په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٧

شەرمە بۆ حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا.

شەماڵ عادل سەلیم  


حكومەتی هەرێمی كوردستان سەلماندی کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و چارەسەری مووچەی فەرمانبەران و (خانەنشین) کراوان وخەڵکی خێرلەخۆنەدیوی هەرێمی بەتەمای خودا نییە. من لێرە باسی کێشەو چۆنیەتی کارکردن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکەم، چونکە زۆرم گوت، بەڵام پیاوە پۆشتە و پەرداخەکانی حکومەت کەڕن و نابیستن، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە زۆر بە کورتی وەک پەیامێک بیگەینم ئەوەیە:


دوێنێ لێکۆڵەرەوە و شاعیر و وەرگێری بەتوانا مامۆستا و مرۆڤ پەروەر (جەلال زەنگەبادی) کە لەخانەوادەیەکی دیاروشۆرشگێرو گیانفیدای کوردستانە، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتی لە فەیسبووک پۆستێکی بە زمانی عەربی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێ: (بەناچاری کتابەکانم لەپێناو دابین کردنی خەرجی داودەرمان و بژێوی رۆژانەم بە هەرزان دەفرۆشم؟ هەروەک دەزانن من خۆم مامۆستای خانەنشین کراوم و خاوەنی خێزانێکی گەورەم).


لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵێم ، کە مامۆستا (جەلال زەنگەبادی) لە سەردەمی بەعسی فاشیدا، خانوەکەی تێکدراو خۆیشی دەربەدەر بوو وەک هەزارەها خەڵکی مەردوو بەرهەڵستکاری ریژێمی بەعسی فاشی، (زەنگەبادی) مەردانە هەمیشە بە قەڵەمەکەی، بەزانستەکەی، بە هزر و بۆچوون و هەڵوێستە پاکەکەی، لە خزمەتی کورد و کوردستان و مرۆڤایەتی و دەرخستنی راستیەکان بووە، ئاخر کەس هەیە مامۆستا (زەنگەبادی) نەناسێ و شاکارێکی نەخوێندبێتەوە؟


بەراستی شەرمە بۆ حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا توانای تێپەڕاندنی قەیرانی دارای‌و چارەسەری مووچەی فەرمانبەران‌و بە ئەنجام گەیاندنی پرسی چاكسازی نەبێت و لە سێبەری کابینە فاشیلەکەی رۆشەنبیران و مامۆستایانی هێژمان (سەروەت و سامانی چەند ساڵەیان کە کتابە) بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان هەراچ بکەن، لەوکاتەی (موستەشارو و بەعسی و چاوساغەکانی سەردەمی سەددام، کە کوردستانیان لە خەڵکی بەشەرەف و تێکۆشەرو کورد پەروەر کردبووە دۆزەخی سەرزەمین، ئەمرۆ ژیانێکی شاهانە لەڤیلا و قەسرو کۆشک و تەلارەکانیان بەسەر دەبەن و کوردایەتیشمان پێ دەفرۆشن.


ئەوەیە ئەوکوردستانەی کە بۆ ئازدبوونی هەزارەها ڕۆلەی بەئەمەک و دلسۆزی وەک (زەنگەبادی) گیانیان، گەنجایەتیان، سەروماڵ وسەروەتیان کردە قوربانی و پر بەقورگیان هاواریان دەکردو دەیانگووت (کوردستانە جێی شێرانە دەبێ سەرکەوێ)؟

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک