په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١٨

وێنەی ژن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە.


ئومێد قەرەنی      


لە کۆمەڵە بابسالاریی و ئاینەکان روانگەی عەقڵی کۆ پتر لەپێکھاتەی بایۆلۆژیی ژنەوە سەرچاوەدەگرێ، ئەم شێوە روانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کاتێک جیاوازییە بایۆلۆژییەکان کرانە بنەما و ھۆکاری جیاوازیی کۆمەڵاتی، واتە دابەشکردنی کار، رۆڵ، پێگە و دەستنیشانکردنی مافەکان لە نێوان ژن و پیاودا لە قۆناغە بەراییەکانی مرۆڤایەتی و بەسترانەوە بە جۆر و رۆڵی بایۆلۆژیی. ئەمە بووە سەرچاوەیەک بۆ ھاتنەکایەی بابەت و پرسی جیاوازیی رەگەزیی.

جیاوازیی رەگەزیی بەو واتەیە نزیک دەبێتەوە لە چەمکی جیاوازیی کۆمەڵایەتی، کە بریتیە لە جیاوازیی نێر و مێ، بە ھۆی ستەمی باڵادەستی رەگەزێک و پەسندکردنی تاک رەچەڵەکی بەسەر رەگەزەکەی تر، کە ژنە سەری ھەڵداوە. بەدەر لەمەش جیاوازیی لەسەر بنەمای رەگەز سەرەڕای ھۆکارە بایۆلۆژییەکان، بەرھەمی کۆمەڵ و بارودۆخێکی دیاریکراوە، پاڵپشت بە جیاوازییە کولتوورییەکان کە ئەزموونێکی مرۆیی دوور و درێژی ھەیە، وای کردووە رەگەزێک لە بەرانبەر رەگەزێکی دیدا لە زۆرێک ئەرک و ماف بێبەشبێ.

ڕاستییەکەی ئەو کەلەپوورەی حوکمی نێر و مێ دەکات کەلەپورێکی دواکەوتووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ھێزی جەستەیی، دەنا ئەوی پێی وابێ پیاو لە ژن باڵاترە ئەوە ھێشتا لە ئەفسانە تەمەن درێژەکانی سیستەمی بابسالاریی دەربازی نەبووە. ھەڵبەتە لێرەدا نابێ رۆڵی ئاینە ئاسمانیی و زەوینییەکان لە پشتگرتن و رەوایەتی دان بە سیستەمی بابسالاریی لەبیر بکەین کە هەمیشە رۆل و شوێنی ژنیان لە زۆربەی بوارەکانی کۆمەڵی مرۆڤایەتی بە بێ گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە فەرھەنگیی و سایکۆلۆژیی و کولتووریەکانی ئەو کۆمەڵەی کە ژن تێیدا دەژیێ بە بەراورد بە پیاو تەواو نادیدە دەگرێ، و نکۆڵیی دەکا لەوەی ژن وەک مرۆڤێکی پێگەیشتوو و سەربەخۆ، یەکسان و ھاوبەش تەماشای بکرێ، رۆڵی ژن لەو کۆمەڵانەدا پارێزەرییە لە چەمکە باوەکانی ناو ئەو کۆمەڵە وەک (نامووس و شەڕەف).

مێژووی ئەو ئەفسانەیەش کە گوایە پیاو لە ژن باڵاترە، ھەر بۆ سەرھەڵدانی سیستەمی بابسالاریی دەگەڕێتەوە. بە گوێرەی لێکدانەوەی ئەنترۆپلۆگەکان، ئەگەر ھەشت ھەزار ساڵێک بێ، بابسالاریی سەری ھەڵدابێ، لە پێش ئەو وەرچەرخانەدا، نزیکەی دوو سەد ھەزار ساڵێک، ژن و پیاو لە ماف و ئەرکدا یەکسان و ھاوبەش بوون. فرێدریک ئێنگلس لە پەرتووکی (رەچەڵەکی خێزان و خاوەنداریەتیی تایبەت و دەوڵەت)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ چەوساندنەوەی ژن و بابسالاریی ھاوکات لەگەڵ سەرھەڵدانی کۆمەڵی چینایەتی پەیدابوون١ ھەروا لە بن سایەی سیستەمی سەرمایەدارییدا، بنیاتی رەگەزی ژن لە جەستەیدا کورتکراوەتەوە و وەکو بەروبووم چاوی لێدەکرێ ئەوی گرنگە توێکڵەکەیەتی دەنا کاکڵەکەی ھەر بۆ تووڕھەڵدانە، و ژن تەنێ بۆ ئەوە باشە منداڵی ببێ بۆ ئەوەی وەچە بۆ چەرخاندنی مەکینە و کارگەکانی بخاتەوە.

مارکس پێیوایە ژێردەستەیی و پاشکۆیی ژن لە سروشت و پێکھاتە بایۆلۆژییەکەی سەرچاوە ناگرێ کە نەگۆڕن، بەڵکو ئەو میکانیزمە کۆمەڵایەتیەیە کە مێژوو و پێشینەیەکی ئاشکرا و دیاریان ھەیە و شیاوی گۆڕانن٢ کەواتە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان جیاوازیی سروشتیین و واتەی ئەوە ناگەیەنن کە پیاو لە ژن باڵاترە و نابێ بکرێنە بنەمایەک بۆ دروستکردنی جیاوازیی لە نێوان نێر و مێ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا و ئەگەر جیاوازیی رەگەزیی بەرھەمی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێ، ئەوە دەبێ گۆڕانی بەسەردابێ و لێرەوە چەمکێکی دی دێتەپێش ئەویش بریتییە لە یەکسانیی رەگەزیی، واتە رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ نێر و مێ لە راپەڕاندنە کۆمەڵایەتیەکان و پێشڤەچوونی کۆمەڵ ئەم یەکسانییەش بە تەنێ بریتی نەبێ لە (لێکچوون) بەلکو وەک بەھا و رێزگرتن بە واتەیەک دادگەریی یەکسانیی ھەبێ لە نێوان ھەردوو رەگەز.

______________________________________________
سەرچاوەکان:
١- حەمە سەعید حەسەن، مێ لە سایەی ستەمدا، چاپخانەی موکریانی، ھەولێر، ل ٦٩.
٢- نەسرین حەسەن، من و تۆ یەکسانین، چاپخانەی رۆژھەلات، ھەولێر، ٢٠١٠ ل١٨.

 

ماڵپەڕی ئومێد قەرەنی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک