په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠١٣

سوپاسنامەی بەڕێزان:

(جیهاد محەمەد، ستار محەمەد قادر، هیوا رەش. تاهیر حەسەن، جەلال محەمەد، حەمە غەفور، جەبار سابیر)

بۆ ماڵپەڕی ئەمڕۆ.

 

 

 

لەم لینکەی خوارەوەدا، سوپاسی ستافی ماڵپەڕی(ئەمڕۆ)ی ئەلکترۆنی هاتووە بۆ چەند هونەرمەند و نووسەرێک کە هەریەکەیان زیاتر لە ١٠٠ بابەتی لە ماڵپەڕی ناوبراودا بڵاوکردوەتەوە. ئەم سوپاسە بۆ ئێمە بەهایەکی گەورەی هەیە و هاندانە بۆ ماندووبوونی زیاترمان. سوپاسێک لە دڵەوە هاوڕێکانمان لە ستافی ئەمرۆ کە پێشکەشی ئێمەیانکردوە زۆر گەورەترە لامان لە خەڵاتێکی ماددی گەورە کە بەناحەقی و لەسەر حسابی هونەرمەندان و نووسەرانی تر پێمانبدرێت. ئێمەش لای خۆمانەوە سوپاسی شەونخونی و ماندووبوونی ستافی ماڵپەری (ئەمرۆ) دەکەین.

http://www.emrro.com/pirozbayiemrro100.htm

هیوادارین بە هەموومان بەردەوام ڕەخنەگرانە بنووسین، ڕۆشنبیرانە بیربکەینەوە، پێشکەوتووخوازانە و شارستانیانە مامەڵە بکەین لەگەڵ یەکتریدا، بوێرانە دەستبخەینە سەر خەوشەکان، سووربین لەسەر فەراهەمکردنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری، هەمیشە لەبەرەی گەلدابین و خەبات و تێکۆشانمان بۆ ئاسودەیی و بەختەوەری هەژاران و ستەمدیدەکانی کوردستانبێت، هەمیشە لایەنگری بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانبین بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی دنیا، دژایەتی جینۆسایدبکەین. بەردەوام پێدابگرین لەسەر ئازادییە گشتییەکان و ئازادی تاک و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادی بەشداری لە بەرێوەبردنی سیاسیانەی کۆمەڵگاکەمان، لەسەر بناغەی دیموکراتیی و هەڵبژاردنی پاک و خاوێن، هەمیشە لە پێشەوەی ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکاندابین دژ بە ستەمکارانی ناوخۆ و دەرەکی گەلی کورد و هەموو گەلانی دنیا. هیچ کات بیرمان نەچێت کە یەکسانی ژنان و پیاوان لە ناو گەل و کۆمەڵگای ئێمە و هەموو گەلان و کۆمەڵگاکانی دنیادا نیشانەی پێشەکەوتن و مەدەنیەت و دیموکراتییەت و ئازادی و مۆدێرنە بوونی مرۆڤەکانە بە گشتی و بە تایبەتی نیشانەی حوکمی سکۆلاریزمە لە وڵاتەکەماندا. پێویستە ئەوەمان بیر نەچێت کە بە هەموومان بە ڕۆژنامە نووسەکان و کارە ڕۆژنامەگەرییەکان و نووسەرەکان و هونەرمەندان و کەنالەکانی ڕاگەیاندنی تەلەفزوێن و ڕادوێکان و رۆژنامەکان و گۆڤارەکان پێکەوە ئەو دەسەڵاتە دروستدەکەین کەناو دەبریت بە دەسەڵاتی چوارەم، ئەم دەسەلاتەش بۆ خۆی گرنگییەکی زۆری هەیە لە ئارەستەکردنی کۆمەڵگدا بە عاقارێکی پێشەکەوتوودا لە هەموو رووییەکەوە، دیسان هەر ئەم دەسەڵاتەشە کە لە توانایدا هەیە ڕای گشتی دروستبکات بۆ بەرهەڵستکاریی هەرچ ڕەوشێکی ناهەموار و نابەجێ کە تیایدا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و مرۆڤەکان ڕێز و شکۆمەندی لە دەستدەدەن.


جیهاد محەمەد

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


سلاو هاوڕێیان دەستەی بەریوەبەرایەتی ماڵپەڕی ئەمرۆی ئازاد.

لە ناخی دڵمەوە دەستتان دەکوشم و سوباسی هەستی بەرزتان دەکەم، بەراستی کاتیک ئەو بیرۆزباییەم بینی وامزانی جوانترین و بر بەهاترین خەلات کراوم، مالبەری ئەمرۆ خزمەتیکی دیارو بەرجاو بە هۆشیارکردنەوەی تاکی کوردو خوینەرو نووسەرانی خاون خامە دەکات، مالبەریکە شوینی خۆی لەنیو دلی زۆریک لە نووسەران و خوینەراندا کردووتەوە، نمونەتان زۆربی و تەمەن دریزو سەرفراز بن.

سوباس و پێزانینی خۆم بۆ جاریکی دیکە ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەکەم.

سەرکەوت و بن.


ستار محەمەد قادر

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


سوپاس بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز و ماندونه‌ناس که‌ به‌ سۆنگه‌ی لێبورده‌ییتانه‌وه‌ هانتان داوین بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان به‌ ئه‌رکی خۆمان هه‌ڵسین، هه‌ر بژین و به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی زیاتر.


هیوا رەش

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش


 

------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


من وەک خۆم، هەر وەخت سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ بەڕێزانی ستافی ئەمڕۆ، چونکە ئەوە ڕەنجی خۆماندو کردنی ئەو ستافەیە کە توانیویانە نوسینەکانی ئێمەیەک دەستمان داوەتە نووسین لە ڕێگای ئەو سایتە بێ سانسۆرانەی وەک سایتی ئەمڕ وان، بڵاو بکرێتەوە و بە خوێنەرانی بەڕێز ئاشنا بکرێت.


من وەک خۆم، هیچ کات لەبەر ئەو ئامانجە دەستم نەداوەتە نووسین تا ئەوەی پێی دەرکەوم و لەو ڕێگایەوە جۆرێک لە خود پەرستی کوێرانە بکەم بە ئامانج بۆخۆم، بە پێچەوانەوە، ئەوەی زۆرتر بوو بە مایەی ئەوەی دەست بکەم بەنووسین و دەرکەوتنم وەک کەسێکی ڕەخنەگری جیدی لە کۆی سیستەمی چەوسێنەری باو. ئەو سیستەمە دەسەڵاتداریەتەی، هەمیشە لە ژێر پەرچەمی ناسیۆنالیزم و دیندا، خۆی حەشار داوە و نیشتمانی کردوە بە دۆزەخ و لە هەمان کاتدا وا خۆشی نیشان دەدات کە نیشتمان بۆ کۆی ئەو دانیشتوانەیە کە لە خۆی دەگرێت. ئەوە خودی ناعەدالەتیەکانی ئەو سیستەمە قازانج پەرستەیە کە هەردەم زۆرینەیەکی لە کۆمەڵگادا کردۆتە کۆیلەی ژێر دەستی خۆی و لەو ڕێگایەوە ئابوری کۆمەڵگاشی خستۆتە ژێر هەیمەنەتی خۆیەوە. دواجار، ئەوە خودی ئەو تاکە وشیارانەیە کە دەتوانن لە دزێوی دەسەڵات و یاساکانیان تێ بگەن و لە شێوازی جۆراوجۆردا دەست دەدەنە خەبات و وا کار دەکەن کە زۆرینەی کۆمەڵگا بۆ نێو ئەو ئامانجە ڕاکێشن کە کۆمەڵگا وشیار بکرێتەوە و لە ڕێگای خەباتی شۆڕش گێڕانەی مەدەنی و سیاسیەوە، کۆمەڵگایەک ئاوا بکەن، کە چەوساندنەوە و جیهانبینی کۆیللەداری تێدا نەمابێت. ئەوە جێگای شانازی نیە، بۆ نوسەر و هونەرمەندانێک کە ئاستی خودی پەرستی و بەرژەوەندیە بچوکەکانیان زاڵە بەسەریاندا و تەنها لە پێناو ئەو بەرژەوەندیە بەرتەسکانەی خۆیان دێن، خودی دەسەڵات بە پێشڕە و بەپێز دەناسێنن بە کۆمەڵگا، لە کاتێکدا دەبینین لە نێو کۆمەڵگادا ئاستی دواکەوتویی و چەوساندنەوە و ناچار کردنی زۆرێک لە تاکەکان بەوەی ملکەچی دەسەڵات بن و نەتوانن بە دەسەڵات بڵێن تۆ هۆکاری تێک شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ بونمانیت.

 

کۆمەڵگایەک جێگای ژیان کردنی تێدا هێندە بچوک کرابێتەوە کە تەنانەت ڕۆڵی ئەو تاقمەی لە سەرەوەن و بوون بە بازرگانی سیاسی سەردەم، ئیتر ئەبێت مانایەک بۆ ئازادی و یەکسانی لە نێو کۆمەڵگادا لە کوێدا بێت. کۆمەڵگای زیندوو هەمیشە ئومێدی کۆی ئەو ئازادیخوازانەن کە دەیانەوێت چیتر یەکێک نەبێت ببێت بە سەرداری ئەوی تر، ئەوە بەرهەمی خودی سیستەمی دەوڵەتدارێتی چەوسێنەرە کە دەخوازێت کۆمەڵگا وا ڕابێنێت هەردەم چاوەڕێی سەردارێک بێت کە فەرمانی پێ بکات، خودی مانەوەی چەوساندنەوەی سەر ژیانی ژنان لە نێو کۆمەڵگادا، بۆ ئەو خاڵە دەگەڕێتەوە کە ئەوە هۆکارە قازانج پەرستیەکەی ئەو تاقمەی دەسەڵاتدارە، لە پێناو مانەوەی خۆیدا، هەمیشە وا هەڵدەسوڕێت کە ژنان نەتوانن بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن و وەک مرۆڤ ببینرێن. نووسین و وتارە ڕەخنەییەکان گەر لەو پێناوەدا نەبن کە ڕاستیەکان دەربخەن و چاونەترسانە و بێ دوودڵی دەسەڵات بە هۆکاری سەرەکی نێو ناعەدالەتیەکانی کۆمەڵگا ببینن، باشتر وایە ناوی نووسینی سوود بەخشی لێنەنرێت. من دەست خۆشی لە نووسینەکەی کاک جیهاد دەکەم.


تاهیر حەسەن

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن


------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


سوپاس بۆ کارمەند و بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی "ئەمڕۆ" کە بێلایەنانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بابەت و نووسەراندا کردووە، بەڵام لە ئاستی نەتەوایەتیدا نەک هەر بێ لایەن نەبوون بەڵکو لە ڕیزی پێشەوەی نووسەرانیش بوون و هەمیشە لەگەڵ ئازادیی و دیموکراتیەتدا بوون. هەروەها سوپاسی زۆرم بۆ بەڕێز کاک جیهاد محەمەد کە بەم کورتە نووسراوەیە خواستوویەتی تەواوی ئەو نوسەرانە بەسەر بکاتەوە کە لە لینکەکەدا ناویان هاتووە.

بەڕێزان:

ناپلیۆن دەڵێت: لە بەهێزترین لەشکر ناترسم بەڵام لە نووکی پێنووسێک دەترسم.
بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلانیش دەڵێت: ژنی ئازاد واتە کۆمەڵگای ئازاد - شێر شێرە چ ژن چ مێرە.

بە وردبوونەوە لە گوتەی ئەم دوو کەسایەتیە ناودارە و بەراوردکردنی گوتەکانیان بە ڕووداوەکانی باشووری کوردستان دەردەکەوێت کە ڕاستترین گوتەیان فەرمووە. ئەوە نووکی پێنووسەکانە کە دەسەڵاتدارانی مافیا و بێگانەپەرستی باشووری کوردستانی ناچارکردووە کە نەتوانن بەبێ دەنگی بمێننەوە و هەمیشە لە چاوسورکردنەوەدابن لە نووسەران، ئەوە کاریگەری پێنووسەکانە کە دەسەڵاتدارە مافیاکان ناچار دەکان هانا بەرنە بەر تیرۆرکردنی (موسا عەنتەر و زەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە)کان. ئەوەش چاونەترسی نووسەرە ڕەخنەگرەکانە کە ڕێگرە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی تیرۆری "زەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە"کان.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پازدە هەزار سیاسەتمەداری پیاو لە باکووری کوردستاندا ڕاپێچی زیندان کران، ئەوەی کە خەباتی بە زیندووی هێشتەوە ئافرەتان بوون، ئەوەی کە شەقامەکانی بە خۆپیشاندان دەنەخشاند ژنان بوون، ئەمەش ڕاستینەی ئەو گوتەیەیە کە دەفەرموێت "شێر شێرە چ ژن چ مێرە". لە ترسی ئازادبوونی ژنانە کە هەزاران ژن ڕەشەکوژ دەکرێن لە باشووری کوردستاندا، چونکە ئازاد بوونی ژن ئازادبوونی کۆمەڵگایە، ئازادبوونی کۆمەڵگاش بەرەو زبڵخانەبردنی دەسەڵاتی خێڵەکایەتی و بێگانەپەرستی باشووری کوردستانە. ئەوە گیانفیدایی کچان و ژنانی ئازادە کە قەندیلی بە سەربەرزی هێشتەوە و چۆکی بە هەموو ئیمپریالیزم و داگیرکەران دادا و دۆزی نەتەوەکەمانی زۆر بە خێرایی بەرەو لوتکە برد لە باکوور و ڕۆژئاوادا، ئەمەش ڕاستینەی ئەو گوتەیەیە کە دەفەرموێت "ژنی ئازاد واتە کۆمەڵگای ئازاد". بۆ ڕزگاربوونی یەکجارەکی کۆمەڵگا لە دەست داگیرکەر و دەسەڵاتدارە مافیاکان دەبێت هەم نووکی پێنوسەکان بە بڕشتتر بن و هەم ئافرەتان لە کۆت و بەندی کۆنەپەرستی خۆیان ڕزگار بکەن، چونکە ئازادیی ئافرەتان و بڕشتی پێنووسەکان تاکە رێگەیە بۆ کۆتایهێنان بە چەوساندنەوە و دەسەڵاتە مافیاکان

دووبارە سڵاو و ڕێز.


جەلال محەمەد

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 


------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


بەڕێزان لە ماڵپەڕی ئەمڕۆ، کاک جیهاد محەمەدی ئازیز، ئەم کاتەتان باش.

سەرەتا سوپاسی ماندوبوون و کاری بەردەوامی ستافی ماڵپەڕی ئەمڕۆ ئەکەم کە بەردەوام لە خزمەتی وتنی وشەی هەقدا بووە ئومێدی بەردەوامییان بۆ ئەخوازم. هەروەها سوپاسی کاک جیهادیش ئەکەم بۆ زەحمەتی و ئەو نامە جوانەی نووسیویەتی. لای خۆمەوە دەستخۆشیی لێئەکەم.


حەمە غەفور

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

سلاوتان لی بێت..

ده‌ستی ماندووتان ده‌گوشم بۆ ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌ی که‌ بۆ خزمه‌تی گه‌له‌که‌مان ده‌یکێشن له‌ پێناوی زیاتر به‌ره‌وپێشچوونی ئاستی رۆشنبیریی گه‌له‌که‌مان. کاتێ پیرۆزبایی ماڵپە‌ره‌که‌م پێ گه‌یشت هه‌ستم به‌ خۆشییە‌کی زۆر کرد.. ماوه‌یه‌کی زۆره‌ دابراوم له‌ گۆره‌پانی هونه‌ر به‌ هۆی سه‌رقاڵبوونم به‌ ژیانی رۆژانه‌م، بۆیه‌ پر به ‌دڵ سوپاستان ده‌که‌م بۆ ئه‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بیته‌ هۆی دووباره‌ گەڕانه‌وه‌م بۆ خزمه‌تکردن به‌ گه‌له‌که‌م.


جەبار سابیر

ماڵپه‌ڕی جه‌بار سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک