په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١١

وەرگێڕانێکی دیکە لە رۆمانی (کاریتە یان ئەودیوی چیا)ی یەشار کەمال،
بە ناوی (ئەو دیوی کوێستان).


بەرھەمی ھاوبەشی دەزگای موکریانی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان.
وەرگێڕانی: رەسووڵ سووڵتانی


رۆمانی ئەودیوی کوێستان، یەکێکە لە بەرھەمە بە نرخەکانی یەشار کەمال. نووسەر لەو رۆمانەدا بە وردی پەردەی لەسەر لایەنە دەروونی و نھێنییەکانی ناخی مرۆڤ ھەڵداوەتەوە. بە خوێندنەوەی ئەو رۆمانە جوان و زەریف ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە وەچەی ئادەمیزاد چۆن دەست دەکات بە دروستکردنی پیرۆزایەتییەکان و چۆناوچۆن پیرۆزایەتی بە شتەکان و کەسەکان دەبەخشێت و دواتریش ھەر کەسە و لەبەر خۆیەوە چیرۆکێکی خەیاڵیی لەبارەیانەوە ھەڵدەبەستێت و پەرجۆ و موعجیزەیەکیان بۆ ساز دەکات. ئەو رۆمانە جیا لە زۆربەی رۆمانەکانی دیکەی یەشار کەمال ، رۆمانێکی تەواو فەلسەفییە و ئاوڕی لە مەسەلەی "پەرستن" داوەتەوە. یاشار کەمال لە ئاوێنەی ژیانی خەڵکە ساویلکەکەی گوندی "یالاک"ـدا دەچێتەوە بنچ و بناوانی مێژووی ژیانی ئادەمیزاد و خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانیانەوە.... لەو وەرگێڕانەدا کە ھەوڵم داوە تەواو بە زمانە گوندییەکەی و زمانی خەڵکێکی ساویلکە وەریگێڕم، ناوەکەشیم لە کاریتە یان ئەوی دیوی چیاوە کردووەتە ئەودیوی کوێستان(ئەستوندەک). چونکە لە راستیدا ناوە تورکییەکەشی باسی ئەستوندەکی خێوەت دەکات و باسی خەڵکێک دەکات لە ناوچەیەکی کوێستانییەوە دەچنە ناوچەی ئاران(گەرمێن) بۆ پاڵەیی و سەپانی. خۆی ئەودیوی کوێستان شتێکی جیاوازە لە ئەودیوی چیا. ئەودیوی ھەموو چیایەک نابێتە کوێستان، بەڵام چوونەدەرێ لە سنووری گەرمەسێر، دەکاتە ئەودیوی کوێستان. خەڵکی گوندەکەی یالاک ھەموو ساڵێ لە ناوچە کوێستانییەکەیانەوە بار و بنە تێکەوە دەپێچن بەرەو ھۆبە و ھەوارێک لە گەرمێن بە ناوی "چوکووراوا" کە پڕە لە مێش و مەگەز و گەرمایەکی تاقەتبڕی ھەیە. لە کۆتایی بەرگی دووھەم و سێھەمیشدا کە باس لەگەڕانەوەیان بەرەو یالاک دەکات، دەڵێ دەگەڕێنەوە بەرەو کوێستان، بۆیەش وام پێ باش بوو ناوەکەی بنێم (ئەودیوی کوێستان).


خەڵکی گوندەکەی یالاک کە ھەموو ساڵێ لە ناوجەکوێستانییەکەی خۆیانەوە دەچنە چوکووراوای ئاران (گەرمێن) لە ژیانێکی پڕ لە کولەمەرگی و ھەژاریدا دەژین و کوێخای گوندەکەشیان ھەموو ساڵێک دەیانباتە کێڵگەیەکی بێ بەروبوو و ناشھێڵێ خەڵکەکە خۆیان بە شوێن کێڵگە و لۆکەجاڕێکی بەپیت و بەرەکەتدا بگەڕێن ئاخر کوێخا نانی لە ھەژاریی خەڵکەکە دایە. چەندەی خەڵکەکە ھەژارتر بن ئاشەکەی ئەو باشتر دەگەڕێ بە ئاوی فرمێسکی ھەژارەکان. لە بەرگی دووەمی رۆمانەکەدا (زەوی ئاسن و ئاسمان مس)، خەڵکە لێقەوماو داماوەکەی یالاک دوای گەڕانەوەیان لە چوکووراوا بە دەستی بەتاڵی ترسی شەو و رۆژ خەویان لێ ناکەوێ لە ترسی ئەوەی قەرزەکانیان پێ نادرێتەوە و دیسان عادیل ئەفەنیی دووکاندار دێت و دەرپێ لە پێی ژنەکانیان دادەکەنێتەوە و دەست لە بنە ھەنبانەیان دەگێڕێتەوە و دار و نەداریان رادەماڵێ و لە بری قەرزەکانی دەیبا... ئەو خەڵکە خەڵکێکی ساویلکەن. خەڵکێکی خۆرافی و دواکەوتوون کە کوێخایەکی زیرەک و فێڵباز بەردەوام زوڵمیان لێ دەکات و بە کەڵکوەرگرتن لە دووبەرەکی ویست و داخوازییەکانی خۆی بەدی دێنێ و لەو رێگەیەشەوە بەردەوام زیاتر لە جاران دەیانچەوسێنێتەوە. یەشارکەمال لەوو رۆمانەدا ئاوڕێکی فرەڕەھەندیی لە کۆمەڵگای مرۆڤیی داوەتەوە و لە ھەموو جۆرە کەسایەتییەکی تێدا خوڵقاندووە بەڵام کۆی خەڵکی گوندەکەی یالاک خەڵکێکی دواکەوتوون و کات و ساتەکانی رۆژانەیان بە گێڕانەوەی ھەقایەت و بوختان و قسەی ھەڵبەستراو و ئەفسانەی سازکراو پڕ دەکەنەوە و لە سەرووی ئەوانیشەوە دەسەڵاتداران و خەڵکێکی ژیر ھەن کە نان لەو ساویلکەییەی ئەوان دەخۆن و ھەوڵیش دەدەن ھەروا لە ساویلکەییدا رایانگرن و لە رواڵەتدا پەسن و تاریفیان دەکەن و بارەقەڵڵا و ماشەڵڵایان بۆ دەڵێن و لە بنەوەش گاڵتە بە ئەقڵیان دەکەن.


لەو سەروبەندی خەفەت و ترس و پەژارەیەدایە لە نەکاو رووداوێکی سەیر و سەمەرە وایان لێدەکات تاشباش ئۆغڵوو بکەنە پیاوچاک و ھەقایەت و چیرۆکانی بۆ ھەڵبەستن. ئەو تاشباش ئۆغڵووەی ھەمیشە لە کوێخا یاخیی بووە و ملی باداوە و گاڵتەی بە کوێخا ھاتووە. ھەقایەتەکان دەگەییەننە ئاستێک کە تاشباش ئۆغڵوو تەواو دەکرێتە پیر و پیاوچاکی ئاوایی و خەڵک رووی تێدەکەن و گڵی بەردەرگای ماڵەکەی بۆ متفەڕک دەبەن و نەخۆشی بۆ دێنن جارەسەریان بکات.... لە داھاتوودا پتر باسی ئەو رۆمانە دەکەم.
 

ماڵپەڕی رەسووڵ سوڵتانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک