![]()
|
شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر. (بیره‌وه‌ری)
کازم قادر ئه‌م که‌شتییه به که‌نار ناگات..نائهم سه‌وڵه به‌رگه‌ی ئه‌م ته‌قه‌لایه ناگرێت...ناکهنگێ زه مین بوو به زهریاوزهریا ..که‌نگێ هێنده ڕه‌زا تاڵ بووئهوێ ڕۆژێ باوه‌ڕێک به که‌نار نه‌بوو..ناکه‌س زه‌ریای خۆشنهدهویست..که‌س...
پێشه‌کی
شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر گێڕانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی تاڵی سه‌فه‌رێکه، که به هه‌زاران مرۆڤی کۆمه‌ڵگای عێر‌اق و کوردستان ده‌ردو ئازار‌و مه‌ینه‌تییه‌کانی بینیوه‌و چه‌شتووه.سه‌فه‌ر سه‌رزه‌مین و پانتاییه‌ک بوو له دوو توێی خۆیدا هه‌ڵگری تراژیدیای گه‌وره بوو.بۆ سه‌دان له‌و کۆچبه‌رانه‌ی ڕێگای دڕکاوی و سه‌ختییه‌کانی سه‌فه‌ریان گرته‌به‌ر،به قیمه‌تی گیان و له ده‌ستدانی ژیانیان ته‌واو بوو،بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ش که ڕێکه‌وتی مه‌رگیان نه‌کرد،وه‌کو بیره‌وه‌رییه‌کی تاڵ و پڕژان له زه‌ین و یاده‌وه‌رییاندا ده‌مێنێته‌وه‌و له‌وانه‌یه زه‌مه‌نێکی زۆری بوێت تاکو بتوانن ئاسه‌واره خراپه‌کانی له بیر به‌رنه‌وه. من لێره‌دا نه‌مویستووه هۆکاره‌کانی سه‌فه‌ر بنووسمه‌وه،به‌ڵکو هه‌وڵمداوه گۆشه‌یه‌کی بچووکی سه‌فه‌ر به پێی هه‌ست کردن و دیتن و ژان و هه‌ڵچوونه‌کانی خۆم و ئه‌و ڕووداو‌و پێشهات و سه‌ختیانه‌ی که بینیومه‌و هه‌ستم پێکردووه بنووسمه‌وه. سه‌فه‌ر ئه‌و دوورگه‌و سه‌رزه‌مینه شاراوه‌و پڕ نهێنی و ئاڵۆز‌و جه‌نجاڵ و کاره‌ساتباره‌یه،زۆر که‌م یان ده‌توانم بڵێم هیچی له باره‌وه نه‌نووسراوه،که به ڕای من دیسان ئه‌و دوورگه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه سه‌دان و هه‌زاران بابه‌ت و چیرۆک و ڕۆمان و نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێ و جێی خۆیه‌تی بنووسرێته‌وه‌و کۆمه‌ڵگا حه‌حیقه‌ته تاڵه‌کانی بزانێت. ده‌بێت تێبگه‌ین و بزانین سه‌فه‌ر چی بوو چۆن و به کوێدا سه‌فه‌رمانکرد! مه‌رگ و ژیانه‌کانی ..شادی و پێکه‌نین و گریانه‌کانی..ئازار‌و نامۆیی و گرتن و لێدان و سوکایه‌تی و زیندانه‌کانی..خه‌وو خواردن و هاوارو بێمافییه‌کانی... سه‌فه‌ر بۆ من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به نامۆیی ده‌ستی پێ‌کرد! هه‌نگاو هه‌نگاو نامۆیی ده‌بووه فه‌زای خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و ڕامانه‌کانی من.له یه‌که‌مین چرکه‌ی سه‌رکه‌وتنه ناو سه‌یاره‌و یه‌که‌م هه‌نگاو،نامۆیی ده‌ست پێده‌کات. له سه‌ر ده‌ست و قاچی یه‌کتر داده‌نیشی و له هیچ حاڵه‌تێکی ئاسایی‌دا له وه‌ها شوێنێکدا دانانیشیت.به ڕێگای سه‌خت و تاقه‌ت پروکێندا ده‌ڕۆیت و تووشی هه‌ناسه سواری و مردن ده‌بیت،نانێک ده‌خۆیت به ئاره‌زووی خۆت بۆت نه‌هاتووه،له جێگایه‌کدا ده‌خه‌ویت نه جێگای خه‌وه‌و نه به ویستی خۆت هه‌ڵتبژاردووه،ڕێگاکان پڕن له ڕه‌نج و سته‌م و مه‌رگ و له ناو چوون.قاچاخچی قسه‌ی ناشیرین و جوێن ده‌دات..پۆلیس ده‌تگرێت و سوکایه‌تی و لێدان و زیندانیت ده‌کات..پیس و خۆڵاویی و غه‌مگینیت.. پاره‌و خواردن و جگه‌رت لێده‌بڕێت و پڕ ده‌بیت له خۆزگه‌و حه‌سره‌ت و ئاره‌زووه‌کانت..وه ده‌یان و سه‌دان کار‌و کرده‌وه‌ی شاراوه‌و نهێنیترکه مه‌گه‌ر تاک به تاکی کۆچبه‌ران خۆیان بدوێنی و بێنه ئاخاوتن و ڕاستگۆیانه حیکایه‌ته‌کانی خۆیان بگێڕنه‌وه!! من له سه‌فه‌ردا به داخ و سته‌م و ئه‌ندێشه‌یه‌کی پڕژان و ژاردا سه‌فه‌رم کرد‌و تێپه‌ڕیم."شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر" گۆشه‌یه‌کی بچووکی ئه‌و ڕه‌سمه‌یه له بێقه‌راری و هاوارو سته‌مێک که من هه‌ستم پێده‌کردو ده‌مچه‌شت و ژانی پێده‌کردم.ژانی خۆم و ئه‌و مرۆڤگه‌له‌ی له په‌نا ده‌ستمدا بوون و ئازار‌و سه‌ختی و موعانات و گریانه‌کانیانم بینیوه! ژانی ئه‌وه‌ی بۆچی ئه‌م دنیا‌و سیسته‌مه ئاوایه‌و مرۆڤه‌کان هێنده بێبایه‌خ و سووک و بێ‌ماف ئازادی و ژیان کراون؟ شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر،زۆرجار من ده‌گێڕێته‌وه بۆ ڕابردوو.. لێره‌دا ئێستا‌و دوێنێی من ئاوێته‌و موتوربه‌ی یه‌کتر ده‌بن و پێکه‌وه سه‌فه‌رو شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر ده‌نووسنه‌وه‌و ڕه‌نگ ڕێژیی ده‌کات. له شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ردا من- ئێمه شووبهێنراوه به شه‌واره‌ی باڵنده‌و سوێسک و ئاسکه‌کان! شه‌واره‌ی ئه‌و باڵنده‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی ڕاوم ده‌کردن و شه‌واره‌و کوێرم ده‌کردن و ده‌مگرتن!!!
تێبینی: شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر،ئایاری 2003 نووسیومه،سه‌ره‌تا ویستم وه‌کو کتێبێک چاپ و بڵاوی به‌که‌مه‌وه،به‌ڵام تاکو ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ نه‌ڕه‌خسا،له به‌ر ئه‌وه بڕیارمدا به زنجیره بڵاوی بکه‌مه‌وه‌و دواتر ئه‌گه‌ر توانیم ،جارێکی‌تر وه‌کو کتێبێک بڵاوی بکه‌مه‌وه.
- به‌شی یه‌که‌م -
ئێواره‌ی یه‌کی حه‌وتی 2002 بوو،هه‌موومان که نزیکه‌ی 30 که‌س ده‌بووین له ماڵێکدا بووین له سلێمانی،هه‌موومان خۆمان ئاماده کردبوو چاوه‌رێی سه‌یاره‌کانمان ده‌کرد.سعات یانزه‌ی شه‌و بوو سه‌یاره‌کان هاتنه به‌رده‌م ماڵه‌که‌و هه‌موومان به په‌له سه‌ر که‌وتین و له سه‌ر ده‌ست و قاجی یه‌کتر دانیشتین.
هه‌ر ئه‌و کاته‌ی چوومه نێو سه‌یاره‌که‌وه به ده‌ستی خۆم نه‌بوو،هه‌ستم به نامۆییه‌کی تاڵ و کووشنده ده‌کرد.ئازاریکی قووڵ له ناخه‌وه ده‌یهه‌ژاندم و ڕۆحم هاوارێکی سه‌یری ده‌کرد!له‌وانه بوو تا ئه‌و کاته وه‌ها هه‌ستێکم نه‌بووبێت،هه‌ستی ئازارێک بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که هه‌مه‌و به جێیدێڵم و بۆ هه‌موو ئه‌و پێشهات و نادیارانه‌ی له پێشمدایه‌و به‌ره‌و ڕوویان ده‌ڕۆم.
هه‌ستم ده‌کرد بۆ جێگایه‌کی نادیار ده‌ڕۆم و هه‌رچییه‌کیشم هه‌یه لێم به جێ‌ما.هه‌ستی ئه‌وه‌ی"شته‌کانم"لێبه‌جێما داخی ده‌کردم!مرۆڤ هه‌میشه بڕێک شتی هه‌یه که له دنیای خۆیدا جوان و شیرین و پڕ بایه‌خن و خۆشی ده‌وێن بۆ منیش هه‌روابوو،هه‌ستم وابوو هه‌موو ئه‌و شته جوان و شیرین و فه‌نتازییانه‌ی دنیای من پێکده‌هێنن،به جێ‌مان و له ده‌ستم چوون.
مرۆڤ ئه‌گه‌ر به ئاره‌زوو خواستی خۆی سه‌فه‌ر بکات واته هیچ شتێک ناچار به سه‌فه‌ر کردنی نه‌کردبێت،ده‌کرێت چێژوخۆشییه‌کی زۆر ببینێ و هه‌ست پێ‌بکات.به‌ڵام ئه‌م جۆره سه‌فه‌رانه له شێوه‌ی سه‌فه‌ر کردنی پاڵه‌وانی ئه‌و داستان و چیرۆکه ئه‌فسانه‌ییانه ده‌چێت،که له ڕێگادا پاڵه‌وانه‌کانی ڕووبه‌ڕوی ده‌یان په‌رژینی دێ‌و و درنجو ده‌عبای ئه‌فسانه‌یی ده‌بنه‌وه‌و هه‌میشه له به‌رامبه‌ر ململانێیه‌کی توند‌و دژواری مه‌رگ و ژیاندان...
ئه‌و شه‌وه تاکو به‌یانی به ڕێگاوه بووین،له نێو سه‌یاره‌که‌دا جێگه‌مان ته‌نگ و دژوار بوو،له به‌ر ته‌نگی شوێنه‌کانمان هه‌میشه شه‌ڕو نیوه شه‌ڕ له نێو نه‌فه‌ره‌کاندا دروست ده‌بوو،هه‌میشه قاچ و جه‌سته‌مان سڕ‌و شه‌که‌ت بوو پێش هه‌ڵهاتنی ڕۆژ گه‌یشتینه سه‌ر سنووری ئێران،له دامێنی شاخێکی به‌رزدا دابه‌زین و چاوه‌ڕوانی ڕێبه‌ره ئێرانییه‌کانمان ده‌کرد.ئه‌گه‌رچی هاوین بوو به‌ڵام ئه‌و به‌یانییه شنه‌بایه‌کی خۆش و فێنکی کوێستانی ده‌هات،خۆریش هێدی هێدی هه‌ڵده‌هات و دنیای ڕووناک ده‌کرده‌وه،به‌ڵام هه‌ڵهاتنی ڕۆژ هیچ مانا‌و ئومێدێکی نوێی به دڵ و ده‌رونی من نه‌ده‌به‌خشی.هه‌ڵهاتنی ڕۆژ له زه‌ین و ئه‌ندێشه‌ی مندا ،له ڕۆخساری ئیواره‌یه‌کی پڕ خه‌م ده‌چوو که ڕێبوارانی وه‌ک له بیابانێکی سارد‌و ڕچیوی به‌ر باو بۆران و زریاندابن و له حه‌ژمه‌تدا سه‌ریان خستبێته نێو باوه‌شیان..من ئاوام ده‌بینی و پێم وابوو تابلۆیه‌کی ئاواهییه.
پاش سعاتێک ڕێبه‌ره ئێرانییه‌کان به دوو سه‌یاره‌وه گه‌یشتنه لامان.ئێمه بیست‌ونۆ نه‌فه‌ر بووین،هه‌ر نیوه‌یه‌کمان چووینه نێو یه‌کێک له سه‌یاره‌کانه‌وه‌و به ڕێکه‌وتین.سه‌یاره‌کان به ڕێگایه‌کی هه‌ره سه‌خت و هه‌ورازو نشێودا ده‌ڕۆیشتن،له هه‌ر وه‌رگه‌ڕانێکدا ئه‌گه‌ری مردنی هه‌موومانی تێدا بوو.له ڕاستیدا ئه‌وه ڕێگای سه‌یاره نه‌بوو ئێمه پێیدا ده‌ڕۆیشتین، به‌ڵکو بۆ ئاسکو بزنه کێوییه‌کان باش بوو پێیدا هه‌ڵزنێن نه‌ک بۆ سه‌یاره.
هه‌روه‌ها شۆفێری ئێرانی زۆر نه‌ترس و چاوقایمن له لێخوڕینی سه‌یاه‌ردا، ئه‌وان کاتێک سه‌یاره‌یان لێده‌خوڕی به شێوه‌یه‌ک ده‌بینران که هه‌ست به مه‌ترسی مه‌رگ نه‌که‌ن،ئیتر باکیان له‌وه نه‌بوو ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵیاندان زراویان بچێت.
سێ تا چوار سعات به ڕێگاوه بووین تاکو گه‌یشتینه نزیک شاری بانه، له‌وێ مه‌ودایه‌ک دوور له شاره‌وه له نێو دارستانێکدا دامانیان به‌زاندو سه‌یاره‌کان ڕۆیشتن.هه‌موومان شه‌که‌ت و ماندوو خۆڵاوی وه‌ک سیما‌و دیارده‌یه‌کی تاڵ،هه‌ر چه‌ند که‌س و له پال دارێکدا ڕاکشابووین و که‌س نه‌یده‌زانی بیر له چی ده‌که‌ینه‌وه یه‌کێک له ئێرانییه‌کان له گه‌ڵمان مابوه‌وه حه‌زم کرد چه‌ند پرسیارێکی لێبکه‌م،دوای بڕێک قسه‌وباس گوتم:ئایا دڵتان به خاته‌می خۆشه‌و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که دای،هیچیانی جێبه‌جێکرد؟ئه‌گه‌ر چی حه‌زی به‌م پرسیار‌و باسه نه‌بوو،به‌ڵام گوتی پێشتر دڵمان پێی خۆش بوو،که‌چی هه‌موو قسه‌و به‌ڵێنه‌کانی به درۆ ده‌رچوو،بۆیه ئێستا ئه‌ویش" ئه‌رزشێکی" نه‌ماوه.
نیوه‌ڕۆ هه‌ندێک نان و ته‌ماته‌یان بۆمان هێناو خواردمان،هه‌موومان حه‌زمان له چا ده‌کرد،له‌وانه بوو من له هه‌موویان زیاتر تامه‌زرۆ بووبێتم، داوای چامان له‌و براده‌ره کرد گوتمان به‌ڵکو چامان بۆ بێنیت،ئه‌ویش گوتی دوایی..دواییش هه‌ر نه‌یهێنا.
که شه‌و داهات دوو "مێکزه‌مینیان" هێناو گوتیان سه‌رکه‌ون،هه‌ر هێنده‌مان لێ‌خۆش بوو سه‌رکه‌وتین،هه‌ر وه‌ک به ئاسماندا بفڕین وابوو،کوڕی ئازا ئه‌و که‌سه بوو خۆی بگرێ و با نه‌یبات.یاخود فرته نه‌کاته ده‌ره‌وه‌و هه‌لا هه‌لا ببێت.به شێوه‌یه‌ک لێده‌خوڕین وه‌کو ئه‌وه وابوو هه‌رچی پاسدار‌و ئیتلاعات و ئاخوندی ئیسلامی هه‌یه به دوامانه‌وه‌بن.له به‌ر ته‌پوتۆزو گه‌رده‌لوول چاومان نووقاندبوو هیچمان نه‌ده‌بینی،سه‌یاره‌کان پێش و پاشی یه‌کتر ده‌ڕۆیشتن،ئه‌وه‌ی پێشه‌وه ئاسایی پێشی خۆی ده‌بینی،به‌ڵام ئه‌وه‌ی دواوه به هیچ شێوه‌یه‌ک پێشی خۆی نه‌ده‌بینی و که‌چی به هه‌مان خێرایی ئه‌وه‌ی پێشوو لێیده‌خوڕی،من سه‌رم سڕ ده‌ما که چۆن وه‌رنه‌ده‌گه‌ڕا! ترس و نیگه‌رانی وه‌رگه‌ڕانی سه‌یاره‌کان بۆ یه‌ک چرکه له مێشکمان ده‌رنه‌ده‌چوو،به ڕاستی ئه‌و ترس و نیگه‌رانییه هه‌رگیز به نووسین وه‌سف ناکرێت،مه‌گه‌ر مرۆڤ به چاوی خۆی ببینێت چ ڕوو ده‌دات.
ئه‌و شه‌وه دوای ئه‌وه که به نێو شاری بانه‌دا تێپه‌رین و له شار ده‌رچووین،پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه پرسگه‌ی ده‌رچوونی شار،دامانیان به‌زاندو به پێ به قه‌د پاڵ و شاخێکدا پرسگه‌که‌مان تێپه‌ڕاندو که‌وتینه ئه‌و دیوی پرسگه‌که.له‌وێ به که‌ناری جاده‌که‌وه دانیشتبووین و چاوه‌ڕوانی سه‌یاره‌کانمان ده‌کرد.ماوه‌یه‌کی زۆر چاوه‌ڕێمان کرد هه‌ر نه‌هاتن،دواجار دوای سێ سعات چه‌ند سه‌یاره‌ی تریان هێناو هه‌ر جاره‌ی چوار پێنج که‌سیان سه‌ر ده‌خست و ده‌یانبردن له شوێنێکی‌تر دایانده‌نان.گۆڕینی سه‌یاره‌کان له به‌ر ئه‌وه بوو سه‌یاره‌کانی خۆمان ئاشکرا نه‌بن یاخود گومان نه‌که‌وێته سه‌ریان.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌موومانیان گواسته‌وه گوتیان ئه‌م شه‌و ده‌بێت لێره بمێننه‌وه چوونکه لێره ناتوانین به شه‌و ڕێبکه‌ین.دۆڵ و قامیشه‌ڵانێکیان پێمان نیشاندا گوتیان شه‌و له‌وێدا بخه‌ون.ئه‌گه‌رچی هاوین بوو به‌ڵام هێنده سارد بوو خه‌ومان لێنه‌ده‌که‌وت.
هه‌ر چۆنێک بوو ڕۆژمان لێبوه‌وه‌و ڕێبه‌ره‌کان هاتنه‌وه،سه‌رکه‌وتین و دیسان مێکزه‌مین باڵی گرته‌وه‌و فڕی،ئه‌م جاره به جاده‌ی قیرتاودا ده‌ڕۆیشت،شۆفێره‌کان هێنده شێت و سه‌رسه‌خت بوون له پێچه‌کانیشدا هێواشیان نه‌ده‌کرده‌وه.نازانم چه‌ند ڕێمان کردبوو گوتیان "گه‌شت" به دوامانه‌وه‌یه."گه‌شت" ئه‌و ده‌سته‌و گروپه چه‌کدارانه‌یه که به دوای شتی یاساخ و نایاساییدا"ده‌گه‌ڕین.
ئه‌م جاره به جاده‌یه‌کی خۆڵ و زیخه‌ڵاندا لایاندایه‌وه‌و فڕین،ڕێبه‌ره‌کان وریا‌و شاره‌زا بوون،هه‌ر له دووره‌وه گه‌شت و که‌مینه‌کانیان ده‌بینی و به لایه‌کیترداده‌ڕۆیشتن.ئه‌و ڕۆژه چه‌ندجار تووشی ئه‌و گه‌شتانه بووین،به‌ڵام ده‌رباز ده‌بووین.که‌م جار بۆماوه‌یه‌کی کورت به جاده‌ی قیرتاودا ده‌ڕۆیشتین،هه‌میشه به جاده‌کانی خۆڵدا ده‌ڕۆیشتین،هه‌ڵبه‌ته به دوورترین و سه‌ختترین ڕێگادا،ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه بوو ئه‌گه‌ری گرتنمان که‌متر ده‌بوو.ئه‌و جاده خۆلانه زۆر شه‌که‌تمانی ده‌کرد،هه‌مووی شاخ و هه‌ورازو نشێوی سه‌خت بوو،ده‌چووینه ئاسمان و ده‌هاتینه خواره‌وه.سه‌یاره‌کان به خێراییه‌کی مه‌ترسیدار ده‌ڕۆێشتن،مه‌گه‌ر شوێنێک هه‌ر زۆر سه‌ختایی بوایه‌که‌مێک هێواشیان بکردایه‌ته‌وه،ئه‌گینا له شوێنه‌کانیتردا بازیان پێده‌دا.سه‌عات چواری پاش نیوه‌ڕۆ بوو گه‌یشتینه لای چه‌ند ماڵی کۆچه‌ری که ئاژه‌ڵیان به خێو ده‌کرد،له‌وێ که‌مێک وه‌ستاین،ڕێبه‌ره‌کان پرسیاریان له خاوه‌ن ماڵه‌کان کرد که ئایا ئه‌مڕۆ گه‌شت به‌م ناوه‌دا هاتووه یان نا؟ ئه‌وان گوتیان ئه‌مڕۆ هیچمان نه‌بینیوه.ئێمه‌ش چه‌ند که‌س له سه‌یاره‌کانه‌وه ملمان هێنابووه ده‌ره‌وه‌و سه‌یرمان ده‌کرد،چوونکه ده‌بوایه هه‌میشه له ناوسه‌یاره‌کاندا خۆمان مات بکردایه،تاکو به هه‌ر شوێنێکدا ڕۆیشتین که‌س نه‌مانبینێت،ئه‌وه‌ش دۆخێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمه‌و ماندووی ده‌کردین.
له‌وێدا بووین له دووره‌وه سه‌یاره‌یه‌کیان بینی و گوتیان ئه‌وه گه‌شته‌و بۆ ئێره دێت.ڕیبه‌ره‌کان به یه‌کێک له خاوه‌ن ماڵه‌که‌یان گوت ده‌کرێت ئه‌م نه‌فه‌رانه دابه‌زن و ماوه‌یه‌ک لێره خۆیان حه‌شاربده‌ن،تاکو بزانین ئه‌و سه‌یاره‌یه چییه؟خاوه‌ن ماڵه‌که‌ش گوتی با دابه‌زن،ئه‌وه بوو هه‌موومان دابه‌زین و به‌ره‌و ناو ماڵه‌کان ڕۆیستین،که دابه‌زین خاوه‌ن ماڵه‌کان سه‌یریان لێهات که ئه‌و هه‌موو نه‌فه‌ره له کوێدا بوون؟خه‌ریک بوو په‌شیمان ببنه‌وه‌و نه‌هێلن بچینه ماڵه‌کانیانه‌وه،دوایی شوێنێکیان پێمان نیشاندا‌و گوتیان بچنه ئه‌وێوه..ئه‌وێ گه‌وڕو به‌هاربه‌نی ئاژه‌ڵه‌کانیان بوو.
نیو سعات له‌وێ ماینه‌وه دوایی که زانیمان مه‌ترسییه‌ک له گۆڕێ نییه دیسان به ڕێکه‌وتین.
ئه‌و ڕۆژه چه‌ند جاریتریش له چۆڵه‌وانیدا دامانیان ده‌به‌زاندو سعات و دوو سعات ده‌ماینه‌وه،زۆر جار ئاومان لێده‌بڕاو تینوێتی په‌رێشانمانی ده‌کرد.
سعات یانزه‌ی شه‌و گه‌یشتینه ڕه‌زایه،هه‌موومان بڕستمان لێ‌بڕابوو هه‌موو گیانمان ببووه تۆزوخۆڵ..ڕۆخسارمان ده‌ردی لێده‌چۆڕا.
دوای سێ ڕۆژ مانه‌وه‌مان له ڕه‌زایه،جارێکی‌تر به سه‌یاره به‌ره‌و گوندی 'مه‌لحه‌م' که پیم وابێت ده‌کاته دوا گوندی سنوری ئێران-تورکیا به‌ڕێکه‌وتین.دۆخی ئه‌م جاره‌مان له‌وه‌ی پێشوو خراپتر بوو،زۆر شێتانه سه‌یاره‌کانیان لێده‌خوڕی،من ده‌مگوت ئه‌گه‌ر به‌زه‌ییان به ئیمه‌دا نایه‌ته‌وه با به‌زییان به سه‌یاره‌کانی خۆیاندا بێته‌وه! پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه ناو گونده‌که‌وه جارێکی‌تر دامانیان به‌زاندو گوتیان ماوه‌یه‌ک لێره چاوه‌ڕی بکه‌ن دواتر ده‌چینه ناو گونده‌که‌وه،هه‌ڵبه‌ته ڕێبه‌ره‌کان ڕۆیشتن و ئێمه هه‌ر خۆمان ماینه‌وه.ئێمه‌ش که‌مێک له ڕێگاکه دوور که‌وتینه‌وه‌و به قه‌دپاڵ و به‌رده‌ڵانێکه‌وه دانیشتین.ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕیبوو چه‌کدارێکی ڕانکوچۆ‌غه له به‌رمان بینی به‌ره‌و لای ئێمه‌دێت و یه‌کێکیتریشی له گه‌ڵدایه.له خواره‌وه له سه‌ر ڕێگاکه دانیشت و بانگی لێمان کرد بچین بۆ لای!چه‌ند که‌س ڕۆیشتین..سڵاو.. گوتمان چیتان ده‌وێت؟ چه‌کداره‌که گوتی من گه‌ریلای" پ ک ک"..و پاره‌م لێتان ده‌وێت!! گوتمان پاره‌ی چی و بۆچی پاره به تۆ بده‌ین؟گوتی ئێوه بۆ هه‌نده‌ران ده‌رۆن و هه‌ر که‌سێکیش به‌م "مه‌مله‌که‌ته‌ی" ئێمه‌دا تێپه‌ڕێت و پێ‌بزانین،ئه‌وا ئێمه حه‌قی خۆمانی لێوه‌رده‌گرین!سه‌یر بوو داوای"حه‌قی" خۆی له ئێمه ده‌کرد! ئێمه گوتمان خۆ ئێمه بازرگان نین تاکو باج و خه‌راجمان لێوه‌ربگریت؟به‌ڵام ئه‌و ده‌یگوت من ئه‌و قسانه نازانم و نابیستم من حه‌قی خۆمم گه‌ره‌که.من نه‌مده‌زانی ئه‌و چ حه‌قێکی لای ئێمه‌یه.هه‌ر یه‌کێک له ئێمه دنیایه‌ک پاره‌ی قه‌رز کردبوو که‌چیئه‌ویش دزی و جه‌رده‌یی ده‌کردو ئێمه‌ی ڕووت ده‌کرده‌وه.
ماوه‌یه‌کی زۆر ملمان به داواکه‌ی نه‌داو ده‌مانگوت پاره‌مان پێنییه،به‌ڵام هیچ سودێکی نه‌بوو..ئه‌و ده‌یگوت بڕۆن په‌یدای بکه‌ن،چوار مشقی له سه‌ر زه‌وییه‌که دانیشتبوو تفه‌نگه‌که‌ی خستبووه باوه‌شی و ده‌یگوت منتان بینیوه چۆن دانیشتووم؟ هیچ کارێکم نییه..یه‌ک هه‌فته..یه‌ک هه‌یڤ ئاوا داده‌نیشم تاکو پاره پیدا ده‌که‌ن..! ڕاستیشی ده‌کرد ئه‌و جۆره دانیشتنه ئه‌و لێی دانیشتبوو،ده‌یتوانی یه‌ک ساڵیش چاوه‌ڕوانمان بکات تاکو پاره‌ی بۆ په‌یدا ده‌که‌ین.
پاشان گوتمان وه‌ره بمان پشکنه ئه‌گه‌ر پاره‌ت پێمان گرت هه‌مووی به‌ره بۆ خۆت..ئه‌و ده‌یگوت کاری ئاوا ناکه‌م..دوایی ده‌ڕۆن و ده‌ڵێن گه‌ریلاکانی "پ ک ک" ڕووتمانی کردۆته‌وه..واته ئه‌گه‌ر ئه‌و ترسه‌ی نه‌بوایه ئه‌و کاره‌شی ده‌کرد.له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان به زۆر ستاندن و دانیشتن به دیارته‌وه تاکو پاره‌ی بۆ په‌یدا ده‌که‌یت نه‌بوو.
دوایی که زانیمان ئاسنی سارد ده‌کوتین که‌وتینه مامه‌ڵه‌وه !گوتمان چه‌ند پاره‌ت ده‌وێت ؟گوتی هه‌ر یه‌ک بیست دۆلار بده‌ن..داوای دۆلاریشی ده‌کرد نه‌ک تمه‌ن و لیره !
گوتمان ئه‌و پاره‌یه زۆره‌و نا‌توانیین بیده‌ین..ئه‌و ده‌یگوت ئێوه بۆ هه‌نده‌ران ده‌ڕۆن بیست دۆلار چ بایه‌خێکی هه‌یه..!ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ش زۆری خایاند..دوو سه‌د دۆلارمان کۆکرده‌وه‌و گوتمان هه‌ر هێنده‌مان هه‌یه..وه‌ری گرت و لوولی کرد‌و خستیه باخه‌لێوه...
پانزه خوله‌کمان مابوو بۆ گونده‌که،سه‌یاره‌کی جۆری پیکابیان هێناو گوتیان سه‌رکه‌ون،که‌س ناپرسێت جێگه‌مان نابێته‌وه‌و چۆن سه‌رکه‌وین؟ سه‌یر دێته پێش چاو که زیاتر له سی که‌س سه‌رکه‌وتینه نێو یه‌ک پیکابه‌وه به‌ڵام جۆن؟هه‌موومان به پێوه وه‌ستابووین و توند یه‌کترمان گرتبوو،هه‌ر سێ لای سه‌یاره‌که‌ش نه‌فه‌ر خۆی پێدا هه‌ڵواسیبوو،سه‌یاره‌که وه‌ک جۆلانه ئه‌مدیوه‌و دیوی ده‌کرد..زۆر جار نزیکی وه‌رگه‌ڕان ده‌بووه‌وه..هه‌موان" دوعای" خێریان ده‌کرد،له دڵته‌نگی و ترسی ئه‌و دۆخه پڕ نیگه‌رانییه‌دا چه‌ند که‌س گریان..؟! کاتێک گه‌یشتینه گونده‌که "شایه‌تمانیان" ده‌هێنا.
له‌وێ بردمانیانه ماڵێکه‌وه،هه‌موومان هیلاک و وێران و برسی بووین، هێلکه‌ی کوڵاوو چایان بۆمان ئاماده کردبوو،چوونکه برسیمان بوو زۆر به له‌زه‌ته‌وه نان و چاکه‌مان ده‌خوارد.
هه‌موومان له ناو ژوورێکی گه‌وره‌دا دانیشتبووین،چه‌ند ژن له ماڵه‌که‌دا هه‌بوون،له گه‌ڵماندا داده‌نیشتن و کراوه‌و رووخۆش بوون و له گه‌ڵماندا قسانیان ده‌کرد.له ناو ژووره‌که‌دا وێنه‌ی چه‌ندین گۆرانی بێژ‌و هونه‌رمه‌ندی ئێرانی و بیانی هه‌ڵواسرابوون،وه‌کو معین و ناسری ڕه‌زازی و سبیلجان و چه‌ندین ژنیتر که جلی نیوه ڕووتیان له به‌ردابوو،ته‌نها وێنه‌ی خومه‌ینی و ئاخونده‌کانی تێدا نه‌بوو.له ڕێگاش ئه‌و جۆره وێنه نیوه ڕووتانه‌م له دیوی ناوه‌وه‌ی ده‌رگای یه‌کێک له سه‌یاره‌کان بینی،به شۆفێره‌که‌م گوت ئایا ئه‌و وێنانه یاساخ نییه؟ به ووشکییه‌که‌وه گوتی:هه‌موو دنیا به واقعی ئه‌وانه ده‌بینێت ناکرێت ئێمه له وێنه‌شدا بیانبینین!
* * * *
دوای حه‌وانه‌وه‌یه‌کی باش سعات یانزه‌ی شه‌و به‌ره‌و تورکیا به رێکه‌وتین، هه‌ندێک له نه‌فه‌ره‌کان ئه‌سپیان به کرێ گرت و ئه‌وانیتریش به پێ.
نیو سعات له گونده‌که دوور که‌وتبووینه‌وه ،له نێو دۆڵ و شیوێکدا که‌وتینه بۆسه‌ی پاسدارانه‌وه،بۆسه‌که بڕێک له پێشمانه‌وه بوو پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوی بکه‌وینه ناویه‌وه ،هه‌ستمان پێیان کرد‌و به ڕاکردن به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاینه‌وه.مرۆڤ له وه‌ها دۆخێک‌دا هه‌ر که‌سه‌و به پێی لێکدانه‌وه‌و وێناکردنه‌کانی خۆی ده‌جوڵێته‌وه‌و ڕێڕه‌و ده‌گرێت.هه‌ر له‌و چرکه‌یه‌دا نه‌مانزانی ڕێبه‌ره‌کان چۆن و به کوێدا ڕۆیشتن؟ ئه‌وان به سه‌ر پشتی ئه‌سپی باڵداری خۆیانه‌وه بوون،ئه‌و جۆره ئه‌سپانه هه‌ورازو نشێو و به‌رده‌ڵان نازانن،ته‌نانه‌ت تاریکی شه‌ویش کار له ڕه‌وتی ڕێکردن و غاردانیان ناکات.
مل به هه‌موو شوێنێکه‌وه ده‌نێن و سڵ له هیچ شتێک ناکه‌نه‌وه،له‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا وه‌کو با ده‌فڕن و بۆ یه‌ک جاریش سه‌رسمێک ناده‌ن.
هه‌ر چه‌ند که‌س و به لایه‌کدا ڕۆیشتین و ته‌ره بووین،منیش که به‌ره‌و دوا گه‌ڕامه‌وه،به که‌ناری ڕێگاکه‌وه تارمایی شیوێکی بچووکم به دیکرد،یه‌کسه‌ر لام دایه‌وه‌و به‌ره‌و ناو شیوه‌که ڕۆیشتم.ئاگام لێ‌بوو چه‌ند که‌سیتریش به دوامدا هاتن..که‌س قسه ناکات..که‌مێک ڕۆیشتین پاشان به بێده‌نگی دانیشتین و گوێمان ده‌گرت.
ئه‌و شوێنه ڕێگای سه‌یاره‌ی نه‌بوو پاسداران به سواری ئه‌سپه‌وه هاتبوون و بۆسه‌یان دانابوو.که‌س ئاگای له که‌س نه‌مابوو،ماوه‌یه‌کی زۆر به‌و ناوه‌دا ده‌نگی پێی ئه‌سپه‌کان ده‌هات و وه‌ک به دوای نه‌فه‌ره‌کاندا بگه‌ڕێن وابوو. ئێمه له پاڵ چه‌ند تاوێرو به‌ردی گه‌وره‌دا وه‌ک هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی ته‌ره‌کراو خۆمان مات دابوو هه‌ناسه‌مان له خۆمان بڕیبوو.
دوای ماوه‌یه‌ک ده‌نگی پێی ئه‌سپه‌کان نه‌ماو له چه‌ند لاوه ده‌نگی فیکه‌مان ده‌بیست،به‌ڵام ئێمه وه‌ڵاممان نه‌دانه‌وه چوونکه ئێمه پێشتر نهێنیه‌کمان دانابوو،ئه‌گه‌ر که‌وتینه وه‌ها دۆخێکه‌وه به‌و نهێنییه بانگی یه‌کتر بکین.
دواتر ڕێبه‌ره‌کان"قاچاخچییه‌کان"گه‌ڕانه‌وه‌و هاتن بۆ لای ئێمه.
ئێمه که نهێنییه‌که‌مان چه‌کووش بوو،به ده‌نگی به‌رز بانگمان ده‌کرد چه‌کوووش...له چه‌ند لای تره‌وه ده‌نگی چکووش به‌رز ده‌بوه‌وه‌و ده‌هاتن بۆ لامان.ئه‌وه‌ی له‌و ده‌وروبوره بوو یه‌کی گرته‌وه،به‌لام نیوه‌ی نه‌فه‌ره‌کان دیار نه‌بوون.ڕێبه‌ره‌کان گوتیان ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ گونده‌که به‌ڵکو ئه‌وان بۆ ئه‌وێ گه‌ڕابێتنه‌وه. ئه‌وه بوو ڕێبه‌ره‌کان گه‌ڕانه‌وه،دوای ماوه‌یه‌ک هاتنه‌وه‌و باقی نه‌فه‌ره‌کانیان له گه‌ڵ بوو،سه‌رژمێری کرا که‌س نه‌گیرابوو.ئه‌وانه‌ی که گه‌ڕابوونه‌وه بۆ گونده‌که هیلاک و په‌رێشان ببوون،چوونکه هه‌ر به ڕاکردن گه‌ڕابوونه‌وه.
به‌ڵام من پێم وابوو ئه‌و سیناروێیه قاچاخچییه‌کان خۆیان دروستیان کردبوو،یاخود به ده‌ست تێکه‌ڵکردن له گه‌ڵ پاسداران‌دا بۆ ئازاردانی ئێمه، چوونکه قاچاخچییه‌کان هه‌موو کار‌و کرده‌وه‌یه‌کی ناشیرین و نامرۆییان لێده‌وه‌شێته‌وه.
دیسان به ڕێکه‌وتین،هه‌ڵبه‌ته به ڕێگایه‌کی سه‌خت و دژوار‌دا،هه‌ندێجار چه‌ند سعات بۆ سه‌ره‌وه‌و پاشان چه‌ند سعات خوار ده‌بووینه‌وه،ڕێگایه‌کی بێمه‌وداو تاقه‌ت پرووکێنمان ده‌بڕی و به هیچ شوێنێک نه‌ده‌گه‌یشتین.هه‌موو بڕستمان لێ‌بڕابوو،زۆر که‌س په‌کی ده‌که‌وت و توانای ڕێکردنی نه‌ده‌ما.. زۆر که‌س ده‌ڕشایه‌وه‌و ده‌بوورایه‌وه..من چه‌ند جار ده‌ستی که‌سانێکم ده‌گرت که دواکه‌وتبوون و ئه‌گه‌ر که‌سێک ئاگای لێیان نه‌بوایه به جێده‌مان.
هه‌روه‌ها شه‌وانه زۆر سارد بوو له سه‌رماندا خه‌ریک بوو ڕه‌قمان ده‌برده‌وه من تاکو ئه‌و کاته نه‌مزایبوو له ناوچه‌و کوێستانه‌کانی کوردستانداو له هاویندا سه‌رمای ئاوا هه‌بێت..هه‌ڵبه‌ته له شه‌ودا سارد بوو.
Kazmkader72@yahoo.com
|