په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠١٤

شەڕە ئاڵا و خەونی یەکێتیی نەتەوەیی.


مەجید حەقی      

 
سەرەرای ئەوەی لە سەنگەرەکانی شەڕدا پێشمەرگەکانی کوردستان و گەریلا و شەڕڤانانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان لە پێناو پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤی و خاکی نیشتیمان و هەرێمی کوردستان دا گیانی خۆیان لەسەر دەستیان داناوە، لە میدیا و پرۆپاگەندەکان، شەقامەکاندا و مانۆورە سیاسیەکاندا مەودای نێوان کوردان زیاتر دەبێت و شەڕە پەرۆی نەوەدەکان لە خەریکە لە گەڵ شەڕە ئاڵا جێگۆرکی دەکات.


لە هەفتەی رابردوودا لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکانی کوردستان و چەند رێکخراوی مەدەنی کورد لە وڵاتی فینلاند، بڕیار درا خۆپێشاندانێکی هاوبەش بە بەشداری هەموو کوردانی نیشتەجێی فینلاند بە مەبەستی ڕاکشانی سەرنج و پشتگیری بیرورای گشتی فینلاند بۆ ئاوارەکانی هێرشی تیرۆریستەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگار و شوێنەکانی دیکەی کوردستان رێک بخرێت. هەموو لایەک هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە لە رێپێوانەکەدا هێمای هاوبەشی نەتەوایەتی واتە "ئاڵای کوردستان" وەک تەنیا بەهای هاوبەشی خۆپێشاندەران بێت.


لە هەمان کۆبوونەوەدا بڕیار درا چەند کەسێک لە گەڵ رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان گفتگۆ بکەن بۆ ئەوەی رێپێوانەکە هاوبەش بیت و کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان پێکەوە ئەو چالاکیە ئەنجام بدەن. یەکێک لە نیگەرانیەکانی کۆبوونەوە ئەوە بوو کە پەکەکە نەچێتە ژێر ئاڵای کوردستان و ئاڵای خۆیان بێنن. بۆ حیزبێکی ئایدیۆلۆژیک کە ناتوانێ خۆی لە گەڵ دەوروبەر بگونجێت و تەنیا داوای گونجانی لایەنەکانی دیکە لە گەڵ خۆیان دەکات ئەمە نەشتێکی سەیرە و نەش نامۆ. هەرچۆنێک بێت دوای باس و گفتگۆ و راوێژی بەشداران بڕیار درا تەنانەت ئەگەر ئەوان بە ئاڵای خۆشیان بێن، وا باشە خۆپێشاندانەکە هاوبەش بێت.
دوای گفتگۆ لە گەڵ پەکەکە و قبووڵ راگەیاندنی ئەوەی کە ئەوان "تەنیا بە سەمبۆل و ئاڵای خۆیانەوە"دێن بۆ رێپێوانەکە و بڵاو بوونەوەی بانگەشەی خۆپێشاندان، راست یەک رۆژ بەرلە رێپێوانەکە جگە لە یەک لایەن هەموو ئەندامانی دیکەی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکان بە بیانووی هاتنی پەکەکە بە ئاڵای خۆیەوە پاشکشەیان لە بەشداری لە خۆپێشاندانەکە کرد.


ئاڵای کوردستان کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند کراوە و لە لایەن نزیک بە هەموو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک ئاڵاو هێمای نەتەوایەتی دانی پێهێنراوە لە لایەن پەکەکە و حیزب و رێکخراوەکانی سەر بەو حیزبەوە. کوردستان وڵاتێکی پارچەپارچە کراوە کە تا ئێستا نەیتوانیوە لە سەر بنەماکانی هاوبەشی نەتەوایەتی بگاتە پێکهاتنێکی یەکگرتوو. ئاڵای کوردستانیش یەکێک لەو پرسانەیە. کە لە کاتێکدا پەسەند کراوە کە کێشە و ململانێی پەکەکە و حیزبەکانی باشووری کوردستان لە ئاستی هەرە بەرزی خۆیدا بوو و ئەو ئالایە لە لایەن پەکەکەوە وەک هێژمۆنی پارتێکی سیاسی دیاری کراو بەتایبەت پارتی دێموکراتی کوردستان دەبیندرێت و ئاڵای پەکەکەش لە لایەن حیزبەکانی دیکەوە بەهەق وەک سەرچاوەی هێژمۆنی خوازی پەکەکە دەبیندرێت.


زیاتر لە بیست وڵاتی عەرەبی کە هەموویان خۆیان سەربە نەتەوەی گەورەی عەرەب دەزانن خاوەنی چەندین ئاڵاو حکوومەتی تایبەت بەخۆیانن. بەوحالەش لە سەر ئاڵا و ئەوە کە کامەیان ئاڵای نەتەوەی عەرەبە کێشەیان نیە. پارادۆکسی بزاڤی کوردستان لەوەدایە کە لەلایەک دەلێت دەبێت لە گەڵ رەوشی سیاسی و هەلومەرجی ناوخۆیی وڵاتان و ناوچەدا خۆمان بگونجێنین و لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە حیزبەکان تەنیا ئاڵای پەسەندکراو لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە بە ئاڵای کوردستان دەزانن. ئەمەش هەمان هێژمۆنی خوازیەکە کە دوولایەنی پێوەندیدار بە ئالای کوردستان لە بەرامبەر یەکتر دادەنێت.


قبووڵ و دانپێنانی ئەوە کە کوردستان و تەنانەت هێمای نەتەوایەتی کورد لە بەشەکاندا و ناوهێنانی بەشەکان لە لایەن هێزە سیاسیەکانەوە لەوانەیە جیاواز بن، دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ دانپێنان بە فرەچەشنی و پلۆرالیزمی بۆچوون لە پێوەندی لە گەڵ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی و سیاسیەکانی کوردستان. بزاڤی کورد لە دانپێنان بەو جیاوازیە و پێکەوە بوونی ئەو ئالایانە قازانجی زیاتر دەکات تا شەڕە ئاڵایەک کە دەبێتە هۆی لەبەرامبەر یەکتر دانانی ریزەکانی گەلی کورد دژی یەکتر. مەرجی گەیشتن بە یەکیەتی نەتەوایەتی دانپێنان و قبووڵی جیاوازیەکانە. هەلومەرجی ناسکێک کە کوردستان لە هەموو پارچەکانی خۆیدا تێپەر دەکات ئەوە لە حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان دەخوازێت کە بەجیاتی دابەش بوون بە سەر بلۆکە جیاوازیەکانی سەر بنەمای بەرژەوەندی وڵاتانی داگیرکاری کوردستان و حکوومەتە تۆتالیتەرەکانی ناوچەدا ئەو فرەرەنگیە بکەنە هەوێنی دەوڵەمەندی سیاسی و کولتووری نەتەوایەتی بنەماکانی بەهاهاوبەشەکانی نەتەوایەتی پێک بێنن.

 

فینلاند
majid.hakki@gmail.com
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک