆیە
جێی خۆیەتی ڕەخنەی توندی لێبگیرێت چونکە لە سەردانەکەیدا چەند بڕیار و
لێدوانێکی داوە سەبارەت بە دەرکردنی ھێزیەکانی ئاسایش و گۆرینی
ناسنامەی کەرکوک.
ھەر وەک لە یەکەم وتەیدا وتی من دەمەوێ بڵێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی
کەرکوک نەھاتوم بەڵکو ھاتوم بە ھەموانی ڕابکەیەنم کەرکوک عێراقیە و بە
عێراقیش دەمێنێتەوە ئەم لێدوانەی مالکی بە پەنجە ڕاوەشاندن و وەک
ھەڕشەیەک وابو بو بۆ کورد لێرەدا چەندین پرسیار دێتە ئاراوە ,ئەگەر بۆ
چارەسەر کردنی کێشەی کەرکوک نەھاتوە مەبەستی سەردانەکەی چی بو؟ ئایا
ھبَنانی ھێزێکی زۆر مانای چی ئەگەیەنێت ؟ ئەگەر مەبەستی ئاژاوە نیە لە
شارەکە بۆچی بۆ ماوەی ٣کاتژمێر کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ بەڕێوبەری
کۆمپانیای نەوت ئەنجام دەدات ؟ بۆ ئەو کۆبونەوەیە لە کەرکوک
ئەنجامبدرێت لەم کاتەدا؟
سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی لای دانیشتوانی شارەکە دروست کردوە بوتە مایەی
زیاتر ئاڵۆز کردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی
ناوەندی بەغدا.
ھەرچەندە کێشەی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بونی ھەیە و
لەماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردودا , ئەگەرچی لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس بڕیار
وابو کێشەی کورد و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بەپێی مادەی ١٤٠
چارەسەر بکرێت . بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی دوای ڕوخاندنی
ڕژێمی بەعس ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان نەداوە و وەک خۆی
ماوەتەوە تەنانەت ناوی تڕمبم نەگۆڕاوە بۆ کەرکوک.
ھەڵەی سەرکردایەتی کورد ئەوە بوو ڵەگەڵ ڕوخاندنی رژێمی بەعسدا
سەرکردایەتی کورد ھیچ پلانێکی نەبو بۆ گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە
دابڕاوەکانی تری کوردستان دەبوایە لەگەڵ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس ھەرچی
خاونی عەرەبە ھاوردەکان ھەبوو لەسەر بوجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو
خانوانەی بکڕداریە و دابەشیان بکردایە بەسەر کەس و کاری شەھیدان و
ئەنفالکراوان و پێشمەرگە و خەڵکە ڕەش و ڕوتەکەی شاری کەرکوک , و
کوردستانیەتی کەرکوک نەخرایەتە جێگای گومانەوە کە ئێستا ناویان ناوە
ناوچە کێشە لە سەرەکان کە بەستراوەتەوە بە مادەی ١٤٠ کە ئەم دەستورەش
جێبەجێ کردنی مەحاڵە,و دەبوایە پارتی و یەکێتی دەستبەرداری کێشە و
ململانێی حزبایەتی بوایەن ,کەرکوکیان نەکردایە گۆڕەپانی ململانێکان و
ھەوڵی ئەوەیان بدایە ھەندێک کەسانی شیاو و بەتوانا لە دامودەزگا
حکومیەکان دابنایە و ھەردوو بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە
کەرکوک بوایەن و شەوانە بەرپرسان شاری کەرکوکیان بە جێ نەھڵێایە بەرەو
سلێمانی و ھەولێر بەڕێ کەون,و دەبوایە سەرکردایەتی کورد چاوی لە
حزبەکەی مالکی و شیعەکان بکردایە کە چۆن باڵا دەست بوون لە بەغدا و لە
خواروی عێراق کەوتنە ڕاوەدونانی سونەکان و بەرەو کەرکوک ڕاویان دەنان
کە دووبارە شاری کەرکوکیان تەعریب کردەوە .
ئەگەرچی ئێستا کێشمەکێشم و ململانێیەی نێوان سەرۆکی ھەرێم و نوری
مالکی دا ھەیە پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و وەزیرە کوردەکان ئەم
شەڕەیان بکردایە نەک ئێستا قوول بووەتەوە کە سەرۆکی ھەرێم ناچار بوە ئەم
شەڕە بکات.
ماوەتەوە بڵێیین ئەگەر بە زوترین کات سەرکردایەتی کورد ناو ماڵی کوردی
ڕێک نەخەن و ئاشتەواییەکی گشتی ئەنجام نەدەن دەستمان لە بن
ھەمانەکەوە دەرئەچیت ئەوەی بەدەستمان ھێناوە لە دەستی ئەدەین.
Wshyar_wali12@yahoo.com
|