په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٤

تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان و کوشتنی خۆپیشاندەران؟!


ستار محەمەد قادر   


خۆزگە هەر دوو دەستتان بشکاندایە، هەر دوو لاقی، سەری، چۆن دڵ و ویژدانتان رێگەی پێ دان گوڵێک لە بەهاری تەمەنیدا هەڵبوەرێنن؟! ئیدی بەسە، هەوڵ بدەن وشە بە وشە وەڵام بدەنەوە، بەرد بە بەرد، ئێمە نامەونەوێ کەس بکوژین، خوێن بڕژێ، هەوڵ بدەن ئێوەش مەمانکوژن؟؟؟!!! ئاخۆ کەی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەسبەرداری کوشتن و تیرۆرکردنمان دەبن و لەسەر رەخنەیەک یان بەرد هاویشتنێک نامانکوژن و بە چاوێک لێمان دەڕوانن کە ئێمەیش مافی ژیانمان هەیە و نابێ ئەوان لە پێناو هێندێک شتی لاوەکی لە ژیان بێ بەشمان بکەن و بە مەرگ ئاشنامان بکەن، بە داخێکی زۆرەوە مەسەلەی کوشتن لە نێو فەرهەنگی ئێمەدا رەگی داکوتاوە و لە رابردوودا بە چاوێک تەماشای مرۆڤکوژەکانمان کردووە وەکو پیاو، ئازا، جوامێر، هەر ئەوەش پەڕیوەتەوە بۆ نێو فەرهەنگی حیزبەکان و ئەوانەی زۆر دڵرەق بووبێتن هەمیشە لە لایەن دەوروپشتیانەوە وێنەی پاڵەوانیان بۆ کێشراوەو بوونە بە تێکۆشەر، لە کاتێکدا ئەگەر بەدواچوونی راشکاوانە بۆ لایەنی مۆڕاڵییان بکەین، رەنگە کەسانێک بووبێتن کە بەردەوام دووربووبێتن لە بەها مرۆییەکان، لە کاتێکدا پاڵەوانەکان یان مرۆڤە ئازایەکان هەرگیز رێگە بە خۆیان نادەن بەرانبەر خەڵکانی بێ وەی پاڵەوانێتی و ئازایەتی خۆیان بنوێنن؟!


کوشتن وەکو دوا چارەسەر؟!


برادەرێکم کە لە ساڵی نەوەد و پێنجەوە لە وڵاتی سوێد دەژیێ، ئەم هاوینە نموونەیەکی بۆم هێنایەوە، ئەویش لە بوای پەروەردەوە، گوتی رۆژێک لە هۆڵەکە دانیشبووم، مێشێک زۆر بێزاری کردم، بانگی کچەکەم کرد، داوام لێی کرد ئەو مێشەم بۆ بکوژێ و لە کۆڵمی بکاتەوە، کچەکەی بە دەنگ باوکیەوە دەڕوا کاتێ لێی تێدەگا مەسەلەکە پەیوەندیی بە لەناوبردنی مێشێکەوە هەیە، بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکا و بە باوکی دەڵێ، بیکوژە، بکوژە، بکوژە... بەس نییە ئەویش مافی ژیانی هەیە، دە وازی لێ بهێنە با بۆ خۆی بژیێ؟!


بە راستیی ئەم چیرۆکە بۆ من زۆر شتی لە لام دروست کرد، ئەگەر بۆ مرۆڤێک کە پەروەردەی ژینگەیەکی تر بێ بە لایەوە تاوان بێ مێشێک بکوژرێ، چونکە مافی ژیانی هەیە، ئەی خێرە لێرە ئەو مافە لە مرۆڤ دەستێننەوە و بە ئارەزووی خۆیان تیرۆری دەکەن و دەیکوژن، ئەگەر کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی تووندوتیژ نەبێ؟ چۆن ئەو هەموو تووندوتیژییانەی تیرۆرکردن و ژن کوشتن و مرۆڤ کوشتنانەی پێ هەرس دەکرێ؟ من لەوە دڵنیام ئەگەر ناخی هەر مرۆڤێک لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا بپشکنین، بۆمان روون دەبێتەوە کە ئێمە تا چەند لە بەها مرۆییەکان دوور کەوتووینەتەوە و تامەزرۆی تووندوتیژیین؟


گەنجێک چەند بەردێک دەهاوێ، رۆژنامەوانێک گەندەڵییەک ئاشکرا دەکا، دەبێ بمرن، چونکە تاوانیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەوانەی وا سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بۆ خۆیان قۆرخ دەکەن و خەڵکی چەواشە دەکەن دەیانەوێ بە چاوی پیرۆز تەماشا بکرێن و ببن بە ئیزرائیل و بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسی میللەتێک بدەن؟!


شەرمە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی ستەملێکراوە و لە سنووری جۆگرافیای ئەودا ستەم قەبووڵ دەکا، شەرمە بۆ دەسەڵاتداران کە رێگە بە خۆیان دەدەن لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا وەڵامی وشە بە گوللە و وەڵامی بەرد بە گوللە بدرێتەوە؟! دەبێ هەر هەموومان شەرم لە مرۆڤبوونی خۆمان بکەین، چونکە هەموو شتێکمان لە ژێر پرسیار دایە؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک