په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٠

    تاوە بارانی بەهار و

    وەرزی وەرینی، گوڵ و عەشق.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

1

وەرە تاوێک
لە نێو دیمەنی باخچەی
گوڵە ژاکاوەکانی ئەم زەمەنەدا بڕوانین،
خۆمان بدەینە دەستی خەیاڵ و
بەئەسپایی بێن و بچین
بۆن بەهەناسەی غەمباری
گوڵەکانەوە بکەین
بزانین وورشەی فریشتەیەک
پەڕوباڵی چۆن لێک کردوون
تاوە بارانی بەهاریش
چۆن سینەیانی وەراندون.


2

ئەی گوڵ تۆ تیشکی خۆری ناوادەی
وەک شەبەنگی بەربەیانی
چرۆ دەکەیت
بەئەسپیایی لەخۆر هەڵدێت
نەمدەزانی بۆنی پەڕت
رۆژی روناکم وون دەکاو
زۆرجاریش دەبیتە پەرچەمی
دروەشاوەی قژی من و
وەکوو عاشقێکی سەرشێت
تاوناتاوێک هەڵدەورێت.


3

ئەی گوڵی سور
ئەی رەنگی ژاکاوی باخچە
تۆ ترپەیەکی لەجوانی
کاتێک کۆچی سورت دەست پێ دەکات
دوا هەناسەت دەسپێریە دڵی من و
زەوی دەبێتە مەنزڵت
تۆ بەشێکی لە رەونەقی باخچەکان و
بەشێکی لەبوژانەوەی دڵ و
بەهەشتی سەمای بەیانیان
وەرە تاوێک
ببە بەچراخانی دڵم و
ئاسمانی من پڕ باران کە.


4

ئەی گوڵ
کاتێ بۆن بە هەناسەتەوە دەکەن
چاوەڕوانی سپێدەیەکی روناک بە
تاکوو جۆگەلەی دڵ و
پەنجەرەی ئەستێرەیەکی خەیاڵ
پەیامی عشقێکم بۆدێنێ
تاکوو نەبمە مۆمی شەوەزەنگ و
باخچەی پایزێکی ئەبەدی.


5

ئەی گوڵ
تەمەن زۆری نەماوە
وێستگەی ژیان کۆتایی دێ
دەبێت چاوەڕوانی چی بین
یان گڕی دڵداری بسپێرین
یاخوو بەعەشقەوە بژین.


6

وەرە تاوێک
لەناو باخچە زەردە هەڵگەڕاوەکانی گوڵدا
سەرنج بدەین و
بزانین زریان چ تۆفانێکی پێەو
لەقەدی چ گوڵێک دەئاڵێ
بابزانین زەوی تینووی
پێدەشت و ئاودامانی گژوگیایە
یاخوود تینووی ماچی عاشقێکە،
وەرە تاوێک
بەچاوێکی گومانەوە
لەهەناوی وەرینی گوڵدا پشووبدەین
بزانین چ تەنهاییەک
لەزمانی بێدەنگیان دەگات
بزانین حیکمەتی حەقیقەتێکی تاڵ
بەنیگایەکی شەرمندە، بەروویاندا دەکرێتەوە.


7

گوڵەکانی باخچە ، کاتێک هەڵدەوەرن
ماڵی تەنهایی دەچنێتەوە
گوڵ پەڕەیەکی دڵی شکاوە
بۆ سەردەمی بەفری سپی ،
تارماییەکە تریفەی خەم
لەخۆی دەگرێ و
ناسکی و شنەی خۆی دەخوێنێتەوە.


8

وەرە تاوێک
لەنێو دیمەنی باخچەکانی
تەمەنی وەریووی گوڵ و
وەرزی وەرینی گەڵا دا
سەرنج بدەین
بزانین چ گۆرانیەک نەشئەدەدا
بەکۆچی سووری گەرٍانەوەیان
بزانین چ وێنەیەکی ،شێواو شەرمن
چ عاشقێکی نامراد
نامەکانی دەنێرێتە ناو باخچەکان و
رەنگی شێواویان دەنوسێتەوە.


9

کەوەرزەکان دێن و دەڕۆن
گوڵیش پێویستی بەوەرین هەیە
تاکوو عەشقی چرۆکانی
بۆوەرزی ئاو
بۆدیدەنی سیمای زەوی
سەرلەنوێ بگێڕێتەوە .


10

کەوەرزەکان تێ دەپەڕن
گوڵیش دەبێتە بەخشندە
سروشت پێناسەی عشق دەکات
کەوەرزەکان دێن و دەچن
گوڵ عەشقی خەیاڵی خۆی
وەک ئەستێرە دەبەخشێتە
تەزووی خۆشەویستی
نیگاو ملوانەکەی گەردنی من .


11

کەوەرزەکان تێدەپەڕن
تەرمی وەرینی گوڵەکان
دەسپێرێتە ئەستێرەو مانگ
کاتێک بارانێکی بەخۆڕ دادەکا
خەمی توڕەیی خۆمان
بەسەرچنینەوەیان دەبارێنین
تاکوو پەرژینێکی رەنگین
بۆباخچەکانیان رابخەین و
مۆمی تەمەنیان ،لەنێو سەماو ئاوازی
کپ و بێدەنگیدا، بنوسینەوە.

12

کێ هەیە وەرزی وەرینی گوڵەکانی نەبینیبێ
خەمی عەشق و ،شەرمنی زەوی و
حەزە جوانەکانی گوڵ و
روخساری پەشۆکاوی پەپولەکان و
سێبەری ئەوانی نەکردبێتە
سەربردەیی رانەبردووی خۆی.

 
13

ئێمەی عاشق چوار وەرزی ساڵ
پەنا بۆوەرینی درەختی ناسکی گوڵ دەبەین
تاکوو ئەستێرەی رۆحی عاشق
ساتێک لەئامێزی بێدەنگیدا
بکەینە دیاری شەوانە
تاکوو تیشکێکی وەنەوشەیی
دورگەی رۆحمان لەبێزاری روناک کاتەوە.


14

ئێمەی عاشق
هەموو تارمایی بەیانیەک
چاوەڕوانی گوناهی هەڵوەرینی گوڵێکین
تاکوو لاپەڕەی بەخوێن نوسراوی خۆمان و
نامەی بیرەوەری ئەوان بۆن بکەین،
تاکوو درەختی باڵامان زیندوو بێتەوە.


15

ئێمەی عاشق، سات لەدوای سات
چاوەڕوانی چرکەکانی هەڵوەرینی گوڵین و
دەزانین چ شەوگارێکی تارو نامۆیی
میوانداریان دەکات،
ئێمەی عاشق دەزانین ،چرکەکانی هەڵوەرین و
وەرزی سوریان هەر رۆژێک بێت کۆتایی دێ و
باوەشی پایزێکی تەنهایی و
بۆزەمەنی هەڵوەریوویان دەگێڕنەوە.

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر