په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١٢

تیرۆری غه‌زاله‌ جاوید،
رووی راسته‌قینه‌ی فوندەمێنتالیزمی ئیسلامی!


شوان سدیق       


ھەفتەی رابردوو ھەواڵی بڵاوبوونەوەی تیرۆرکردنی ژنە گۆرانیبێژی بەناوبانگی پاکستان (غەزالە جاوید) لەلایەن دوو کەسی چەکدارەوە لە شاری پیشاوەر بڵاوکرایەوە. غەزالە جاوید تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو خانمێکی ناوبانگی ھونەرمەند بووە، لە پاکستان و ئەفغانستاندا، بەھۆی بەرھەمە ھونەرییەکانییەوە کەسێکی ناسراو بوو، لە بوارەکەی خۆیدا.

دوای ئەوەی دەستڕێژی گولەی لێ دەکرێت، بە گوێرەی راپۆرتی ئینتەرناشناڵ نیوز (جاوید)ە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانەی ژنان لە شارەکە، بە ھۆی بەرکەوتنی شەش گوللەوە گیانی لە دەست داوە، ھەروەھا باوکیشی بە ھۆی بەرکەوتنی ٤ گوللە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لە دەست داوە.

دواتر پۆلیسی پیشاوەر رایگەیاند "گومانیان لە (جەھانگیر)ی ھاوسەری پێشووی گۆرانیبێژەکە ھەیە کە تەنیا شەش مانگ پێکەوە ژیاون، بەڵام دواتر بەپێچەوانەی لێکۆڵینەوە و گومانی پۆلیس رۆژی ٢٠/٦/٢٠١٢ بزووتنەوەی "تاڵیبان"ی پاکستان ئاشکرایکرد کە ئەوان بە تیرۆرکردنی ئەو خانمە ھونەرمەندە ھەڵساون. تالیبان ئەوەیشی ڕاگەیاندووە، کە پێشتر چەندین جار وریاییان داوەتە (غەزالە جاوید) بۆ ئەوەی واز لە گۆرانیگوتن بێنێت، بەڵام ئەو گوێی بە ھەڕەشە و ھۆشدارییەکانیان نەداوە.

گومانی تێدا نییە یەکێک لەو ھۆکارانەی کە ئەو خانمەی لەسەر تیرۆرکراوە، ھونەرەکەی بووە، ھەر ئەوەش وایکردووە "تالیبان" تیرۆری بکەن، چونکە چاوید ھیچ گوێی بەھەڕەشەو داخوازییەکانی ئەو بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییە نەداوە کە واز لە کارەکەی بێنێت.

لە ئەدەبیات و مەنھەجی بزووتنەوەی فوندەمێنتالیزمی ئیسلامیدا کە ئۆلیڤەر رەوا نووسەر و توێژەری فەرەنسی بە فوندەمێنتالیزمی ئیسلامی نوێیان ناو دەبا، ئەم ھێزە ھیچ کات لە دەرەوەی ئەدەبیات و فەرھەنگی خۆی واتە ئیسلامی رێگای بە ھیچ جۆرە ژیان و رەنگ و وێستێکی مرۆڤ نادات، کە بیانەوێ چۆنیان بووێی وەھا بژێن، یان بەشوێن خواستەکانیان بکەون.

بزووتنەوەی تالیبان لە ئێستا و لە رابردووشدا کێشەی ئەوان بریتی نەبووە لە دەوڵەتێکی ئیسلامی خەلافەت یان بیانەوێ حوکمڕانیەکیان ھەبێ ھەموو یاسا و رێساکانی وڵات، لە دەوڵەتێکی ئیسلامی بچێت، بە پێچەوانەوە کێشەی ئەوان ھەر لە سەرەتاوە بوونی کۆمەڵگەیەکی راستەقینەی ئیسلامییە چونکە ئەوان بە کردەوە و رەفتارەکانیان وا بیریان نەکردۆتەوە، کە کۆمەڵگە دەبێ لەسەر ئیسلامی و یاساگەلەکانی دابمەزرێت.

بەڵکو ئەوان وابیر دەکەنەوە کە دەبێت کۆمەڵگە ئیسلامی بێت، ھەر لەو چوارچێوەشدا دەبێ رۆژێک بێت ھەموو مسوڵمانان وەک مسوڵمانێکی راستەقینە رەفتار بکەن، ئیدی ئەو گەل و ھۆز و دین و ئایدیانەش لە دەرەوەی مسوڵمانەتیەوەن ئەستەمە لە ناوەوەی ئەم بازنە جێگەیان ببێتەوە، ئەگەر جێگەشیان کرایەوە، دەبێ ئەوانیش پابەندی یاسا و دابونەریتە ئیسلامییەکان ببن.

ئۆلیڤەر رەوا، لە وەڵامی پرسیارێکی (ھاری کریسلەر) دەڵێت پێویستە بزانین مەبەستی تالیبان لە مسوڵمانی راستەقینە چییە؟ ئەوە مەبەست لە کەسێکە کە بەتەواوەتی داخوازییەکانی ئاینی ئیسلام جێبەجێ بکات، کەسانێک کە گرنگی بە ھیچ شتێکی تر نەدات، جگە لە ئیسلام ئەمەش بەو مانایە دێت کەسانێک کەلتورییان نەبێت".

دروست قسەکانی ئۆلیڤەر رەوا لە جێگەی خۆیەتی چونکە ئەوەی تالیبان یان ئیسلامییە توندەڕەوەکان دەیکەن و کردوویانە شەڕی کەلتوورە، لێکچونێکیش ھەیە لە نێوان ئەو جۆرە بیرکردنەوانەی سیاسەتی تالیبانی لە نێوان ھێزە ئیسلامگەرا توندەڕەوەکانی دی لە کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان.

بۆنموونە رۆژانێک ئیسلامییەکان لە ھەڵەبجە و خورماڵ و ھەورامان ناوچەکەیان یەک رەنگ کردبوو لە سیاسەت و سەپاندنی بیرکردنەوەی خۆیان، لە ھەڵەبجە پەیکەری مامۆستای نە ناسراویان شکاند ھەوڵی رووخانی پەیکەری عومەری خاوەر و تۆفیقی کارەبا چیان دا. ئافرەتیان لە ژێر ناوی پاراستنی نامووس و پیرۆزییەکانی ئومەی ئیسلام تیرۆر دەکرد سەیرانگاکانیان قەدەغەدەکرد لێنەدەگەڕان خەڵک بۆ شوێنی گەشتیاری بەکاری بێنن، رێگری لە گەنجان و ژنان بەتایبەتی کوڕان و کچانی گەنج دەکرا کە ژیانی ئازادی خۆیان ھەڵبژێرن.

کەواتە ئەوەی تالیبان کردی و دەیکات ئێستاش ھەمان ئەو کولتورەیە بۆ سەپاندنی کلتوری ئیسلامی چونکە ھەر ئەوانیش بوون پەیکەرەکانی بودایان تێکشکاند، ئەوان پیاوانیان ناچارکرد کە بە یەک شێوە ریش بھێڵنەوە، تالیبان و بزووتنەوەی ئیسلامی ھەمووشتێک حەرام دەکەن، کە پەیوەندی بە کولتورەوە ھەبێت.

ئەم ھێزە کە ئێستاش لەناو سنوورەکانی پاکستان و لەناوەوەی وڵاتی ئەفغانستاندا زیاتر ھەن، جگە لەوەش ھێز گەلێکی دی کە ھەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ھەن لە وڵاتانی رۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست، کەم تا زۆر ھەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەیان ھەیە وەک ئەوەی ھەندێ جار بەناوی ھەموو خەڵکی وڵاتەوە قسە دەکەن، بەگوتەی ئەوان کۆمەڵگەکە بەگشتی زۆرینەی مسوڵمانن.

تالیبانیش لەسەر ھەمان ئەم جۆرە تێڕوانینە قسە دەکات، بۆیە دەیەوێت کۆمەڵگە ئیسلامێکی راستەقینە بن، ژنان نەتوانن بە نیوەی جارەکان بە تەنیا خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانەیەک یان ھەتیوخانەیەک بەسەر بکەنەوە، یاخوود ترسیان ھەبێت لەوەی کە دووجار بە شەقام و بازاڕەکانی شار بە تەنیا ھاتووچۆ بکەن، چونکە ھەمیشە روبەڕووی ئەو پرسیارە دەبنەوە و گێژیان دەکەن، ناوتان چیە؟ بۆ کوێی دەچن؟ بۆ بە تەنیان؟ یان ئەی کوا بۆ مەحرەمتان، واتە ھاوسەر یان کەسوکارەکانتان لەگەڵدا نییە؟

ئەم دەستەمۆکردن و ھەوڵی بە یەک رەنگکردنی کۆمەڵگەیە ئیدی تەواوی ژیان دەگرێتەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆتایی بە مانا فرە دەنگ و فرە رەنگیە کلتوریەکە دێنێت، کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگە لەگەڵی ھەڵ دەکەن، واتە موزیک و گۆرانی و سەماو رۆمان و شیعر ھەموو ئەوانە تەنانەت دەنگی گۆرانی باڵندەکانیش لەبەر ئەوەی بەلای ئەوانەوە شتێکی نێگەتێڤە بۆیە بە ھێڵی سوری دادەنێن قەدەغە دەکرێت، ھەر وەک ئەوەی بەر لە تیرۆرکردنی داوایانکرد کە غەزالە جاوید واز لە گۆرانی وتن بێنێت.

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک