په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١٣

تیڕۆر واتای بێ دەسەڵاتییە!

جەمالی عەلیالی     


ڕۆژی چوارشەممەی ڕابووردوو دانی ئێوارێ، سێ شێرەژنی کورد لە شاری پاریس نامرۆڤانە تێڕۆر کران. ئەوە یەکەم تێڕۆری کەسایەتی کورد نیە و هەرگیز دوایین تێڕۆر نابێت بەڵام ئەوەی کە لە پەراوێزی ئەو تێڕۆرەدا دەرکەوت، گەشە پەیدا کردنی یەکریزی نەتەوەی کوردبوو، کەوابوو ئەو تێڕۆرە سەرەرای دڵتەزێنی و بارگرانایی لە سەردڵی تاکی کورد، بە زەرەری داگیرکەری خۆێنمژ تەواوبوو. پەنگاوەی ئەو کارتێکەرییە هەتا دێت و بە هێزتر دەبێت. بەڵام لەو بوارەدا پێویستە چەند خاڵێک بخرێتە بەر چاوی خۆێنەر.


یەکەم. لە سەرەتای مێژووی ئازادیخوازیی کورد تا هەنووکە، ئەو کردەوە قیزەونە یەک لە سیاسەتەکانی داگیرکەرە. کاتێک کە داگیرکەر، نەتەوەی کوردی بۆ بنەبڕ ناکرێ، بۆی ناتوێتەوە، کاتێک لە سەرکووتی خەباتی ئەو نەتەوە قارەمانە سەرناکەوێ، ئەوکات نامرۆڤانە پەنا دەباتە سەر ڕەشەکووژی جەستەیی. مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد ئەوەشی سەلماندووە کە داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەت لە کاتی وتووێژا، پەنا بۆ کردەوەی نامرۆڤانەی لەو شێوازە دەبەن. ئاشکرایە ئەگەر هێزی داگیرکەر توانای بەرەنگاری هەبایە، هەرگیز باسی وتووێژی نەدەکرد کەواتە ئەو شێوازە لە ڕاستیدا واتای بێ دەسەڵاتی داگیرکەرە. خافڵ لەوەکە بە شایەتی مێژوو جێگەی هەر شۆڕەسوارێکی کەوتوو لە خەباتدا بە شۆڕە سوارێکی نۆێ پڕ کراوەتەوە. ئەو شێرەژنانەش ناویان هاتە ریزی شۆڕەسوارانی کورد و دەیان و سەدان شێرەژنی تر شۆینیان پڕ دەکەنەوە. بە ڕای نووسەر پێویستە نەتەوەی کورد لەو ڕۆژە باکی هەبێ کە "داگیرکەر" هەر لە سەر حوکم بێ بەڵام سەبارەت بە نەتەوەی کورد واز لە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە بێنێ.


دووهەم. کاتێک کە باسی وتووێژ دەکرێ، دەنگۆی ناوخۆیی بەرزدەبێتەوە کە گوایە مەسەلەی کورد چارەسەر دەکرێ، نەخێر وانیە! ئەگەر داگیرکەر بخوازێ مەسەلەی کورد چارەسەربکات پێویستی بە ڕاپێچان و ئیعدام و ڕەشەکووژی نیە، سەرەڕای ئەوە ئەگەر وتووێژ دێتە ئاراوە دەبێ لایەنی سوپایی تێوەگلاو نەبێ ئەگینا وتووێژەکان چ بایخێکی نابێت. لە لایەکی ترەوە کاتێک کە باسی وتووێژ دەکرێ، ئەو دەنگۆیەش بەرز دەبێتەوە کەواتە با چەک دانێن و پێشمەرگە و گریللا کۆ کەینەوە! ئەوە دەنگێکی چەوت و بێ بنەمایە و جگە لە داگیرکەر، خزمەتی کەس ناکات. نەتەوەی کورد کەیان و مانەوەی خۆی لە پاراستنی خۆی دا هەیە. چەکدانانی بێ مانا خۆکووژێکی لەسەرەخۆیە، هێدی هێدی بڵێسەی خەباتەکە دەخنکێنێ (بزووتنەوەی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ مینای ئاشکرای ئەو حاڵەیە).


سێهەم. هەروەها بە شایەتی مێژوو، نەتەوەی کورد بە فرەشێوازیەوە درێژەی بە خەباتی خۆی داوە، هیچ کام لەو شێوازانە سەرکەوتنی کۆتایی بۆ نەتەوەکەمان دەستەبەر نەکردووە (ئەوەی لە باشوور دێتە بەرچاو ئاکامی تێکشکاندنی حکومەتی سەدام بە دەست زڵهێزەکانە). تەنانەت کاتێک کە باسی زمانی کوردی دەکرێ، ئەو کاتیش وڵامی داگیرکەر تەنیا ڕاپێچان و ئیعدام و ڕەشەکووژی بووە جگە لە کاولکاری و راگواستن بۆ هەندەران. کە واتە بۆچی پرسیارەکە بۆخۆمان یەکلا نەکەینەوە؟ کاتێک کە داگیرکەر نەتەوەی کوردی ناوێ، بۆچی دەبێ نەتەوەی کورد داگیرکەری بوێ؟ بە ڕای نووسەر ئەوە سیاسەتێکی چەوت و بێ واتایە کە دەرئەنجامێکی نابێ جگە لەوەی کە لە بەرچاوە و دەیبینین.


چوارەم. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی ئێوارەێ چوارشەم لە پاریس خەسارەتێکی گەورەیە بەڵام یەکریزی لایەنەکانی نەتەوەی کورد پتەوتر دەکات. یەکریزی، یەک لە پێداویستییەکانی گرینگی سەردەمی هەنووکەییە، ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بە کەس ناشاردرێتەوە. هەر بەو هۆیەوە گشت لایەنەکانی نەتەوەی کورد پێویستە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی خۆیان وەک چقڵ ئاراستەی چاوی داگیرکەر بکەن، ئیتر تەنیا دەنگ بەرزکردنەوە تێڕای دۆخەکە ناکات بەڵکوو پێویستە هەڵوێستی نەتەوایەتی لە هەمبەر تێڕۆری ئەو شێرەژنانە بنۆێنن. لەو بوارەدا، ئەرکی نەتەوایەتی حکومەتی هەرێم لە باشوور بەتایبەت لە گشت لایەنێکیتر زیاترە، تۆ بڵێی حکومەتی هەرێم هەستی بەرپرسیارێتی کردبیت؟


١١\١\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک