په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٢\٢٠١٠

سەرۆکی هەرێم، ئەوەی چاوەڕوان بوو، کردی!


موحسین کەریم  


کەسانێک کە پێیان وابوو نەدەبوا سەرۆکی هەرێم ئیمزای یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانی بکردایە کە لەلایەن پەرلەمانەوە ئاراستەی کرابوو، هەڵەبوون. سەرۆکی هەرێم کە سەرۆکی پارتیە، ناکرێ ئیمزای یاسایەک نەکات کە خۆی ئامۆژگاری ئەندام پەرلەمانەکانی حیزبەکەی کردوە بۆ پەسەندکردنی. هەموو ئەوە دەزانین کە ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی و ژمارەیەکیش لە ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی- هاوپەیمان و شەریکە دەسەڵاتی پارتی- لەدژی ئەو یاسایە دەنگیان داوە. کەواتە پەسەندبوونی یاساکە بەزۆرینەی دەنگ ئەومانایە دەگەیەنێ کە هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی و ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتیش کە وەفاداربوون بە رێکەوتنی ستراتیژی نێوان خۆیان و پارتی بەبەڵێ دەنگیان بۆ داوە.

دەنگ نەدانی بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی بۆ ئەو یاسایەو بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەش لەلایەن میدیای یەکێتیەوە دوای دەنگدان لەسەری، ئەوە دەردەخات کە لەناو یەکێتیدا کۆدەنگی لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە بەوجۆرەی کەدەرچوو، نەبوە. ماڵپەڕی PUK Media))ووتی:"به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاردرا پێویسته‌ خۆپێشاندان به‌ئاگادارکردنه‌وه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بێت." فەرید ئەسە سەردیش- ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی- لەوتارێکیدا یاساکەی بە نادیموکراتتر لەیاسای خۆپشاندانی یەمەن ناولێبرد!کەواتە هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کە یاساکە بەوجۆرەی کە پەسەندکراوە لە١٠٠% لە بەرژەوەندی سیاسی پارتیدایە! بەم پێیە یاسایەک کە بەرژەوەندی سیاسی پارتی بەرجەستە دەکات لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانی پارتیەوەو بە پشتیوانی رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتیدا "شەرعیەتی پەرلەمان"ی پێدراو سەرۆکی پارتیش ئیمزای سەرۆکی هەرێمی پاش رێکەوتنە ستراتیژیەکەی لەسەردانا!

من لە دوو نوسینی ترمدا بەناوی (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکان، یاساییکردنی سەرکوتی سیاسی!) و(هەوڵی پارتی بۆ کۆنترۆڵی کوردستان و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی بارزان!) هۆکاری ئەم هەوڵانەی دەسەڵاتدارانی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد و بەتایبەتی پارتیم بۆ پێچانەوەی فەزای ئاوەڵای سیاسی کوردستان ئاماژەپێکردوە. بەشیوەی گشتی"....لەدوای روخانی رژێمی بەعس و لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتداری کورد، لەپاڵ گەشەو بوژانەوەی ئابوری و کەڵەکەبوونی سامان و داهاتی بۆرژوازی و هەستکردن بە جێگیریەکی نیسبیی دەسەڵاتەکەی، هوشیارانە، وەکو نوێنەری سیاسی بۆرژوازی، لەهەوڵی ئەوەدابوەو هەیە کە ئەو پەراوێزی ئازادیە وەکو بەشێک لە پێداویستیە سیاسیەکانی راگرتنی نایەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەراهەمکردنی هەلومەرجی دڵخوازی سەرمایەداری کورد و لەخوارەوە راگرتنی خواست و ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی کوردستان، بەرتەسک بکاتەوە و هەلومەرجی سەرکوتی سیاسی و بێمافیی و زاڵکردنی فەزای کۆنەپەرستی سیاسی بەسەر کۆمەڵگادا دابسەپێنێ." بەشێوەیەکی تایبەتیش " نەخشەی سیاسی پارتی بۆ دوای ٢٥/٧/٢٠٠٩ و دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەر کوردستاندا بریتیە لە پەلکێشان بۆ ناوچەی سلێمانی و گەرمیان، پاشئەوەی بەزەبری زاڵکردنی فەزای تۆقاندن و کۆنەپەرستی سیاسی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆی بەسەر ناوچەکانی بادینان و هەولێردا سەپاندوە....پارتی دەیەوێ جۆرێک لە ئیمپراتۆریەتی خۆی و بنەماڵەی بارزانی بەسەرکوردستاندا زاڵ بکات کە لەبەشێکیدا فەرمانڕەوای بێ مونافیس و رەهایەو لەبەشەکەی تریشدا سێبەری دەسەڵاتی ئەو زاڵە و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی پارێزراوە!"

یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکان کە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و کۆبونەوەی گشتی دەبەستێتەوە بەمۆڵەت و رەزامەندی لایەنی بەرپرس؛ واتە ئەو لایەنەی کە بڕیارە لەدژی نارەزایەتیەکە ئەنجامبدرێ، وە پەرلەمان پەسەندی کردو مەسعود بارزانیش ئیمزای کرد، ئاکامێکی مەنتقی ئەو رێبازو هێڵە سیاسیەیە کە بەشێوەیەکی گشتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردو بەشێوەیەکی تایبەتیش پارتی و بنەماڵەی دەسەڵاتداری ناوپارتی دەیانەوێ بەسەر کوردستاندا زاڵی بکەن. ئەوان جەماوەرێکی سەرکوتکراو بێدەنگ و ملکەچیان دەوێ! "یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکان" کە لەراستیدا یاسای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکانە، لەپاڵ تیرۆری نەیارە سەرکێشەکانیاندا دەبێتە ئامرازێکی کاریگەری دیکە بەدەستی پارتی و سەرۆکی پارتیەوە، بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان؛ بۆ راگرتنی دەسەلات و فراوانکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی بارزانی و بەرزبونەوەی بلۆکی دۆلارەکانیان!

هەڵبەتە یەکدەنگ نەبوونی یەکێتی لەسەر یاساکە بەوشێوازەی کە دەرچوە، مانای ئەوە نیە کە ئەم حیزبەش وەکو هێزێکی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد سودمەند نیە لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە. بەڵام هەڵوێستی ناپەیگیری یەکێتی لەوێوەیە کە لەبەرامبەر پارتیدا باری لارەو دەیەوێ پەراوێزێکی خەڵک بۆخۆی بهێڵیتەوە و وانیشان بدات کە لەناچاریدا دەنگی پێداوە دەنا رەخنەی لە یاساکە هەیە! لەلایەکی دیکەشەوە دەزانێ کەبارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رێگای ئەوکارەی پێنادات و بەنرخێکی گران بۆی تەواو دەبێ!

لەیەک قسەدا، سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێم، لەسەر زەمینەی رێکەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ یەکێتیدا لەهەوڵی ئەوەدایە کەئەو پەراوێزی ئازادی سیاسیەی تائێستا لە هەندێ ناوچەی کوردستاندا ماوەتەوە، لە رەوتی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی سیاسی-ئابوری پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەکو مۆدێلی زیاتر پەسەندکراوی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، پاک بکاتەوەو نەیهێڵێ. هەلومەرجێکی سەرکوت و کۆنەپەرستی سیاسی لەبابەتی دەسەڵاتی شێخەکانی سعودیەو کەنداو بەسەر کوردستاندا دابسەپێنێ. کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لەژێرباری چەوسانەوەو بێمافی موتڵەق، بێدەنگ و بێدەسەڵات رابگرن و ئازادیخوازان و نەیارانی دەسەڵاتەکەشیان لەزیندانەکاندا بەپێی یاسا دابڕزێنن! چونکە پێدەچێ کە تیرۆری سیاسی و زیندانی نهێنی پاراستن بەتەنیا دادیان نەدات! کەواتە ئەوەی کە پەرلەمان کردی هەنگاوی یەکەمی کارەکەی سەرۆکی پارتی بوو. ئیمزاکەی سەرۆکی پارتی-هەرێم تەواوکردنی ئەرک و پەیامەکە بوو.

 

ماڵپهڕی موحسین کهریم