په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١١

سه‌ید سادق باجى بێده‌نگیی ده‌دا.


هەردى شەفیق     


باوەڕناکەم هیچ شارێک ئەوەندەى ئەم شارە ڕێزى ئەم حکومەتەى گرتبێ و لە بەرامبەر ئەو هەموو فەرامۆشکردن و بێ خزمەتگوزاریەیدا بێدەنگى هەڵبژاردبێ، لێ لە برى ڕێزگرتن لەو سەبرى (ئەیوب)ەو ئەو هەموو بێدەنگی و پەراوێزخستنەى، ئەگەر تاکوتەرا حکومەت پرۆژەیەکى تێدا ئەنجامدابێ، ئەوا بەپشتى کیسەڵ چووە بەڕێوە. حیزبیەکانى ئەمشارە بەسەرجەم لایەنەکنییه‌وە تەنیا ئەتوانن دەنگى سەرەوەى حیزبەکانیان بەخەڵک بگەیەنن، نەک ئەوەى ناڵەى خەڵک بگەیەنن بەسەرەوەى خۆیان. خوا هەڵناگرێ جارجارە هەنێک کەس بەناوى سەرجەم چینەکانەوە ئەبەنە لاى کاربەدەستان، لێ ئەوانە وەک ئەوەى قڕوقەپیان لەبەرامبەر ئەو هەموو کەموکورتیەدا کردبێت لەم شاردا کەدەمى هەرکەسێک ئەکەیتەوە زوخاوى لێئەچۆڕێ.

 

لایەنەکانى دەسەڵاتیش هەرگیز کەسێکیان بەبەرپرسێکى ئەم حکومەتە نیشان نەدا شتۆکەیەک خەمى ئەمشارە بڵێت، لەوەش سەمەرەتر ئەوەیە هەنێک بەناوى سەربەخۆو نوێنەرى ڕۆژنامەنوسانیشەوە خۆیان ئەناسێنن! ئەمشارە داواى ئەوە ئەکات دوکەڵى زبڵ خەریکە ئەیخنکێنێ، لەئێسقانى سەگى سوتاوو پاشماوەى فڕێدراوى نەخۆشى نەخۆشخانەکانەوە بیگرە تائەگات بەزبڵى ماڵان مەسوتێنن و ئەو بۆنى عەترە مەکەن بەلوتماندا، ئەو سەیرانگایە(سەراوى سوبحان ئاغا) بدەنەوە بەخەڵکى ئەمشارە کەتاکە شوێنى گەشتوگوزارى ئەمشاریە لەنەبوونى مەلەوانگەو پارکو سەیرانگادا خەڵک ڕوى تێئەکەن، بەڵام حکومەت لەبرى ئەوەى بیکات بەسەرانگایەکى دڵڕفێن و گەشتوگوزارى، لەوەڵامى ئەوەدا نەخۆشخانەیەکى (سیل) مان بۆدروست ئەکات لەو سەیرانگایەداو بۆنەگبەتیش لەنزیکى سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى شارەکەوە!!

 

جا نازانین وەک ئەوەى حکومەت بەفەرامۆشکردن و پەراوێزخستنى ئەم شارە توشى دیقى کردووین ئەیەوێت توشى سیلیشمان بکات، یا ئەوەیە هەرچى خزمەتگوزارى قەڵبە کەلە شوێنانى تر جێى نابێتەوە بۆ ئەمشارە سەرکزو بێدەنگەى ئەهێنن لەچەشنى زیندان و نەخۆشخانەى سیل. لەمشارەدا زۆرترین ڕێژەى قوتابى هەیە، کاتێکیش ئیمزایەکى بێشومار بۆکۆکردنەوەى زانکۆیەک کۆکرایەوە لەبرى زانکۆ و پەیمانگ و کتێبخانەو تاکە سەنتەرێکى ڕۆشنبیرى سەربەخۆ زیندانێکى گەورەیان بۆ دروستکردین!! و زانکۆکەشیان گوێزایەوە بۆجێگایەکى تر! وەک ئەوەى ئەم شارە بێدەنگە تاوانبارەکانى لەخوێندکارەکانى زیاتربن! بەوەزیرى ڕۆشنبیریمان وت قوربان بنکەیەک ناتوانێت خزمەت بەخەڵکى ئەم شارە بکات و لە ئاست خواست و داواکارى قەزایەکى واگەوردا نییه‌، لێ ئەوان پێیان وتین کارێکمان بۆئەکەن دواتر ئێمە تێدەگەین کە بەهەڵەداچووین و ئەوان ڕاستیان وتووە، کەچى ئەوەتانێ بنکەى ڕۆشنبیریەکەى ئەم شارە تەنیا کارمەندێکى هەیەو بنکەکەش خەریکە لە فەرامۆشیدا کەڕو ئەکات. لەبرى ئەوەى لاپاڵى شاخەکانى بکرێت بەپارکو گۆڕستانەکانى ببرێتە دەرەوەى شار، خەریکە لاپاڵەکانى هەموو ئەبێتە بەگۆڕستان و پارکێکیشیان بۆ دروستکردووە مەگەر بەتەکسى بۆى بچیت.

 

ئەم شارە تەنیا پەیکەرێکى تیابوو ڕویەکى هونەرى ئەمشار نیشان بداو وەک سمبوڵ ئەمشارەى پێدا بناسرێتەوە، لێ لەبرى ئەوەى وەزیرى شەهیدان خزەمەتى بنەماڵکەیانبکەن و ڕۆشنبیرى ئاورَێکى لێبداتەوەو  و پەروەردە بیکات بە لۆگۆى وەزارەتەکەىو قایمقام و سەرۆکى شارەوانى بیر لەدروستکردنى چەند پەیکەرێکى تربکەنەوە، وەزارەتى شەهیدانیش لەبرى ئەوەى شەهیدانەى ئەوان بۆدایکیان ببڕێتەوە، پەیکەرى ئەو دوومناڵەشەهیدەى پاشماوەى ئەنفالیان لەگۆشەیەکى نەبینراودا پەنهانکرد لەڕۆژێکى ساردى زستاندا لەقوتابخانە گەڕانەوە ڕێگاى ماڵەوەیان هەڵەکردوو بۆ شەوەکەى لەچۆڵەونییه‌کدا ڕەقبوونەوە. لەوەتەى من بیرم بێت سایەق و نەفەرى ئەمشارە بەدەست هەڵکەنراوى پرۆژەى جادەى تەواو نەکراوەوە ئەناڵێنێ و ئەڵێن کۆمپانیاکەى ڕایکرد، بەپێى پێویست کارى نەکرد....ئەوە باسى کێشەى زەوى و زار هەڵئەگرم بۆکاتێکى تر چۆن خەڵکى ئەوپەڕى کوردستانیان هێناوەو لێرە زەوییان پێداوەو حیزبەکان چ حەشرێکیان پێکردووە و خەڵکى ئێرەش چەنێکى لەچاوەڕوانى پارچە زەویەکدا خەو ئەبینێ و چى تریش کراوە بەزەوى ئەم شارە.

 

ساڵانێکى زۆر خەڵک دوعاى ئەکرد پرۆژەیەک بۆ چەمى چەقان بکرێت و ئەو دیمەنە ناشیرینەى شار بشارێتەوە، بەڵام ئێستا ئەویش بەپشتى کیسەڵ ئەڕوات بەڕیوە، تاڕۆژێک کارى تیادا ئەکرێت مانگێک ئەوەستێت. لەبرى ئەو هەموو نەوتە زۆرو زەوەندەى بەجادەکانى ئەمشارەدا ئەنێردرێتە دەرەوە، ئەو هەموو ڕێگا سنوریەى بەمشارەدا تێئەپەڕێت ئاوڕێکى خێرى لێبدرێتەوەو جێکەوتەى جوگرافیەکەى کەبۆ ئەو ئیدارە سەربەخۆیەگونجاوە و بۆناوچەکە دەرچووە و بۆ هەرچوار قەزاکە سەنتەرە، کەچى خەریکە ئەیکەن بەقوربانى بۆ پینەو پەڕۆکردنى قەزایەکى تر. ئاخر چى تانکەرە نەوت ئەڕوات شانبەشانى دوکەڵى خاشاک، تەپوتۆزەکەى ئەکات بەلوتى خەڵکى ئەم شارەدا، چى مەرزى سنورى دەڤەرى پێنجوێن و هەورامان و هەڵەبجەیە بەم قەزایەدا تێئەپەڕێ و تەنیا تەپ و تۆزەکەى بۆ خەڵکى ئەمشارەیە و تەنیا یەک ڕۆژ جادەى ئەم شارە نەبێت حکومەت داهاتى نەوت و گومرکى مەرزەکانى دەڤەرى هەورامان و پێنجوێنى لەکیس ئەچێت.

 

ئێستا کەتەپوتۆزى سەیارەى مەرزەکان و تانکەرەنەوت و دوکەڵى زبڵ هەڵدەمژێت لەگەڵ ئەوەشدا بۆ تەنیا ڕۆژێک ئەم شارە نەهاتووە جادەى سەرەکى ئەو ڕێگایە بگرێت لەپاى هەموو ئەوانەدا زیندانێکیان بۆ دروستکردوو بەرپرسێکى حکومیش سەبارەت بەوە ئەڵێت" شار بەزیندانەوە جوانە" وەک ئەوەى بەمەلەوانگەو پارک و پەیمانگ و سەیرانگاو زانکۆ و یاریگ و سەنتەرى ڕۆشنبیرى و دروستکردنى بیناى حکومى و کردنى بەسەنتەرى ئیدارەکەوە جوان نەبێت! ئاخر ئەوە سەمەرەنییه‌ هەرا لەشارەکانى تر ئەقەومێ و زیندانەکەى لێرە دروست ئەکەن! وەک تاکێکى ئەم شارە خەریکە وردە وردە دەگەمە ئەو باوەڕەى پێدەچێت حکومەت قەزاکەى ئێمە بکات بەشارێکى نموونەیی لە ناشیرینیدا و بمان کات بەمشکى تاقیگە بۆهەموو ئەو شتانەى لەشوێنانى تر جێیى نابێتەوە، یا بەیەکجارى بمانکات بە گۆڕستانێکى لەبیرکراو، ئاخر حکومەت چەنێک سیماى ئەمشارەى جوانکردووە تاکو دواجار بەزیندانەکەیدا بناسرێتەوە؟!

 

بەگوزەرکردن بەناو ئەم شارەدا تێدەگەیت کە ئەم شارەى لەپێناوى ڕاپەڕینەکانی و خزمەتى شۆڕشدا بەعس تاکە خانوویەکى بەپێوەنەهێشت و خاکو خۆڵەکەیش ڕاگوێزا، کەچى ئێستاش لە هەموو قەزاکانى ترو بگرە هەندێک ناحیەش ناشیرینترە. پێش ئەوەى کەسێکیش ئەو بڕە پارە خەیاڵیە تەرخانکراوەم بۆ بژمێرێ و وەڵامم بداتەوە کە وا نییه‌ با تەحەداى ئەوە بکات بەرپرسێکى حکومى گەورە بێنێ و پێکەوە سەیرێکى ئەم شارەبکەین. لەهەموو ئەمانەش سەمەرەتر لەبرى ئەوەى بکرێت بە سەنتەرى ئیدارەى ناوچەکە بە هۆى ناوەڕاستى هەر چوار قەزاکەوە خەریکە ئەخرێتە سەر ئیدارەى هەڵەبجە، ئێمە سەر بە ئیدارەى سلێمانى بووین حاڵمان جوانبوو جا وەرە سەر بەئیدارەى هەڵەبجە بین ئەوکات بمانبیننەوە چیمان لێبێت! بەڵام ئەبێت حکومەت ئیتر لەو ڕاستیە تێبگات چوار ڕۆژى تر هەڵبژاردنە و ئێمەش لەوکاتەدا هەموو ئەمانە ئەخەینە ڕوو بۆ خەڵکى شارەکە، ئەوکاتە ئەگەر گۆڕستانیش بێت ئەوا مردووەکانى ئەتوانن شتێک لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکە بگۆڕن، ئەڵبەت ئەگەر پێش ئەوە جامى سەبرى لێو ڕێژ نەبێ.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک