په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٦

     سەرمەستن بە بۆنی خوێن!

فەره‌یدوون سامان

بە ھەڵدانەوەی قەتما‌غەی برینەکانی مێژوو
برسی بە گۆشت وئێسک و پروسکی کۆرپەی ناو نوێن
ھاتن دیسان گورگەبۆر
کەڵبەی ژەھراوی بخەنە سەر دڵی سمۆرە ی دیل و
چناری زیندانیکراوی ئەم نیشتمانە...
شەوی گورگانە و
تینوو بەخوێنی رژاوی شەھیدێک
کە لەبەرتریفەی مانگەشەوێک بەجێماوە
لەبەر پەنجەرەی کام سەدەی تاوان
سەدەی نکۆڵی و سەربڕین ھاتوون
لەکام زۆنگاوی دڕندەیی ھەڵتۆقیون
بە زمانی نێزە و شمشێر
بە شێرپەنجەی تەور
بە دینامییتی درۆ و ریاکاری
چامەکەی نالی ، خانی و عوریان
دەخەنە نێو مەنجەنیقی تاوانەکانتان...
سەرمەستن بە بۆنی خوێن
تا لەمانگەشەوی پڕ لەتریفەوە
دەنگێک ھەبێ
لە پێدەشتی گەرمیانەوە
لەسەر ترۆپکی قەندیلەوە
زایەڵەی نەڕەیەک دێ...
ئێمەین پڵەنگی مەرگ بەزێن
ھەورە بارانین تەرمی شەھید دەشۆینەوە
لە سەر گۆنای نەخۆشی مافەکانی مرۆڤ
جێی چڕنووکی گورگەبۆری بیابان سارێژ دەکەین
بەرماڵەکەی خەلیفە دەنێرینەوە
بۆ شوێن پێی پۆستاڵی بکوژان،
کە دەنگی تۆ درەوشانەوەی نیگایەکە
بە ڕۆحی زامداری ئاسمان
ئێی ھەورەکان ...ھەورە سەرکەشەکان
تۆ بۆچی ئاسمانی نیشتمانی ئێمەت لەبیر کردو‌وە
ڕوخساری زێڕینی مانگی پڕی ئێمەت داگیرکردووە
گیانی وەبەردبووی خەو ڕاچڵەکێنە
کە بە بیابانە قات و قڕەکاندا
سەر ھەڵدەبڕێ
چۆن شەھید لەسەر بست بە بستی ئەم خاکە راکشاوە...
خۆر لەقەندیلی سەرکەشەوە چاو بۆ ئازادیت دادەگرێ


٢٥\١٠\٢٠١٦ - هەولێر - باشووری کوردستان
ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک