په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١٦

ڤیکتۆر خارا (١٩٣٢ - ١٩٧٣)
شاعیر و هونەرمەندی شۆڕشگێڕی شیللی.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

 

ڤیکتۆر لیدیۆ خارا مارتینز (ڤیکتۆر خارا)ی مامۆستا و دەرهێنەری شانۆیی و شاعیر و گۆرانیبێژ(سروودبێژ) و هەڵسوڕاوی سیاسی شیللی, لە بیست و هەشتی ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٢ لە دێی لۆخین لە نزیک شاری سانتیاگۆ لە خێزانێکی هەژار لەدایک بووە. لەبواری دەرهێنانی شانۆدا، بلیمەتییەکەی ڤیکتۆر خارا جیاواز بوو. ئەو توانی شانۆی شیللی لە ڕووی دەرهێنانەوە گەشە پێبدات. خارا توانی ژمارەیەکی زۆر شانۆنامە هەر لە شانۆنامە لۆکاڵییەکانەوە تا دەگاتە شانۆنامە کلاسیکییەکانی جیهان و تا کاری ئەزموونگەری شانۆنامەنووسەکان وەکو شانۆنامەنووس ئان جیلیکۆ، بکاتە بواری ئەزموون و تاقیکردنەوەی هونەریی. سەرباری ئەمەش خارا لە سەردەمی دەسەڵاتی سۆشیالیستی سەلڤادۆر ئەلیندا،توانی ڕۆڵێکی سەرەکی لەنێو مۆسیقارە فۆلکلۆرە نوێیەکان بگێڕێ و بزووتنەوەی گۆرانی نوێی شیللی دابمەزرێنێ، کە ئەمەش بوو بە هەڵسانەوەی دەنگی نوێ لە مۆسیقای باوی شیللی. چونکە مۆسیقای هونەری گۆرانی لە شیللی لەگەڵ بزووتنەوەی (یەکێتیی میللی) زیاتر ناسرا ئەمەش هۆکارێکی بەهێز، هەستیار، پتەو وئیلهامبەخش بوو، بۆیە دەسەڵاتی سەربازی بەپێویستیان زانی دژایەتی هەموو ئەو ئایکۆنانە،هەتا ئەو دەنگە جوانانەی کە تەژی بوون لە مانا و ئیلهام، بکەن. ڤیکتۆر خارا هەر پاش کودەتا سەربازییەکەی یانزەی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٣ دەستگیر دەکرێت و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر بە گوللە کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت. دواتر تەرمەکەی فڕێ دەدرێتە سەر شەقامێکی شاری سانتیاگۆ. بە بەراودکردنی ناوەڕۆکی سرووەدەکانی خارا کە دەربارەی خۆشەویستی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بوون لەگەڵ ئەو شێوازە وەحشییانەی کە خارای پێ تیرۆر کرا، ڤیکتۆر خارای کرد بە ڕەمزێکی بەهێز لە خەبات بۆ مافی مرۆڤ و دادپەروەری سەرجەم قوربانیانی دەست ڕژێمی دژی ئینسانی پینۆشێت.

لەو ڕۆژەوەی چاوم بەڕووی ئەم دونیایە هەڵهێناوە
لەم وڵاتە زوڵم و هەژاری و کوێرەوەری دەبینم
هەست دەکەم زۆر پێویستیم بە گۆرانی وتنە بۆ خەڵک
تەواو بڕوام وایە دەبێ ئینسان ئازاد بێ لە ژیان
خەبات بکات لەپێناو یەکسانی و دادپەروەری


ڤیکتۆر خارا لە خێزانێکی جووتیار لە دایک بوو کە باوکی (مانوێڵ خارا)نەخوێندەوار بوو. بۆیە هانی منداڵەکانی دەدا لەبری چوون بۆ قوتابخانە،کار بکەن و یارمەتی خێزانەکەیان بدەن. خارا لە تەمەنی شەش ساڵی لە کێڵگەیەک کاری دەکرد چونکە باوکی نە دەیتوانی پارەی پێویست پەیدا بکات و نە کارێکی بەردەوامیشی هەبوو تا بتوانێ ئەو خێزانە گەورەیە بەخێو بکات. ناچار پەنا دەبات بۆ خواردنەوە و شەڕکردن. دواجار لەپێناو پەیداکردنی کار (مانوێڵ)ی باوک، ماڵومنداڵ جێدەهێڵێ کە ئەوکات ڤیکتۆر خارا هێشتا منداڵ بوو. پاشان دایکی ڤیکتۆر خارا (ئەماندە مارتینز) سەرپەرشتیاری خێزانەکەی دەکات، کۆڵ نادا لە بەخێوکردنی خارا و خوشک و براکانی. هەروەها پێداگری دەکات لەوەی کە هەموو منداڵەکان دەبێ بخوێنن. دایکی خارا خۆی خۆی پێگەیاندبوو. ئەماندەی دایک گیتار و پیانۆی دەژەنی. هەروەها گۆرانیشی وتووە بەتایبەتی ئەو گۆرانی (سونەتی)ترادیسۆنییانەی کە لە پرسە و زەماوەندەکاندا وتراون. کاتێکیش دایکی خارا دەمرێت، ڤیکتۆر خارا تەمەنی پانزە ساڵان دەبێ. لێی دەگەڕێن ڕێی خۆی هەڵبژێرێت. ئەویش سەرەتا ژمێریاری دەخوێنی ، بەڵام زوو وازی لێهێنا و کەوتە خوێندن لە قوتابخانەی ئایینی بۆ بوون بە قەشە. دوای دوو ساڵ لە کڵێسا بێهوا دەبێ و قوتابخانەی ئایینی جێدێڵێت. پاشان چەند ساڵێک لە سوپادا خزمەت دەکا و ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ شارەکەی بۆ پەیڕەوکردنی خولیاکانی لە مۆسیقا و شانۆ.

ژیانی هونەری ڤیکتۆر خارا لەوێوە دەست پێدەکات کە دایکێکی هونەرمەند پەروەردەی دەکات. ڤیکتۆر خارا خۆی بە قووڵی لەژێر کاریگەری فۆلکلۆری شیللی و وڵاتانی تری ئەمریکای لاتین بوو. بەتایبەتیش لەژێر کاریگەری هونەرمەندانی وەک ڤایۆلێتا پاڕا و ئەتاهوڵپا یاپانکوی و شاعیر پاپلۆ نیرۆدا بوو. خارا دەستپێکی هونەری لە ناوەڕاستی دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات وەختێ لەگەڵ (گروپی کەنکومێن) دەست بە گۆرانی وتن دەکات. لەدەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، لەبواری مۆسیقای میللی تایبەتمەندی لەکارەکانیدا نیشان دەدا و ئینجا تێکەڵ بە بزووتنەوەی مۆسیقای میللی ئەمریکای لاتین دەبێت. یەکەم کاسێتی ساڵی ١٩٦٦ بڵاو دەکاتەوە و تا ساڵی ١٩٧٠ بە تەواوەتی وا لە کاری شانۆیی دەهێنیت و خەریکی مۆسیقا دەبێت. گۆرانییەکانی تێکەڵییەکە لە مۆسیقای میللی سونەتی و هەڵسوڕاوی سیاسی باڵی بزووتنەوەی چەپی شیللی.

ئەگەر گیتار لە خەباتکردنمان چەک بێ
ئەگەر گیتار لە جەنگ هەمان ڕۆڵی چەک بگێڕێ
ئەوەی گیتار دەژەنێ
دەبێ شۆڕشگێڕ بێ.


ئیتر لەو کاتەوە زۆربەی کارە هونەرییەکانی خارا، گوزارشت بوون لە سەنگەری خەباتی خەڵک دژ بە ستەم و زۆرداری دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانی شیللی. ڤیکتۆر خارا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەلڤادۆر ئەلیندا بۆ سەرۆکایەتی وڵات بە تەواوی پشتگیریی لەو هەڵمەتە کرد و بە هونەر بەشداری کرد. سەرەڕای ئەوەش ڤیکتۆر خارا لەڕێی هونەری گۆرانییەوە گوزارشتی لە ژیانی کرێکاران و خەڵکی هەژار کردووە. ئەو هەمیشە لە سەنگەری خەڵکی ستەمدیدەوە دژ بە چەوسێنەران وەستاوە. ئەوەتا لە گۆرانییەک بۆ کرێکارانی کانەکان کە لە هەلومەرجێکی دژوار و ناخۆشدا کاریان دەکرد و دەژیان و خاوەن کاریش لەسەر حیسابی خوێن و ئارەقەی کرێکاران بەهەشتی بۆ خۆی بنیاد ناوە.


من کرێکاری کانم
ئەڕۆم بۆ کان بۆ کارکردن
پێشوازی دەکەم لە مردن
من کرێکاری کانم
چاڵ لێدەدەم
سکی زەوی هەڵدەکۆڵم
ئارەق دەڕێژم
وەکو خوێن سووور دادەگەڕێم
ئەمانەش هەر لەپێناو خاوەن کار
منیش جگە لە ئازار و ماندووبوون
هیچم پێ نابڕێ
من کرێکاری کانم
ئەڕۆم بۆ کان بۆ کارکردن
پێشوازی دەکەم لە مردن
من کرێکاری کانم
لەگەڵ ئەوەشدا ئینسانم.


دوای ئەوەی بورژوازی و باڵی کۆنەپەرست و دژی ئینسانی کۆمەڵگەی شیللی بە هاوکاری و کۆمەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،توانی لە یازدەی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٣ کودەتایەکی سەربازی دژ بە حکومەتی سۆشیالیستی سەلڤادۆر ئەلیندا ئەنجام بدات. سوپا بە تەواوەتی دژ بە حکومەتی سەلڤادۆر هاتە مەیدان و فڕۆکەکان بۆردومانی کۆشکی سەرۆکایەتی دەکات و سەلڤادۆر ئەلیندا دەکوژرێت و حکومەتەکەی لەنێو دەچێت. بۆ ڕۆژی دواتر، دوانزەی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٣ ، ڤیکتۆر گارا لەگەڵ هەزارانی تر لەلایەن سوپاوە دەستگیر دەکرێت و لە یاریگای سانتیاگۆ دەست بەسەر دەکرێن. لەنێو حەشاماتی دەستگیرکراودا خارا زوو دەناسرێتەوە. لە یاریگادا کە سوپا کردبوویە زیندان، فاشیستەکان چوار ڕۆژ بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجەی دەدەن و هەردوو قۆڵ و هەردوو مەچەکی دەشکێنن. وەک ئەندرو تایلەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (نیو میوزیکەڵ ئێکسپرێس) دا دەڵێ"پەنجەکانی دەستیان بڕییەوە." تەنانەت هەندێ شایەدحاڵ دەڵێن بە فاس پەنجەکانیان قرتاند. فەرماندەی سەربازی زیندانی یاریگاکە ئەفسەری یاریدەر بارینتۆس داوا دەکات گیتارێکی بۆ بێنن. ئینجا گیتارەکە لەسەر مێزێک لەناوەڕاست یاریگاکە دادەنێت و بە ڤیکتۆر خارا دەڵێ دە ئێستا گیتارەکە بژەنە، گۆرانی بڵێ،،کوڕی قەحپە..گۆرانی بڵێ". ڤیکتۆر خارا ڕازی بوو. خارا بە قۆڵ و مەچەکی شکاوەوە خۆی پەلکێش دەکات و هەڵدەستێتە سەرپێ. دەڵێ هاوڕێیان با گۆرانییەکەمان بڵێن. خارا دەست دەکات بە گۆرانی وتن. گۆرانی بۆ سۆشیالیزم و دادپەروەری و شۆڕش و حیزب دەچڕێ.. خارا دەنگی لەنێو یاریگاکە شەپۆڵی دەدا..بەڵام لەگەڵ هاوسەنگ بوونی دەنگی شتێکی زۆر سەیر و چاوەڕواننەکراو ڕوودەدا. بەپانتایی یاریگاکە ئەو زیندانیانەی کە چەند ڕۆژ بوو نە خەویان هەبوو نە خواردن، جگە لە ئەشکەنجە و لێدان، هەستانە سەر پێیان و لەگەڵ ڤیکتۆر خارا سروودەکەیان دەوتەوە. ئەمەش ئەفسەرەکە تووڕە دەکات و بە دەمانچەکەی گوللەیەک لە سەری خارا دەدات. بەمەش خارا دەکەوێتە سەر زەوییەکە، ئینجا بە سەربازەکان دەڵێ کارەکانتان تەواو بکەن و ئەوانیش خارا و هاوڕێکانی و هەزاران زیندانی تر بەر دەستڕێژی گوللەی دەدەن.

ڤیکتۆر خارا دەکەوێتە سەر زەوییەکە، گوللەیەک کۆتایی بە دەنگ و گۆرانی و ژیانی خارا هێنا. هەر لە هەمان کاتێشدا لوولەی چەکەکانی پاسەوانەکان کرانە ئەو خەڵکەی سروودەکەیان دەوتەوە. بە دەیانیان لێ کوشتن و یاریگاکەیان کرد بە قەسابخانە. ئەو تراژیدیایە هەر تەنها مەرگی گۆرانیبێژێکی ناسراو نەبوو، بەڵکو مەرگی ئومێدیش بوو. جۆرج سەلدانا لە شیعرێکدا جوان وەسفی خارا دەکات دەڵێ:

ئازایەتی ڤیکتۆر گارا لە بیر ناکەین
هەمیشە دژ بە چەوسانەوە دەجەنگا
پەنجەکانیان قرتاند و زمانیان بڕی
ئەو هاواری کرد "شۆڕش" لەسەرەمەرگا


کاتێک تەرمی ڤیکتۆر خارا و خەڵکە کوژراوەکانی تر فڕێ دەدرێنە سەر شەقامەکە، تەنها ڕێگە بە هاوسەرەکەی خارا ( جوان خارا) دەدەن کە تەرمەکە بەرێتەوە.. ئەویش دوای پرسەی خارا تەواوی شریت و گۆرانی و شیعرەکانی خارا هەڵدەگرێت و لەگەڵ گەردوو کچەکەی شیللی بەجێدێڵی. پاشان جوان خارا دەکەوێتە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خارا و نووسینی کتێبێک لەسەر ژیان و خەباتی ڤیکتۆر خارا.


ڤیکتۆر خارا بوو بە ئایکۆنێکی نەتەوەیی و چینایەتی لە شیللی. بوو بە ڕەمزی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوسانەوە. بوو بە ورەی بەرز و ئومێدی لە شکان نەهاتوو بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕ. ساڵی ٢٠٠٣ ئەو یاریگایەی خارای تێدا گوللەبارانکرا، ناوەکەی گۆڕدرا بە یاریگای ڤیکتۆر خارا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣ بە هۆی کۆشش و هەوڵی بێپچڕانەوەی بنەماڵەی خارا و هێزە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرەکانی شیللی و جیهان توانرا ١٠ فەرماندە و سەربازی خانەنشینکراوی شیللی دادگایی بکەن و سزایان بدەن.
____________________________

سەرچاوەکان:
١-
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=74743
٢- Victor Jara biography Ansectry.ca
http://www.notablebiographies.com/supp/Supplement-Fl-Ka/Jara-Victor.html
٣- The Life and Death of Victor Jara
http://www.theguardian.com/music/2013/sep/18/victor-jara-pinochet-chile-rocks-backpages
٤- (فیکتور خارا انتصار الفن علی طغیان الراسمال حمید کشکولی موقع الحوار المتمدن العدد ١٦٦٥ ٦\٩\٢٠٠٦).
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=74743
٥- The Spirit of socialism in Chile lives on poem - on Pinochetís Capture harry Targ Portside site September 7, 2013.
http://www.portside.org/2013-09-08/spirit-socialism-chile-lives-poem-pinochets-capture

 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک