په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٣\٢٠١١

تکایە لەوە زیاتر بازرگانی بە خوێنی نەوەکانی کوردستانەوە مەکەن..!
- وەڵامێک بۆ داواکەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی نەوەی راپەریوی ئەمڕۆی کوردستانەوە -


موزەفەر عەبدوڵا


لە ڕۆژنامەی ئاوێنەی رۆژی 3-3 دا نامەیەکی قوباد تاڵەبانی لە ئەمریکاوە بڵاو بۆتەوە، لەژێر تایتڵی - تکایه با‌ یاری به‌ ژیانی پیرۆزی نه‌وه‌ی نوێمان نه‌کرێت - کە تیایدا راو سەرنج و ھەڵوێستی خۆی داوە لەسەر رووداوەکانی ئەم چەند ھەفتەیەی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی و زیاتر لە نامەکەیدا رووی لە لاوانەو ئەوە دەزانی کە ئەمرۆ زیاتر ئەوە لاوانی کوردستانە پێشەنگی ئەم نارەزایەتیانەیە.


بلگومان وەک ھەمو لایەک دەزانێ جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان ئیتر جامی رقو تورەیی لێیرژاو لە بەرامبەر دەسەڵاتە ملیشیایی و عەشیرەگەری و سەرکوتگەری و گەندەڵ و چەتەگەری یەکەی پارتی و یەکێتی و دەستەو تاقمە ھاوپەیمانەکانیان لە رۆژی 17 شوباتەوە دەستیان دایە خوپیشاندان و راپەرینی و دروشمی ئاکوگورێ بنەرەتیان بەرزکردوە.دیارە ئەمەش لە دوای سازدانی دەیان و بگرە سەدان شێوازی نارەزایەتی لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە ماوەی چەند سالدا ئیتر خەلک دەستیان دایە راپەرین کە تا ئێستاش داوی ھەمو ھەولێکی ریسواکارانەی دەسەلاتداران، لە کوشتن و گرتن و زیندانی کردن و رفاندن و تومەتبارکردن و تاوانبارکردن، ھەر جەماوەری خوراگر لە خوپیشاندان و راپەرین بەرداوامن.


ھەڵبەت ئەم راپەرێنە ھاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی راپەرینی خەڵکی کوردستان کە تیایدا لە ساڵی 1991رژێمی ھارو سەرکوتگەرو دکتاتۆری بەعسیان لە کوردستان وەدەرنا.


ھاروەھا ھاوکاتە لەگەل ئەو زنجیرە راپەرینانەی کە لە ووڵاتانی تونس و میسر و لیبیا و یەمەن و مەغر بو بەحرەین و ..ھتد دەستی پیکردوە کە تا ئێستا لانی کەم دوو دەسەڵاتی سەرکوتگەری وەک موبارەک و زەینەدینی رووخاندوە و لە رۆژو ھەفتەو مانگەکانی تریشدا بینەری کۆتایی ھاتن بە زور دەسەڵاتی تری وەک دەسەڵاتەکەی باوکی قوبادو ھەوپەیمانە ستراتیژی یەکەیان دەبین.


جا لەم بارەوە بە پێویستی دەزانم لە چەند خالێکدا بە کورتی وەڵامێک بەو سەرنج و لێکدانەوەو ھەڵویستانە بدەم کە قوباد لە نامەکەیدا ڕایگەیاندون.


خاڵی یەکەم، ئەوەیە کە وەک لە تایتڵی نامەکەێدا ھاتووەو وا خۆی نیشان دەدات کە زور دڵسۆزو پەرۆشی نەوەی ئەمروی کوردستانە، بویە داوا و تکا دەکات کە با لەوە زیاتر یاری بە ژیانی نەوەی ئەمرۆی کوردستانەوە نەکریت!!!


دیارە ھەر کەسێک کە ئاگاداری بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستانی ئەم دوو دەیەیە نەبێت و نەزانێ ژیانی مرۆڤەکان بە گشتی و لاوان و نەوەی ئەمرو بە تایبەتی چۆن دەگوزەرێت و یەکسەر چاوی بەو تکاو ڕجاو وشین و شەپۆڕەی قوباد بکەوێت کە بۆ نەوەی ئەمڕۆ دەیکات دەڵێ ئەی بابا ئەوە کوڕی سەرۆکی عێراق و خانمی یەکەمی عیراق چەند دڵسۆزی لاوان و نەوەی ئەمرۆیە. تەنانەت دڵسوز ترن لە سەیف و لئێسلامی کوری قەزافی کە ساڵانە دەیان ملێۆن دۆلار کۆمەک بە سەدان قوتابی لیبیا دەکات و دەیان نێرێت بۆ ئەوروپاو ئەمریکا تا بخوێنن .لە کاتێکدا تەواوی ئەو پارانەی کوری قەزافی لە سایەی دزی و گەندەڵی دەسەڵاتە دکتاتۆری یەکەی باوکی یەوە بۆی ھاتوە نەک بەری رەنجی خویان بێت.


مەگەر قوباد نازانی و گۆی لە ھەواڵەکانی دەزگا راگەیاندنەکان ناگرێت تا بزانێت کە چۆن ھەزاران و بگرە دەیان ھەزار لاوی نەوەی ئەمرو لا سایەی دەسەلاتی ئەواندا روویان لە ووڵاتانی جھان کردوە لەبەر بێکاری و ھەژاری و بە مافی ی نەبونی سەرەتایی ترین ئازادی!!.مەگەر ھەزاران لاوی دڵ پر لە ھیوا نەبوونە خۆراکی تێمساح و ماسی و گیانەوەرەکان لە دەریاچەی ئیجەو دەریاو رووبارو ئۆقیانوسەکانی ئەمپەر بو ئەو پەری جھان!!! بەڵام دیارە تاوانەکانی کوشتنی ھەزاران لاویان لەبیر ناماوە کە بوونە قوربای شەری نگریسی ناوخۆیان .چ ئەو ساڵانەی کە لە شاخ بوون و تەنانەت دیلی یەکتریان دەکوشت، چ لە شەری ناوخۆی یان لە ساڵی 1994 بە دواوە.


بۆیە دەبێت قوباد بزانێت ئەوەی کە ئەمرو لاوانی نەوەی ئەمرۆ بە خوینی گەرمەوە دابەزیونەتە شەقامەکانی کوردستانەوەو سڵ ناکەنەوە لە ھیچ شتێیک و داوای کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی حزبەکەی ئەوان و پارتی یەوە دەکەن، ئەوەیە کە تیتر نەوەی ئەمرو ئەوەندە وشیارەو لەوە زیاتر بیمافی قەبوڵ ناکەن و بۆیە پێویست ناکات قوباد فرمێسکی تێمساحی برێژێت بۆیان.


خاڵی دوەم لە سەرنجە رەخنەیی یەکانم لە نامەکەی قوباد ئەوەیە: وەک دەڵێن – گەورە ئاو دەڕژێنێ و بچوک پێی تێدەخشێنێ- ھەر وەک باوکی ھەمیشە ھەر کەسێک ناکۆک بوبێت بە ڕاو ھەڵوێستە سیاسی یەکانی و نارەزاێیەتی بەرامبەریان دەربریبێ ئەوە یەکسەر بە دوژمنی کوردو کوردستانو بە بەکرێکیراوو خائین و تابوری پێنج و گێرە شێوێن و تێکدەرو دەیان شتی تریان داناوە.ھەر بۆیە قوبادیش ئەوەندەی خۆپیشاندەران تاوانبار دەکات و بە تێکدەریان دادەنێ نەک نیو ئەوەندە، بەڵکو بە ھیچ شێوەیەک ناچێت بەلای ئەوەدا کە بۆ دەبێت خەڵکی لەسەر داوا رەواکانیان خەڵتانی خوێن بکرێن.


بێگومان کوڕی سەرۆکو خانمی یەکەمی عێراق ئەگەر دەیەویست لاوانی نەوەی ئەمرۆ یەک لەسەر ھەزاری وەک ژیانی ئەو بژێن دەبوو بێ ھیچ ئەمما و ئەگەرێک پشتیوانی لە لاوانی ڕاپەریو بکردایەو ئیدانەی کوشت و بڕو زیندانی کردنی خۆپیشاندەرانی بکردایە کە میلیشیا چەکدارەکانی حزبەکەکەی ئەوان و پارتی یەوە لە ڕۆژی یەکەمەوە ھەستاون پێی.


دوا سەرنجی رەخنەییم ئەوەیە کە قوباد پێی زانی بێت یان نا،بە ئاگایی یەوە بوبێت یان بێ ئاگا،ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە دەبێت میلیشیا چەکدارەکانیان لە زانیاری و ئاسایش و پاراستن و پۆلیس و....ھتد لەمرۆدا چەک و ئامرازی وا بەکار بێنن بەرامبەر ئەم رووداوانەی ئەمڕۆ کە زۆر پێشکەوتو بێت و بتوانێ بە ئاسانی ھەر جوڵانەوەیەکی نارەزایەتی لە ماوەیەکی کەمدا دامرکێنێتەوە.


سەرنج بدەن لەم ڕستەیەدا چی دەڵێت(به‌ڵام ‌ له‌م کاته‌دا پێویسته‌ به‌شێوازێکی زانستیانه‌ ئامێری پێشکه‌وتوو به‌کار بهێنن له‌پێناو پاراستنی سه‌قامگیری‌و ئاسایشی هه‌رێمه‌که‌مان).


لێرەدا رێک و رەوان دەلێت کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیاندا پێویستە ئامێری پێشکەوتو بەکار بێنن.


بۆ مەگەر ئێستا ئەوەندی ئامێر و ئامرازی سەرکوتێ نوێ بەکار دێنن لە سەدا یەکی ئەوەندە خوراک و پێویستی یەکانی تری باش و نوێ دەدەن بە خەلکی کوردستان تا بەکاری بێنن؟؟؟!!


کێ ھەیە نازانێ کە وەزیرو بەرپرسەکانی ئێوە کونترۆلی ھەمو سەرچاوەێەکی بازرگانی و بەرھەم ھێنانیان نەکردبێت بەڵام ھەمیشە خراپترێن مەوادەکان لە ھەمو جھانەوە دەھێنن بۆ کوردستان.تەنانەت ئەو داوو دەرمانەی دەیھێنن بۆ نەخۆشخانەکانیش خراپترین داوو دەرمانن و زۆربەیان ماوەیان بەسەرچووە.


بەھەر حاڵ ئەو نامەیە سەرنج و تێبینی رەخنەیی زۆر ھەڵدەگریت . بەڵام با لە کۆتایی دا تەنھا ئەوە بڵێم کە: قوبادی ،کوڕی سەرۆک کۆمارو خانمی یەکەمی ئەمڕۆی عێراقی عەرەبی و ئیسلامی و تایەفی تۆ خەمی نەوەی ئەمرۆت نەبێت و فرمێسی تیمساحیان بۆ ھەڵمەرێژەو تکاێە بە دەبەنگیشیان مەزانە دڵنیا بە نەوەی ئەمرۆی کوردستان ئیتر لەوە زیاتر نابنە سوتەمەنی ئامانجە سیاسی یە کۆنەپەرستانەیی یەکانی ئێوە.وە رێگایەکی نارەزایەتی و راپەرین کە لاوان ئەمڕۆ گرتویانەنەتە بەر دڵنیا بە ئەگەر ئەمرۆش ئێوە سەرکوتیان بکەن ئەوە لە سبەینێدا ھەر درێژەی پێ دەدەن تا بە ئاوات و ئامانجە ئینسانی یەکانیان دەگەن. بۆیە ئیتر ئەوە ئێوەن کە ناتوانن و نابێت لەوە زیاتر یاری بە ژیانی نەوەی ئەمرۆوە بکەن.

 

4\3\2011
ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک