![]()
|
شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی سه‌فه‌ر. (بیره‌وه‌ری)
کازم قادر ئه‌م که‌شتییه به که‌نار ناگات..نائهم سه‌وڵه به‌رگه‌ی ئه‌م ته‌قه‌لایه ناگرێت...ناکهنگێ زه مین بوو به زهریاوزهریا ..که‌نگێ هێنده ڕه‌زا تاڵ بووئهوێ ڕۆژێ باوه‌ڕێک به که‌نار نه‌بوو..ناکه‌س زه‌ریای خۆشنهدهویست..که‌س...
- به‌شی شه‌شه‌م -
که‌شتی پڕ بوو له شاحینه‌ی گه‌وره،به ڕاکردن به‌ره‌و ئه‌و سه‌ری که‌شتیه‌که ڕۆیشتین،به په‌له سه‌رمان به ژێر چه‌ند شاحینه‌دا کرد تاکو شوێنێک له سه‌ر ئه‌کسله‌کان بدۆزینه‌وه‌و له سه‌ری دانیشین.کابراش به دوامانه‌وه بوو وه‌کو شێری بریندار ده‌یبۆڕاندو هاواری ده‌کرد.
که‌شتیه‌که گه‌وره بوو ئه‌و نه‌یده‌زانی ئێمه له کوێداین تاکو یه‌کسه‌ر بۆ ئه‌و شوێنه بێت،هه‌موو شوێنێک بۆ ئه‌و جێی گومان بوو ده‌بوا هه‌موو شوێنێک بگه‌ڕێت.ئێمه له‌و ته‌نگه‌تاویه‌دا نه‌منده‌توانی چادری یه‌کێک له شاحینه‌کان بکه‌ینه‌وه‌و بچینه ناویه‌وه‌و خۆمان حه‌شار بده‌ین.هه‌ندێک شاحینه‌ش هه‌بوو باری تێدا نه‌بوو،ئه‌و شاحینانه له دواوه سووچێکی چادره‌که‌ی دانه‌ده‌خراو وه‌کو کونێک-ده‌رگایه‌ک کراوه بوو.به هاوڕێکه‌م گوت وه‌ره با خۆمان به‌م شاحینه به‌تاڵه‌دا بکه‌ین،ئه‌و ده‌یگوت به‌تاڵه‌و چۆن خۆمانی تێدا حه‌شار بده‌ین؟به‌ڵام من ئه‌وه‌م بۆ ڕوون کرده‌وه که سه‌رکه‌وتین ناچین بۆ بنه‌وه‌ی شاحینه‌که،به‌ڵکو له پاڵ ده‌رگاکه‌دا داده‌نیشین،نیوه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌رگاکه ئاسن بوو،نیوه‌ی سه‌ره‌وه‌شی چادر بوو کونه‌که‌ش ده‌که‌وه‌ته چادره‌که‌وه،گوتم له به‌ر ئه‌وه‌ی شاحینه‌که به‌تاڵه گومانی ئه‌وه ناکات له‌وێدا دابنیشین،پێم وابوو کابرا له کونه‌که‌وه سه‌یرێک ده‌کات و داده‌به‌زێت،ئیتر هاوڕێکه‌م قایل بوو سه‌رکه‌وتین و بێجووڵه دانیشتین.
کابراش به نێو که‌شتیه‌که‌دا ده‌گه‌ڕاو هاواری ده‌کرد،هاواره‌کانی وه‌کو هۆیها وابوو..ده‌یویست بمانترسێنێ و خۆمان بێینه ده‌ره‌وه،به‌ڵام ئه‌وه بۆ ئه‌و خه‌یاڵ بوو.من که ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختی و تفتی و تاڵییه‌م چه‌شتبێت تاکو به "که‌شتی" گه‌یشتبێتم،چما به ئاسانی ده‌رده‌چم...! مه‌گه‌ر باڵیان بگرتایه‌م و فڕێیاندامایه ده‌ره‌وه.
ئه‌و له نه‌ڕه‌نه‌ڕی خۆی به‌رده‌وام بوو،پێم وابوو شیش ئاسنێکی به ده‌سته‌وه بوو،چونکه دانه دانه به شاحینه‌کاندا ده‌گه‌ڕاو ده‌یپشکنی و به گۆپاڵه‌که‌ی ده‌ستی شریخه‌یه‌کی به هێزی لێهه‌ڵده‌ساندن.
من به‌و به‌زمه ڕاوه به‌رازم به بیر ده‌هاته‌وه،چوونکه هه‌ر له به‌زمی ڕاوه به‌راز ده‌چوو.به‌راز هه‌میشه له نێو قه‌ڕه‌م و قامیشی چڕوپڕو بێشه‌ڵاندا خۆی حه‌شار ده‌دات،کاتێک ڕاوچیه‌کان ده‌یاندۆزنه‌وه‌و ده‌چنه سه‌ریان ،بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ریان په‌ڕێنن ده‌یکه‌نه هات و هاوارو ته‌قه لێکردن و به‌رد هاویشتن،تاکو بیانترسێنن و بێنه ده‌ره‌وه.به‌راز ئه‌گه‌ر له سه‌ختی و چڕوپڕیی شوێنه‌که‌ی دڵنیا بێت،ئه‌وا به ئاسانی ده‌رناچێته ده‌ره‌وه،یاخود هه‌ر ده‌رناچێت.به‌راز ملهوڕه‌و مان ده‌گرێت هه‌روه‌ها ترسنۆکه‌و له شوێنه ڕووته‌نییه‌کاندا له مرۆڤ هه‌ڵدێت،به‌ڵام له هه‌ندێک کات و شوێندا مه‌ترسی هه‌یه له مرۆڤ بدات.له شوێنێکی ته‌نگه‌به‌ردا کاتێک ڕووبه‌ڕوت بێته‌وه‌و بواری نه‌بێت به لایه‌کیتردا بچێت،له نێو قامیشه‌ڵاندا بچیته سه‌ری و لێی نزیک بیته‌وه،هه‌روه‌ها له کاتی برینداربووندا شاڵاوت بۆ دێنێ و ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی خۆی بکاته‌وه...
ڕۆژێک له گه‌ڵ دوو براده‌ریتردا ڕۆیشتین بۆ ڕاوه به‌راز،کات کاتی گرانی و قوڕبه‌سه‌رییه‌که‌یه‌و کار نییه‌و پاره نییه‌و کیلۆی گۆشت حه‌فتا دیناره‌و سه‌رووتر.ماوه‌یه‌کی زۆر گه‌ڕاین له شوێنێکدا چه‌ند به‌رازمان بینی ڕاده‌که‌ن، ئێمه‌ش یه‌کسه‌ر بۆیان دانیشتین و گرم..گرم..یه‌کێکمان پێکا،به‌رازه‌کان به‌ره‌و به‌رزایی و هه‌ورازێک ده‌ڕۆیشتن،ئه‌وه‌ی که پێکرا نه‌یتوانی زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه بڕوات،بۆیه ناچار به‌ره‌و خوارو لای گه‌ڕایه‌وه.ئێمه له خواره‌وه له نێو دۆڵه‌که‌دا بووین،به‌راز به شه‌له شه‌ل و پڕمه‌پڕم ڕووه‌و ئێمه ده‌هات،من سه‌یرم ده‌کرد ده‌مگوت ئێستا ده‌که‌وه‌ێت،به‌ڵام ئه‌و نه‌ده‌که‌وت و لێمان نزیک ده‌بوه‌وه‌و نیازخراپ دیار بوو...! گوتم بده‌نه قه‌د پاڵه‌که‌دا ئه‌و به‌راز بابه نیازی خراپه،دواترلێدانیتری به‌رکه‌وت و به لادا هات.دوایی سی چل کیلۆ نه‌رمه گۆشتمان لێکرده‌وه‌و هاتینه‌وه بۆ ماڵ. دایک‌و باوکم گۆشتی به‌رازیان بینی چاویان چووه پشتی سه‌ریان،پێمگوتم به‌ڕیزانم ئێوه مه‌خۆن..خۆتان ده‌زانن من بۆ ئێوه‌م نه‌هێناوه..بۆ ئه‌و که‌سانه‌یه ده‌توانن به‌رازیش بخۆن..دایکم هه‌فته‌یه‌ک نانی نه‌خوارد.
دوایی چه‌ند براده‌رم داوه‌تکرد،پێمگوتن گۆشتی به‌رازتان بۆ ده‌که‌م،گوتیان شتی له‌وه باشتر هه‌ر نابێت.دوایی هاتن و چه‌ند که‌سیتریان له گه‌ڵ خۆیان هێنابوو که من نه‌مده‌ناسین،یه‌کێک له‌و براده‌رانه هه‌میشه گاڵته‌و قسه‌ی خۆشی ده‌کرد.گۆشت زۆر بوو هه‌موو که‌سێک به ئاره‌زووی خۆی ده‌یخوارد، دوای ئه‌وه‌ی نانمان خوارد من و ئه‌و براده‌ره‌ی گوتم قسه‌ی خۆشی ده‌کرد، به‌یه‌که‌وه هه‌ستاین ده‌ستمان بشۆین،گوتم"پێشڕه‌و"ئه‌و براده‌رانه‌یتر که له گه‌ڵتانن ده‌زانن گۆشته‌که هیبه‌راز بوو؟گوتم ئایا ئه‌وانیش"کۆمۆنیستن"؟ پێشڕه‌و سه‌یرێکی کردم و گوتی کۆمۆنیستی چی....! ئه‌وانه هه‌ر خواگیان خواگیانیانه...!! ئێمه‌ش وه‌کو به‌رازێکی چاو قایم و کۆنه‌ساڵ و ملهوڕ مانمان گرتبوو،به هات و هاواری هه‌موو ڕاوچییه‌کانی دنیاش ده‌رنه‌ده‌چووین.کرێکار-که‌شتیوان-نازانم بڵێم چی..ڕاوه به‌رازچی هه‌ر هات و هاواری بوو..بۆ یه‌ک ده‌قه‌ش بێده‌نگ نه‌ده‌بوو،ئه‌و نه‌ڕه‌نه‌ڕه‌م زۆر به لاوه ناخۆش بوو چوونکه په‌وه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌بوو.
پڕمه‌پڕمی ئه‌و به‌راز بابه نیو سعاتی خایاند،یه‌کبه‌یه‌کی شاحینه‌کانی ده‌پشکنی و دارکاری ده‌کرد.به ته‌قه‌ی پێی و نزیکبوونه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ستمان کرد گه‌یشته شاحینه‌که‌ی ئێمه،ئێمه له پشتی ده‌رگاکه‌وه خۆمان لوول و گرمۆڵه کردبوو هه‌ناسه‌شمان نه‌ده‌دا...! هۆیهایه‌کی کرد‌و به گۆپاڵه‌که‌ی ده‌ستی شریخه‌یه‌کی به‌هێزی له شاحینه‌که هه‌ستاند..وه‌ک شریخه‌ی هه‌وره برووسکه ده‌نگی ده‌دایه‌وه..خۆی به ده‌رگاکه‌دا هه‌ڵواسی..له کونه‌که‌وه لایتێکی لێداو سه‌یرێکی نێو شاحینه‌که‌ی کرد‌و دابه‌زییه خواره‌وه..سه‌ری نه‌هێنایه ژووره‌وه سه‌یری پشتی ده‌رگاکه‌ش بکات،له‌وه ده‌چوو ڕاوه به‌راز چییه‌کی غه‌شیم بووبێت..نه‌یده‌زانی به‌رازی هێنده فێڵبازیش هه‌یه...!
دابه‌زییه خواره‌وه‌و به هۆیها کێشان دوا ڕیزی شاحینه‌کانی به‌ره‌و ده‌ره‌وه تێڵا باران ده‌کردو قه‌زاوبه‌ڵای له ئێمه دوور ده‌که‌وته‌وه.چه‌ند جارێک به چپه به هاوڕێکه‌مم ده‌گوت ئه‌و به‌رازباوکه ده‌ڵێی ڕاوه به‌راز ده‌کات.. هاوڕیکه‌م ده‌ترساو ده‌یگوت..وسس..وس....
بێده‌نگ دانیشتین و جگه‌ره‌مان ده‌کێشا،سێ پاکه‌ت جگه‌ره‌کان پێ‌بوو.ئه‌وه‌ی سێ پاکه‌ت جگه‌ره‌مان هه‌بوو بۆ من مایه‌ی ئۆقره‌و پشوودرێژی ده‌بوو،به‌ڵام هیج خواردنمان پێنه‌بوو.ئه‌و کاته‌ی هاتینه نێو که‌شتیه‌که‌وه پارچه‌یه‌ک پسکیتی گه‌وره‌م پێ‌بوو خستبوومه باخه‌ڵم،هه‌ر که ده‌جووڵامه‌وه خشه‌وپشه‌یه‌کی زۆری ده‌نایه‌وه"مرۆڤ له ئاسته‌نگدا بێت له خشه‌ی پسکیت و نایلۆنیش ده‌ترسێت"له به‌ر ئه‌وه پسکیته‌که‌م خسته سه‌ر ئه‌کسلی یه‌کێک له شاحینه‌کان،گوتم ئه‌گه‌ر نه‌گیراین دوایی بۆی ده‌گه‌ڕێمه‌وه،دوو ده‌به‌ی بچووکی ئاویشمان پێ‌بوو.
ماوه‌یه‌کی زۆر له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووین که‌شتیه‌که به‌ڕێبکه‌وێت،به‌ڵام به ڕێنه‌که‌وت،له‌وه‌ی که‌شتیه‌که به‌ڕێنه‌که‌وت نیگه‌ران و بێحه‌وسه‌ڵه ببووین. جله‌کانمان نیوه ته‌ڕ ببوو له سه‌رماندا چه‌قه‌چه‌قی دانه‌کانمان ده‌هات! ئێمه هه‌م جله‌کانمان ته‌ڕ بوو هه‌م شاحینه‌که به‌تاڵ بوو،هه‌روه‌ها دنیای ڕۆح و ئه‌ندێشه‌شمان ساردوبه‌سته‌ڵۆک بوو..بۆیه هه‌ستمان به ساردی و تۆفانێکی بێ ئامان ده‌کرد له جه‌سته‌ماندا.وه‌ستانی که‌شتیه‌که زۆری خایاند‌و له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ جووڵه‌یه‌کمان نه‌بوو به شه‌خته ده‌بووین...! خه‌ویش سه‌ری لێدابووین..ڕاکشابووین و پشتمان له یه‌کتر تووند کردبوو تاکو که‌مێک پشتمان گه‌رم دابێت.چه‌ندینجار خه‌ومان لێده‌که‌وت و به ئاگا ده‌هاتینه‌وه. سعاتمان پێنه‌بوو نه‌مانده‌زانی چه‌ند له کات له نێو که‌شتیه‌که‌داین و کات چه‌نده.من هه‌ستم ده‌کرد که‌شتیه‌که له ڕۆیشتن زۆر دوا که‌وت و ده‌مێکه له نێو که‌شتیه‌که‌داین ! به‌ڵام هاوڕێکه‌م ئه‌و ڕایه‌ی نه‌بوو..ئه‌و هه‌میشه ده‌یگوت چه‌ند سعاتێکه له نێو له که‌شتیه‌که‌داین...
دوای نیگه‌رانی و چاوه‌ڕوانی و قه‌له‌قێکی زۆر..دوای ئه‌وه‌ی وه‌کو سه‌هۆڵمان لێهاتبوو..پیره که‌شتی که‌وته جم و جۆڵ و نرکه نرک..وه‌ک ئه‌وه‌ی ئازارێکی قووڵ ..له قووڵایی ڕۆحی که‌شتیدا بێت..وه‌ک هه‌ست بکات چی برینێکی له هه‌ناودا هه‌لگرتووه..چی هاوارێکی بێده‌نگ و چی خه‌مێکی ڕه‌شی له هه‌ناودایه..وه‌ک پیره ئاشنایه‌کی به ئه‌زموون و کۆنه‌ساڵێکی به‌نده‌ره‌کان..ئه‌و ڕۆژه ده‌یزانی چه‌ند پارچه‌ی شکاوی..چه‌ند ڕۆحی شکاوی تێدایه..ئه‌و ده‌یزانی..که‌شتی ده‌یزانی...
که‌شتی ده‌ریای ده‌بڕی و لرفه لرفی ده‌هات..وه‌ک ئامانه‌تێکی له سه‌ر ده‌ست بێت..وه‌ک چه‌ند نه‌وڕه‌سی باڵ شکاوی له چاودا بێت..بیانبات و به چڵی داری خۆرنه‌وه‌زانێک بیانسپێرێت..
زۆر پڕ تاسه بووم بچوومایه نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی که‌شتیه‌که‌و به ئاره‌زووی تاسه‌ی بینینم بۆ ده‌ریا..سه‌یری ده‌ریام بکردایه،ئه‌مه ئه‌و که‌شتیه پیرو ماندوانه نه‌بوو مه‌سافیره‌کانی به چاوی ئه‌بڵه‌ق و تۆقینه‌وه،تێیدا له ده‌ریا بڕوانن..ئه‌و که‌شتیانه‌ی له مه‌سافیره‌کانی ماندوترن..ئه‌م که‌شتیه..که‌شتی وڵاتی ده‌ریا بوو..له ده‌ریاوه ده‌هات و به‌ره‌و نێو دڵی ئۆقیانوسه‌کان تاوی ده‌دا.سه‌یرکردنی ده‌ریا له سه‌ر پشتی ئه‌و ئه‌فسانه ده‌ریاییه‌وه جۆش و خرۆش له مرۆڤدا دروست ده‌کات،تاکو چاو ده‌بینێت ئاوه‌و شین ده‌کاته‌وه، مرۆڤ له ده‌ریادا هه‌ست ده‌کات ووشکانی نییه‌و هه‌موو سه‌رزه‌مین ئاوه.
من ئه‌گه‌رچی له قه‌فه‌سێکدا بووم له نێو قه‌فه‌سێکیتردا..به‌ڵام به خه‌یاڵ ده‌چوومه سه‌ر پشتی پیره که‌شتی و چاوم له ده‌ریا ده‌کرد،گوێم له هه‌ناسه‌و ترپه‌ی دڵی شه‌پۆل ده‌گرت..چاوم پڕ ده‌کرد له عیشق و ئه‌فسوونی ده‌ریا..ماچی هه‌وره‌کانی بان سه‌ری ئاوم ده‌کرد..گوێم ده‌نایه ده‌می گۆرانییه بێکۆتاکانی شیناییه‌وه..ڕۆحمم پڕ له ئاوازی جیهانێک ده‌کرد له گه‌رووی شه‌پۆله‌کانی زه‌ریاوه ده‌هات...
سات له دوای سات هه‌ستمان به سه‌رمای زیاتر ده‌کرد،وه‌کو سه‌رمای هه‌موو دنیا له‌وێدا کۆبووبێته‌وه،هه‌میشه دانه چۆقێمان بوو خۆمان گرژ ده‌کرده‌وه.هه‌روه‌ها هه‌ستمان به برسێتییه‌کی زۆر ده‌کرد،دووجار له که‌شتیه‌که دابه‌زیمه خواره‌وه‌و بۆ پسکیته‌که ده‌گه‌ڕام به‌ڵام نه‌مده‌دۆزیه‌وه، گوتم دیاره کاتێک کابرا بۆ ئێمه گه‌ڕاوه پسکیته‌که‌ی به‌رچاو که‌وتووه‌و بردوویه‌تی.دواتر دووجاریتر به یه‌که‌وه دابه‌زین و هه‌م بۆ پسکیته‌که گه‌ڕاین و هه‌م چادری چه‌ند شاحینه‌مان کرده‌وه‌و بۆ خواردن ده‌گه‌ڕاین، به‌ڵام خواردنمان ده‌ست نه‌که‌وت.سه‌رماو برسێتی ته‌واو بێحه‌وسه‌ڵه‌ی کردبووین،سیمامان ووشکو ڕه‌ش داگه‌ڕابوو،هێنده له سه‌ر ئاسنی نێو شاحینه‌که ڕاکشابووین جله‌کانمان پیس و ژه‌نگاوی ببوو،رۆخسارێکی ته‌واوی ئه‌و دۆخه بووین.له به‌ر ئه‌وه‌ی سعاتمان پێنه‌بوو نه‌مانده‌زانی چه‌ند سعات و ڕۆژه له نێو که‌شتیه‌که‌داین.هاوڕێکه‌م هێنده بێمه‌زه‌نه بوو هه‌میشه ده‌یگوت چه‌ند سعاتێکه به ڕێگاوه‌ین..ئه‌و وای ده‌گوت من خه‌فه‌تم ده‌خواد به‌ڵام هیچم نه‌ده‌گوت.من به هۆی هیلاکی و برسێتی و که‌م بوونه‌وه‌ی جگه‌ره‌که‌مانه‌وه، ده‌مزانی کاتێکی زۆره له نێو شاحینه‌که‌داین، کاتێکیش جگه‌ره‌که‌مان که‌م بوه‌وه به هه‌ردووکمان یه‌ک جگه‌ره‌مان ده‌کێشا.
دوایی له باره‌ی ئه‌وه‌وه که له کۆنترۆڵی ئیتالیا چی بکه‌ین و له کوێدا خۆمان حه‌شار بده‌ین،که‌وتینه گفتوگۆوه.گرتن تێکشاکانێکی ده‌روونی سه‌خت ده‌بوو بۆمان،ده‌بوا کارێکمان بکردایه نه‌گیراباین.هاوڕێکه‌م پێی وابوو دابه‌زین و بچینه نێو شاحینه‌یه‌که‌وه باری تێدا بێ و له نێو باره‌کاندا خۆمان حه‌شار بده‌ین.زۆربه‌ی کۆچبه‌ران هه‌ر به‌و جۆره ده‌رده‌چن،به‌ڵام ئه‌وه‌ش نزیکه‌ی کاتێکی شێنه‌یی ده‌ویست،تاکو که‌س نه‌مانبینێ و هه‌ستمان پێنه‌که‌ن.چوونکه وه‌ک ده‌ڵێن کرێکارانی نێو که‌شتیه‌که هه‌ر ماوه‌ی جارێک دێن و به نێو که‌شتیه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێن و سه‌یری شاحینه‌کان ده‌که‌ن.چوونکه شاحینه‌کان له نێو که‌شتیه‌کدا به زنجیر ده‌به‌سترێن تاکو پاڵ به یه‌کتره‌وه نه‌ده‌ن و ئه‌وانیش دێن کۆنترۆڵی ده‌که‌ن، له به‌ر ئه‌وه ئه‌و ترسه‌شمان هه‌بوو.
من ده‌مویست هه‌ر له‌م شوێنه‌ی خۆماندا بمێنینه‌وه،بیرم له‌وه کردبوه‌وه کاتێک گه‌یشتینه کۆنترۆڵی ئیتالیا،خۆمان به بنمیچوو سووچی سه‌ره‌وه‌ی ده‌رگاکه‌دا هه‌ڵواسین.زۆر بیرم له‌و شوێنه کرده‌وه‌و زۆریش باوه‌ڕم به دڵنیایی شوێنه‌که هه‌بوو،هه‌رچه‌ند لێکم ده‌دایه‌وه هیچ گومانێکم له لا دروست نه‌ده‌بوو له‌وێدا بماندۆزنه‌وه،هه‌روه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ی شاحینه‌که باری تێدا نه‌بوو هێنده گومانی لێنه‌ده‌کرا.گوتم ئه‌وانیش وه‌کو کابرا خۆیان به ده‌رگاکه‌دا هه‌ڵده‌واسن و ته‌ویله‌یه‌کی به‌تاڵ ده‌بینن که هیچ به‌رازێکی تێدا نییه...! باوه‌ڕیشم وابوو توله‌و تانجی که‌م ئه‌زموون له هه‌موو شوێنێک هه‌یه.هاوڕیکه‌م ده‌یگوت نا..ئه‌وێ باش نییه،ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانی ده‌بێت له نێو باردا خۆت حه‌شار بده‌یت.ده‌یگوت با دابه‌زین و شوێنێک له نێو باره‌کاندا بدۆزینه‌وه،من ئه‌گه‌رچی له دڵه‌وه قایل نه‌بووم"ئه‌گه‌ر بشفڕایه هه‌ر بزن بوو"له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتم ده‌ی باشه،با دابه‌زین و به‌ڵکو شوێنێکی باشترمان دۆزییه‌وه،هه‌روه‌ها گوتم با دڵی نه‌شکێنم و ئه‌گه‌ر گیراین نه‌ڵێت خه‌تای تۆ بوو.دابه‌زین و چادری چه‌ندین شاحینه‌مان کرده‌وه‌و ده‌چووینه نێویه‌وه‌و بۆ شوێنێکی باش ده‌گه‌ڕاین،به‌ڵام هیچیان به که‌ڵکی ئه‌وه نه‌ده‌هات حه‌شارمان بدات، دواجار گه‌ڕاینه‌وه کۆنه هه‌وار.
هاوڕیکه‌م بڕیک قه‌ڵه‌وو قورس بوو،پێم وابوو نه‌توانێت به ده‌ست خۆی به بنمیچه‌که‌دا هه‌ڵواسێت،له به‌ر ئه‌وه ته‌خته‌دارێکی کورتم له لاکانی شاحینه‌که کرده‌وه‌و له سووچێکی سه‌ره‌وه‌ی ده‌رگاکه‌دا ڕه‌فه‌یه‌کی سێگۆشه‌م دروست کرد،گوتم کاتێک که‌شتیه‌که له‌نگه‌ری گرت و گه‌یشتینه به‌نده‌ره‌که وه‌کو کۆتر بچۆ سه‌ر ڕه‌فه‌که دانیشه‌و به ده‌سته‌کانیشت شیشی بنمیچه‌که بگره،ئه‌وه بیرۆکه‌یه‌کی دروست بوو.
بۆ خۆیشم بیرم له‌وه کردبوه‌وه له سووچی سه‌ره‌وه‌ی ده‌رگاکه‌دا خۆم هه‌ڵواسم..دوای ڕه‌نج و سته‌مێکی زۆر که له چاومان ده‌هات..دوای ئه‌وه‌ی به شه‌خته‌و زوقم ببووین..دوای ئه‌و هه‌موو نائارامی و جه‌نجاڵییه که ڕۆحمانی سڕ کردبوو..دوای ئه‌و هه‌موو کاته که قسه‌یه‌کمان بۆ شادی و پێکه‌نین بۆ یه‌کتر پێنه‌بوو...! که‌شتی..وه‌ک هه‌ناسه‌یه‌کی ماندوو هه‌ڵکێشێت..هه‌ناسه‌یه‌ک دوای سه‌فه‌رو ته‌قه‌لایه‌کی بێپه‌روا به زه‌ریاکاندا که‌ناری لێده‌رکه‌وتبێت..ئارام ئارام ده‌رؤێشت و ده‌یگوت مرۆڤه ماندووه‌کانی نێو هه‌ناوم واگه‌یشتین..گه‌یشتین و که‌شتی له‌نگه‌ری گرت. نیگه‌ران و ده‌روورن ئاڵۆز بووین،ئاستانه‌ی پێشهاتێکی تاڵ و ..جێهێشینی په‌یژه‌یه‌کی سه‌ختیه‌کان بوو.هاوڕیکه‌م چووبوه سه‌ر ڕه‌فه‌که‌و دانیشتبوو"شتێک که پێویسته لێره‌دا بیڵێم ئه‌وه‌یه که ئه‌م که‌شتیه‌ی ئێمه پێی هاتبووین،وه‌ک کۆچبه‌ران ده‌یانگوت ته‌نها گڵابه-عاره‌بانه‌ی شاحینه‌کانی بار ده‌کرد،واته که‌له‌و مه‌کینه‌که‌ی پێوه نه‌بوو،له‌و وڵاته‌وه که بار ده‌کرا به که‌له‌و مه‌کینه‌یه‌ک ده‌یانبرده نێو که‌شتیه‌که‌وه‌و که‌له‌و مه‌کینه‌که‌ی له گه‌ڵدا نه‌ده‌ڕۆیشت،هه‌ره‌وها که ده‌گاته وڵاتی دووه‌م،که‌له‌و مه‌کینه‌یتر دێت و ده‌یبات،کۆچبه‌ران که‌له جۆکه‌ریان پێده‌گوت"،هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه بۆ ئێمه کێشه‌ی ده‌بوو،چوونکه زۆرێک له‌و گڵابه شاحینانه به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی باری تێدا نییه،دوای ئه‌وه‌ی له که‌شتیه‌که دا‌یده‌گرن له نێو گۆڕه‌پانی به‌نده‌ره‌که‌دا ده‌که‌نه‌وه‌و به جێیدێڵن،له‌وانه‌یه چه‌ند سعات و چه‌ند ڕۆژو مانگیش بخایه‌نێت،کێشه‌یه‌کیتریش له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌یه هه‌رچه‌نده له کۆنترۆڵی به‌ر ده‌رگای که‌شتیه‌که ڕزگارت بێت،ئه‌گه‌ر پۆلیس له‌و نزیکانه بتبینێت ده‌تگرێت،چوونکه ده‌زانن تازه هاتوویته ئه‌و وڵاته‌وه،ئه‌مه دواتر ڕوون ده‌بێته‌وه...
هاوڕێکه‌م له سه‌ر ڕه‌فه‌که دانیشتبوو منیش له پشتی ده‌رگاکه‌وه وه‌ستابووم و چاوه‌ڕێی به ڕێکه‌وتنی شاحینه‌که‌م ده‌کرد،تاکو یه‌کسه‌ر خۆم هه‌ڵواسمه سووچی سه‌ره‌وه‌ی ده‌رگاکه‌دا.هه‌ستمانکرد که‌له جۆکه‌ره‌که هات و خۆی چه‌سپانده گڵابه‌که‌وه،من هێشتا خۆم هه‌ڵنه‌واسیبوو پێم وابوو چه‌ند ده‌قه ده‌خایه‌نێت تاکو به خۆیه‌وه بیبه‌ستێت،که‌چی ئه‌و به چه‌ند چرکه کاری خۆی ته‌واو کرد‌و په‌تیکردین،ته‌واو شپرزه بووم تاکو خۆم هه‌ڵواسی.
شاحینه‌که گه‌یشته کۆنترۆڵه‌که‌و وه‌ستا،ئێمه وه‌کو دوو کۆتری ته‌ره‌و لانه‌واز داڵاس سه‌ری لێشێواندبێت،خۆمان مات و لوول کردبوو..! من چوونه ته‌نها به ده‌ستم خۆم هه‌ڵواسیبوو،هه‌ردوو باڵم خه‌ریک بوو ده‌شکا.
له به‌ر ئه‌وه من به سه‌ر ده‌رگاکه‌وه بووم و سه‌رم خوار کردبوه‌وه،مه‌ترێک ده‌ره‌وه‌ی ده‌رگاکه‌م ده‌بینی.جه‌ندرمه‌کانم لێوه دیاربوون..دوو که‌س بوون.. یه‌کێکیان خۆی هه‌ڵواسیه ده‌رگاکه‌داو سه‌یرێکی نێو شاحینه‌که‌ی کرد‌و دابه‌زیه خواره‌وه،ته‌نانه‌ت سه‌یری پشتی ده‌رگاکه‌شی کرد به‌ڵام سه‌ری به‌رز نه‌کرده‌وه سه‌یری بنمیچه‌که بکات.
شاحینه به ڕێکه‌وت چه‌ند ده‌قه ڕۆیشت و له شوێنێکدا وه‌ستاو گڵابه‌که‌ی کرده‌وه‌و به جێیهێشتین! ئه‌وه‌ی لێیده‌ترساین ڕوویدا.زۆرێک له شاحینه‌کان له‌وێ نایکه‌نه‌وه یان ناوه‌ستن و یه‌کسه‌ر ده‌ڕۆن بۆ شار‌و یان وڵاتانی‌تر، ئه‌وانه‌ی که یه‌کسه‌ر ده‌ڕۆن مه‌ترسی گرتنیان نامێنێت،کۆچبه‌ران دوای یه‌ک دوو سعات ڕێکردن،ئیتر ده‌زانن ترسی پۆلیسیان نه‌ماوه له شاحینه‌که ده‌ده‌ن و شۆفێره‌که شاحینه‌که ڕاده‌گرێ و ئه‌وانیش داده‌به‌زن.
له درزێکی چادره‌که‌وه سه‌یرێکی ده‌ره‌وه‌مان کرد،به سه‌دان شاحینه وه‌ستابوو،به‌نده‌رێکی زۆر گه‌وره بوو،به‌ڵام نه‌مانزانی ئه‌وێ کوێیه‌و به‌نده‌ره‌که ناوی چییه.
دیار بوو کات پێشی نیوه‌ڕۆ بوو،به هۆی نزمیی خۆره‌که‌وه ده‌مانزانی. به نیگه‌رانییه‌وه کاتمان به ڕێده‌کرد،هیلاکو برسی و بێحه‌وسه‌ڵه ببووین. هێشتا نه‌مانده‌زانی چه‌ند سعات و ڕۆژه نانمان نه‌خواردووه،ده‌مێک بوو ته‌نها جگه‌ره‌مان ده‌کێشا.جگه‌ره بۆ من ده‌رمانێکی ده‌روونی و ڕۆحی بوو، من -مرۆڤی جگه‌ره‌کێش کاتێک ڕووت ده‌کرێته‌وه..دووکه‌ڵ ئه‌و گه‌رماییه ڕۆحی و ده‌روونیه‌یه له سه‌رماو تۆفانی خه‌مه گه‌و‌ره‌کان دایده‌پۆشێت..! هه‌میشه وه‌ک دووکه‌ڵ زه‌ده‌یه‌ک مژم لێده‌داو به بامدا ده‌کرد،وه‌ک ئه‌و مرۆڤه داخ له دڵانه‌ی له کاتی خه‌م و ئازاره‌کانیاندا،په‌نا بۆ مه‌یی و جگه‌ره ده‌به‌ن و وه‌ک بیانه‌وێت خه‌م و ژانه‌کانیان له گه‌ڵ به باکردنی دووکه‌ڵدا به با بکه‌ن.به‌ڵام بۆ من دیسان ده‌رمانێکی کاتی ده‌بوو..چیژو ئارامییه‌کی کاتی چه‌شنی ڕاهاتن و خوی دووکوڵ زه‌ده‌یه‌ک که دواجار ته‌نها جێژ وه‌رده‌گرێت،جێژێک وه‌ک بروسکه دێت و وه‌ک بروسکه‌ش ده‌ڕوات..دواجار- کاتێک- دیسان- ده‌رگای خه‌مه‌کان واڵا ده‌بێت..هاواره گه‌و‌ره‌کان ده‌ست پێده‌کات...! دواجار..خه‌مه‌کانی من قرچه‌ی زام و نرکه‌ی ده‌م سته‌مێکی قووڵ بوون و له قووڵاییه‌کانی ده‌روون و ئه‌ندێشه‌مه‌وه ده‌هاتن و له‌تی ده‌کردم.خه‌مه‌کانی من خه‌می مرۆڤێک نه‌بوون چه‌ند ڕۆژ نانی نه‌خواردبێ و ماندوو‌و بووبێت و ڕۆژانێک له سه‌ر جاده‌و خه‌رابه‌کاندا خه‌وتبێت و ماڵی نییه‌و پۆلیس ئازاری ده‌داو ئازاری داوه.هه‌رگیز خه‌مێک نه‌بوو له دوا مه‌نزڵی ئه‌م کۆچ و شه‌واره‌بوونه‌دا کۆتایی بێ و بتوانم کۆتایی پێبێنم، من زاده‌ی ژانگه‌لێک بووم که ژانی هه‌موو مرۆڤ و سته‌مه‌کانی بوو له یه‌کتر، ژانی ئه‌و هه‌موو پروپووچپه‌رستییه‌ی مرۆڤ که مرۆڤایه‌تی خۆی پێدیل و نابوت کردووه،من خه‌مه‌کانم تێکه‌ل به خه‌م و ئازاره گه‌ره‌کان ده‌بوون، من له ده‌ست بێدادیه‌کان به ژان هاتبووم..بۆیه نه ئۆقره‌م ده‌گرت و نه ئارام ده‌بوومه‌وه...
دنیا هێشتا تاریک‌و ڕوون بوو،له شاحینه‌کان هاتینه خواره‌وه‌و وه‌ک هه‌ر بوونه‌وه‌رێک که له هه‌موو بوونێک به ترس و گومان بێت،به ترس و نیگه‌رانییه‌وه به نێو شاحینه‌کاندا ڕێمان ده‌کردو به چاو هه‌موو شتێکمان ده‌پشکنی و ده‌خسته ژێر نیگای گومانه‌وه،هیچ شتێک له‌و ده‌وروبه‌ره نه‌بوو ئێمه گومانی لێنه‌که‌ین..! دار‌و به‌ردو خانوو سه‌یاره‌و مرۆڤ ..!
ده‌مانویست ڕێگه‌ی ده‌رچوون له به‌نده‌ره‌که به‌ره‌و ده‌ره‌وه بدۆزینه‌وه، به‌نده‌ره‌که زۆر گه‌وره بوو نه‌مانده‌زانی کامه ڕێگه به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌مان ده‌بات. ماوه‌یه‌ک گه‌ڕاین ڕێگه‌مان نه‌دۆزیه‌وه،دیسان گه‌ڕاینه‌وه نێو شاحینه‌که، وڕوکاس ببووین،هیلاکو ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوو ژه‌نگاوی،له جۆڕێک بوونه‌وه‌رده‌چووین ته‌نها له مرۆڤ بترسێت..ئاوا..له مرۆڤ ده‌ترساین! ده‌بوا که‌س نه‌مانبینێ و هه‌موو که‌سێکیش وه‌ک پۆلیس وابوو له چاوی ئێمه‌دا..پۆلیس ئه‌و تارماییه مرۆییه ناحه‌زو ناشیرینه بوو له هه‌موو شوێنێکدا ئاماده‌گی هه‌بوو،یانیش ئێمه له زه‌ینی خۆماندا دروستمان ده‌کرد.
دیسان دابه‌زین و گوتمان ئه‌مجاره ملی پێوه ده‌نێین،هیج حه‌وسه‌ڵه‌مان نه‌مابوو..گوتمان ئه‌وپه‌ڕی ده‌گیرێین !شه‌واره‌ی شه‌وانه‌ی کۆچ هیج دڵنیاییه‌کی تێدا نییه..هه‌موو قه‌ده‌رێک له ده‌ستی ڕێکه‌وتدایه‌و کۆچبه‌ر ده‌بێت ئه‌و حه‌قیقه‌ته قه‌بوڵ بکات!
ڕێگه‌یه‌کیتر هه‌بوو که جاری پێشوو بینیمان پێمان وابوو ئه‌وه ڕێگای ده‌رچوونه به‌ره‌و ده‌ره‌وه،به‌ڵام ئێمه ترساین و به‌وێدا نه‌ڕۆیشتین چوونکه سه‌یاره‌یه‌ک وه‌ستابوو گوتمان له‌وانه‌یه پۆلیس بێت! ئه‌مجاره دابه‌زین و به‌وێدا رۆیشتین،ڕێگاکه به‌ره‌و ده‌ره‌وه بردمانی.چاره‌کێک ڕێمانکردبوو هیچمان تووش نه‌هات..له پڕێکدا سه‌یاره‌یه‌کی پۆلیسمان بینی له شوێنێکدا وه‌ستابوو..له‌وکاته‌دا که‌وته‌ڕێ و ڕێکوڕاست به‌ره‌و لای ئێمه هات،هیچ گومانمان نه‌بوو که بۆ گرتنی ئێکه دێن،هات به ته‌نیشتماندا تێپه‌ڕی و ڕۆیشت،ڕێکه‌وتێکی ناخۆس بوو دڵ و ده‌روونمانی هێنایه له‌رزین!
که‌مێکیتر ڕۆیشتین تاکسیه‌کمان بینی،یه‌کسه‌ر ده‌ستمان لێڕاگرت و وه‌ستا، به ئاماژه‌و یه‌کدوو وشه‌بڵمه‌بڵمی ئنگلیزی گوتمان بۆ ڕۆما ده‌چین. ئێمه ده‌مانویست ئه‌و بمانبات بۆ ڕۆما،هێشتا نازانین چه‌ند پاره‌ی ده‌وێت، ئه‌ویش به‌و جۆره تێگه‌یشت که وێسگه‌ی قیتاری ڕۆمامان ده‌وێت،بۆیه گوتی وێسگه‌ی قیتاری ڕۆما؟ئێمه‌ش یه‌کسه‌ر گوتمان یه‌س یه‌س..! گوتی سه‌رکه‌ون.
که چووینه نێو تاکسیه‌که‌وه ترسی گرتنمان نه‌ما،شۆفێره‌که یه‌ک پرسیاری لێ‌کردین:خه‌ڵکی کوێن؟ گوتمان ئیراک..دوای پانزه ده‌قه له نێو شارێکداو له وێسگه‌ی قیتار دایبه‌زاندین،نامانزانی ناوی شاره‌که چییه.له‌و وڵاتانه خه‌ڵکی هێنده سه‌رنجی که‌س نادات،به‌ڵام چوونکه ئێمه پیس و ژه‌نگاوی بووین و ڕوناکی به ڕۆخسارمانه‌وه نه‌مابوو،خه‌ڵکی سه‌رنجی ده‌داین.
له‌وێ پرسیاری قیتاری ڕۆمامان کرد،گوتیان یانزه‌ی شه‌و ده‌رده‌چێت.ئه‌گه‌ر چی ترسی گرتن له گۆڕێ نه‌بوو،به‌ڵام ئێمه هه‌ر ده‌ترساین!
هه‌ندێک خواردنمان کڕی و خواردمان،من نێو گه‌رووم وه‌کو زامی لێهاتبوو،که پارووه‌کانم قووت ده‌دا وه‌کو به سه‌ر برینا بچێت وابوو. هه‌روه‌ها یه‌کی دوو پاکه‌ت جگه‌ره‌شمان کڕی.دوایی چووینه قاوه‌خانه‌یه‌ک دانیشتین و قاوه‌مان خوارده‌وه تاکو کاتی ده‌رچوونی قیتاره‌که.
سعات یانزه قیتار هات و سه‌رکه‌وتین،هه‌ر له نێو قیتاره‌که‌دا تکتمان بڕی. ماوه‌یه‌ک بوو سه‌رما ڕچاندبوومانی،نێو قیتاره‌که ئه‌و گه‌رماییه بوو شه‌خته‌کانی جه‌سته‌مانی ده‌توانده‌وه،زۆرجار له نێو قیتاره‌که‌دا خه‌ومان لێده‌که‌وت و به ئاگا ده‌هاتینه‌وه.
سبه‌ینێ ڕۆژ بوه‌وه گه‌یشتینه ڕۆما،له‌وێ له دابه‌زین و پرسیارمان له خه‌ڵکو خاوه‌ن تاکسیه‌کان ده‌کرد به‌ڵکو شوێنی عێراقیه‌کانمان پێبڵێن،به‌ڵام ده‌یانگوت نازانین،شۆفێری تاکسیه‌کان داوای ئه‌دره‌سیان ده‌کرد ئێمه‌ش ئه‌دره‌سی شوێنه‌که‌مان پێنه‌بوو.ئێمه بیستبوومان کورده‌کان له پارکێکدان به ناوی پارکی په‌پووله‌کان،به‌ڵام ئه‌وه ناوی ڕه‌سمی پارکه‌که نه‌بوو،به‌ڵکو ناوێکی خوازراو بوو،دیاربوو کۆچبه‌ران ئه‌و ناوه‌یان لێنابوو! ناوێکی جوان و پڕ مانا‌و شاعیرانه بوو."په‌پووله‌کان"مه‌به‌ست له کۆچبه‌ران بوو که ئه‌و پارکه‌یان کردبووه مه‌نزڵگاو ئۆقره‌ی بێئۆقره‌ییان تێدا گرتبوو. په‌پووله‌کان له مه‌وداو سه‌رزه‌مینێکی زۆر دووره‌وه کۆچیان کردبوو.. له‌وێدا به یه‌کا ده‌هاتن و بۆ به‌هاروگوڵ و سه‌وزایی ده‌گه‌ڕان..به‌ڵام سه‌وزایی نه‌بوو..گوڵ نه‌بوو..به‌هار نه‌ده‌هات..په‌پووله‌کان سه‌دان هه‌ناسه‌و باڵی هه‌ڵقرچاو بوون و له جوگرافیای بێگوڵ و به‌هاره‌وه کۆچیان کردبوو بۆ ئارامی ده‌گه‌ران..به‌ڵام ئارامی نه‌بوو...
دوایی ته‌له‌فۆنمان بۆ براده‌رێک کرد‌و ئه‌دره‌سی شوێنه‌که‌مان لێوه‌رگرت و نووسیمان،ئینجا چوومه لای شۆفێری تاکسیه‌کو ناونیشانه‌که‌م بۆ خوێنده‌وه،من هێنده به سه‌قه‌تی خوێندمه‌وه ئه‌و نه‌یتوانی تێبگات.. کاغه‌زه‌که‌ی له ده‌ستم وه‌رگرت گوایه خۆی بیخوێنێته‌وه،یه‌کسه‌ر دایه‌وه ده‌ستم"وه‌کو ئه‌وه وابوو نارنجۆکم دابێته ده‌ستی"من به ئه‌لفوبێی خۆماڵی نووسیبووم ! دووباره بۆم خوێنده‌وه..که‌مێک وه‌ستاو بیری کرده‌وه،وه‌ک هه‌وڵ بدا چی ناوێک له‌و ڕسته عاجباتییه‌ی منه‌وه نزیکه،ئینجا ئه‌ویش ئه‌دره‌سه‌که‌ی به شێوه‌ی خۆی خوێنده‌وه،گوتم به‌ڵێ به‌ڵێ ئه‌وه‌یه به ساقه‌وبم..! بردمانی و له" پارکی په‌پووله‌کان" دایبه‌زاندین! ئێمه هیلاکو سه‌رما بردوو تۆقیو! بووین،وه‌ک هه‌ر نێچیرێک له ژێر ده‌م و دان و چنگ و چه‌پۆکی ڕاوچی ڕزگاری بووبێت و له نزیکه‌ی مه‌رگ گه‌ڕابێته‌وه،وه‌ها ڕۆخسارو جه‌سته‌یه‌کی که‌نه‌فت بووین.له شوێنێکدا بێ ترس و دوور له هاتن و چاوه‌ڕوانی لێدان و گرتن و پێله‌قه‌ی پۆلیس ڕاکشاین.چاوم لێکده‌ناو به بێویستی خۆم بیرم له خۆمان ده‌کرده‌وه! هه‌ندێجار-چرکه-ده‌که‌وتمه وه‌ها دۆخێکی بیرکردنه‌وه‌و ڕامان و خه‌یاڵ و گومانه‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی خه‌ون ببینم یان خه‌ونم بینیبێت! چۆن گه‌یشتینه ئێره.. خه‌ریک بوو باوه‌ڕ نه‌که‌م!
چه‌ند که‌س له کورده‌کان که دیار بوون له‌وێ ده‌ژیان،له چه‌ند شوێنی ناو پارکه‌که‌دا خواردن و چایان ده‌فرۆشت،ئاگریان ده‌کرده‌وه‌و گۆشتیان له سه‌ری ده‌برژاندو هه‌روه‌ها چاشیان له سه‌ر ته‌باخ و ئاگره‌که‌ش ده‌کوڵان. ئێمه‌ی سه‌رما بردوو تینووی ئاگر بووین،چووین له لای کوانووه‌که‌وه دانیشتین و خواردن و چامان داواکرد.من تاسه‌ی چام ده‌کرد..چه‌ند چای گه‌رمم خوارده‌وه..چه‌ند جگه‌ره‌ی پڕ حه‌سره‌تم کێشا..!
دوایی وه‌ک هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی بێهێلانه‌و ماڵ به‌و ناوه‌داو نه شه‌قامه‌کاندا ده‌سووڕاینه‌وه،که شه‌ویش داهات هه‌ر یه‌کێک چه‌ند پارچه کارتۆنمان هێناو له په‌نا دیوارێکداو له نێو پارکه‌که‌دا ڕامانخست و له سه‌ری هه‌ڵکورماین.سێ به‌شی کات له سه‌رماندا به ئاگا بووین،تاکو ڕۆژ بوه‌وه هه‌ر خۆمان ده‌گوشی و خۆمان لوول ده‌دا.
سبه‌ینێ دوای نیوه‌ڕۆکه‌ی بوو له پڕێکدا له گه‌ڵ ئه‌و براده‌ره ڕووبه‌ڕوی یه‌کتر بووینه‌وه،که له یۆنان له پارکی لای به‌نده‌ره‌که هات بۆ لامان و پێمان گوت،بچێت ده‌وروبه‌ری به‌نده‌ره‌که تاقیبکاته‌وه تاکو بزانین قاچاخچیه‌کان له‌وێ ماون یان نا! باوه‌شمان به یه‌کدا کرد‌و یه‌کترمان ماچ کرد.دوایی پرسیارمان له باره‌ی ده‌رچوونی یه‌کتره‌وه له یه‌ک کرد.گوتم چۆن ده‌رچوویت و که‌شتیه‌که که‌ی ده‌رچوو؟ئه‌و گوتی که‌شتیه‌که ئه‌و ئێواره‌یه ده‌رنه‌چوو،به‌ڵکو سعات دوانزه‌ی شه‌وی دواتر ده‌رچوو! ئه‌و کاته زانیم ئێمه چه‌ند دواکه‌وتینه که ده‌کاته سێ شه‌وو ڕۆژ! سێ شه‌وو ڕۆژ هیچمان نه‌خواردبوو،ئێمه شه‌وی هه‌ینی چووینه نێو که‌ستیه‌که‌وه دووشه‌مه گه‌یشتینه به‌نده‌ر.
پاشان باسی خۆی بۆ کردم که چۆن چۆته نێو که‌شتیه‌که‌وه‌و له نێو شاحینه‌یه‌کدا خۆی شاردۆته‌وه باره‌که‌ی شتێک بووه وه‌کو ناوکه لۆکه! کاتێکیش گه‌یشتۆته کۆنترۆڵی ئیتالیا،چاڵێکی تێدا کردووه‌و چووه‌ته نێویه‌وه‌و به‌و که‌ره‌سته‌یه خۆی داپۆشیوه.وه‌کو باسی ده‌کرد زیاتر له مه‌ترێک که‌وتبووه ژێر شته‌وه،ده‌یگوت چه‌ند جار هه‌ستم به خنکان ده‌کردو پێم وابوو ئیتر ده‌مرم! هه‌روه‌ها ده‌یگوت نه‌مده‌توانی هیچ جووڵه‌یه‌کیش بکه‌م! دوایی پرسیاری ئه‌و دوو براده‌ره‌یترم لێکرد،به تایبه‌ت حه‌سه‌ن، چوونکه حه‌سه‌ن چووه نێو که‌شتیه‌که‌وه،گوتی هه‌ردووکیان گیراون،ئێمه ئاگه‌داری یه‌کێکیان بووین که گیرا،به‌ڵام حه‌سه‌ن که چووه نێو که‌شتیه‌که‌وه ئیتر ئاگامان لێنه‌ما.دیاره دوایی بۆی گه‌ڕاون و ئه‌ویشیان دۆزییه‌ته‌وه.من به‌و هه‌واڵه زۆر دڵگران بووم،حه‌سه‌ن ته‌قه‌لایه‌کی بێپه‌رواو شێتانه‌ی ده‌دا تاکو ئه‌و دۆخه پڕژان و ژاره‌ی تێپه‌ڕێنێت.ئه‌وه بوو ئه‌و ئێواره‌یه عه‌ره‌قێکی زۆری خوادبوه‌وه‌و ده‌یویست مه‌ستانه سه‌وڵی هیواو ئومێده به دینه‌ده‌هاتووه‌کانی لێبدات،خۆی مه‌ست کردبوو تاکو هه‌ست و تواناکانی ئازاد بکاو له مه‌رگی خۆیشی نه‌ترسێت"شه‌رم له پاڕانه‌وه‌ش نه‌کات". ئه‌و مه‌ستانه به جلی ته‌ڕه‌وه له به‌ر هاژوهوژی باو تۆفاندا ڕاوه‌ستابوو داوای کۆمه‌کی ده‌کردو که‌س لای لێنه‌ده‌کردوه،ده‌پاڕایه‌وه که نه‌ده‌بوو ناچار به پارانه‌وه بکرێت..ده‌مرد که‌س حه‌قی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بیکوژێت.ئه‌و ڕۆخسارێکی ماندوو هه‌گبه‌یه‌کی پڕ ژانه ڕازی نه‌درکاو بوو،مرۆڤێکی داخ له دڵ و هه‌ڵاتووی ده‌ستی سته‌م و زۆرداری بوو،وه‌ک هه‌زارانیتر ته‌ره‌و دابڕاو له ئازیزانی..له مناڵه‌کانی وه‌کو ڕه‌هێڵه‌ی باران فرمێسکی بۆ ده‌ڕشتن.. دنیایه‌کی سه‌یرو پووچه..کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی پره له زه‌لکاوو زۆرترین ئارامی و له‌زه‌ت مێش و مه‌گه‌سه‌کان ده‌یبه‌ن.
که‌نیسه‌یه‌ک هه‌بوو ئێواران خواردنی دروست ده‌کرد،ئه‌و که‌سانه‌ی که بێ جێگه‌و ماڵ بوون ده‌یانتوانی بچن له‌وێ نان بخۆن و هه‌روه‌ها خۆیان و جله‌کانیشیان بشۆن،ئێمه‌ش ئه‌و ئێواره‌یه ڕۆیشتین بۆ ئه‌وێ هه‌م خۆمان و جله‌کانمان شت و هه‌م نانیشمان خوارد.
هه‌فته‌یه‌ک له ئیتالیا مامه‌وه،شه‌وانه وه‌کو ئه‌وانیتر له په‌نا دیواره‌کاندا ده‌خه‌وتم.هه‌موو ئێواره‌یه‌ک دنیایه‌ک کارتۆنمان ده‌هێناو سبه‌نێ شاره‌وانی ده‌هاتن و کۆیان ده‌کردنه‌وه‌و فڕێیان ده‌دا،ئه‌وه به‌رنامایه‌ک هه‌موو ئێواره‌و به‌یانییه‌ک دووباره ده‌بوه‌وه.
له ئیتالیا پۆلیس ئازاری کۆچبه‌رانی نه‌ده‌دا،یاخود من نه‌مبینی،به‌ڵام وه‌کو کۆچبه‌ران باسیان ده‌کرد هه‌ر کاتێک بیانویستایه‌و بۆیان ڕێککه‌وتایه کۆچبه‌رانیان ده‌گرت و به زۆر په‌نجه مۆریان پێده‌کردن،ئه‌وه‌ش به لایه‌نی کۆچبه‌رانه‌وه کارێکی خراپ بوو،چوونکه کاتێک بۆ وڵاتێکی‌تر ده‌چون و ئه‌گه‌ر په‌نجه مۆری ئیتالیایان هه‌بوایه‌و ئاشکرا بوایه،ئه‌وا ڕه‌فزیان وه‌رده‌گرت یاخود ده‌یان ناردنه‌وه بۆ ئیتالیا یانیش به خراپی له سه‌ر که‌یسه‌که‌یان ده‌که‌وته‌وه.
ئێواره‌ی دوا ڕۆژی هه‌فته له گه‌ڵ پێنج که‌سیتردا تکتی شارێکی فه‌ڕه‌نسامان بڕی به ناوی"دیژۆن"،ئێمه خۆمان تکته‌کانمان نه‌بڕی،چوونکه ده‌یانگوت له‌وانه‌یه داوای پاسه‌پۆرت بکه‌ن و ئێمه‌ش ئه‌و کاغه‌زه هیچ و پووچه‌مان نه‌بوو.چه‌ند که‌س له کورده‌کان که ئیقامه‌ی ئه‌وێیان هه‌بوو هه‌میشه له نێو کۆچبه‌راندا بوون و بیست سی ئۆرۆو زیاتریان له کۆچبه‌ران وه‌رده‌گرت و تکته‌کانیان بۆ ده‌بڕین،ئه‌وه‌ش جۆرێک بوو له قاچاخچێتی،ئێمه‌ش هه‌ر یه‌کێ و سی یۆرۆمانداو تکته‌کانیان بۆمان وه‌رگرت.
سعات حه‌وتی ئێواره چووینه نێو قیتاری شاری دیژۆنه‌وه،ئێمه شه‌ش که‌س بووین هه‌ر دوانمان چووینه نێو فارگۆنێکه‌وه.هێشتا قیتاره‌که به ڕینه‌که‌وتبوو،کارمه‌ندانی نێو قیتاره‌که-ئه‌وانه‌ی داوای تکت و پاسه‌پۆرت ده‌که‌ن،هاتن و داوای تکت و پاسیان لێ‌کردین،من و هاوڕیکه‌م تکته‌کانمان دایه ده‌ستیان.گوتیان پاسه‌پۆرت؟نۆ پاسه‌پۆرت..!هه‌ندێک قسه‌یانکرد هیچ تێنه‌گه‌یشتین،گوتیان ئنگلیزی ده‌زانن؟نۆ..ئیتالی فه‌ڕه‌نستی؟نۆ..قسه‌کانی دواتریان ئه‌وه بوو که له ڕێگا پۆلیس هه‌یه‌و ده‌تانگرن،من به وشه‌کانی پۆلیس و کۆنترۆل له مه‌به‌ستیان تێگه‌یشتم.ئێمه بێده‌نگ ماینه‌وه‌و ئه‌وانیش ڕۆیشتن.من ده‌مویست ئه‌وان له کۆڵمان ببنه‌وه‌و بڕۆن،ئیتر له ڕێگا چی ده‌بێت و چی ڕوو ده‌دات گرنگ نییه،من به نێو تونێلی مه‌رگ و په‌یژه‌ی ئازارا هاتبووم،پاسه‌پۆرت و ئه‌و کاغه‌زه بێبه‌هاو هیچووپوچه‌م نه‌بوو ئه‌وان داوایان ده‌کرد.ئه‌گه‌ر گێلی و گه‌مژه‌یی یاساوڕێسا پووچه‌کانی مرۆڤ و سیسته‌مه خورافیه‌که‌ی نه‌بێت،ئازادی چی په‌یوه‌ندیه‌کی به‌و کاغه‌زه بێنه‌خه‌وه هه‌یه‌و ده‌بێت! ئازادی چی په‌یوه‌ندییه‌کی به یاسا‌و ڕێسا‌و چوارچێوه دانانه‌وه هه‌یه؟ده‌بێت کاغه‌زێکت هه‌بێت تاکو بزانن کێیت خه‌ڵکی کوێ و بۆ کوێ ده‌چیت!! ئه‌م سیسته‌مه چی کۆمیدیایه‌که..ئه‌وه نابینێت تۆ مرۆڤیت،مرۆڤیت و ئیتر هیچ ناسنامه‌یه‌کیتر پێویست نییه..به‌ڵکو شه‌رمه بۆ مرۆڤ ئه‌گه‌ر ناسنامه‌یه‌کیتری هه‌بێت...
هه‌ر ئاواشیان به‌و براده‌رانه‌یتر گوتبوو،ئه‌وان یه‌کسه‌ر دابه‌زیبوون و هاتنه به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ئه‌و فارگۆنه‌ی ئێمه تێیدا بووین،له خواره‌وه ئاماژه‌یان بۆمان ده‌کرد ئێمه‌ش دابه‌زین.هه‌ستام و په‌نجه‌ره‌که‌م کرده‌وه‌و گوتم چی بووه؟گوتیان پێیان گوتوین له ڕێگا پۆلیس هه‌یه‌و ده‌تانگرن بۆیه ده‌بێت دابه‌زین.منیس گوتم ئێمه تکتمان بڕیوه‌و به‌و هۆیه‌وه که زمان نازانین ناتوانین پاره‌ی تکته‌کانمان وه‌رگرینه‌وه،هه‌روه‌ها له هه‌ر کوێ بین و هه‌ر کاتێک بڕۆین هه‌ر ده‌بێت به‌م شێوه‌یه‌و به قاچاخ بڕۆین،که‌واته باشتر ئه‌وه‌یه بڕۆین،ئه‌گه‌ر بشمانگرن ده‌مانگێڕنه‌وه بۆ ئیتالیا،ئیتر ئه‌وانیش دووباره سه‌رکه‌وتن،ئه‌وان بهاتنایه یان نا من هه‌ر ده‌ڕۆیشتم،به‌ڵام هاتنی ئه‌وان بووه هۆی کێشه‌یه‌کی گه‌وره بۆ من،ئه‌مه دواتر ڕوون ده‌بێته‌وه.
پێم وابێت ماوه‌ی چوار پێنج مانگێک ده‌بوو کۆنترۆڵی نێوان ئیتالیا‌و فه‌ڕه‌نسا توندوتۆڵ کرابوو،ئه‌وه‌ش به‌و هۆیه‌وه بوو که ئه‌و کامپه‌ی له کالاس بوو"کالاس شارێکی فه‌ڕه‌نسایه‌و کامپی لێ‌بوو"داخرابوو چیتر کۆچبه‌ری عێراقی وه‌رنه‌ده‌گرت،هه‌رکۆچبه‌رێکیش بڕۆیشتایه بۆ ئه‌و شاره وه‌ریان نه‌ده‌گرت و ده‌بوا له ده‌ره‌وه‌و له سه‌ر جاده‌و په‌ناو په‌سێوو خه‌رابه‌کاندا بخه‌وتایه.له به‌ر ئه‌وه زۆرجار کۆچبه‌ران له نێوان ئیتالیا‌و فه‌ڕه‌نسادا له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌گیران و دیپۆرتی ئیتالیا ده‌کرانه‌وه، هه‌نێجار له شوێنێکی دوور له وێسگه‌و هێڵی قیتار به‌ره‌ڵایان ده‌کردن و ده‌بوا چه‌ندین سعات به پێ بڕۆیشتنایه تاکو ده‌گه‌یشتنه وێسگه‌ی قیتار.
گه‌یشتینه شاری دیژۆن و چڕوچاره‌ی پۆلیسمان نه‌بینی،هه‌رکه‌سه‌و ڕۆیشت بۆ خۆی تکتی شاری پاریس ببڕێت. من تکتی خۆمم بڕی و گه‌ڕامه‌وه سه‌رئه‌و شۆشته‌یه‌ی که قیتاری پاریسی لێوه ده‌ڕۆیشت،یه‌ک تکت به چل‌وپێنج یۆرۆ بوو.دوایی سه‌یرمکرد ئه‌و براده‌رانه شپرزه‌بوونه‌و به‌ره‌و لای من دێن، من پێشتر ئه‌وانم نه‌ده‌ناسی و ئه‌وان دۆست و ناسیاوی یه‌ک بوون . هاتن و گوتیان پاره‌که‌مان به‌شی سێ تکت ده‌کاو دوانمان بێ تکت ده‌مێنینه‌وه،به‌ڵکو تۆ پاره‌ی ئه‌و دوو تکته‌مان بۆ بده‌یت و هه‌ر که گه‌یشتینه پاریس یه‌کسه‌ر پاره‌که‌ت ده‌ده‌ینه‌وه،گوتیان براده‌رمان له‌وێ هه‌یه! به‌ڵێنی دانه‌وه‌ی پاره‌که له پاریس و چه‌ند ڕۆژی‌تر به‌ڵێنێکی بێ‌مانا بوو! مرۆڤی ئه‌و کات و سات و ڕۆژگارانه قایل ناکات! به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی نیگه‌ران ده‌کردو قایلی بکردایه‌م، سیمای په‌شۆکاوو نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌وان بوو،که ده‌کرا به هۆی ده‌رنه‌چوونیان له‌و شاره پۆلیس بیانی گرتایه‌و دیپۆرتی ئیتالیایان بکردنایه.هه‌روه‌ها لایه‌نێکیتریش که بیرم لێده‌کرده‌وه بێپاره مانه‌وه‌ی خۆم بوو.ڕووبه‌ڕوی هه‌ڵوێستێکی دژوار ببوومه‌وه،هه‌روا بیرم ده‌کرده‌وه پاره‌یان بده‌مێ یان نه‌یده‌م! ئه‌گه‌ر نه‌ده‌م حه‌قی خۆمه‌و خۆیشم بێپاره ده‌مێنمه‌وه، وه‌کو ئه‌و ڕۆژانه‌م لێدێت نه‌توانم جگه‌ره‌یه‌ک بکڕم.هیچ کێشه‌یه‌کم له گه‌ڵ ناندا نه‌بوو..ده‌توانم هه‌فته‌یه‌کیش نه‌یخۆم..ملێونان برسی له دنیادا هه‌یه‌و به درێژایی ژیانیان برسین و به برسێتیش ده‌مرن! به‌ڵام بێجگه‌ره‌یی شێتی ده‌کردم،جگه‌ره ئه‌و میکرۆبه پیسه نه‌بوونی له شه‌وه سارده‌کانی شه‌واره بووندا کوێرم ده‌کات.من ده‌مزانی شه‌وگه‌لی شه‌وانه‌کانی سه‌فه‌ر دوایی نایه‌ت،ئه‌و شه‌وانه‌ی تێیدا هیچم نابێت بێجگه جگه‌ره!
حه‌قیش بوو پاره‌یان بده‌مێ چوونکه پێویستیان به کۆمه‌ک بوو،هیچ نه‌بێت له ژانه‌کانی شوێنێک دووریان ده‌خاته‌وه‌و ده‌یانباته شوێنێکی‌تر.من له نێو ئه‌و هه‌موو حه‌ق و ناحه‌قه‌دا گیرم خواردبوو نه‌مده‌زانی چیبکه‌م.پێم ده‌گوتن خۆیشم بێپاره ده‌بم و که‌سیش نییه‌و نابێت پاره‌ی جگه‌ره‌یه‌کم بداتێ، له باره‌ی ئه‌و پێشهاتانه‌وه که له بێپاره‌ییدا تووشم ده‌بێت زۆرم له گه‌ڵیان گوت،ده‌مگوت به‌ڵکو قایلیان بکه‌م و وازم لێبێنن و ڕێگه‌یه‌کیتر بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه! به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌گوت که پاره‌یان بده‌مێ.ده‌یانگوت پیاوه‌تیه‌کی گه‌وره‌مان له گه‌ڵ ده‌که‌یت.من ڕقم له‌و وشه "پیاوه‌تیه" بوو که‌چی ئه‌وان ده‌یانویست له‌و وشه ناشیرینه‌دا، مرۆڤدۆستی من به‌رجه‌سته‌بکه‌ن... به هه‌رحاڵ..پاره‌م پێدان و تکته‌کانیان کڕی..من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌مزانی پاره‌که‌یان ده‌ده‌مێ..! سه‌دوچل یۆرۆم پێ‌بوو نه‌وه‌دیم به‌وانداو په‌نجاشی لای خۆم مایه‌وه.
چووینه نێو قیتاره‌وه‌و به‌ره‌و پاریس به ڕێکه‌وتین.کۆچبه‌ری کورد له نێو قیتاره‌کاندا غه‌مگین و نامۆ دیاره! یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی کۆچبه‌ر له نیو قیتارا غه‌مگین و نامۆ ده‌کات،ئه‌وه‌یه ئه‌و نازانێت بۆ کوێ ده‌ڕوات! ئایا ناگیرێت..ئایا به ڕاستی ده‌گاته ئه‌و شوێنه خه‌یاڵییه که بۆی ده‌ڕوات؟ ئه‌و هه‌زارو یه‌ک بیرۆکه‌و خه‌یاڵات به مێشکیا دێت،هه‌رگیز له‌و شوێنه نییه که تێیدایه.."ئێره" شوێنێکه ئه‌و تێیدا نامۆیه،زمان نازانێت،ناتوانێت له گه‌ڵ خه‌ڵکیدا قسه بکات،شاره‌زای هیچ شوێنێک نییه‌و شوێنه‌کان بۆ ئه‌و تازه‌و نه‌دیتراوو ئه‌زموون نه‌کراوون! "ئه‌وێ"ش که ئه‌و بیری لێده‌کاته‌وه به خه‌یاڵ تێیدایه،هیچی له باره‌وه نازانێت،شوێنێکه هیچ زانیارییه‌کی له سه‌ری نییه،ئه‌و ده‌ڕوات و له هه‌موو "شوێنێک" نامۆیه...! من-ئێمه‌ش غه‌مگین بووین،من هه‌میشه جگه‌ره‌م ده‌کێشا..!
سعات نۆی به‌یانی گه‌یشتینه پاریس،له وێسگه‌که هاتینه ده‌ره‌وه‌و ته‌له‌فۆنیان بۆ براده‌ره‌که‌یان کرد،ئه‌ویش ناونیشانی شوێنێکیداو گوتی وه‌رن بۆ ئه‌وێ و دێم بۆ لاتان.هه‌ڵبه‌ته بۆ که‌سێک زمان نه‌زانێ و شاره‌زا نه‌بێت دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌کان ئاسان نییه،هه‌روه‌ها له شارێکی گه‌وه‌ره‌و جه‌نجاڵی وه‌کو پاریسیشدا.
هێشتا هه‌ر له نزیکی وێسگه‌که‌دا بووین کوڕێک هات بۆ لامان و به عه‌ره‌بی گوتی بۆ کاڵاس ده‌ڕۆن،گوتی ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وێ ده‌ڕۆن من یارمه‌تیتان ده‌ده‌م ئێوه‌ش یارمه‌تیم بده‌ن؟کاڵاس ئه‌و شاره بوو که کامپه‌که‌ی لێ‌بوو ده‌که‌وته سه‌ر ده‌ریاوه،عێراقیه‌کان ده‌چوونه ئه‌و شاره‌و له‌وێوه له ڕێگه‌ی شاحینه‌و که‌شتیه‌کانه‌وه ده‌چوون بۆ به‌ریتانیا.
ئه‌م کوڕه بێ‌ماڵ و حاڵ بوو،هه‌روه‌ها ئاشنای عێراقیه‌کان ببوو که دێنه پاریس و له‌وێوه بۆ کاڵاس ده‌ڕۆن،به هۆی ناشاره‌زایی کۆچبه‌رانه‌وه ده‌چێته لایان و ده‌ڵێت یارمه‌تیم بده‌ن منیش یارمه‌تیتان ده‌ده‌م،مه‌به‌ستی ئه‌و ئه‌وه بوو که‌مێک پاره‌ی بده‌نێ ئه‌ویش ڕێنماییان ده‌کات.ئه‌وخه‌ڵکی جه‌زائیر بوو. کۆچبه‌ر کاتێک ده‌گه‌یشته پاریش له وێسگه‌یه‌ک داده‌به‌زین ناوی "گاردینۆرد"بوو،هه‌روه‌ها ئه‌و وێسگه‌یه‌ش که قیتاری کاڵاسی لێ‌بوو ناوی"گاردیلێون"بوو،نێوان ئه‌م دوو وێسگه‌یه بڕێک دوور بوو،بۆ که‌سێک ئه‌گه‌ر شاره‌زا نه‌بێت له‌وانه‌یه دۆزینه‌وه‌ی که‌مێک دژوار بێت،وه‌کو گوتم بۆ مرۆڤی ناشاره‌زا له‌وانه‌یه کێشه‌ی دۆزینه‌وه‌ی تووش بێت،بۆیه به لای ئه‌و کۆچبه‌رانوه که ده‌یانه‌وێت به كاڵاس بگه‌ن،ده یۆرۆ‌و بیست یۆرۆ هێنده بایه‌خی نه‌ده‌بوو پێی بگه‌نه شوێنی مه‌به‌ست.
ئێمه‌ش گوتمان بۆ کاڵاس ده‌ڕۆین به ڵام له پێشدا ده‌بێت بۆ ئه‌م شوێنه بڕۆین،کێشه‌که‌مان بۆ باسکرد گوتی باشه من له گه‌ڵتان دێم و ده‌تانبه‌م.
گه‌یشتینه شوێنه‌که‌و ته‌له‌فۆنیان بۆ هاوڕیکه‌یان کرد‌و به‌ڵام گوتی نایه‌م و کارم هه‌یه! گوتیان به‌یانی دوو به‌یانی..گوتی ناتوانم،ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسام هایه دی.ئه‌و که‌مه پاره‌یه‌ش که پێم مابوو به‌شی هیچی نه‌ده‌کردو به هیج کوێی نه‌ده‌گه‌یاندم،ئیتر به ناچاری بوومه هاوڕێی سه‌ر جاده‌و شه‌وه سارده‌کانیان!
تاکو دوا نیوه‌ڕۆیاکی دره‌نگ به جاده‌کاندا ده‌سووڕانینه‌وه‌و پیاسه‌ی بێمه‌رام و مه‌به‌ست و بێله‌زه‌ت و سه‌رگه‌ردانیمان ده‌کرد! شه‌وه سارده‌کان و شه‌واره سه‌خته‌کان لیره‌وه کوێرترو پر ئێش‌تر ده‌ستی پێ‌کرد!شه‌واره‌بوون ده‌کرێت سه‌ختترو سه‌ختتر..کوێربوون و کوێرتر..وونبوون و وونتر بێت.. وه‌کو ئه‌و سوێسکانه‌ی که له شه‌وه‌کانی ساماڵدا ڕاویان ده‌که‌یت و شه‌واره‌یان پێده‌که‌یت..ئه‌وانه ده‌کرێت لێیان بفڕن و هه‌ندێکیان لێده‌ربازبن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له به‌ر باو بۆران و شه‌وه‌زه‌نگدا ڕاوو شه‌واره ده‌کرێن کوێر ده‌بن..هێنده کوێر ده‌بن وه‌کو ئه‌وه‌ی چاویان نه‌بێت..هێنده وون ده‌بن وه‌کو ئه‌وه‌ی له بیریان چووبێته‌وه" شوێن" هه‌یه...
تاکو ئه‌وپه‌ڕی بێحه‌وسه‌ڵه‌یی بێحه‌وسه‌ڵه بووین و سه‌رماش وه‌کو چه‌قۆی جه‌لاد جه‌سته‌و هه‌ناومانی ده‌بڕی.ئازارێکی تاڵه پاره‌و ماڵت نه‌بێ و سه‌رگه‌ردان و به سکی برسی به شه‌قامه‌کاندا بسووڕێیته‌وه.سه‌رمای پاریس شتێک نه‌بوو بێنه‌واکان بتوانن له سه‌ر جاده‌کاندا به‌ربه‌ره‌کانێی له گه‌ڵدا بکه‌ن،سه‌رما لوولی ده‌کردین و ده‌یکردینه به‌شێک له خۆی.
کات دره‌نگ بوو هیچمان نه‌خواردبوو،ده‌مزانی خۆم و ئه‌وانیش برسین، به هاوڕێ تازه‌که‌مان گوت با بڕۆین که‌مێک خواردن بکڕین. باخه‌ڵی ئه‌ویش باخه‌ڵێکی هه‌میشه سارد بوو،جگه‌ره‌شی نوبوو ئێمه جگه‌ره‌مان ده‌دایه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئێمه‌ی ئه‌مسه‌ری دنیای کرده هاوڕێی ئه‌وی شه‌قامه سارده‌کانی ئه‌و سه‌ری دنیا!
ڕۆیشتین و ئه‌و بڕه پاره‌یه که پێم مابوو هه‌ندێکیم به خواردندا،خواردنه‌که بریتی بوو له نان و ته‌ماته‌و چه‌ند قووتوی گۆشتی ئاماده‌کراو.ئه‌و براده‌ره بۆ "لحم حلال"ده‌گه‌ڕا..و ده‌یگوت ئه‌وانه لحملحلاله..! گوتم من لحملحه‌رامیش ده‌خۆم..! گه‌ڕاینه‌وه له شوێنێکدا دانیشتین و به یه‌که‌وه خواردنه‌که‌مان خواد. ئه‌و براده‌رانه ده‌یانگوت پاره حه‌واڵه ده‌که‌ین،که‌ی حه‌واڵه‌یان بۆ ده‌کرێت که‌س نازانێت؟ به براده‌ره تازه‌که‌شمان گوت هه‌ر کاتێک پاره‌مان بۆ حه‌واڵه کرا یارمه‌تی تۆش ده‌ده‌ین.تاکو دره‌نگێک به شه‌قامه‌کاندا ده‌سووڕاینه‌وه‌و ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌رمان ده‌کرد،سه‌رما ده‌یڕچاندین و ئارامی لێبڕیبووین،ئه‌و بڕه پاره‌یه که پێم مابوو به که‌ڵکی ئه‌وه نه‌ده‌هات هه‌موومان بچووینایه ڕیستۆرانتێکه‌وه و سه‌رو قاوه‌مان بخواردایه‌ته‌وه‌و که‌مێک گه‌رم داهاتایه‌ین.
گوتم مه‌گه‌ر ته‌نها جگه‌ره له باخه‌ڵم ده‌ریبکات! به‌ڵام دواتر که ئیتر له سه‌رماندا ئارامم لێ‌بڕابوو،به دزی ئه‌وانه‌وه خۆم به قاوه‌خانه‌یه‌کدا کرد‌و قاوه‌یه‌کم خوارده‌وه،نه‌مده‌توانی به ئه‌وانیش بڵێم چوونکه ئه‌و کاته نزیکه‌ی بیست یۆرۆی ده‌کرد.چه‌ند ڕۆژ نان نه‌خواردن ئاسایی تیده‌په‌ڕێت، به‌ڵام چه‌ند سعات بێجگه‌ره‌یی مرۆڤ کاس ده‌کات!
ئه‌گه‌ر ئه‌و کاغه‌زه هیچووپوچه‌ی پێی ده‌ڵێن"پاره"نه‌تبێت،ئه‌وا ئه‌گه‌ر له سه‌رماندا ڕه‌ق بیته‌وه‌و له برساندا بمری و بێجگه‌ره‌ییش شێتت بکات، نا‌توانیت ده‌رگای ماڵێک بکه‌یته‌وه‌و سکت تێر بکه‌یت و جگه‌ره‌یه‌کیش بکێشیت! سیسته‌می سه‌رمایه‌و مولکیه‌ت ئاوایه..ده‌بێت هه‌موو مرۆڤێک پاره‌و ماڵ و موڵکی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت،ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێکیش به هه‌ر هۆیه‌که‌وه ئه‌وانه‌ی نه‌بێت،ئه‌وا ده‌بێت ڕووت و ڕه‌جاڵ و بێ‌ماڵ و حاڵ و برسی بێت! به‌وه‌ش ده‌ڵێن یاسا‌و عه‌داله‌ت و سرووشتی ئه‌به‌دیه‌تی ژیان! چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌کان له هه‌ر کوێ بوونایه‌و هه‌ر کوێ بڕۆیشتنایه ماڵیان بوایه‌و خواردن و سه‌ر زه‌مینه‌کان خواردن و سه‌رزه‌مینی هه‌موان بوایه؟! بۆ هه‌ر شوێن و گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دنیایه بڕۆیشتایه هه‌ستی به نامۆبوون نه‌کردایه! نامۆبوونی مرۆڤ له مرۆڤ و له شوێن دیارده‌و هه‌ستێکی سرووشتی نییه،به‌ڵکو دیارده‌و هه‌ست و بیر‌و ڕه‌وشتێکی سه‌پێنراوو دروست کراوه.بارگاویه به کولتور‌و فه‌رهه‌نگ و دیدی سیسته‌می زاڵ بۆ ژیان و ماف و جۆرێکی تایبه‌ت له په‌یوه‌ندی کردن.مرۆڤ له شوێنێک هه‌ستی کرد یاخود ئه‌و هه‌سته‌یان به سه‌ریا سه‌پاند که ئه‌و خه‌ڵکی ئه‌وێ نییه‌و مافه‌کانی لێره نییه‌و کولتور‌و په‌یوه‌ندیه‌کانی جۆرێکیتره،ئیتر له‌وێوه نامۆبوون ده‌ست پێده‌کات.ڕیشه‌ی نامۆبوون له سیسته‌می خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیدایه،تا ڕۆژگارێک سیسته‌می خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی بمێنێ و له‌وێوه بیر‌و خه‌یاڵ و په‌یوه‌ندیه کولتوری و ئه‌خلاقیه‌کان دیاری و ئاراسته بکرێت،نامۆبوونی مرۆڤ به شوێن و نامۆبوونی مرۆڤ به مرۆڤ کۆتایی نایه‌ت...
من له هه‌موو شوێنێک هه‌ستم به نامۆبوون ده‌کرد..نامۆبوون ئازاری ده‌دام و تاک و ته‌نهای ده‌کردم..! به‌ڵام نامۆیی من نامۆیی مرۆڤێک نه‌بوو بێ "وڵات" و"نیشتیمان"ه‌و غوربه‌تی خورافه‌ی نیشتیمانێک بکات،ئه‌گه‌ر بۆ زۆرێک له کۆچبه‌ران-کۆجبه‌رانی-هه‌ر وڵاتێک،"ئه‌وانه‌ی هێشتا نه‌یان توانیوه په‌ی به خورافه‌ی نیشتمان و شوێن و سنوور‌و غوربه‌تی مرۆڤ به‌ر‌ن"،له "غوربه‌تدا"مه‌یل و هه‌ستی نیشتیمانیان تێدا زیندو بێته‌وه ،به‌ڵام بۆ من زیاتر له هه‌ر کاتێک بێمانایی و پووچی و گه‌وجێتی بیروهه‌ستی وڵات و نیشتیمان په‌رستی و خورافاته‌کانی سنوور زه‌قترو به‌رجه‌سته‌تر ده‌بوون...
ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ بوو له گه‌ڵ یه‌کێک له‌و براده‌رانه‌دا وه‌ستابووم و قسه‌مان ده‌کرد،براده‌ره‌که گوتی ئه‌و پۆلیسانه به‌ره‌و لای خۆمان دێن، من پشتم له پۆلیسه‌کان بوو،گوتم نزیکن؟گوتی به‌ڵێ نزیکن و وه‌ک بۆ لای خۆمان بێن وایه.من به بێ ئه‌وه‌ی لا بکه‌مه‌وه‌و سه‌یری پۆلیسه‌کان بکه‌م، ئاسایی و له سه‌رخۆ له براده‌ره‌که جیا بوومه‌وه‌و ڕۆیشتم،به‌و مه‌به‌سته‌ی تووشی گرتن و ڕووبه‌ڕوی پۆلیس نه‌بمه‌وه،چوونکه هه‌ندێجار هه‌ر کۆچبه‌رێکیان بگرتایه چه‌ند ڕۆژو هه‌فته‌یه‌کو تاکو ده ڕۆژ زیندانیان ده‌کرد.
هێشتا ده مه‌تر نه‌ڕۆیشتبووم ده‌ستێک له دواوه سه‌ر شانی گرتم! من که هێشتا لام نه‌کردبوه‌وه،هه‌ستم کرد ئه‌و ده‌ستانه ده‌ستی پۆلیسن ! ئه‌گه‌رچی به نه‌رمی شانی گرتم،به‌ڵام من هه‌ستم به قورسایی و نامۆبوونی ئه‌و گرتنه ده‌کرد،له پشتی ئه‌و نه‌رم و نیانیه‌وه هه‌ستم به زه‌برو زۆرداری ده‌کرد! یه‌که‌م قسه‌یان پاسپۆه‌ت؟ نۆ!له کوێوه هاتووی؟ ئیراک! هه‌ردوو باڵیان پێفشکردم و پشکنیمیان،وه‌ک بۆمباکانی ئه‌تۆم من دروستم کردبێ و له باخه‌ڵما بێت..هیچیان پێنه‌گرتم..!! کیسه‌یه‌کی نایلۆنم به ده‌سته‌وه بوو پانتۆڵێکی کابۆی ته‌ڕی تێدابوو،له ئیتالیا شتبووم هێشتا ووشک نه‌ببووه‌وه،ده‌ریان هێناو گیرفانه‌کانیان ده‌پشکنی،داوای ئه‌و کاغه‌زه‌یان لێکردم که له کاتی کڕینی هه‌ر شتێکدا له مارکێته‌کاندا ده‌تده‌نێ و ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌و شته نه‌دزراوه،پاشان زانیان پانتۆڵه‌که کۆنه‌و زووتر کڕراوه وازیان هێنا،هه‌ر باش بوو به دزیشیان نه‌کردم!
دوایی گوتیان بۆ کاڵاس ده‌ڕۆیت؟گوتم نا لێره ده‌مێنمه‌وه،ئه‌گه‌ر بمگوتایه بۆ کاڵاس ده‌ڕۆم له‌وانه بوو بیانگرتایه‌م،چوونکه کامپه‌که داخرابوو نه‌یانده‌هێست کۆچبه‌رانی عێراقی بۆ کاڵاس بڕۆن.له وێسگه‌ی گاردیلێونیش که قیتاری کاڵاسی لێوه ده‌ڕۆیشت،پۆلیس به ته‌واوی کۆنترۆڵی کردبوو نه‌یانده‌هێشت هیچ عێراقیه‌ک بچێته نێو قیتاره‌کانه‌وه! پۆلیس له به‌رده‌م ده‌رگای قیتاره‌کاندا ده‌وه‌ستا تاکو قیتاره‌که به ڕێده‌که‌وت.له به‌ر ئه‌وه کۆچبه‌ران به تاکسی بۆ کاڵاس ده‌ڕۆیشتن،به‌ڵام تاکسی پاره‌ی زیاتری ده‌ویست.
پۆلیسه‌کان به‌ریاندام و ڕۆیشتن،له‌و لایه‌نه‌وه هیچیان پێنه‌گوتم ،ئایا پاره‌م هه‌یه‌و برسیمه‌و له کوێ ده‌خه‌وم و کێشه‌م چییه؟ دیار بوو ئه‌وانه کێشه‌ی ئه‌وان نه‌بووه!
خه‌می ئه‌وه‌ی شه‌و چۆن و له کوێدا بخه‌وین دایگرتبووین،هێشتا شه‌و نه‌هاتبوو سه‌رما ڕچاندبوومانی و ژانی پێده‌کردین و وه‌کو ماری بریندار لوولی ده‌کردین،ئاخۆ ده‌بێت شه‌و سارده‌کانی پاریسی گه‌وره‌و جه‌نجاڵ چی حیکایه‌تێکمان تیا بنووسێته‌وه! شه‌وانێک هه‌موو دینیا زوقم به‌نده‌و ئێمه تێیدا ڕووتین...
براده‌ره تازه‌که‌مان گوتی له شوێنێک خانه‌یه‌ک هه‌یه ئه‌و که‌سانه له خۆ ده‌گریت که جێگه‌ی شه‌ویان بۆ خه‌وتن نییه.گوتی له سعات ده‌ی شه‌وه‌وه تاکو هه‌شتی به‌یانی ده‌توانن له‌وێ بمێننه‌وه، هه‌وه‌ها گوتی دوو ژه‌م خواردنیش ده‌ده‌ن.به‌ڵام ده‌بوایه له سعات نۆی به‌یانی ته‌له‌فۆنیان بۆ به‌که‌یت و ناوت بنووسن و شوێنت بۆ دابنێن،براده‌ره‌که‌مان ده‌یگوت من دوو ساڵه لێره‌م و شه‌وانه له‌وێ ده‌خه‌وم،هه‌روه‌ها چه‌ند شوێنێکی دیاری کراویش هه‌بوو تیمی خانه‌که شه‌وانه سعات ده‌ی شه‌و به پاس ده‌هاتنه ئه‌وێ و ناوه‌کانیان ده‌خوێنده‌وه‌و لانه‌وازانیان ده‌بردن.ئه‌وه بوو له سه‌ر پێشنیاری ئه‌و براده‌ره هه‌موومان چووینه شوێنی چاوه‌ڕوانی و چاوه‌ڕیمان کرد تاکو پاسه‌که هات،ئێمه ناویشمان نه نووسیبوو،ئه‌و براده‌ره پێیگوتین ئه‌وانه‌ی ناوه‌کانیان نووسیوه ئه‌گه‌ر ئاماده نه‌بن که‌سیتر له باتی ده‌به‌ن. ئه‌وه‌بوو ئه‌وانه‌ی که ناویان نووسیبوو هه‌موویان ئاماده نه‌بوون،له به‌ر ئه‌وه ئێمه‌شیان برد.ئێمه له به‌یانییه‌وه یاخود ڕۆژانێک بوو سه‌رما ده‌یته‌زاندین،نیو پاسه‌که گه‌رم و خۆش و ئارامی به‌خش بوو،حه‌زم ده‌کرد تاکو هاوین ده‌هات تێیدا بوایه‌م!
خانه‌که له نێو نه‌خۆشخانه‌یه‌کی گه‌وره‌دا بوو،په‌نجا قه‌ره‌وێڵه‌ی تێدا بوو، هه‌روه‌ها پاک و خاوێنیش بوو.که گه‌یشتینه ئه‌وێ خواردن و شیر‌و قاوه‌یان پێداین،گه‌رماوو ئاوی گه‌رمی تێدا بوو هه‌موومان خۆمان شت.دوایی هه‌ر که‌سه‌و چووه شوێنی خۆی،جیگاکانمان گه‌رم و نه‌رم و خۆش بوون.به‌ڵام سه‌رما له‌و دیو دیواره‌کانه‌وه خۆی چڕ ده‌کرده‌وه‌و چاوه‌ڕوانی ده‌کردین،ئه‌و ده‌یزانی ئێره ماڵی هه‌میشه‌ییمان نییه‌و بێنه‌واکان ماڵی بێماڵییان سه‌ر جاده‌و په‌نا دیواره‌کانه.
کاتێک له سه‌ر جێگاکه ڕاکشابووم به خۆمم ده‌گوت ئارام بخه‌وه! شه‌وێکیش گرنگی خۆی هه‌یه تاکو گه‌رم دابێی و شه‌خته‌به‌ده‌کانی جه‌سته بتوێنێته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی به خۆمم ده‌گوت بڕێک ڕاستی تێدابوو،به‌ڵام من نه‌مده‌توانی باوه‌ڕ به خۆم بێنم و ئارام بۆ باوه‌شی خه‌و بچم،من له نائارامیدا داوای ئارامیم له خۆم ده‌کردو ده‌مویست ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند ساتێکی کورتیش بێت،خه‌و له هه‌ڵقه‌ی گه‌مارۆی ئه‌و هه‌موو پووچی و دڵڕه‌قییه ده‌رم بێنێت که ده‌وریانداوم.من حه‌قیقه‌تی تاڵترم لێوه دیاربوو،بێهیچ ئه‌گه‌رێکی ده‌ربازبوون ڕووبه‌ڕوی ده‌بوومه‌وه.من ده‌بێت به‌یانی سعات هه‌شت بڕۆمه ده‌ره‌وه،بۆ کوێ..هیچ شوێنێکم نییه‌و ده‌بێت بۆ هه‌موو شوێنێکیش بڕۆم! چی شه‌واره‌بوونێکه.. هچ کوێ و هیچ شوێنێکت نه‌بێ و له هه‌موو کوێ و هه‌موو شوێنێکیش بیت..! له‌وه‌ش دڵنیا نیم سبه‌ی جێم ده‌که‌نه‌وه یان نا،که‌نگێ پاره حه‌واڵه ده‌کرێ و ئه‌م دۆخه چه‌ند ده‌خایه‌نێت؟
ئه‌نجام به نائارامی و جه‌نجاڵییه‌وه ته‌قه‌لام بۆ خه‌و ده‌داو نازانم به چی ئه‌ندێشه‌یه‌کی ژه‌هراوییه‌وه خه‌وم لێده‌که‌وت..!
Kazmkader72@yahoo.com
|