په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٥

سەرکەوتنەکانی خۆبەڕێوەرایەتییەکان.*

 

دانییل گیرین

و. لە عەرەبییەوە: سەلام عارف

ئازادیخوازەکانی ئیسپانیا، گرنگییەکی زۆریان بەلایەنی ئابووری دەدا، لەو بوارەدا بەھەڵوێست و سەرسەخت بوون، بەڵام لەتەک ئەوەشدا خستیانەڕوو، کە ھەرچی سازشێکیان کردبێت، لەبەرئەوە بووە، کە چاریان ناچاربووە، سازشەکانیش تەواو دیاریکراو و بەرتەسکبوون، لەخۆوە و ئازادانە بوون، لە کشتوکاریی و پیشەسازیدا، خۆبەڕێوەبردن کردەیی ‌دەکرایەوە، سروشتی گشتیریانەی جەنگ پابەندی بەھێزی دەوڵەت بوو، ھەرچەندە جارجارێک خۆبەڕێوەبردن بەناچاری پاشەکشێی دەکرد، بەڵام ئەو پاشەکشێیە، لە بەھێزی دەوڵەت و گشتگیریی جەنگەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، ھێزی دەوڵەت و جەنگ نەیانتوانی بەتەواوی ببنە ڕێگەگری خۆبەڕێوەبردن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەزموونگەریی کۆمونیستی بەگوڕتر و پتەوتر دەبوو، بەواتایەکی دیکە دژایەتی نێوان کۆمارە بۆرجوازیەکە و ئەو ئەزموونگەرییەی، کە کردەیی دەکرایەوە. پێویستە لەبەردەم ئەو تاقیکردنەوەیەدا ھەڵوێستەیەک بکرێت، (پێراتPierat) وتویەتی ‌ھەرچەندە شڕۆڤەکردنی ئەو تاقیکردنەوەیە، ھەروا کارێکی سانا نییە، بەڵام چاوەڕوانی کەسێکە شڕۆڤەی بکات، گرانی شڕۆڤەی ئەو تاقیکردنەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە، کە خۆبەڕێوەبردن بەگوێرەی شوێن ‌و کات ھەمەجۆر بووە، بێجگە ‌لەوە ئەو تاقیکردنەوەیە، لە سەربازگەی کۆماریدا کرا بەژێر دیواری بێدەنگیەوە و ھیچ گرنگییەکی پێنەدرا، ئەوەیش کە ‌لەو بێدەنگییە قوتاری بوو، لە ‌یادەوەرییەکانی خەڵکیدا مایەوە، لە فلیمی (مردن لە مەدرید)یشدا بەدیناکرێت، دەشێت ئەو تاقیکردنەوەیە بە باشتریین دیاری ئازادیخوازی ئیسپانی دابنرێت، کە پێشکەشی کردبێت.


شۆڕشی ١٩ی تەموز لە بەرپەرپەرچدانەوەیەکی توندوتیژی گەلیدا لە دژی یاخیبونە فرانکیەکە خۆی نواند، ئەو دەمە خاوەنداراییە پیشەسازییەکان و خاوەنزەوییە گەورەکان، داراییەکانی خۆیان جێھێشت و بەرەو دەرەوە ھەڵھاتن، کارگەرانیش دەستیانگرت بەسەر ئەو داراییە جێھێڵراوانەدا، سەپانەکان خۆخۆیی بڕیاریاندا بە ئامرازەکانی خۆیان، لە کشتوکاڵکاریدا بەردەوامبن و لە ھەرەوەزییەکاندا بەشداریانکرد، ٥ی ئەیلول لە (کاتالۆنیا) لەسەر داوای (کۆنفدراڵی نیشتمانی بۆ کار) جوتیاران کۆنگرەیەکی ھەرێمیان بەست، کۆنگرە بڕیاریدا، کە بە چاودێریی سەندیکالیستەکان زەوییەکان کۆبکەنەوە، لە جێگەی خاوەندارییە گەورەکان و سامانی فاشیستەکان، سۆشیالیزم جێگیربکەن، ھەرچی داراییە گچکەکانیش ھەبوون، ئازادبوون، کە ‌تا کاتی بە ڕەواکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەنێوان دارایی تاکیی و ھەرەوەزییدا خۆیان یەکلابکەنەوە. لە ‌٧ی تشرینی١٩٣٦ حکومەتی کۆماری، بەبێ ھیچ قەربووکردنەوەیەک دەستیگرت بەسەر دارایی ھەموو ئەو ملھوڕانەدا، کە لە ھەڵگەڕانەوە فاشیستییەکەدا بەشداربوون، بەڵام لە گۆشەی ڕەواییەوە، ئەو کردەیە نیوەناچڵ بوو، چونکە تەنھا بەشێکی کەمی ئەو زەویانە گێڕدرانەوە، کە جوتیاران خۆیان خۆبەخۆیی بەدەستیانھێنابووەنەوە، بێبێجگە ‌لەوە ئەو دەستبەسەراگرتنە، جیاوازییەکی ئەوتۆی نەکردبوو، لەنێوان بەشداربووان و بەشدارنەبووانی ھەڵگەڕانەوەکە.


لەو وڵاتە دواکەوتووانەدا، کە ئامرازە تەکنیکییە کشتوکاڵکارییە پێویستەکان دەسەبەرنین، جوتیارانی کەم دەرامەت، ئارەزووی دارایی تایبەتی دەکەن، بەڵام جوتیارە کەم دەرامەتەکانی ئیسپانیا، نەک ھەر ئاشنای ئەو بارە نەبوون، لەو بوارەدا ‌خاوەنی ھیچ تاقیکردنەوەیەکیش نەبوون، لەبەرئەوە تەنھا لە ‌ڕێگەی کشتوکاڵکاری سۆسیالیستییەوە ئەو حەزەیان دەردەبڕی، پەروەردەکردنی ئازادیخوازیی و دابونەریتی ھەرەوەزیی لە ئیسپانیا بووبووە مایەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، کە دواکەوتووی تەکنیکی ئافراندبووی، پەروەردەکردنی ئازادیخوازیی و دابونەریتی ھەرەوەزیکاریی حەزی تاکخوازی کپکرد و بووە وزەبەخش و ھاندەری جوتیاران، تا ڕاستەوخۆ ڕوو لە سۆسیالیزم بنێن، بەڵام لەتەک ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە جوتیارانی خۆشگوزەران وەک خۆیان مانەوە و ھەڵوێستی خۆیان نەگۆڕی، ھەر لە ‌سەرەتاوە ٩٠٪ی سەپانەکان چوونە ھەرەوەزییەکانەوە، پتەوبوونی ھاریکاریی جوتیاران و کرێکارانی شارەکان لەوێوە سەرچاوەیگرتبوو، کاریگەری ئەرکی جوتیاران لە ھەرەوەزییەکاندا، ھەروەھا لایەنگری ھاوبەشیی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان دەریخست، کە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی لە گوندەکاندا بەھێزتر بووە.


ھەرەوەزییە کشتوکاڵییەکان، دوو ئەرکی جیاوازیان گرتە ئەستۆی خۆیان؛ بەڕێوەبردنی ئابووری و ناوچەیی، زۆر جار سەندیکاکان ئەو کارانەیان ھەڵدەسوڕاند، یان چاودێرییان دەکردن.


لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی ئابووری، ئەنجومەنی گشتی جوتیاران لە ھەموو گوندێک ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی ھەڵدەبژارد، بێجگە ‌لە سکرتێر، ھەموو کارگەران لە کاری بازووییدا بەردەوام بوون، بۆ تەندروستەکان لەنێوان تەمەنی ھەژدە ‌و شەشت ساڵیدا کارکردن دەبوویی بوو، جوتیاران بەسەر دەستەی دە (١٠)‌ کەسییدا دابەشبووبوون، یان بەسەر زیاتردا، لە ‌سەروویانەوە نوێنەرێک ‌ھەبوو، بەگوێرەی تەمەن و سروشتی کار بۆ ھەر دەستەیەک ناوچەیەکی کشتوکاڵی دیاریدەکراو دەدرایە دەستیان، ھەموو ئێوارەیەک ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، نوێنەرەکانی کۆدەکردنەوە ‌و ئەنجومەن شار داوای لە ھەرەوەزییەکانی گەڕەکەکان دەکرد، کە بە ڕاپۆرت چالاکییەکانیان بخەنەڕوو.


بێجگە ‌لە پۆشاک، کەلوپەل و پێداویستییەکانی نێوماڵ، پاشەکەوتی کەسی، ئاژەڵی گچکە، باخچەی ماڵان، باڵندە ماڵییەکان، کە بۆ بەکارھێنانی خێزانی ئامادەکرابوون، ھەموو شتەکانی دیکە ھاوبەشیبوون، پیشەکاران، ئارایشتەکاران، کەوشدووران ... تد لە ھەرەوەزییەکاندا کۆبووبونەوە، مەڕ و ماڵاتەکان کۆکرابوونەوە، سەدان ڕانەمەڕ بە شوانەکان درابوون لەنێو چیاکاندا دابەشدەکران بەسەر ھەموواندا.


ئەوەی پەیوەندی بە جۆری دابەشکردنی بەرھەمەکانەوە ھەبوو، چەند جۆرێک تاقیکرایەوە، بۆ نموونە کۆمونیزمی تەواو، کە زادەی ڕێکخستنی ھەروەزیی بوو، بێجگە ‌لەوە تاقیکردنەوە و پێکەوەلکاندنی ئەو دوو جۆرە، زۆر جار کرێی دیاریکراو، بەگوێرەی پێویستییەکانی ئەندامەکانی خێزان دیاریدەکرا، سەری گەورەی خێزان، لەجیاتی ئەو کرێیە کارتێکی وەردەگرت، کە بڕێکی دیاریکراوی (پێزەتاس Pesetas)، واتە دراوی ئیسپانی لەسەر تۆمارکرابوو، سەری گەورەی خێزان دەیتوانی بەو کارتە لە دوکانەکانی شارەوانییەکان کەلوپەلی بەکارھێنان لەو دوکانانە لە ھەموو جێگەیەک ھەبوون، لە کڵێسەکان و پاشکۆکانیان وەربگرێت. ئەگەر بڕێکی ئەو بەھایە بەکارنەھێنرایە، دەتوانرا بخرێتە سەر پاشەکەوتی کەسیی، بەو جۆرە دەتوانرا بەھایەکی زیاتر دەستبخرێت، کرێی نیشتەجێبوون، کارەبا، چارەسەری پزیشکیی، دەرمان، یارمەتی پەککەوتەکان...تد ھەموو خۆڕایی بوون، لەتەک ئەوەشدا خوێندن، پەرستگە کۆنەکان کرابوون بە خوێندگە، تا تەمەنی چواردە ساڵی خوێندن دەبوویی بوو، سپاردنی کاری بازوویی بە کەسانی خوار ئەو تەمەنە قەدەخەبوو.


ئازادیخوازەکان خەمخۆری ئازادی تاک بوون، لەبەرئەوە جەختیاندەکردەوە، کە دەبێت پابەندبوون بە ھەرەوەزییەکانەوە ئارەزوومەندانە بێت، نەبوونی فشار لەسەر خاوەنداراییە گچکەکان لەوێوە سەرچاوەیگرتبوو، کە ھەندێکیان دوورەپەرێز بوون و نەچووبوونە ھەرەوەزییەکانەوە، ئەوانە لایەنگرانی خۆبەسێیبوون [خودکەفایی]، لەبەرئەوە سوودمەند لە خزمەتگوزاریەکان نەبوون، بەڵام مافی ئەوەیان ھەبوو، لە کارە ھاوبەشیەکاندا بەشداریبکەن و لە ھەندێک یارمەتی ھەرەوەزیی سوودمەندبن،ھەروەھا مافی ئەوەشیان ھەبوو بەشداری ئەنجومەنە گشتییەکان بکەن و دەیانتوانی بەرھەمەکانیان لە دوکانەکانی شارەوانیەکاندا بخەنەڕوو، بەڵام قەدەخەبوو لەوە زیاتر زەویان ھەبێت، کە دەیچێنن، ەروەھا قەدەخە بوو خۆیان و داراییەکانیان بۆ شێواندنی سیستمی سۆسیالیستیی بەکاربھێنن، لەملا و ئەولا ئارەزوومەندانە زەوییەکی زۆری جوتیارە تاکخوازەکان خرایە سەر زەوییە بەھاوبەشییکراوەکانی گوندەکان، ئەوەش بووبووە مایەی ئەوە، کە ژمارەی جوتیارەکان و بازرگانە تاکخوازەکان کەمببێتەوە، ئەوان ھەستیان بە دابڕان و گۆشەگیریی کرد، ناچار ئاوایان بەباشترزانی بچنە نێو ھەرەوەزییەکانەوە.


دەرکەوت، ئەو یەکانەی کە باوەڕی کرێی ھەرەوەزییان پەیڕەودەکرد، تەمەندرێژتر بوون، لەوانە کە سەرقاڵی دامەزراندنی کۆمونیزمی تەواو بوون، یەکەکانی کۆمونیزمی تەواو بەژمارە کەمبوون، گرنگییەکی ئەوتۆیان بەو خۆپەرستییە ڕەگئەستورەکەی ناوناخی سروشتی مرۆڤایەتی نەدەدا، بەتایبەتی لای ژنان، لە ھەندێک گونددا پارەی ئاڵوگۆڕپێکردن لەنێو برابوو، ھەمووان دارایی گشتیان بەکاردەھێنا، بەرھەمھێنان و بەکارھێنان کەوتبوونە نێو بازنەیەکی داخراوەوە ‌و بێفەڕی خۆبەسێی کەوتەڕوو، ئەوەش بووە ھۆکاری سەرھەڵدانەوەی تاکخوازی و دابڕان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ھەندێک لە خاوەنداراییە گچکەکان دەستیانکێشایەوە، ئەوانە زیاتر ئەوانە بوون، کە بەرلەوەی ببنە خاوەنی ئاوەزێکی کۆمونیستی چووبوونە نێو ھەرەوەزییەکانەوە.


شارۆچکەکان لە فیدراڵییە کانتۆنییەکاندا یەکیانگرتبوو، ئەوانیش لە فیدریاڵییەکانی ھەرێمییەکاندا یەکانگیربوون، ***‌ لەسەر بنەمای سەرەتاکان ھەموو زەوییەکانی فیدراڵییە کانتۆنەکانی نەگرتبووەوە، ھیچ پارچە زەوییەک نەبوو بە تۆپزی وەلانرابێت، واتە لە ‌دەرەوەی سنووری ھاریکاریی نێوان گوندەکاندا بێت، سندوقەکانی قەرەبووکردنەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو ھەرەوەزییانە دروستبوون، کە کەمدەرامەت بوون، واتە ئەوانەی کە لە ڕووی ئامرازەکانی کارکردن و کەرەسە سەرەتاییەکانەوە ھەژاربوون، ئەوا ئامراز و کەرەسە و دەستی کارکردنیان پێدەدرا، لەیەکنەچویی بەھاوبەشیکردن، لە جیاوازی گرنگیی ھەرێمەکانەوە سەرچاوەیگرتبوو، (کاتالۆنیا) ھەرێمی داراییە گچکەکان و نێوەنجییەکان بوو، لەوێ دابونەریتی تاکخوازی باوبوو، لەبەرئەوە لەوێ بەھاوبەشییکردن، تەنھا بریتیبوو لە ‌چەند ھەرەوەزییەکی نموونەیی، لە (ئاراگۆن) بەپێچەوانەوە بوو، سێ لەسەر چواری بەھاوبەشییکرابوو، کاروانی یەکینە جەنگاوەرەکانی (دیورتیDurrti) بەرەو باشوور بۆ جەنگکردن دژی فرانکۆیییەکان چووبوو، لە ھەمانکاتدا بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕ، لە ئیسپانیای کۆماری، دەسەڵاتێک، کە ‌لە جەماوەرە سەرچاوەبگرتبێت، ئەو ڕەوە بووە بزوێنەر و دەستپێشخەری سەپانەکان ٤٥٠ ھەرەوەزییان دروستکرد، کە ‌٥٠٠.٠٠٠ کەس تیایاندا بەشداربوون، لە ناوچەی پێنج ھەرێمکە (الڕقالیم الخمسە) واتە لۆڤان، کە (ڤالێنسیا Valencia) پایتەختی بوو، دەوڵەمەندتریین ناوچەی ئیسپانیا بوو، لەوێ نزیکەی ٩٠٠ ھەرەوەزیی دروستکرا، کە لە ‌ ٤٣٪ی گەرەکان****ی لەخۆگرتبوو، لەوێ لە ‌٥٠٪ی ترشییەکان بەرھەمدەھێنرا، ڕێژەی، لە ٧٠٪ی لە (کاستل) بوو، لەوێ بە بەشداری ١٠٠.٠٠٠ کەس، ٣٠٠ ھەرەوەزیی دروستبووبوون، بەھاوبەشیکردن گەیشتە ناوچەی (ڕسترمادور) و بەشێک لە (ئەندولوس) و (ئەستوریاس)، واتە باکووری ئیسپانیا، لەوێ ھەندێک ڕاڕایی و پاشەکشێ ڕوویدا، بەڵام زۆری نەخایاند چارەسکرا.


پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە شایەتی (گاستۆن لوڤان) بەپێچەوانەی ئەو کەسانەوەیە، کە لەو بڕوایەدان بوون،‌ ئەو سۆسیالیزمە بناخەییە، کردەی ئازادیخوازە سەندیکالیستیەکان بوو، ئەو دەڵێت "بەبێ ئەوەی ئازادیخوازەکان بەوە بزانن، لەو ھەرێمانەدا، جوتیارە سۆسیال دیموکراتەکان و کریستییەکان و تەنانەت کۆمونیستەکانی ناوچەی(ئەستوریاس) دەستپێشخەرانی ئەو جەمکردنەوەیە بوون.


تا ئەو دەمەی دوژمنانی خۆبەڕێوەبردن، خۆبەڕێوەبردنیان بۆگەن نەکردبوو، جەنگیش نەبووبووە بەربەستی، ھیچ گومان لە ‌سەرکەوتنی خۆبەڕێوەبردن لەکایەدا نەبوو، ھەندێک لە سەرکەوتنەکان، لە دواکەوتوویی کشتوکاڵی ئیسپانیاوە سەرچاوەیانگرتبوو، ژماردەکردنی داراییە گەورەکان کارێکی سەخت نەبوو، چونکە ژمارەیان کەم بوو،نیوەی زەوییەکانی ئیسپانیا دارایی دە (١٠)‌ ھەزار دەرەبەگ بوون، ئەوانیش وەھایان بەباشترزانی زەوییەکان بە نەچێنراوی بەجێبھێڵن، نەبا توێژێک لە چێنەران دروستببێت و ھەقدەستی باشتر بە سەپانەکان بدەن و ئەوەش ببێتە ھەڕەشەکردن لە پێگەی سەروەرانی چەرخەکانی نێوەڕاست، بەو جۆرە سەرماگوزاری سامانە سروشتییەکانی زەوی ئیسپانیا دواکەوت.


بەگوێرەی نەخشەیەکی گشتی و لە ‌سایەی ڕێنمایی و فەرمانەکانی ئەندازیاران و تەکنیکزانانی بواری کشتوکاڵی،زەوییەکی زۆر دەسخرا و بە زەوییەکانی دیکەوە لکێنرا، داھات زۆرتر بوو و لە ٣٠‌٪ گەیشتە ‌٥٠٪، ڕێگەکانی کارکردن و وزەی مرۆیی و میکانیکی ئاوەزگیرانەتر بەکاردەھێنران و ڕووبەرە چێندراوەکان زیادیکرد، شێوازەکانی کارکردن پێشکەوتن، وەزەی مرۆیی و ئاژەڵی و میکانیکی ئاوەزگیرانەتر بەکاردەھێنرا، ھەمەجۆریی چاندن سەریھڵدا، ئاوەڕۆ و ئاودێران پێشکەوتن، ڕواندنی دار و درەخت بەشێکی زۆری وڵاتی تەنی، جێگەکانی بەخێوکردنی بەراز دروستکران، خوێندگەی تەکنیکی دروستکران و کێڵگەی نموونەی دامەزێنران، ئاژەڵەکان زۆرتر بوون و ھەژمارکران، دەستکرا بە دروستکردنی پیشەسازی یاریدەر، بێبێجگە لەوانە سەرھەڵدانی ھاوبەشییەکان و سەرکەوتنیان، پڕکردنەوەی جێگەی داراییە گەورە وازلێھێنراوە نەچێنراوەکان،ھەروەھا سەرکەوتن بەسەر ئەو داراییە گچکانەدا، کە بە تەکنیکی کۆن و بەشێوازێکی سەرەتایی و بەبێ بەکارھێنانی پەین و بە تۆوی خراپ چێنرابوون.


ھەرھیچ نەبێت، بەلایەنی کەمەوە ئەوەی بەدەستھێنرا، سەرەتای دەستپێکردنی نەخشەیەکی کشتوکاڵی بوو، ‌لەسەر بنچینەی ئامارگیرییەکانی بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی ھاوبەشیی ھەرەوەزییەکان بۆ فرۆشتن، کە کۆمیتە کانتۆنییەکان کۆیدەکردنەوە و نیشانیاندەدا، دوای چاودێرییکردنی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە، لەلایەن کۆمیتەی ھەرێمەوە، بێجگە لەو چاودێریکاریە، بازرگانی دەرەوەش ئەرکی کۆمیتەی ھەرێمەکان بوو، بەرھەمە پیشاندراوەکانی کۆدەکردەوە بۆ فرۆشتن، لەبەرامبەریدا بەھاوبەشی پێویستییەکانی ناوچەکانی دەکڕی، ئازادیخوازیخوازیی سەندیکالیستی کشتوکاڵیی ناوچەی (لوڤان) نیشانیدا، کە خاوەنی باشتریین توانای ڕێکخستنی کۆکردنەوەی بەرھەمەکانە، لەو ناوچەیە ھەناردەی ترشییەکان پێویستیی ھەبوونی پرۆگرام و تەکنیکێکی نوێی سەپاند، گەرچی ھەندێک جیاوازی و توندوتیژی لەنێوان بەرھەمھێنەرە دەوڵەمەندەکاندا ڕوویدا، بەڵام بە جۆرێکی نایاب کار بەو پرۆگرام و تەکنیکە نوێیە کرا.


ھاوتەریبی ‌ پێشکەوتنە مادیەکە، ڕۆشنبیریش پێشکەوت، بەگوێرەی تەمەن لەنێوبردنی نەخوێندەواری دەستپێکرا، فیدرالییەکانی ھەرێمیەکان بۆ گوندەکان پرۆگرامی وانەگوتنەوە و ئاھەنگی سینەمایی و شانۆکاریان داڕشت، لەتەک ئەوەشدا، کە زوربەی زۆری گەل نەخوێندەوار بوو، بەڵام تاڕادەیەک ھۆکاری سەرکەوتنی ئەو پێشکەوتنە لە زیرەکی و دەستپێشخەریی گەل خۆیەوە سەرچاوەیگرتبوو، جوتیاران خستیانەڕوو، کە خاوەنی ھۆشیاری سۆسیالیستیین، شارەزای کارکردنن، توانای ڕێکخستیان بەھێزە ‌و ئاوەزی ھاریکاریان بڵند و پێشکەوتووە، ئەو ئاوەزە چاودێرە بیانییەکانی سەرسامکردبوو (فیرنەر بۆرکوەی Ferner Borkway) لە (پارتی کار)ی سەربەخۆ، پاش سەردانی ھەرەوەزیی (سێگۆرب Segorbe) وتوویەتی " ئاوەز و بەجۆشی بەشداریکردنی ھەر جوتیارێک لە ھاوبەشیکاریدا، مایەی شانازییە و سەرسوڕھێنە، شایەنی ستاییشکردن".


خۆبەڕێوەبردن، لە بواری پیشەسازیشدا سەرکەوت بەتایبەتی لە (کاتالۆنیا) پیشەسازی لەو ھەرێمە بەراورد بە ھەرێمەکانی دیکە، پێشکەوتوتر بوو، لەو جێگایانەدا کە خاوەنکارەکان ھەڵھاتبوون، کرێکاران خۆبەخۆیی ڕەوایەتیان بە بەربەڕێکردنی کارگەکان دا، لەتەک ئەوەشدا کە کرێکاران خاوەنی ئەزمونێکی زۆر نەبوون، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لە چوارمانگ کرێکاران بەبێ خۆتێھەڵقورتانی دەوڵەت دامەزراوەکانی (بەرشەلۆنە)یان، لەژێر شەکانەوەی ئاڵای ڕەش و سوری***** (کۆنفدرالی نیشتمانی بۆ کار) بەڕێوەبردن، ئەو کاتە لەوێ بارودۆخەکە، نەوەک روسیای ١٩١٧ بوو و نەوەک سەردەمی داگیرکردنی کارگەکانی ئیتالیای ١٩٢٠ بوو، تەکنیکزانەکان چوونە پاڵ کارگەران، لەو ناوچەیە واتە (کاتالۆنیا) ھەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە ئەوە ھەڵوێستان بوو، لەتەکیاندا ئەندازیارەکانیش بوونە لایەنگرانی بەھاوبەشیکردن و یارمەتدانی کارگەران.


ئۆکتۆبەری ١٩٣٦ لە (بەرشەلۆنە)، بە بەشداری ٦٠٠.٠٠٠ کرێکار کۆنگرەیەک بەسترا، بە ھاوبەشیکردنی پیشەسازی بابەتی سەرەکی کۆنگرەکە بوو، لەتەک ئەوەشدا کە بڕیاری بەھاوبەشیکردن درا، چاودێریکردنی حکومەتیش خزێنرایە نێو خۆبەڕێوەبردنەوە، بەو چەشنە دووکەرت دروستبوون، کەرتی سۆسیالیستی و کەرتی تایبەتی، ئەو کارگانەی کە ژمارەی کرێکارەکانیان لە سەد کرێکار زیاتر بوو، بوون بەھاوبەشی ئەوانەش، کە ژمارەیان لە نێوان پەنجا و سەد کرێکار بوو، ئەگەر سێ لەسەر چواری کرێکاران ڕازیووان، دەتوانرا بەھاوبەشی بکرێن، بێجگە لەوە ئەوەش دەستنیشانکرا، کە دەکرێت داراییەکانی ئەوانەش، کە لە پیلانگێڕیدا بەشداربوون، بە ھاوبەشی بکرێن، بێگومان پاش ئەوەی، دادگەی گەل بە پیلانگێڕی تاوانباریاندەکات، ھەروەھا بەھاوبەشیکردنی دارایی، ئەو کەرتە تایبەتیانە، بەتایبەتی ئەوانەیان کە وەلانرابوون و ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئابووری نیشتمانیدا ھەبوو، ( لە ڕاستیدا ھەندێک دامەزراوە بە ھاوبەشیکران).


کارگە خۆیی بەڕێوەدەبرا، کۆمیتەی بەڕێوەبردن، لە پێنج تا پازدە ئەندام، ئەو ئەندامانە نوێنەرانی پەرژەوەندییە جیاوازەکان بوون، ئەو کۆمیتەیە بە ڕەزامەندی دەزگەی ڕێنوێنیکەر (جھاز الوێایە) نوێنەرێکی دەستنیشاندەکرد، تا لە دامەزراوە گرنگەکاندا نوێنەری ھەبێت، بێجگە ‌لەوە بۆ ھەر کۆمیتەیەک چاودێرێکی حکومەتی دادەمەزێنرا، بەو جۆرە خۆبەڕێوەبردن واتای خۆی لەدەستدابوو، واتاکەی پڕبەپێستی خۆی نەبوو، بەڕێوەبردنێکی ھاوبەشبوو، لە پەیوەندییەکی پتەودا لەتەک دەوڵەتدا، واتە خۆبەڕێوەبردن نەبوو، ئەنجومەنی گشتی لقی پیشەسازی، کە لە (چوار نوێنەری کۆمیتەکانی بەرێوەبردن و ھەشت نوێنەری سەندیکا کرێکارییەکان و چوار لە تەکنیککاران) پێکھاتبوو، دەسەڵاتی ئەوەی ھەبوو، کە کۆمیتەی بەڕێوەبردن وەلابنێت، ئەو ئەنجومەنە گشتییە، نەخشەی بەڕێکردنی کاری دادەڕشت و قازانجەکانی دیاریدەکردن.


لەو دامەزراوانەدا، کە وەک کەرتی تایبەتی مابوونەوە، کۆمیتەی کرێکاریی ھەڵدەبژێردراو ئەرکی ئەوەبوو بە ‌" پەیوەندی لەتەک خاوەنکاردا" چاودێری بەرھەمھێنان و ھەلومەرجەکانی کارکردن بکات.


لە کارگە بەھاوبەشیکراوەکاندا، کاریکرێگرتە وەک خۆی مایەوە، کرێکار مووچەیەکی نەگۆڕاوی دەدرایە، قازانجەکان لەسەر ئاستی کارگە دابەشنەدەکران، دوای بەھاوبەشییکردن مووچە بەرزنەکرایەوە، بڕی مووچە لە ھاوبەشییەکاندا کەمتر بوو لەچاو کەرتە تایبەتیەکاندا، بڕیاری ڕاگەیاندراوی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٦ سەود مامەڵەی تەبایبوون بوو، لەنێوان بەئارەزووی ڕێوەبردنی سەربەخۆ و ئارەزووی - ڕێنوێنی دەوڵەتگەرایی الوێایە الدولانیە-دا، بەواتایەکی دی لەنێوان سەرمایەداریی و کۆمونیزمدا، ئەو بڕیارە ڕاگەیاند شالیارێکی ئازادیخواز دایڕشتبوو، (کۆنفیدرالی نیشتمانی بۆ کار) پەسەندیکردبوو، ئەوەش لەوێوە سەرچاوەیگرتبوو، کە سەرکردە ئازادیخوازەکان لە حکومەتدا بەشداربوون، واتە کلیلی پێشڕەویکردنی دەوڵەتگەرایی، بەدەست خودی ئازادیخوازەکانەوە بوو، ئینجا ئیتر چۆن ئەوان دەتوانن دژی ئەوە بوەستن و لەوە ھەراسانبن، کە دەوڵەت دەستوەرداتە خۆبەڕێوەبردنەوە؟ گەر گورکێک بخرێتە ئاخوڕێکەوە، ھوردە ھوردە وەک سەروەرێک ڕەفتاردەکات.


ھەرچەندە دەستڕۆییشتووییەکی زۆر بە ئەنجومەنە گشتیەکانی لقە پیشەسازییەکان درابوو، بەڵام لە کاتی کردەییکردنەوەدا، ئەگەری ئەوە لە ئارەدا بوو، کە خۆبەڕێوەبردن ببێتە مایەی سەرھەڵدانی تایبەتمەندیەکی خۆپەرستی، واتە دروستبوونی جۆرێک لە "ھەرەوەزی پیشەیی بۆرجوازی" (پیرات) واتەنی، کە ھەر یەکەیەکی بەرھەمھێنان، تەنھا گرنگی بە پەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆی بدات، چەند ھەرەوەزییەکی دەوڵەمەند ھەبوون، چەندێکی دیکەی ھەژاریش ھەبوون، ھەندێکیان دەیانتوانی بەڕێژەیەکی دیاریکراو کرێی زۆرتر بدەن، ھەندێکیش توانای ئەوەیان نەبوو، تەنانەت کرێی پێش سەردەمی شۆڕشیش بدەن، ھەندێک خاوەنی زۆر کەرەسەی سەرەتایی بوون، ھەندێکی دی بەپێچەوانەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناھاوسەنگییە، خێرا سندوقێکی نێوەندی دروستکرا، تاکو بەویژدانەوە سەرچاوەکان دابەشبکات، کانونی یەکەمی ١٩٣٦ لە (ڤالێنسیا) چەند کۆبوونەوەیەکی سەندیکایی کرا، بڕیاردرا ، کە بەگوێرەی نەخشەیەکی گشتی ئۆرگانی کەرتە بەرھەمھێنەرەکان یارمەتی یەکدی بدەن، تا بتوانن خۆیان لە پێشبڕکێی پەرشوبڵاوی زیانبەخش لابدەن، ئەو دەمە بە بەرنامەڕێژییەوە لە ناوچەی (کاتالۆنیا) دەستیان بە ڕێکخستنی (پسپۆڕییەکان) کرد، سەدان دامەزراوەی گچکە داخران، یان لکێنران بەو دامەزراوانەوە، کە خاوەنی کەرەسە و ئامرازی باشتر بوون، بۆ نموونە ژمارەی کارگەکانی تواندنەوەی ئاسن، لە ‌٧٠ دانەوە کران بە ‌٢٤ دانە، پێستەگەرییەکان لە ‌٧١ دانەوە کران بە ‌٤٠دانە، کارگەکانی شووشەسازی لە ‌١٠٠ دانەوە کران بە ٣٠ دانە، ھەرچەندە پیشەسازی، لەژێر چاودێریی سەندیکاکاندا بوو، بەڵام کۆکرانەوەیان نەبووە وزەبەخشی گەشەکردنێکی نموونەیی، بەو چەشنەی کە ئازادیخوازەکان چاوەڕوانییاندەکرد. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ستالینیستەکان و ڕیفۆرمخوازەکان دژی ئەوەبوون، کە بەسەر دارایی چینی نێوەنجیدا دەستبگیرێت، ئەوان مامەخە کەرتی تایبەتی بوون و ستاییشیاندەکرد.


لە (کاتالۆنیا)ی کۆماری ئیسپانی، ھەندێک لە نێوەندە پیشەسازییەکان بڕیاری راگەیێندراوی بەھاوبەشیکردنی کاتالۆنی کردەیی نەکرابوو، ژمارەی کۆکراوەکان کەم بوو، لە زۆر لەو دامەزراوانەی ناوچەی (ئەستوریاس)، کە وەک کەرتی تایبەتی مابوونەوە، تەنھا کۆمیتە چاودێرە کرێکارییەکان ھەبوون.


سەرکەوتنی خۆبەڕێوەبردن لە بواری پیشەسازییدا ھاوتای لە ئاستی خۆبەڕێوەبردنی بواری کشتوکاڵی بوو، گەواھیدەرانی ئەو ئەزموونە، تەنھا بەوە ڕازینەبوون، کە ‌ئەو ئەزموونە گەورە و گران ڕابگرن، بەتایبەتی بواری بەڕێکردنی خزمەتگوزارییە پەرژەوەندییە سڤیلییەکان سڤیلییەکان، کە بەباشی بەڕێوەدەبران، ناڵێین ھەموو کارگەکان، بەڵام دەتوانیین بڵێین بەشێکی زۆر لە بەھاوبەشیکراوەکان (سۆسیالیزم) بەشدارییەکی یەکلاکەرەوەیان دیت، لە جەنگدا ساڵی ١٩٣٦ کارگەکانی چەکسازی لە دەرەوەی (کاتالۆنیا) دروستکرابوون، ژمارەیان کەم بوو، لەوێ خاوەنکارەکان ھیچ ئومێد و بڕوایەکیان بە پرۆلیتاریای کاتالۆن نەمابوو، ئەوەش ئەوەی سەپاند، کە ھەرچی زووترە کارگەران کارگەکانی بەرشەلۆنە بگۆڕن و بیانکەنە خزمەتکاری پارێزگاری کۆماری، ئەوەبوو کارگەران و تەکنیککاران، بە ھەڵپە و ورەیەکی بەرز و بە ئاوەزێکی دەستپێشکارانەوە، لەنێو خۆیاندا کەوتنە پێشبڕکێ، توانیان ئامرازەکانی جەنگ بگەیێننە بەرەکانی جەنگ، لەتەک ئەوەدا ھەوڵوکۆششێکی دی بۆ داھێنانی تەکنیکێک، کە ‌لەوەوپێش لە ئیسپانیا نەبوو و ئەو تەکنیکەش لە بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمە کیمیاییەکان بوو، ئەوەش ھەر بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی جەنگ بوو، لەسەر ئاستی پێویستییە سڤیلییەکانیش پیشەسازی بەھاوبەشیکراو، بەھەمان ڕیتمی (نەزمی) پێشکەوتوو دەست بە گۆڕینی ڕیشاڵەکانی چنین، ھەروەھا کەنابیس و توێکڵی چەڵتوک و سلیلۆز و شتی دیکە کرا.
________________________
په‌ڕاوێز:
* سەرچاوە په‌رتووکی (التحرریة من العقیدة الی الممارسة- دانییل غیرین).
** گەڕەک محلات localitÚs جمع محلة. و-ع.
*** دەنووسین بە گویرەی سەرەتاکان "مبدئیآ" چونکە دەربارەی ئەو مەسەلەیە ھەندێک جیاوازی ڕوویدا لە نێوان ھەندێک گونددا. و-ع.
**** ئەو خۆجێیانەی باشوور، کە ئازادیخوازەکان سەرپەرشتیان نەدەکردن، سەپانەکان، ھەستیان بەوە نەکرد، کە دەستبەسەراگرتنی داراییە گەورەکان گواستنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، چونکە شارەوانییەکان بە جۆرێکی دەسەڵاتگەرایی ئەنجامیاندا و باری ژیانی سەپانەکان وەک خۆی مایەوە، لەوێ خۆبەڕێوەبردن لەئارادا نەبوو. و-ع.
***** ئاڵای ئەنارکۆ سەندیکالیستە ئازادیخوازەکان. و-ع.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک