Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

 

بیره‌وه‌ری(90)ساڵه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبەر.

 

 

شۆڕشی روسیا .

 

 تۆنی کلیف        

 

لە 23 ی شوباتی 1917 ئاهەنگ گێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە دەستی پێ کرد. ئەمە سەرەتای دەست پێ کردنی شۆڕش بوو. ڕۆژی دوایی 200 هەزار کڕێکار لە پترۆگراد دەستیان بە مانگرتن کرد،25 ی شوبات مانگرتنی گشتی سەرتاسەری شاری گرتەوە و چەند کەسێک لە مانگرتووان بە دەستی سوپا کوژران. دوو ڕۆژ دواتر یاخی بوونی هێزی پاسەوانان ڕوویدا، سەربازەکان فەرمانی تەقەکردنیان لە خۆپیشاندەران ڕەتکردەوە و تا کار بەوە گەیشت یەکێ لەو ئەفسەرانەی فەرمانی تەقەکردنی دەرکرد لە لایەن سەربازێکەوە کوژڕا.

 

تزار دەستی لە کار کێشایەوە، لەمە سەیر تر ئەوە بوو ڕۆژێک بەر لە دەست لە کار کێشانەوەی تزار ئەنجومەنی (شوورای) نوێنەرانی کرێکاران دروست کرا. بیرەوەری ئەنجومەنەکەی ساڵی 1905 ئەم ڕووداوەی بە گوڕتر کرد، هەموو شوێنەکانی کار نوێنەری خۆیان نارد بۆ ئەنجومەن.

 

شۆڕش بە تەواوی خۆ بە خۆو بێ پلان بوو، هەروەکو لیۆن ترۆتسکی نووسیویەتی: " هیچ کەسێ نەبوو بە شێوەیەکی ئیجابی بە بیریدا بێت کە 2 -3 ی شوبات خاڵی دەستپێکردنی وەرچەرخان پێک دێنێت دژی حوکمی موتلەق ".

 

سۆخانۆڤ گەواهدەری هەڵکەوتووی شۆڕش دەڵێت " هیچ حیزبێ نەبوو خۆی بۆ ئەم ڕاپەرینە ئامادە بکات " بە هەمان شێوەش یەکێ لە بەرێوەبەرە کۆنەکانی ئۆکهارنە okharanaکە دەزگای پۆلیسی نهێنی تزاری بوو، ئەوەی ڕاگەیاند کە شۆڕش " بە تەواوی دیاردەیەکی خۆبەخۆیی بوو، بەرهەمی ڕەنجی هیچ حیزبێک نەبوو" .

 

ملیۆنەها کەس بۆ یەکەم جار هاتنە ناو ژیانی سیاسی. دەرکەوتنی حیزبی بەلشەفیک زۆر لاوەکی بوو، دوای شۆڕش تەنها2 3 ی هەزار ئەندامی هەبوو، وە تەنها لە 25ی شوباتدا بوو کە بۆ یەکەم جار بەڵشەفیکەکان بەیاننامەی مانگرتنی گشتی یان بڵاوکردەوە. ئەمەش دوای ئەوەی 200هەزار کرێکار هەموو ئامرازەکانی تزاریان تێکشکاند. بەڵشەفیکەکان لەو هەڵبژاردنانەی بۆ ئەنجومەن ئەنجام درا کەمایەتیەکی بچووکیان بە دەست هێنا، لە 1500تا 160نوێنەر تەنها 40 ی هی ئەوان بوو یانی % 2.5 ی نوێنەران بەڵشەفیک بوون.

 

دەسەڵاتی دوو لایەنە

 

شان بە شانی حکومەتی پیشەیی کە لە لایەن شازادە لڤۆڤ (Prince Lvov)ەوە ڕابەرایەتی دەکرا، حکومەتی شوراکانیش هەبوو. بەمەش دەسەلاتێکی دوو لایەنە هەبوو. ئەمەش بارودۆخێکە کە قەت ناکرێ تا سەر بەردەوام بێت و یەکێ لەو دوو حکومەتە دەبێ شوێن بۆ ئەوی تریان چۆڵ بکات.

 

لە دەست پێکردنی کار دا ئەنجومەن پشتگیری لە حکومەتی لڤۆڤ کرد و لە خولی 2ی ئازاری ئەنجومەنیشدا بڕیاڕێک دەرکرا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حکومەتی پیشەیی – یانی بۆرژوازی. تەنها 15نوێنەر لە دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە، کە ئەمە مانای ئەوەیە سەرجەم 40ئەندامە بەڵشەفیکی یەکانیش دژی نەبوون. فشاری زۆری ئەو 1600نوێنەرە وای لە بەڵشەفیک کرد بەناو خۆیدا بشکێتەوە، ئەو حیزبانەی لە ئەنجومەن دا زاڵبوون، مەنشەفیکەکان و سۆسیال شۆرشگێرەکان شوێنێکی تێکدەرانەیانMuddle هەبوو. لایەنگیری شوراکان بوون و لە هەمان کاتیشدا پشتگیرییان لە حکومەتی پیشەیی بۆرژوازی دەکرد، ئاشتیان دەویست بەڵام پشتگیریی جەنگیان دەکرد، هاوسۆزی داواکانی جوتیاران بوون بۆ بە دەستهێنانی زەوی، بەڵام پشتگیریی یان لەو حکومەتە دەکرد کە قسەکەری ئاغاکان بوو.

 

بەڵام شۆڕش ڕێگا بە شێوازە مامناوەندی یە خۆ گونجێنەرەکان نادات. ژیان هەموو مەسەلەیەک لە قاڵبی گونجاوی خۆیدا دانانێت.

 

تەنانەت خودی ڕابەرانی بەڵشەفیکیش لە ڕووسیا بە تەواوی سەریان لێشێوا بوو. لە 3ی ئازاردا کۆمیتەی پترۆگرادی حیزبی بەڵشەفیک بڕیارێکی دەرکرد بەوەی لە بەرامبەر دەسەڵاتی حکومەتی پیشەیی دا ناوەستنەوە گەر بێتوو چالاکی یەکانی لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریا و مەسەلە دیموکراتیەکانی خەڵکدا بێتەوە. دەستەواژەی Postolka /Posilkلە بڕیاری کۆمیتەی جێبەجێ کردنی ئەنجومەنی پترۆگرادیشدا لە پەیوەندی بە حکومەتی پیشەییەوە دەرکەوت و بووە شێوازێک بۆ ئاماژەکردن بۆ سیاسەتێک کە پشتگیری لە حکومەتی پیشەیی دەکرد.

 

لە سویسرا، لینین زۆر تووڕە بوو کاتێ کۆپییەکی لەو پراڤدایە بە دەست گەیشت کە بڕیاری بەڵشەفیکەکانی تیا بوو بۆ پشتگیری مەرجداری حکومەت ( بەمەرجێ خەبات بکات دژی کۆنەپەرستی و شۆڕشی چەواشە) ئەوانە ئەوەیان لە بیر کردبوو کە سەرچاوەی هەرە گرنگی دژە شۆڕش لەو کاتەدا هەر ئەم حکومەتە پیشەیی یە.

 

 

لینین دووبارە حیزب چەکدار دەکاتەوە

 

لە 3 ی نیسانی 1917لینین گەڕایەوە پترۆگراد، لەم کاتەدا لینین گەیشتە وێستگەی فینلەند حیزبی بەڵشەفیک پشتگیری لە شۆڕشی سەرکەوتووی شوبات دەکرد. لینین بەمە نارازی بوو و دروشمی " نان ، ئاشتی ، زەوی " و " هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان " ی بەرزکردەوە.

 

گومانی تیانی یە شۆڕشگێڕەکان دەیانەوێت کار بکەنە سەر جەماوەر، بەڵام مەسەلەکە تەنها یەک ئاراستەی نی یە. بۆچوونی زۆرینەی جەماوەریش کار دەکاتە سەر شۆڕشگێڕەکان. چەند ڕۆژێک دواتر لینین لە گەڵ کۆمیتەی پترۆگرادی حیزبی بەڵشەفیک کۆبووە لە بارەی ( بابەتەکانی نیسان) ی خۆیەوە لە گەلیان دوا، لەو 16ئەندامەی کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون تەنها دوو ئەندام لایەنگرییان لە لینین کرد 13ئەندام دژی دەنگیان دا و ئەندامێکیش دەنگی نەدا.

 

سەرباری ئەم دەست پێکردنە مژدە نەبەخشە، لینین توانی ڕێژەیەکی گەورە لە ئەندامانی حیزب بە لای هەڵوێستەکەیدا ڕابکێشێت بە شێوەیەکی سەر سوڕهێنەر لە ماوەیەکی کورت دا. ئەمەش بە هۆی پەیگیری لینین و ئەزموونی ڕۆژانەی ملێونان کەسەوە بوو. جەنگ بەردەوامی بوو، هەزاران گیانیان لە دەست دا و ئاغاکان بە شێوەیەکی دڕندانە بەردەوام بوون لە سەر چەوساندنەوەی جوتیاران، سەرمایەداران لە ژیانێکی خۆشدا دەژیان لە کاتێکدا کرێکاران بە دەست نەداری یەوە دەیان ناڵاند، نزیکەی کانگێکی پێچوو تا لینین توانی حیزب بە لای خۆیدا ڕابکێشێت.

 

بۆ بردنەوەی لایەنگری شوراکانیش لینین کاتێکی زۆری پێویست بوو. لە سەرەتای مانگی ئەیلول دا بەڵشەفیکەکان زۆرینەیان لە شورای پترۆگراد دا بە دەست هێنا و ترۆتسکی بوو بە سەرۆک، لە هەمان کاتدا شورای مۆسکۆ یان بردەوە و کامینیڤی بەڵشەفیک بوو بە سەرۆکی. لێرەوە تەنها چەند هەنگاوێک مابوو بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لە کاتێکدا شۆڕشی شوبات خۆبەخۆیی بوو، بەڵام ئەوا شۆڕشی ئۆکتۆبەر پلان بۆ دارێژراو بوو.

 

لە 10ی ئۆکتۆبەر کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بەڵشەفیک بانگەوازی یاخیبوونێکی چەکدارانەی دەرکرد، سێ رۆژ دواتر بەشی سەربازی ئەنجومەنی پترۆگراد دەنگی دا بە گواستنەوەی هەموو دەسەڵاتە سەربازیی یەکان لە ئەفسەرەکانەوە بۆ کۆمیتەیەکی شۆڕشگێری سەربازی کە لە لایەن ترۆتسکی یەوە ڕابەرایەتی دەکرا.

 

لە 16ی ئۆکتۆبەر دا لە پلینیۆمێکی فراواندا کە کۆمیتەی ناوەندی لیژنەی بەرێوەبردنی کۆمیتەی پترۆگراد، رێکخراوی سەربازی، چەند ئەندامێک لە شورای پترۆگراد، سەندیکاکان، کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەی ناوچەی پترۆگراد و کرێکارانی هێلی ئاسنی تیایدا بەشداربوون بڕیاری ئەو یاخی بوونەیان پەسەند کرد.

 

لە 20ی ئۆکتۆبەر داو کۆمیتەی هێزی چەکداری شۆڕشگێڕ ئامادەکاری عەمەلیان بۆ یاخی بوونەکە دەست پێ کرد.

 

لە 25ئۆکتۆبەر دا یاخی بوونەکە دەستی پێ کرد. ترۆتسکی بە شێوەیەکی زۆر ژیرانە ئەم کارەی ڕێکخست، هەروەک چۆن دواتر سەرکردایەتی سوپای سووری کرد بۆ سەرکەوتن لە شەڕی ناوخۆدا.

 

لە بەر ئەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر زۆر بە رێکوپێکی نەخشەی بۆ کێشراو و جێبەجێ کرا، خوێنێکی زۆر گەڕێندرایەوە. لە شۆڕشی شوباتدا خەڵکێکی زۆرتر گیانیان لە دەست دا. دوا بە دوای شۆڕش و لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا سەدان هەزار کەس گیانیان لە دەست دا، بەڵام ئەمە بە هۆی کردارەکانی حکومەتی شورایی یەوە نەبوو، بەڵکو بە هۆی ئەو داگیرکاری یەوە بوو کە لە لایەن نزیکەی 16 سوپای بیانی یەوە ئەنجام درابوو. گەر یەکێ ڕەخنە لەم کارەی بەڵشەفیکەکان بگرێ وەک ئەوە وایە سەرکۆنەی یەکێک بکەیت کە لە بەرامیەر پیاو کوژێکدا بەرگری لە خۆی بکات و توندو تیژی بە ناچاری بە کاربهێنێت.

 

شۆڕشێکی سەرکەوتوو

 

بە درێژایی سەدەی بیستەم چەندین شۆڕش بەرپابوون. بەڵام لە ناو هەموویان دا تەنها شۆڕشی 1917ی رووسیا بە سەرکەوتن کۆتایی هات، ئەو شۆڕشانە ناتەواو بوون کە پێشبینی یەکەی ( سان جەست) یان دوپات دەکردەوە کە لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسادا وتبووی: ( ئەوانەی شۆڕشی ناتەواو بەرپا دەکەن بە دەستی خۆیان گۆڕی خۆیان هەڵدەکەنن).

 

شۆڕشی 1917ی ڕووسیا تاکە شۆڕشی جیاواز بوو لەو شۆڕشە ناتەواوانە، حیزبی بەڵشەفیک ڕۆلێکی ئەفسانەیی نواند لە تەواو کردنی شۆڕشی ڕووسیا.

 

جیاوازی نێوان سەرکەوتن و شکست، لە نێوان ڕووسیای ئۆکتۆبەڕی 1917و شۆڕشە کرێکاری یەکانی تر لەوەدا بوو کە لەوەی یەکەمدا حیزبێکی شۆڕشگێری جەماوەری ڕابەرایەتی یەکی کاریگەری هێنابووە ئاراوە. لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان نەیان دەتوانی ئەو ساتە دیاری بکەن کە قەیرانە شۆڕش ئامێزەکان تیادا دەست پێ دەکات. وە تەنها لە ڕووی دیاری کردنی کرداری لاوەکی یەوە کارامە بوون کە بە پلەیەکی کەم یارمەتی بنیادنانی حیزبێکی شۆڕشگێریی دەدات. ئەوە چینی کرێکارە کە شۆرش بەرپا دەکات نەوەک حیزب، بەڵام حیزب ڕێگا بە چینی کرێکار نیشان دەدات. ترۆتسکی لەم بارەیەوە نووسیویەتی: " بەبێ ڕێنمایی ڕێکخراوێک ووزەی جەماوەر بە با دەچێت، هەروەک ئەو هەڵمەی کە لە لولەی پستون دا جێگیر نابێت. بەڵام راستی یەکەی ئەو شتەی تەنەکان دەبزوێنێت نە خوی پستۆنەکەیە و نە لولەکەیەتی، بەڵکو هەڵمەکەیە ".

 

زەوی ئاغاکان بە سەر جوتیاران دابەشکران، کارخانەکانیش بوون بە موڵکی حکومەت و لە ژێر کۆنترۆڵی کرێکاران بەڕێوە دەبران ، میللەتە چەوساوەکان مافی دیاری کردنی چارەنووسیان مسۆگەر بوو، ڕووسیاش کە ببوە زیندانێک بۆ نەتەوەکان بووە فیدراسیۆنێک بۆ گەلە ئازاد و یەکسانەکان.

 

بۆ چەندین سەدە سیاسەتی دژە سامیەت لە ڕووسیای تزاری دا بەرپا دەکرا لە ساڵی 1881دا Pogromso دژ بە جولەکەکان هاتە کایەوە، جولەکە ڕێیان پێ نەدەدرا لە هەردوو پایتەختەکە – واتە مۆسکۆ و سان پترۆگراد دا بەبێ مۆڵەتێکی تایبەتی بژین، ئێستا سەرۆکی شورای پێترۆگراد جولەکەیە (ترۆتسکی). هەروەها سەرۆکی شورای مۆسکۆش هەر جولەکەیە (کامینیڤ). هەروەها سەرۆکی کۆماری شوراکانیش کە ( سڤیردلۆڤ)ە ئەویش هەر جولەکەیە. کاتێکیش ترۆتسکی کرایە ڕابەری سوپای سوور بۆ سەرۆکایەتی شورای پترۆگراد، جولەکەیەکی تر جێگای گرتەوە ( زینۆڤیڤ).

 

شۆڕش فێستیڤاڵی چەوساوەکان بوو، لە ساڵی 1917 لەو مانگەی شۆڕش تیایدا بەرپا بوو ئەناتۆڵی لۆناچارسکی کە قسەکەرێکی هۆشمەند بوو، کۆبوونەوەیەکی 30-40 هەزار کەسی گرت و تیایدا لە ماوەی 2-3کاتژمێر باسی لە بابەتەکانی شکسپیر و درامای یۆنانی و هتد کرد. دانیشتوانی لەندەن چوار ئەوەندەی ئەو کاتەی پیترۆگراد بوون و کرێکارانی بەریتانیا لەوانەی ڕووسیا خوێندەوار تر بوون، بەڵام بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێی ئەوە ناکرێت لەم جۆرە کۆبوونەوەیە لە لەندەن دا بگیرێت.

 

حکومەتی شورایی پێشکەوتووترین یاسای لە جیهان دا دانا بۆ ڕزگارکردنی ژنان؟ مافی جیابوونەوە لە هەر کاتێکدا یەکێک لە دوو لایەنی هاوسەرێتی بیانەوێت ، ئازادی لە باربردن ( کە ئەمە یەکەم جار بوو لە جیهاندا) . نانخۆرگەی گشتی بۆ ئازادکردنی ژنان لە چێشتخانە، دایانگەی گشتی بۆ پەروەردەکردنی مناڵان. هەوەها هەموو ئەو یاسایانەی دژی پەیوەندی ئازادبوون لە نێوبران.

 

شۆڕشی ڕووسیا نەبووە هۆی سەرهەڵدانی ستالینیزم و کۆلاک

 

نەیارانی شۆڕش پێیان وایە کە شۆڕشی ڕووسیا بۆتە هۆیەک بۆ سەرهەڵدانی ستالینیزم و کۆلاک. بەداخەوە ئەم بۆچوونە لای زۆرینەی خەڵکیش هەروایە کە زۆر لەو قسەیە دەچێت کە بڵێیت: ئەو بۆمبا ئەتۆمیەی لە هیرۆشیما درا بەرهەمی ئێستای کێش کردنی نیوتنە. چونکە ئەگەر یاسای کێش کردن نەبوایە ئەو بۆمبە لە فڕۆکە بەرنەئەدرایە خوارەوە. کلیلی تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی ستالین لەو سروشتە نێونەتەوەیی یەیە کە شۆڕشی ڕووسیا هەی بوو.

 

شۆڕشی ڕووسیا بەشێک بووە لە شۆڕشی جیهانی و ناتوانرێ بە جیا لە فاکتەرە نێونەتەوەیی یەکان باس بکرێت. چینی کرێکاری پیشەسازی زۆر بچووک بوو؟ ژمارەی کرێکاران لە کارخانە و هێلی ئاسنی و کانەکان دا تەنها 3ملیۆن دەبوو لەو 160ملیۆنەی کە دانیشتوانی ڕووسیای پێک دەهێنا داهاتی پیشەسازی ڕووسیا لە ساڵی 1917لە داهاتی بەلجیکا زیاتر نەبوو. بەڵام چینی کرێکار زیاتر لە یەکەی گەورەدا چڕببوونەوە. لە بەر ئەوە – بۆ نموونە 40هەزار کرێکار لە کارخانەی ئەندازەیی پوتیلۆڤ دا بوون کە گەورەترین کارخانەی جیهانی ئەو کاتە بوو. ئەمەش بەرهەمی پێشکەوتنی پلە بە پلەی ڕێکخراوی ئابووری ڕووسیا نەبوو بەڵکو بە گشتی ئەنجامی وەبەرهێنانی سەرمایەی بیانی بوو لە ڕووسیا.

 

ئاواتەخوازی چینی کرێکاری ڕووسیاش بۆ خۆی بە هەلومەرجە نێونەتەوەیی یەکان دیاری دەکرا. لە بەریتانیا دوو سەدەی ویست تا کرێکاران لە کارخانەدا ویستی هەشت سەعات کار لە ڕۆژێکدا بەرزبکەنەوە، لە ڕووسیا ئەمە داواکاری سەرۆکی کرێکاران بوو لە شۆڕشی 1905دا. هەروەها مارکسیزم خۆشی بەرهەمێکی ناوخۆی ڕووسیا نەبوو. نە (ئادەم سمیس) ێکی ڕووسی هەبوو تا (دیڤید ڕیکاردۆ)ێکی ڕووسی بە دوادا بێت و نە (کارل مارکس)ێکی ڕووسیش بە دوای ئەواندا بێت. مارکسیزم بە ئامادەکراوی هاتە ناو ژیانی فکری – سیاسی ڕووسیاوە. بەرگی یەکەمی (سەرمایە) بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1867دا بڵاوکرایەوە دوای شەش ساڵ بە ڕووسی بە چاپ گەیەنرا. ڕووسیش یەکەم زمان بوو کە (سەرمایە)ی پێ وەردەگیرێت. لە کۆتاییشدا دوایین بزوێنەر بۆ شۆڕشی ڕووسیا هەر لە دەرەوە دەهات – بەواتای زەبری هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر سوپای ڕووسی.

 

لینین و ترۆتسکی پەیتا پەیتا ئەوەیان دووبارە دەکردەوە کە ئەگەر شۆڕش بلاونەبێتەوە چارەنووسی شۆڕشی ڕووسیا لە ناو چوونە. لە سەروی هەمووشیانەوە ئەگەر شۆڕشی ئەلمانیا نەیەت بە هانایانەوە.

 

ستالین میراتگری شۆڕشی ڕووسیا نەبووە، بەڵکو گۆڕهەلکەنەکەیەتی. لە راستیدا ئەوە بوو سەرجەم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڵشەفیکی لە ناوبرد، ئەوانەی دوای شۆڕش و جەنگی ناوخۆ بە زیندووی مابوونەوە. باوکی ستالینیزم لینین نەبووە، بەڵکو نوسکە Noske ئەو ڕابەری باڵی ڕاستی سۆسیال دیموکراتەکانە کە ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە تیرۆر کردنی ڕۆزا لۆکسمبرگ و کارل لبکخنت وە هەروەها تیرۆر کردنی شۆڕشی ئەڵمانیا.

 

بە شێوەیەکی تراژیدیانە، شۆڕشی ئەڵمانیا زۆر کەمتر ڕێکخراو و پێشکەوتوو تر بوو لەوەی ڕووسیا. من چاوپێکەوتنێکم لە یادە لە گەڵ هاینریش براندلەری Heinrich Brandlerڕابەری حیزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا لە دوای تیرۆری ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، پرسیارم لێکرد حاڵی ڕێکخراوەکەی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ساڵی 1918دا چۆن بووە؟ ئەو ووتی: چوار سەد ئەندامی هەبووە کە زۆرینەی مارکسی نەبوون، بەڵکو پاسیڤیست بوونە( بەپَیی قسەی ئەو). بەراوردی ئەمە بکە لە گەڵ بەڵشەفیکەکان دا کە لە دوای ساڵی 1903وە وەکو حیزبێک دەرکەوتن لە ساڵی 1917دا ژمارەی ئەندامی گەیشتە 23،600 . لە وڵاتێکدا کە چینی کرێکار تیایدا زۆر بچووکترە بە بەراورد کردن لە گەل ئەڵمانیادا.

 

لە رووباردا ئاو بە پاکی دەمێنێتەوە، لە ئاوێکی مەنگیشدا خاش و خۆڵ سەردەکەوێتە سەرەوە، دابڕانی شۆڕشی ڕووسیا بووە هۆی ئەوەی کە خەوشی بیروکراتیەت بێتە سەرەوە. کاتێکیش ستالین کەوتە پێش بڕکێ لە گەل ئیمپریالیزمی رۆژئاوای بە نا چاری کەوتە لاسایی کردنەوەیان. گەر ئەڵمانیا نازی دەزگایەکی پیشەسازی سەربازی هەبێت ستالینیش پێویستی بە هەمان شتە، بۆ ئەوەی ئەمەش بە خێرایی بێتەدی ، تاکە ڕێگایەک ئەوە بوو بە شێوەیەکی درندانە کرێکاران و جوتیارانی ڕووسیا بچەوسێنرێتەوە. ڕووسیای ستالینی بەرە بەرە دەبووە هاوشێوەیت ئەڵمانیای نازی و ڕژێمەکەی بوو بە سەرمایەدارێکی دەوڵەتی.

 

دەربارەی نووسەر:

 

"تۆنی کلیف" Tony Cliff ساڵی 1917 ، هەمان ساڵ کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیای تیا بەرپابوو، لە فەلەستین لە دایک بووە. ساڵس 1930 بووە بە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕ و یەکێک بووە لە پەیڕەوکەرانی لیۆن ترۆتسکی. دوا بە دوای ئەوەی لە فەلەستین دا کاری کردووە بۆ پێکهێنانی گڕوپێکی بچووکی شۆڕشگێڕ لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم دا هاتۆتە بەریتانیا. بە دوای خوێندنەوەیەکی چڕو تێبینی کردنی بارو دۆخی ووڵاتەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات، کە لە فەلەکی یەکێتیی سۆڤیەت دا دەخولانەوە، دەستبەرداری ترۆتسکیزمی ئەرتەدۆکس بووە.

"کلیف" گروپی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی دامەزراند کە بووە زەمینەیەک بۆ پێکهێنانی" سۆسیالیستی ئەنتەرناسیونالی" لە شەستەکان دا و هەروەها "حیزبی کرێکارانی سۆسیالیست" لە حەفتاکان دا.

خاوەنی دەیان پەرتووک و نامیلکە و سەدان وتاری جۆراو جۆرە. لەوانە پەرتووکی سەرمایەدای دەوڵەتی لە یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1947 نووسیویەتی و وەرگێردراوە بۆ 16 زمانی دونیا. سێ بەرگ دەربارەی کارو ژیانی لینین و چوار بەرگیش دەربارەی ترۆتسکی، هەروەها پەرتووکی خەباتی چینایەتی و رزگاری ژنان ، ترۆتسکیزم دوای ترۆتسکی ، تیوری شۆرشی بەردەوامی بەلارێدابراو، مارکیسزم لە هەزارەی سێیەم دا ...هتد. ماوەیەکی کەم دوای دەرچوونی پەرتووکێک لە بارەی ژیانی خۆیەوە کە بە ناونیشانی ( ژیانێک بۆ بردنەوە: بە سەر هاتی شۆڕشگێڕک) لە نیسانی 2000 دا کۆچی دوایی کرد.

 

 

تێبینیی :-/ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ لایه‌ن ''سایتی سۆسیالیسته‌ ئه‌نته‌رناسیوناله‌کان''

           www.kurdistansocialists.org 

             وه‌رگێڕدراوه‌ته ‌سه‌ر زمانی کوردی و هه‌ر له‌لایه‌ن  ئه‌وانیشه‌وه‌  بۆ '' ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ'' نێردراوه‌ .