په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠١٣

تیۆرییە پەروەردەییەکانی باولو فریری (فەیلەسوفی سەردەم).

وەرگێڕانی: جیهاد محەمەد

هونەری فێربوون لە پێناوی ئازادیدا.


ئەوانەی بە ڕاستی بڕوایان بە ڕزگاری ‌و ئازادی مرۆڤ هەیە، هەمیشە فێربوونی بانقیانە (دەرسدادان) ئەفرۆز دەکەن، بەڵکو لە جیاتی ئەو جۆرە فێربوونە، بڕوای تەواویان بە هونەری فێربوون لە ڕێگەی دیالۆگەوە هەیە. دیالۆگ دەکەن بە شاڕێگەی فێربوونێکی هونەرییانە و زانستیانە و سەردەمیانە. پێوەندی نێوان مامۆستا و فێرخواز بە پێوەندیەکی دوولایەنەی هاوبەش دادەنێن، کە هەر لایەکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لاکەی ترەوە فێردەبێت. هەڵبەت ئەم جۆرە لە فێربوون ‌و پێوەندیەی نێوان مامۆستا و فێرخواز پێویستی بە هەندێک بنەما هەیە، وەک: خۆشەویستی‌ و، سادە و ساکاریی‌ و، متمانە و بڕوا و دیالۆگ.


باولو فرریری، سێ تەوەری سەرەکی دەستنیشانکردوە بۆ دیالۆگ، بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێن وەک ئامارزگەلێک بۆ گۆران:


یەکەم: ڕاڤەکردنی واقیع.
دوەم: گواستنەوەی پسپۆرییەکان.
سێیەم: پلە بە پلە بەردەوامی دیالۆگ.

یەکەم: شیکاری واقیع.


شیکاری واقیع، یەکێکە لە ڕەگەزە بناغەییەکانی دیالۆگ لە پێناوی ڕزگاریی‌و ئازدیدا بەو هۆیەیی بە هەردوو لایەنی بنەڕەتیەوە گرێدراوە:


ڕاڤەکردنی واقیع بۆ ناساندنی ئەو ژینگەیەی کە مامۆستاو فێرخوازان تیاییدا دەژین..تا تێگەیشتنێکی تەواویان هەبێت لەسەر دەوروپشتی خۆیان.
ڕاڤەکردنی واقیع بۆ قوڵبوونەوە لە دیالۆگدا.. بۆ گەیشتن بە زانینی هۆکارەکانی کێشەکان‌و ئامرازەکانی چارەسەرکردنیان.

ڕاڤەکردنی واقیع چییە؟


ڕاڤەکردن، پشتدەبەستێت بە ڕوانین بۆ کێشەکان‌، یان بۆ ژینگە(دەوروبەر)بە ڕێگەیەکی رێکوپێک، یان رێکخراو، لەهەموو لایەنەکان‌و هەموو گۆشە دوورەکانی، بەمەش دەتوانرێت بسەلمێنرێت کە کێشەکان تەنیا لە دیمەنی رووکەشەکەیدا نیین، بەڵکو لە چەند لایەکەوە لە ناوەڕۆکەکەیدان. لایەنەکانی نێو ناورۆکی کێشەکانیش لەم سێ ڕەهەندەوە دەتوانرێت دیاریبکرێت:


١) ڕەهەندی کۆمەڵایەتی (کۆمەڵگا پێهاتووە لە کۆمەڵێک لە تاکەکان).
٢) ڕەهەندی ئابووری (وزەو سەرمایە ماددیی‌و بەشەرییەکان).
٣) ڕەهەندی کولتووری (بە هەموو پسپۆڕیی‌و دابونەریت‌و شوێنەرار‌و زمان‌و مێژوو، ڕەفتار و کردارەکان).

دووەم: گواستنەوەی پسپۆڕییەکان.


مرۆڤەکان لە بوونیان‌و ژیانی درێژخایەنیاندا، پسپۆڕیی‌و شارەزایی‌و ئەزموونی جۆراوجۆریان وەرگرتوەو لە میانەی پێوەندیە بەردەوامەکانیشیانەوە بە جیهانی دەورپشتیانەوە، یان بە ژینگەی دەوروبەریانەوە گەشەیان پێداوەو هوشیارییان زەمەن دوای زەمەن زیادیکردوە.. ئەو دیالۆگەی کە ژیانی ناوەوەی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، دواتر لەسەر ئاستی کۆمەڵ، دواتر لەسەر ئاستی کۆمەڵگا وەک گشتێک دیالۆگ دەکرێت‌و ڕاڤەدەکرێت‌و قسە لەسەر چارەسەری کێشەکان دەکرێت‌و بیرورای لەسەر دەگۆردرێتەوە، تا دیالۆگ بتوانێت گۆرانکارییەکی ڕاستینە بەدیبهێنێت.. بە مانایەکیتر وردە وردەو پلە بە پلە هوشیاری مرۆڤەکان لە ئەنجامی دیالۆگەوە زیاد دەکات، تا دەکاتە ئاستی کامڵ بوون‌و لە کۆتاشدا شۆرش بەرپاکردن بەسەر گۆڕینی ژیانی واقعیدا، بۆ ژیانێکی باشترو زۆرتر مرۆییانەو دادپەروەرانەو ئازادانە.

سێیەم: پلە بە پلە بەردەوامی دیالۆگ.


باول فرێری چۆن دیالۆگی لە فەلسەفەکەیدا بەکارهێنا؟

دیالۆگ پێویستە بە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ دەستپێبکات:


١ـ دیالۆگ، بە کۆمەڵێک پرسیاری گشتی دەستپێدەکات بۆ یارمەتیدانی هەموو تا بتوانن گوزارشت لە واقیعی خۆیان‌و کێشەکانیان بە گشتی بکەن.
٢ـ پرسیارکردن، بە جۆرێک کە یارمەتیبدات بۆ دۆزینەوەی گشتیی کێشەکە‌و زەرورەتی بیرکردنەوەی هەموو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر پێکەوە(هەموو).
٣ـ پرسیارەکان، پیویستە بە ئاسان‌و ساکارانەبێت‌و ئاڵۆز نەبێت بۆ ئەوەی وتووێژێکی واقیعیانەی پێبکرێتەوە.
٤ـ پێویستە پرسیارەکان گرێدراوی کێشە نمایشکراوەکانبن‌و لایەنداری نەکرێت بۆ هیچ جۆرە بیرێک.
٥ـ پرسیارەکان ئاراستەی هەموو بکرێت بە بێ جیاوازیکردن.

ئەو هەنگاوانەی دیالۆگ کامانە بوون کە باول فریری گرتنیەبەر بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لای گەورەساڵان؟


بە پێویستی زانی کە مامۆستا، شارەزابێت لەسەر ژینگە کۆمەڵایەتیی‌و کلوتووریەکە.
هەڵبژاردنی ئەو وشەو دەستەواژانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەربڵاو و باوە لە ناو خەڵکدا.


سێ هەنگاوی بەکارهێنا، لەگەڵ گرنگیی بەکارهێنانی ئەو وشانەی کە لە لای باولو فریری لە دایک بوون.

١- نمایشکردنی ئەو وشانە بە وێنە.
٢- بەکارهێنانی ئەو وێنانەی کە مەسەلەکان زیاتر دەوروژێنێت.
٣- دواتر، قۆناغی شیکاریی‌و وتووێژو گرێدانی وشەکان بە کێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

دەوری مامۆستا و بەرپرسیارێتیەکەی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دیاریدەکرێت:


١. هوشیاربێت لەسەر کێشەکانی خەڵکی.
٢. مسۆگەرکردنی ئازادی‌و یەکسانی.
٣. هاوئاهەنگی‌و کۆکردنەوەی ڕاکان.
٤. یارمەتیدانی خەڵک لەسەر پێکهێنانی پێوەندی دیالۆگکارانە.
٥. هاوکاریکردنی خەڵک بە زانیاریەکان لەسەر کولتوورێکی ساغڵەم‌و بە سوود.
٦. ڕێزگرتن لە پسپۆڕیی‌و ڕاکانی شارەزایان.
٧. یارمەتیدانی خوێنەر لەسەر دۆزینەوەی تواناکانیان‌و ئارەزووەکانیان.
٨. توانای بەڕێوەبردنی دیالۆگ‌ لەگەڵ نەرمونیانی‌و لێکتێگەیشتن.
٩. هوشیاریی‌و ئاگالێبوون لە تایبەتمەندیە دەروونیەکانی خوێنەران.
١٠. بوونی ڕۆشنبیریی‌و دنیابینیەکی ڕوون‌و ئاشکرا.
_____________________________

سەرچاوە:
http://neweducators-hananradwan.blogspot.no/2012/10/educational-theory-of-paulo-freire.html

 

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک