په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ٢٣ -:

لاوژە جەواد:

ژنان و پیاوان قوربانییەکی گەورەی پەروەردە و کولتووری دینیین،

دەسەڵات نەک هەر بەرپرسە لە ژنکوژیی بەڵکە پەرەشی پێداوە.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

 

لاوژە جەواد: من پێم وانییە خودی پێکهاتەی پیاو توندوتیژ بێ، ئەوە کولتوورە مرۆڤەکان فێر دەکا کە بەشێکیان لە بەشەکەی تریان کە ژنانن بەهێزترن. فێریان دەکا کە پیاوان بەسەر ژنانیانەوە هەیە و دەبێ لەژێر فەرمانیان بن، بە داخەوە لە ژێر ناوی (ئایەت و حەدیس) ئەو کولتوورە قێزەونە دەستی پێوە گیراوە و هەزاران ساڵە مرۆڤەکان بەو شێوەیە پەروەردە دەکەن. کولتوور شتێکە کە دروستکەرکەی عەقڵ و تێگەیشتنی مرۆڤە و هەر لەوێشەوە گەشە دەکا و تۆکمەتر دەبێ، واتە دابونەریت شیاوی ئاڵوگۆڕە، ئەو گۆڕانکارییەش پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز هەیە، پێویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بە داخەوە لە وڵاتە دواکەوتووە ئیسلامییەکاندا دەسەڵاتدارانیان نایەنەوێ شۆڕشێکی لەو جۆرە ئەنجام بدرێ، بۆ نموونە دەسەڵاتی کوردی هەرگیز لە بەرژەوەندییدا نییە هەنگاو بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگە هەڵگرێ، ئەوان دەیانەوێ نیوەی کۆمەڵگە کە ژنانن لە ژێردەستەیی و نەهامەتییدا بهێڵنەوە.

 

پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟

لاوژە جەواد: بە رای من ژنان و پیاوان قوربانییەکی گەورەی ئەو پەروەردە و کولتوورە دینییەن کە لەسەرەوە باسم کرد، ئەوە سووچی پیاو نییە کە پیاوسالارە.. هاوکات سووچی ژنیش نییە کەوا فێر کراوە پیاو شکۆ و دەسەڵاتی بەسەر ئەوەوە هەیە و دەبێ هەموو نابەرابەرییەکان وەک بنەمایەکی سروشتیی قەبووڵ بکا.


من هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، دەبێ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە بەڕێ بخرێ و دین لە دەوڵەت جودا بکرێتەوە و دەستتێوەردانی دین لە ژیانی رۆژانەماندا کۆتایی پێبێ. دەبێ یاسای یەکسانیی ژن و پیا و دابڕێژرێ و کاری پێ بکرێ. هەر لە منداڵییەوە لە رێگەی پڕۆسەی خوێندنەوە مرۆڤەکان فێر بکرێن کە کچ و کوڕ و ژن و پیاو کەسیان (زەعیفە و ناقس عەقڵ) نین و نێر و مێ یەکسانن لە ماف و خواستەکانیاندا.

 

پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟
 

لاوژە جەواد: ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە هەر تاوانێک لە کۆمەڵگە روودەدا لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێک بێ، دەسەڵات لێی بەرپرسە. دەسەڵات بەرپرسە لە ژیان و ئاسایشی مرۆڤەکان. دەسەڵاتە دەبێ لە سەر بنەمایەکی زانستییانە بە پێی پلانی رۆشن کۆمەڵگە بەڕێوەببا و هۆشیاریی گشتیی بباتە سەرەوە، چارەسەری شیاو بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە.


ئەوەی بۆ مەسەلەی تیرۆر و رەشەکوژیی ژنان دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی کوردی هەر لە سەرەتای ساڵی نەوەتەکانەوە پەرەی بە کولتووری ژنکوشتندا لە کۆمەڵگە، دیاری ئەوان بۆ ژنان تیرۆر و رەشەکوژیی بوو بۆ ژنان لە ژێر ناوی (نامووس و شەرەف). ئەوان ژنکوشتنیان کردە دیاردەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگە. لە لایەکی دیکەوە تا ئێستا ژنکوژەکان ئازادانە دەسوڕێنەوەو سزای یاسایی نادرێن، یاسای لێبووردنی گشتییان لە پەرلەمان دەرکردوە و لەژێر ئەو ناوە بکوژانی ژنان ئازادانە دەسوڕێنەوە، کار بە یاسای دژە توندوتیژیی بەرانبەر بە ژنان ناکەن کە لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگی پێدراوە. لە کاتێکدا ژنکوژەکان هیچ سزایەکی یاسایی نادرێن یاخود بەر یاسای لێبووردنی گشتیی دەکەون، ئەوە گومانی تێدا نییە کە پتر پەرە بە ژنکوشتن دەدا و بە بێ ترس ژنکوژەکان تاوانەکەیان دووبارە و سێ بارە دەکەنەوە.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

 

لاوژە جەواد: من پێم وایە ئەوە رێکخراوەکانی ژنانن کە نەیانتوانیوە ببنە جێی متمانەی ژنان لە کوردستان، بەشی زۆری ئەو رێکخراوانە حیزبیین و سیاسەتی حیزبەکانیان دەبەنە پێشەوە، هەر حیزبەکانی ئەوانن لە هۆڵی پەرلەمان دەنگیان بە یاسای فرەژنیی داوە، هەر لە سایەی دەسەڵاتی حیزبەکانی ئەوانە کە ژنکوشتن پەرە دەسەنێ. زۆر جار بینیومانە و بیستومانە کە ژنانێک بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنایان بۆ ئەم رێکخراوانە بردوە، بەڵام ئەوان زۆر نابەرپرسانە رادەستی کەسوکاریان کردونەتەوە، بوونەتە مایەی ئازاردانی زۆرتریان، بە رای من ئەوە بۆتە هۆی لەدەستدانی متمانەی ژنان بەو رێکخراوانە. بەشێکی دیکە لەو رێکخراوانە فەلسەفەی بوونیان بۆ دژایەتییکردنی رۆشەنبیریی و مەدەنیەتە، ئەوانە خەبات و تێکۆشانیان بۆ هێشتنەوەی جێگە و رێگەی ژنانە لە پلەدوویی، لەوانە رێکخراوە ئیسلامییەکان.


پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

لاوژە جەواد: خێزان لە چوارچێوەی خۆیدا کۆمەڵگەیەکی بچووکە چەمکی بەرەنگاریی و خەبات، ململانێی دەسەڵات، هۆشیاریی و کەشوهەوای سیاسیی و تا دەگاتە تێگەیشتن و دیموکراسییەت، تێیدا رۆڵ دەبینن، من پێم وایە هەر یەکێک لە ئێمە قوربانیی دەستی پیاوسالاریی و نایەکسانیی کۆمەڵگەین. ئەوەی بۆ خۆم دەگەڕێتەوە، من پێم وایە لە چوارچێوەی خێزاندا مرۆڤێکی تەواو ئازادم و لەگەڵ هاوسەرەکەم لە پەیوەندییەکی یەکساندا دەژیم. ئەمەش وا بە ئاسانیی بە دەستم نەهێناوە، خەبات بۆ یەکسانیی ژن و پیاو و گۆڕانکاریی بە قازانجی ژن لە خێزانەکەی خۆمەوە دەستم پێکردوە، سەرەتا بۆ ئازادیی خۆم خەباتم کردوە و لەو رێگەیەشدا قوربانیی زۆرم داوە و شانازییشی پێوە دەکەم. ئەگەر ژن لە چوارچێوەی خێزانەکەی خۆیدا دەستی ئاوەڵە نەبێ، دژوارە بتوانێ شەڕ بۆ رزگاریی ژنان و یەکسانیی ژن و پیاو بکا.

 

 

lawzha@yahoo.com

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm   

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک