په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٥

تەڵەیەک لە تەونی شەیتان.


دارا مەحمود      

 

رەفتارەکانی پارتی بەرانبەر پارتی کرێکارانی کوردستان شتێکی نوێ نییە. بەڵام ئەوەی لەم قەیرانە نوێیەی نێوانیاندا نوێیە، ئەمەیە کەلەکاتێکدا گەریلاکانی پەکەکە لەباشووری کوردستاندا لەسەنگەرێک لەگەڵ پشمەرگەدا دژی دوژمنی کوردو مرۆڤایەتی دەجەنگن و داکۆکی لە خاک و خەڵک و ئابڕوومەندییەکانی دەکەن، و لەکاتێکدا کەتێکەڵبوونی خوێنی دڵسۆزو گیانبەختکردووانی هەرچوارپارچەی کوردستان، هیوای ئایندەیەکی گەشی لەدڵی هەموواندا سەوزکرد، پارتی، وەک چەقاوەسوویەکی بێشەرمی ئەمەک نەناس، لەبری داعش لەگیانی پەکەکە بەربوو.


ئاخر ئەگەر بە پێوەری خێڵیش بێت ئەم ڕەفتارانەی پارتی لەدەرەوەی ئەخلاق و بایەخەکاندان. خێڵ هەرگیز وەڵامی چاکەی کەسێک بەدوژمنایەتی وڕەشکردنی نامەردانە ناداتەوە. دیتمان لەکۆبانێ، شەروانان و خەڵک چۆن باوەشیان بۆ پێشمەرگە گرتەوە. دەزانم کە لایەنگرانی پارتی و دەرباریانی دەڵێن: چونکە پێشمەرگە نەبووایە کۆبانێ دەکەوت..! و ئەوان لەبەر ئێمە پاڕانەوە تا فریایان بکەوین..!


چەندە مایەی سەرفرازییە کە لەناو نەتەوەکەی خۆتدا بۆ فریادڕەس بگەڕێی و کڕنۆش بۆ داگیرکەر نەبەی! چەندەش مایەی شەرمەزاریە بنکەو بارەگای سەربازی و موخابەراتی تورکیا لەباشووری کوردستان بێت و پارتی ئەوەندە بوێرییەی نەبێت پێیان بڵێت: ئێوە چی دەکەن لەوڵاتی ئێمە؟ بەڵام بە گەریلاکانی پەکەکە کەخوێنی نزیک بەشەست شەهیدی قارەمانیان تێکەڵ بەخوێنی شەهیدانی پێشمەرگەبوون، بڵێت ئەوانە مەترسین بۆسەر باشوور...! چ مەترسیەک؟ مەترسی ئەوەی شەرمی هەڵاتنی پارتیان لەشەنگال بەخوێنی خۆیان شوشتەوە، یان مەترسی ئەوەی بانگدەکەن سوپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی پێکبهێنن. چ مەترسیەک؟ مەترسی ئەوەی پارتی دەخوازێت شەنگاڵ چۆڵ بکرێت و پەکەکە دەخوازێت گیانی خۆبەستنەوە بەخاک ،و ئینتیما بۆ نیشتمان لە ناخی مرۆڤی بێهیواو بێباوەڕی کوردا زیندوو بکاتەوەو کردیشی!؟


تا بۆیانکرا هەبوونی گەریلایان شاردەوەو لەهەرشوێنیکیش نەیانتوانی بیشارنەوە، هەوڵیاندا ئەو هەبوونە ڕەشکەن و بیشێوێنن و لەبری ستایش وەک مایەی مەترسی لەقەڵەمی بدەن. دەمێک گوتیان پەکەکە دەخوازێت ئەو ناوچانە داگیر بکات کەهەبوونی تێدا هەیە. و جارێکی تر گوتیان هاوپەیمانان شەنگال ڕزگار ناکەن چونکە پەکەکە لەوێیە، و کاتێک ئەمانە کەسی هەڵنەخڵەتاند ئەمجار گوتیان پەکەکە کانتۆنی شەنگال دروستدەکات و لەکوردستان جیایدەکاتەوە. و بەمانە هەموو دڵیان ئاوی نەخواردەوە، ویستیان جیهانی دەرەوەیان بەگژدا بکەن، و دەیانزانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خۆرئاوا بەچی هەستیارە. و وەک ڕەفتارێکی هەرە ناشیرین وبێڕەوشتانە کەوتنەوە لێدانی بالۆرەکۆنەکەی گوایا پەکەکە منداڵان دەفڕێنێت.


بەڵام پەکەکە هەرگیز وەڵامی ئەم لێدوان و کۆمنتارە، منداڵانەو بازاڕیانەی بەشێوازی ئەوان نەدایەوە. هیچکاتیش نەیگوت کوبانێ بە ١٥٠ پێشمەرگە ڕزگارنەکرا. چونکە لای ئەوان گرنگی چوونی پێشمەرگە لەوەدا نەبوو کە کۆبانێ ڕزگاردەکات، ئەگەر کردبێتیشی هێچ شتێک لەوە سەرفرازانەترو مایەی خۆشحاڵی و شانازی نییە، بەڵکو لەمەدایە کە ئەو پێشمەرگە قارەمانانە لە ڕۆژگارێکدا چوونە کۆبانێ، کە ئەوێ دۆزەخێک بوو بۆخۆی، و ئەم سەروەرییە گەورەیە نسیبی هەرکەس و شایستەی هەرکەسێک نەبوو. لەمە بەولاوەتریش لەڕووی سیاسییەوە پەیامی یەکیەتی و یەکڕیزی و یەکدڵی و یەکخاکی گەیاندە هەمووان. و چەندە سەروەری بووە نسیبی ئەو پێشمەرگانە هێندە شەرمەزاری بەباڵای پارتی بڕدرا. چونکە هەروەک هۆشیار زێباری چەند هەفتە پێش لەچاوپێکەوتنێکی کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی ڕایگەیاند ئەوان لەژێر گوشاری خەڵکداو لەسەر پێشنیازی ئەردۆگان پێشمەرگەیان ناردە کۆبانێ. دەستەواژەی (گوشاری خەڵک)یش لێرەدا تەنیا یەک واتای هەیە ئەویش ئەمەیە کەئەوان نەیاندەخواست بەڵام ناچاربوون. ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرەو ڕەفتارەکانی پارتی ئەمەمان بۆ شڕۆڤەدەکەن.


بۆیەکەمجار لەدیرۆکی کورداندا هەلێک ڕەخسا، تاهەموو لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان لەچوارچێوەی کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا خڕبنەوە. تا لەکێشەو قەیرانەکاندا وەک مەرجەعێکی هاوبەش بۆی بگەڕێنەوە. بەڵام کاتێک هەموو لایەنەکان خواستیان لەسەر بنەمای براگەورەو برابچوک مامەڵە لەگەڵ یەکتر نەکەن. پارتی تێکیدا. چونکە دەیخواست بۆخۆی گەورەکە بێت و ئەوانی تریش گشتیان بچوک. مەگەر بەدوو حاڵەت دەنا لەئایندەشدا هەر تێکی دەداتەوە. ئەم دوو حاڵەتەش: یەکەم، لەبەر هەر هۆکارێک کارییگەریی تورکیای بەسەرەوە نەمێنێت. و دووەمیشیان، بۆخۆی هێندە لاوازبێت، کە توانای تێکدانی نەمێنێت.


پارتی هەمیشە خەریکی چنین و دانانەوەی تەڵەیەکە لەتەونی شەیتان. بەڵام بەرلەوەی نێچیرەکانی بەربکەون، کلکی خۆی پێوەدەبێت.


خواستی خۆی بەتورکیا هەڵواسێت و لەگەڵ ئەردۆگان پۆخڵەواتەکانی یەکتر بشارنەوە. بەڵام داعش هاتەگۆڕێ، و هەموو شتێکی ئاشکراکرد.


خواستی لەڕێگای دژایەتیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزموونە مەزنەکەیەوە، پەکەکەو یەپەگە لاوازو گۆشەگیربکات. بەڵام ئەوان نوێنەرەکانیان لەکۆشکی ئەلیزە پێشوازیان لێکرا.


خواستی پەکەکە وەک هێزێکی، ئاژاوەگێڕ و خۆشی خەمخۆرو پارێزەری کوردستانی گەورە پێناسە بکات. بەڵام شەنگال ئاشکرای کرد ئاژاوەگێڕەکە کێیەو کێهەش پارێزەری کوردستان.


پارتی چی دەخوازێت؟ بۆ وادەکات؟ ئەمە مەتەڵ نییەو ڕەفتارێکە لەخەسڵەتی خۆیەوە سەرچاوەدەگرێت. لەسەرێکەوە (بەڵێ)یەکی زەلیلانەیە بۆ تورکیا. لەسەرێکی تریشەوە ترسی لەدەستدانی پێگەو جەماوەرەکەیەتی.


پارتی لەمەزنبوون وسەرکەوتنی ڕێبازی پەکەکەو بەدەستخستنی بەرەبەرەی پێگەی نێودەوڵەتی، بچووکبوونەوەی خۆی دەبینێت.


چما ئێمە هێندە ناواقیعی بین و شتەکان وەک خۆیان نەبینین...؟ پەکەکە لەهەر شوێنێک بێت، داروبەرد دەکات بەمرۆڤ و لەترسنۆک و ڕاڕا قارەمان دەخوڵقێنێت. و پشتی چەماوەی ژن لەبن ستەمی هەزاران ساڵەی پیاودا ڕاستدەکاتەوەو کەسایەتییەکەی بۆدەگێڕێتەوەو پیاوی لووتبەرزی چەوسێنەریش دەکاتە هاوڕێی بەرابەری ژن و فیداکاری خەڵک و نیشتمان.


پەکەکە باوەڕی بۆ مرۆڤی شکەستخواردووی کورد گێڕایەوەو فێریکرد جگە بۆ گیانی پیرۆزی شەهید هەرگیز سەردانەنەوێنێت و کڕنۆش بۆهیچکەسێک نەبات. ئیتر چۆن پارتی لێی نەترسێت؟ پارتی شینی ئایندەیەکی تاریکی خۆی دەکات کەناتوانێ هیچی لێ بگۆڕێت.


ئەم شەڕە چەندەی زیانی گیانی و ماڵی بەکورد گەیاند بەڵام ئەو سوودەشی هەبوو، کەعەورەتی پارتی بەدیارخست. عەورەتێک کە پارتی دەخوازێت هەروەک جاران بەپارە، یانیش بەپەشتەماڵە چڵکنەکەی ئەردۆگان بیشارێتەوە.
 

ماڵپه‌ڕی دارا مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک