په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١٥

تورکیا و ناتۆ.

ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د    

 

لە سەرەتای ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە، سەرەتا موعارەزە پێک ھاتبوو لە ھەندێک لایەنی چەپ و ھەندێکی سونە مەزھەب و کوردەکان، دواتر ئەو ڕاپەڕینە ھەروەک لە زۆر ووڵاتی تری وەک لیبیاو تونس و میسر ڕویدا قۆزرایەوە لەلایەن گروپە ئیسلامیە توند ڕەوەکانەوە، کە دەتوانین بڵێین ئاڵۆزیەکانی ناو سوریاش ھەروەک بەھاری عەرەبی شکست خواردوو شکایەوە، بەڵام دیارە پێکھاتەی نەژادی سوریاو ھەڵکەوتەی جوگرافی و پەیوەندیەکانی سوریا لەگەڵ وڵاتانی تر بە جۆری لیبیاو میسر و تونس نیە، ماوەیەکی زۆرە دەسەڵات بە دەست تاقمەکەی ئەسەدەوەیە کە شیعە مەزھەبن و پەیوەندی توند و تۆڵیان لەگەڵ ئیران ھەیەو ئێرانیش جەمسەری دووەمی زلھێزەکانی ھەڵبژاردووە کە (ڕوسیایە) جەمسەری یەکەمیش ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپایە کە دژی وەستاونەتەوە لەبەر ھەڕەشەی ترسناکی دروست کردنی ئەتۆم و پەیوەندی خراپی لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە ھەر لە سەرەتاوە ئێران و ڕووسیا دەستیان بە باڵی ڕژێمی ئەسەدەوە گرت و وا ماوەیەکی دوورو درێژە وێڕای لاوازی ڕژێمەکەو بە ھێزی ئۆپۆزسیۆن تا ئێستاش بە پێوە ماوە، لە ناو ئۆپۆزسیۆندا بارو دۆخ لەبار بوو بۆ درووست بوونی ڕەوتی ئیسلامی توند ڕەو وسەر بەمەزھەبی سونە، لە سەرەتادا خۆی لە( القاعدە ) و دواتر بەرەی ( نوێرە ) دا نواند، ئەمانە کەمیان نەکرد لە کوشتن و بڕین و وێرانکردنی سوریاو دژایەتی کورد، دواتر ( داعش ) درووست بوو کە تووندڕەو تر لەوان و توانی شوێن بەوان لێژ بکات و لە ناوو ھەیبەتیان کەم بکاتەوە، ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی دەستێکی پۆخڵ بوون بۆ گەورە بوون و زیاتر ھارکردنی داعش کە لێرەدا بواری ئەوە نیە دەربارەی چۆنیەتی درووست بوونی داعش و کەسە دیارەکانی ئەو ڕێکخراوەبدوێین و زۆریشی لەسەر ووتراوە.


عێراق و داعش.


نەک بە حوکمی ناوی ئەو ڕێکخراوە کە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام شەڕ گەشتە عیراق، بەڵکوو ھۆکاری تر ھەبوون چونکە خۆ ئەگەر بە حوکمی ناوەکە بوایە بەشێک لەو وویلایەتەی خەلافەتی ئیسلامی ئەبوو ئەردەنیشی بگرتایەتەوە، بۆیە ھۆکاری سەرەکی ئەوەبوو کە دەسەڵاتی عیراق بە دەست شیعەوە بوو کە ئەمانیش کلکی ئێرانن و لە سەردەمی مالیکی دا بە ئاشکرا ھاوکاری عیراق خۆی و ڕژێمی ئێرانیش ئەگەشتە ئەسەد، کەواتە ئەمان (داعش) ڕاستەوخۆ عیراقیشیان بە گۆڕەپانی ململانێکان زانی و لەبار تریش بوو بۆ شەڕکردن بە ھۆی لاوازی سەربازی و ھێزی ئاسمانی و پەرتوو بڵاوی پێکھاتەکانی سیاسی و عەسکەری عیراق و بونی سنوورێکی فراوانی سونە مەزھەب لە ڕومادیەوە بۆ موسڵ و شانبەشانی سنووری دەستەڵاتی ئەوان لە سووریا، ئەوەبوو ناوچەیەکی فراوانیان داگیرکرد.

 
چۆنیەتی ھاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ گۆڕپانی لایەنگیری لەچەند ھۆکارێکەوە سەری ھەڵدا کە ئەمانە بوون:


١- وەک مەزھەب تورکیا سونە مەزھەبن و دەمێکیشە ناکۆکیەکانیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ھەیە پێش ھەڵگیرسانی شەڕی داعش و جوڵانەوەی موعارەزەی سووری.
٢- تورکیا ناکۆکە لەگەڵ ئێران ئەمیش ھەم بە ھۆی مەزھەب و ھەم بە ھۆی ڕێکخستنەوەی موعادەلەکە کە ئێران ھاوپەیمان و دۆستی ڕوسیایەو تورکیاش لەگەڵ ئەمەریکایە و یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ.
٣- کوردەکانی سوریا دەستیان گرتووە بەسەر ھەندێک ناوچەی خۆیاندا کە ھاوسنوورە لەگەڵ کوردستانی باکور ( پارچەکەی ناو تورکیا ) و ھاوسۆزی و ھاوکاری ھەیە لە نێوان یەدەپەو پەکەکە وحیزبە کوردیەکانی ھەردوو پارچەکەی کوردستان بەشی تورکیاو بەشی سوریا کە ئەمەش لە بەرژەوەندی تورکیا نیە.
٤- بەرژەوەندی ئابووری تورکیا لەگەڵ داعش کە ڕۆژانە نەوتێکی زۆری داعش ئەڕواتە تورکیا بە نرخێکی ھەرزان و یارمەتیەکی زۆری ھەستانەوەی ئابوری تورکیا ئەدات.
ئەوانە ھەموو ھۆکارن بۆ ئەوەی کە تورکیا ھاوپشتی داعش بکات.


جەمسەرە ئاڵۆزەکان.


وەک لە پێشەوە باسمان کرد ئەو ھۆکارانە گرنگ بون بۆ تێوە ئاڵانی تورکیا لە شەڕەوە بەڵام بە چەند جەمسەرێکی ئاڵۆزی ھەن کە ئەمانەن:


١- تورکیا شەڕ دژی ڕژێمی ئەسەد ئەکات و یارمەتی داعش ئەدات بەڵام لە ھەمان کاتدا لە کوردەکان ئەدات کە بە بەشێکی موعارەزەی دژی ئەسەد دەستیان پێ کرد.
٢- ئەمەریکاو ئەوروپا بە ھۆی مەترسی گەورەی داعش و چەند ھۆکارێکی تر بڕیاریان دا کە شەڕ دژی داعش بکەن بەڵام تورکیا ھاوکاری داعشە و لەم کاتەدا وەک ئەوە وایە کە دژ بە خواستی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بجوڵێتەوە کە ئەمەش وەک ئەوە وایە کە تورکیا دژی ناتۆ بجوڵێتەوە کە ئەندامە سەرەکیەکانی ئەمەریکاو ھاوپەیمانیەکانیەتی و ئەمیش ( تورکیا ) ئەندامە لەو ڕێکخراوە سەربازیە پڕچەکە گەورەیە.


لە بەر ئەم ھۆیانە کە بریتین لە گەڵبون و دژ بوون چ لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەی کە خۆی ئەندامەو چ سەبارەت بە سوریا، تووشی ئاڵۆزیەکی پەیوەندی بوەو ڕوو لە قەیرانە لە ھەردوو حاڵەتەکەدا، حاڵەتی یەکەم ئەگەر ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی شەڕەکەیان گەرمتر کرد لە ناوچەکەدا و لە حاڵەتی دووەمیشدا ئەگەر داعش بە تەواوی لە ناو چوو، جگە لەوانەش تورکیا خەمێکی تری کردۆتە کۆڵ ئەویش ئەوەیە ئەگەر کورد یا ھێزی دژە تورک دەستی گرت بەسەر ناوچەی ڕەقەو جەرابلسدا ئەوا ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆی ھەناردەکردنی نەوتی عیراق بەتایبەتی کوردستان ئەکرێتەوە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست لە ڕێگەی لازقیەوە و ئەوکات تورکیا زەرەرمەندی گەورە ئەبێت و چیتر لە بازرگانی نەوت لە ڕێگەی ئەوەوە ڕۆڵی نابێت.


ھەر لە پێناوی ئەو قەیرانانەدا تورکیا بە بەرنامە ھەوڵی ئەوە ئەدات شەڕی ڕوسیا بکات ئەویش بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕووسی کە چەند مانگێک پێش ئەوە ئەمریکا بە ئاشکرا ھانی ئەوەی دا چونکە دەست کێشانی ڕووسیا بۆ سووریا و لێدانی داعش ،لەلایەک لە ئامانجەکانی ئەمریکای دا چونکە ئەمریکا نایەوێت ئەو شەڕە وازوو کۆتایی بێت و لە لایەکی تریش لە ھەیبەتی ئەمریکای کەم کردەوە لە ناوچەکەدا.


ھەرچەندە تورکیا بەو کردەوەیە ھەڵەیەکی گەورەی کرد بەڵام بیریشی لەوە کردۆتەوە کە ڕووسیا تووشی ھەڵچوونێکی کوتو پڕ ببێت و پەرچە کردارێک بەرانبەر تورکیا بکات و ئەمەش ئەبێتە ھۆی ئەوەی کە تورکیا فێڵبازانە ناتۆ بێنێتە ناو شەڕەکەوە و لەسەری ھەڵبدەنێ و ببێت بە شەڕی ناتۆ و ڕوسیاو داعشیش لە بیر بچێتەوە تا بەخۆیانا بچنەوەو خۆیان کۆبکەنەوەو بەھێزتر ببن، بەڵام لەوە ئەچێت ڕووسیا لەوە ئاقڵانە تر بیر بکاتەوە ئەویش بە تۆڵە سەندنەوە بە چەند جۆرێکی تر کە ئەویش ھەڵنانی چەند ھەنگاوێکە کەکاریگەری ئابووری لەسەر تورکیا دابنێ وەک سەرەتاکەی بەم جۆرەی خوارەوە دیارە:


١- پەرلەمانی ڕووسیا پێشنیاری کردوە کە پەیوەندی ئابووری لەگەڵ تورکیا ببڕێت ئەمەش بە زەرەری تورکیا ئەشکێتەوە.
٢- قەدەغە کردنی ھاووڵاتی ڕووسیا لە سەردانی تورکیا کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن ڕووسی ئەچوونە ئەستەنبوڵ و ئەنتالیا وئەلانیا بۆ گەشت و گوزار ئەگەر یەکی تەنھا ٢٠٠ دۆلاریش خەرج بکەن ئەوا ساڵانە دووسەد ملیۆن دۆلار زەرەر لە تورکیا ئەکەوێت.
٣- ڕووسیا لە ھەوڵدایە کە گرێبەستێک بۆ غای سرووشتی لەگەڵ ئێران و عیراق ئیمزا بکات و تورکیا چ وەک بازرگانی چ وەک بەردەباز لەو پرۆسەیە دووربخاتەوە. لە ھەمان کاتیشدا گورزەکانی توندتر بکات بۆ سەر داعش.
 

 

ahmad.mohammad@asiacell.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک