په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١٣

وەزارەتی رۆشنبیریی و خەڵاتی داهێنان؟!


ستار محەمەد قادر   


پەندێکی چینی هەیە دەڵێ: "ویژدانی مرۆڤ چاوی خودایە لەسەر زەوی" کوردیش دەڵێ: "هەموو شتێک بەخوێ؛ خوێیش بە مانا"! بە حەقیقەت مرۆڤ سەری لەوە سوڕ دەمێنێت دەبێت حیکمەتی پەراوێز خستنی نووسەران و هونەرمەندانی کەرکوک و گەرمیان لە بەخشینی خەڵات لەچیدا بێت، لەشوێنی ئەوەی وەزیرو وەزراەتی رۆشنبیری چاوێکیان لەسەر هەرێم و چاوەکەی تریان بە تایبەتی لەسەر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ببوایە، ئەو وەزارەتە دەبوایە جیاواز لە هەموو وەزارەتەکان گرنگی بە شاری کەرکوک و گەرمیان بدابایە، چونکە بەحوکمی ئەو رەوشە تایبەتیەی کە ئەم شارو شارۆچکانە تێی کەوتوون، تەنها هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ژیانی ئینسانەکان نیە، بەڵکو زوبان و کلتوورو فەرهەنگی نووسین و خوێندنەوە لە ژێر هەڕەشەو مەترسی لە ناو چوونی جیدیدان!


هەر هەموومان هەشتاکانی سەدەی رابردوومان لە یادە، کە کتێبخانەکانی شاری کەرکوک چەند بایەخدار بوون و ئەو شوێنە بوون زۆرترین توێژی گەنجانی لەخۆی کۆ دەکردەوە، رەنگە وەزریری رۆشنبیریش بەو پێیەی کەرکوکیە، باش ئەو راستیە بزانێت، ئەدی بۆ ئەمڕۆ کتێبخانەکان بێ نازن و تاک و تەرا روویان تێدەکرێت؟! ئایا ئەگەر لێکۆڵینەوەو بەدوادا چوون بۆ پرسێکی لەم شێوەیەو گرنگیدان پێی ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری نەبێت، خۆ ناکرێت وەزیری سامانە سرووشتیەکان بەو کارە هەڵبستێت؟!


ماوەی ساڵێک زیاتر بەر لە ئێستا راپۆرتێکم لە کەناڵی ئاسمانی ئەلعەرەبیە بینی، ئەوەی خستە بەرچاو، کە حکومەتی ئیمارات ترسی ئەوەی هەبووە، بەهۆی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کە لەڕووی گەشەی ئابووریی و خۆشگووزەرانیەوە لەو وڵاتەدا بەر قەرارە، منداڵەکانیان دوور بکەونەوە لە کتێب و کلتووری خوێندنەوە، بۆیە لەسەر ئەرکی حکومەت و وەزراەتی پلان دانان و نازانم کام وەزراەتی تری ئەو وڵاتە بڕیاریاندا کۆمەڵێک کتێبخانەو کتێب بە جوانترین دیزاین کە سەرنجی منداڵەکان بۆ لای خۆی پەلکێش بکات، بەبێ بەرانبەر بەسەر ماڵەکاندا دابەشی بکەن، ئا ئەوەیە ئەرکی حکومەت و بەشی پلان دانان و پەروەردەو وەزراتی رۆشنبیریی کە بەڕاستی لە خەمی ئایندەی میللەت و نەوەکانیدا بێت، نەک تووڕە کردنی توێژی نووسەران و هونەرمەندان!


هەر چەندە دەبێت ئێمە ئەوە بەشتێکی ئاسایی وەربگرین کە کەرکوک و کەرکوکیەکان بۆ بەخشینی قوربانی و خوێن لە ریزبەندی پێشی پێشەوە ببن و بۆ وەرگرتنی پاداش و دەست گووشین و هاوکاریکردن و یارمەتیدان پەراوێز بخرێن، دەبوایە ئەو وەزارەتە ئەولەویەتی بە کەرکوکی و گەرمیانیەکان بدابایە، چونکە ئەوان نیگایان لەسەر حکومەتی هەرێمەو نایانەوێت رێڕەوی راستەقینەی خۆیان بگۆڕن؟!


وا دیارە " الاقربون اٍولى بالمعروف " پەرێزی ئەو وەزارەتشی گرتووەتەوەو لە تونایدا نەبووە خۆی لەژێر هەژموونی قووتار بکات، بۆیە ئەگەر لەم نیشتیمانەی ئێمەدا لە رابردوودا خەڵکانێک هەبووبێتن کە نە خەمی خاکیان هەبووبێ و نەش خەمی کورد، بە پلەی جۆراو جۆر خانەنشین بکرێن و بە ئارەزووی خۆیان لە ناو بخۆن و لە پەڕ بخەون، دەبێت تەوەقوعی ئەم جۆرە پەراوێز خستنەش لە وەزراەتی رۆشنبیری بکەین!


ئێستا ئەو پرسیارەی لە هەمبەر پرسی ئەم پەراوێز خستنەوە دەکرێت، جۆراو جۆرەو بووە بە مایەی ئەوەی هێندێک لە نووسەران و هونەرمەندان و شانۆکاران بگەن بەو قەناعەتەی کە ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەو دەیەوێت رێگەی ناوەندیان پێشان بدات، ئەمەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە بۆ جاری دووەم پەراوێز خراون، بۆیە وەزارەتی رۆشنبیریی دەبوایە رەچاوی هێندێک تایبەتمەندی ئەو خەڵکەی بکردبایە، وابزانم ئەوسا لەشوێنی رەخنەو تووڕەبوون، نووسەران و هونەرمەندان و شاتۆکارانی هەر سێ شارەکە دەستخۆشیان لەو هەڵوێست و هەنگاوەی ئەو وەزارەتە دەکرد، نەک وەکو ئێستا رەخنە باران بکرێت؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک