په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٤

شەوکەت ئەمین کورکی

خەڵاتی مروارریی رەشی فیستیڤاڵی فیلمی ئەبوزەبی بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


شەوکەت ئەمین ئەم خەڵاتەی پێشکەش کرد بە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە داعیش.


فیلمی سینەمایی کوردی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی مرواریی ڕەشی باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە بەدەستھێنا و ئەم خەڵاتەی پێشکەش کرد بە یادەوەری منداڵانی شەھید و قوربانی شەڕ دژی گرووپی تیرۆریستی داعیش.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" نوێترین بەرھەمی "شەوکەت ئەمین کورکی"، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی کورد و ھەروەھا "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری پارێزگای دھۆک، لە چوارەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات چووە سەر پەردەی سینەماکان و توانی خەڵاتی مرواریی ڕەش بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.


"شەوکەت ئەمین" دوای وەرگرتنی خەڵاتی مرواریی ڕەشی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وتووێژ لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەڕەبییدا ئەم خەڵاتەی پێشکەش کرد بە یادەوەری شەھیدان و قوربانیانی شەڕ دژی گرووپی تیرۆریستی داعیش و بە تایبەت منداڵانی شەھید و قوربانی ئەم کارەساتە و ھەروەھا خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە داعیش.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتی بوون لە: ئەکتەری ناوداری ھیندستانی "عیرفان خان" ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، "وکینی لریدج" ـ نووسەر لە ئەلجەزایر، "ئێستیون شاینبێرگ" ـ بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە بەریتانیا، "کیت شۆرتلەند" ـ نووسەر و دەرھێنەر لە ئوستوڕاڵیا و "عەلی سولەیمان" ـ ئەکتەر لە فەلەستین، دوای بینین و ھەڵسەنگاندنیی ١٨ فیلمی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، خەڵاتی تەندیسی مرواریی ڕەشیان بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە پێشکەش کرد، لەوانە: باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی، باشترین دەرھێنانی نێودەوڵەتی، باشترین فیلمی جیھانی عەڕەب، باشترین دەرھێنانی جیھانی عەڕەب، باشترین ئەکتەری ڕۆڵی یەکەمی پیاو، باشترین ئەکتەری ڕۆڵی یەکەمی ئافرەت و ھەروەھا خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران.


ھەروەھا لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی کۆتایی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبیدا، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی تازە دامەزراویی "چاودێری لە منداڵان"، خەڵاتی تەندیسی مرواریی ڕەشیان بە
براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە پێشکەش کرد.


لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەشدا، خەڵاتی "نێتپەک"، خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فیلم واتە "فیپڕشی" و ھەروەھا خەڵاتی "باشترین فیلم لە ڕوانینی بینەرانەوە" بە براوەکانی ئەم بەشانە پێشکەش کرا.


ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە نمایشی ١٩٧ فیلم لە سینەماکارانی ٦١ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی "نمایشی سینەمای جیھان"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئیماڕاتییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "چاودێری لە منداڵان"، بەشی "نمایشی تایبەتی کۆمەڵە فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری سینەمای جیھان فڕانسوا تڕۆفۆ"، بەشی "نماشی فیلمە کلاسیکییەکان"، "چەندین کۆبوونەوەی پسپۆڕانە سەبارەت بە ھونەری سینەما" و ھەروەھا "کۆڕی ڕخنە و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکان" لە ڕۆژانی ٢٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر تا ١ی تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە ھۆڵی گەورەی کۆشکی ئیمارات و ھەروەھا ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات یەکگرتووی عەڕەبی بەڕێوەچوو.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە سەرەتای مانگی تەشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە میانەی نۆزدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی پووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا.

 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک