په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

           شێتبوونێک له‌ ده‌رگام ئه‌دا .  
 

 

 بەرزان هەستیار


نا ئومێدیی ئەوەیە ،....
گۆرانییەک بیت و
ڕێبوارێک ، تەنها لە ترسی بێدەنگیی نێو گۆڕستانێک بیچڕێت ؛
زەلیلیی ئەوەیە ،.....
دەستت نەچێتە خوێنی خۆت
کە ، سوور بزانیت ،.....
هەموو دەروازەکانی ڕەشەبات لێ کەوتوونەتە سەر پشت و
تۆش ، دەست بەتاڵ !
بەدبەختیی ئەوەیە ،....
بە مەستیی لە دەرگای "یار " بدەیت و
نەویش عەیامێک بێت....
بێ ئەوەی ئەدرێسێک جێ بێڵێت
ئەسپی شێتی فڕاندبێتی و
تۆش ، بێ ئاگا ؛
کەفتەکاریی ئەوەیە ،.....
هێلینی دڵ پڕ بێت لەباڵندەی سرکی"پرسیار" و
نە خواوەند و نە شەیتان و
نە ، یار و ئەغیاریش.....
چنگێ گەنمی "وەڵام "یان بۆ ڕۆ نەکەن ؛
نائومێد و زەلییلم ، من ،
بەدبەخت و کەفتەکارم ، ئەز
    
 * * * * * *
بێ لانەیی ئەوەیە ،
نیشتیمانێکی پان و بەرینت هەبێت و
گۆشەیەکی خاوێن شک نەبەیت
دوو ڕکات نوێژی شەهیدی تیا دابەستیت !
دڵتەنگیی ئەوەیە ،
شەوێک لە ناکاو شیعر لە ُپڕووشە بکەوێت و
لۆکەی چ نەغمەیەکیش بە هاوارتەوە نەیەت
لایەک لە ڕۆحی سەرما بردووت داپۆشێت ؛
نا بەڵەدیی ئەوەیە ،
بۆ دۆزینەوەی " خۆت " ،.....
پەنا بۆ گۆشە نسرمەکانی " دڵ " بەریت ؛
خانە خەرابیی ئەوەیە ،
مەرگی گوڵێک هەراسانت بکات و
نەتوانیت لە پرسەکەشیدا ئامادە بیت ؛
بێ لانە و دڵ تەنگم ، ئەز ؛
نا بەڵەد و خانە خەرابم ، من

 

 

یانوەری 2008                                 
کۆلن                                    
bhastiar@yahoo.de