په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٦

  تۆ.

نەژاد عەزیز سورمێ

تۆ،
تۆ.. ژانێکی تری ناخی ئەفسانەکانی.
تۆ..
بۆ من،
تانەی چاوی..
شەختەی ڕێگا..
خانەی خەفەت.
بۆ ئەوانیش،
پەیژەی نەشئە
تەنکاوی دەریا
ھەواری ئاسوودەیی...

تۆ.. ھەواڵێکی خۆشی..
بێ مانگە دەسکردەکان
بێ پەیک دەگەیتە جێ.
بەڵام تۆ..
وەک چڵەکانی ڕۆژپەڕ
حەقیقەتێکی بۆشی..
تاڵ تاڵ،
بێ جیاوازی
بەسەر ئاسمانەی ڕەوزەنی
ھەموو (من)ە کان دادەباری..

تۆ..
لە نێوان (ئا) و (نەْ )دا
پرسیارێکی،
لەقوڵایی چاخە بەردینەکانەوە
ھەڵداشتراویە خوار..
بەرد نییە.. سەرت پێ نەکەوتبێ
دار نییە.. لە سنگت نەچەقیبێ
ڕووبار نییە.. نەیبردبی..

تۆ..
تۆ لە یەک کاتدا نھێنی چۆلپەرستی و
دڵڕەقی شارستانیەتی..

تۆ..
چرای بەر ئاستانەی پەرستگای
ھەردەمە و لە دەستی کاھینێک دای.

تۆ ڕوناھی دۆزەخی
گوناھەکان جوانتر دەردەخەی..
تاریکایی بەھەشتی
پاکیزەیی و باشییەکان حەشار ئەدەی..

تۆ
تۆ ژانی.. بەڵام ژانێکی تر..
تۆ کچێنیی مێژووی.. تۆ
تۆ..
ئاخ.. تۆ
تۆ.. بەھەر حاڵ (تۆ)ی!

 

٢٣\٤\١٩٩٣

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک