په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٤\٢٠١١

وەک ئازادییەکەی میلتون فریدمان!


سەلام عەبدوڵا  

 

نوخبەی دەسەڵاتدار بۆی هەیە، بە بێ رەقیب پێداویستییەکانی بە زیادەوە پڕبکات، بەڵام هەژارەکان ئەگەر تەنانەت بیانەوێ لەبارەی پێداویستییە سەرەتاییەکان، ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەوا دەبێ لە دەستوپێ پڕچەکەکانی نوخبە رێگایان پێ بدرێ. نوخبە خۆی وەک خواوەندەکان رەفتاردەکەن و هیچ کەس ناتوانێ بۆ بەردەم دادگا راپێچیان بکات، تەنانەت نەک خۆیان بەڵکو دەستوقاچەکانیشیان.


لەسایەی دیموکراسی، پەرلەمان، مافی مرۆڤەوە، لەسەرشەقامەکانمان مرۆڤدەکوژرێت، ئەندام پەرلەمان بەبەرچاوی خەڵکەوە سەری دەشکێنرێ، بۆمبی دەنگی لە دەرگای سەرا دەچێندرێت، بە کوتەکچی و چەقۆچی بەردەدرێنە گیانی خۆپیشاندەران و خێوەت دەسوتێندرێت، کامیری هەندێ کەناڵی تەلەفزیونی دەشکێندرێت، کەناڵی تەلەفزیونی دەستوتێنرێ، ژیان ملیتاریزە دەکرێ و زۆر تاوانی قورسی تر کە لایەن"دەستی نهێنی"یەوە ئەنجامدەدرێن.


ئەو فایلانە چەند بەشێکی بچووکن لە سینارێوی رەشی حکومەتی باگەردێن و تازە پاسەوانانی نەوت و خاوەن بەنزینخانە، بازرگانی و خانوبەرە...هتد و "هاوپەیمانە" بێدەنگەکانیان.


لەئەنجامی ئەو کردەوە قیزەوەنانەو بێدەنگی و خۆگێلکردنی چەپەکان لە ئاست ئەکەرکەکانیان و پەرتەوازبوونیان، ئێستا هێزە کۆنەپەرەست و لیبڕاڵیستەکان لەمەیدانەکان تەراتێن دەکەن. ئایا ئەوە گاڵتەجاڕی مێژوو نییە، مەلاکان بە سەرۆکی هەرێم و حکومەت و هەموو ئەوانەی خۆیان بە دیموکرات، ئازادیخواز، پارێزەری مافی مرۆڤ و پێشکەوتنخواز دەزانن، دەڵێن: خۆپیشاندان مافی ئازادی هاوڵاتیانە....هتد.


مرۆڤ دەتوانێ لەباشترین حاڵەت بڵێ: ئەو تاوانانە درێژەپێدانی ئەقڵ و فکرو تێگەیشتنی دەسەڵاتی ستەمکاری کۆمەڵایەتی، گەندەڵی بەمانا بەرفراوانەکەی و بوخراییەکی پێکەنیناوی دەسەڵاتێکن لافی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەکەی دەدات، بەڵام بە روونی مانا"شارەوەکانی"وەک پێکەنینە هەستیری و زەرد و بێماناکانی بەشار ئەسەد پێوەی دیارە!


حکومەتە"هەڵبژێردراوەکەمان لەلایەن رۆرینەی گەل پشت بە چەکداری دەمامەکدراو دەبەستێت؟


حکومەتە خەباتگێڕ و خاوەن قوربانی و سەروەرییەکان، لەماوەی پتر لە40رۆژ بەدەنگ بەشی داخوازییە سارەتاییەکان هاتووە؟


ئەگەر ئازادییە سەرەتاییەکانمان پارێزراون، بۆچی ئەو هەموو تاوانانە ئەنجامدەدرێن؟


بۆچوونەکەی رۆماننوسی پورتوگالی خوسێ سەرەماگۆ، رەفتاری حکومەتی هەرێم لەگەل ئەم بارودۆخە بۆ ئاشکرا دەکات: (ئێمە رووناکی چاومان هەیە، بەڵام هیچ نابینین، لەگەل تۆقاندن دەژین، بەڵام فێربووین سەیری نەکەین)!


دیارە خاوەن بڕیارەکان بێ باکن لەو راستییە کە رقوقینەی زۆرێک لەو پۆلیسانە کە فەرمانی پاراستنی هەندێ شاریان پێ سپاردووە، لە خۆپیشاندەرەکان بەتینترە، بەڵام دەنگ ناکەن و نایانەوێ ئێستا دوا پارووی دەمی خۆیان و منداڵەکانیان لەدەست بدەن!


ڤالدن بێلۆ(هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەلتەرناتیڤ) لە وتاری(چاوی هوریکانس: میلتون فردیمان و باشووری جیهانگیر)دەڵێ: (ئابووریناسان یادی کۆچکردوو میلتون فریدمان وەک"پێشەنگی ئازادی" کردەوە، وەک کەسێک کە"کتێبەکانی ئابووری و جیهانی گۆڕی". بەپێچەوانەوە، مرۆڤەکانی باشووری گیتی پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی شیکاگۆ وەک چاوی هوریکانسێک کە بەدەستی مرۆڤ درووستکرابێ، دەبینن و لەیادیان دەمینێتەوە، هوریکانسێک کە لە کتێبە ئابوورێکانیدا پێشنیاری گرتنە بەری رێگای وێرانکاری کرد. فریدمان لە وڵاتانی باشوودا لە پەیوەند بە دوو شتەوە یاد دەکرێتەوە: ریفۆرمکردنی شیلی-لەسەردەمی بینۆشیت- بۆ ئابووری بازاڕی ئازاد و "بەرنامەی خۆگونجاندنی سترکتوری ئابووری".


فریدمان لە1976خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووەو، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی شیگاکۆ و راوێژکاری نیکوسن، پینۆشیت، ریگان، تاتشەر بووە، بۆیە بۆ سیستێمی سەرمایەداری بە گەورەترین و گرنگترین و بڕیاردەرترین کەسایەتی سەدەی رابردوو و باوکی سیستێمی جیهانی"نوێ" ناودەبرێ.


بەڵام ئەو ئازادییە کە فریدمان مەبەستی بوو، هەژاری، تیرۆر، تۆقاندن، زیندان و پەنابەری بۆ سەدان ملیون مرۆڤ لێکەوتەوە، بەڵام ناوبراو پێش کۆچیدوایی لە دیمانەیەکدا، ئەڵێ: (ئازادی، داوا و ئامانجی سەرەکیم بووە لە ژیان. ئازادی گرنگترین لایەنی بوونی مرۆڤە).


ئایا ئازادی، بازاڕ و پشتگوێخستنی داواکاری رەوای خۆپیشاندەران کە دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازی پێوەدەکەن و لە کردەوەدا ئەو هەموو ناعەداڵەتییە کۆمەڵایەتی و گەندەڵی و تاوان و ستەمەی لێکەوتووە و ئەو ئۆپۆزیتسیونە کە داوای دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکراتی بێلایەن دەکات، هەمان سیستێم و ئیدۆلۆژیای بازاڕی ئازادی فریدمان و رووناکبیرە هاوبیرەکانی نییە؟!


هێشتا نە باسی حیکایەتە گەورەکان، نە مێژوو و نە ئیدۆلۆژییەکان کۆتاییان پێهاتووە. ئەگەر دەسەڵاتداران بییانەوێ لەوە زیاتر لەناو ماڵان، لەسەر شەقام و لە پایتەختەکانی جیهان بێحورمەتر نەکرێن...دەبێ دەست لە بێ کەرامەتکردنی هاوڵاتیان هەڵگرن و داخوازییە جەماوەرییەکان جێبەجێ بکەن!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک