په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١١

خه‌ڵکی عێراق و کوردستان کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نییان ده‌وێ.

 

تاهیر حه‌سه‌ن   


خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 25/02/2011 ی به‌غدا و زۆرێک له‌ شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق، ئه‌و ڕاستیه‌ی نیشاندا و وه‌ڵامی کۆیه‌ک له‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی ڕۆشنبیرانی وه‌ک فه‌رهاد پیرباڵ و ده‌سه‌ڵاتی کوردیشی دایه‌وه‌ که‌ ئه‌م خه‌ڵکانه‌ به‌فیتی که‌سانی وه‌ک موقته‌دا سه‌در و سیستانی ده‌ڕژێنه‌ نێو شه‌قامه‌کان و هه‌ر له‌وێشدا ده‌یانه‌وێت له‌ که‌رکوکیش فیتنه‌یه‌ک بنێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی کورد و تورک و عه‌ره‌ب دروست بکرێت. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رفراوانه‌ی ئێستا له‌ مه‌یدانی ته‌حریری به‌غدا و زۆربه‌ی شاره‌کانی تر ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ نه‌ک هه‌ر به‌ فاک و فیکی سه‌دریه‌کان و شۆڤێنیه‌کان هه‌ڵده‌سوڕێن و به‌قسه‌ی ئه‌وان ده‌که‌ن، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر دوێنێ قسه‌که‌ری فه‌رمی سه‌در و سیستانی ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند که‌ خۆپیشاندان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ دوابخرێت تا فرسه‌تێک به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی مالکی بده‌ن که‌ بڕیار و په‌یامه‌کانی خۆی تێدا جێبه‌جێ بکات، خه‌ڵکی ئازدیخواز و زه‌حمه‌تکێشی عێراق نه‌ک به‌ شوێن ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ نه‌که‌وتن به‌ڵکو هێزی سه‌دان هه‌زاری خۆیان هێناوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داخوازیه‌ ڕه‌واکانی خۆیان ده‌ده‌ن به‌گوێی که‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌ تائیفی و مافیایه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقدا. ئه‌و کۆ ده‌موچاوه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامی شاره‌کانن بۆخۆیان نیشانی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن چیتر ڕێگا ناده‌ن به‌سه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلام گه‌راو مافیایه‌ به‌ری ڕه‌نجیان بدزێت و به‌ وه‌عده‌ و به‌ڵێنی درۆزنانه‌ فریوبخۆن، ئه‌و کۆ ئینسانه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ ئیتر پڕ بوون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بۆ نزیکه‌ی 8 ساڵ ده‌چێت خه‌ریکی دابه‌شکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی عێراقه‌ بۆ دابه‌شکردنی به‌سه‌ر حیزب و تائیفه‌ و هێزه‌ ئیسلامیه‌کاندا، چیتر ئه‌م توانا به‌رینه‌ی هێزی ملیۆنی ناخرێته‌ ژێر ده‌رفه‌تی حزبه‌ ڕکابه‌ره‌کانی وه‌ک موقته‌دا و ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ نوێنه‌ری خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی عێراقن. ئه‌و ڕیکلامه‌ی گۆڤاری لیڤین له‌ سایته‌که‌ی خۆیدا دایناوه‌ بۆ موقته‌دا سه‌در که‌ خۆپیشاندانی ملیۆنی ده‌کات، ئه‌وه‌ هه‌رخودی ئه‌و پیاوه‌ ئێرانیه‌ ئیسلامیه‌ یه‌ که‌ داوای دواخستنی خۆپیشاندان ده‌کات و (که‌سایه‌تیه‌کی کۆنه‌په‌رستی وا هیچ کات داخوازی ڕه‌واو مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌ڵکی عێراقی له‌ به‌رنامه‌ی خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتوه‌، به‌لکو هه‌میشه‌ خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچ مه‌ده‌نیه‌تێک له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ له‌ نێوی به‌رێت و کۆمه‌ڵگا وه‌رچه‌رخێنیت بۆ سه‌رده‌می جه‌هاله‌ت و کوێره‌وه‌ری ژێر داروپه‌ردووی مه‌مله‌که‌تێکی ته‌واو ئیسلامیانه‌). بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی نه‌ڕژێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و نه‌کا ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌که‌یان له‌گه‌ڵ مالکی و ئه‌وانی تردا بکه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و هێزه‌ مه‌زنه‌ی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی عێراقه‌وه‌.


ئه‌م هێزو بزوتنه‌وه‌ ئیسلام گه‌را و ناسیۆنالیست بۆرژوازیانه‌ی وه‌ک گۆڕان و سه‌دریه‌کان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوو، هیچ کات نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و کۆ ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی خه‌ڵکی عێراق و کوردستان، نین، به‌ڵکو ئه‌مانه‌ به‌شێکن له‌و پلانه‌ی که‌ده‌یانه‌وێت سواری ئه‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ببن و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی حاکمدا سات و سه‌ودای پێوه‌ بکه‌ن. هاتنه‌ مه‌یدانی ئه‌مڕۆی به‌غدا و پارێزگاکانی تری عێراق ئه‌و ڕاستیه‌ی نیشاندا که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ گرفتی مه‌سه‌له‌ دینیه‌کانیان نیه‌ تا بێن له‌ مه‌یدانی ته‌حریردا مه‌لاکان بانگ بکه‌ن و نوێژی به‌کۆمه‌ڵی هه‌ینی تێدا بکه‌ن. ڕه‌نگه‌ موقته‌دا ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی بکردایه‌ به‌و کاره‌ هه‌ڵ ده‌ستا، به‌ڵام ئه‌وه‌ هێز و ده‌موچاوه‌ مه‌ده‌نیه‌که‌ی به‌غدایه‌ که‌ پێویستیه‌کی به‌و مێزه‌ر به‌سه‌رانه‌ نیه‌ تا ڕابه‌رایه‌تیان بکات، چونکه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی مێزه‌ر به‌سه‌ر و مالکیه‌کانه‌ کۆمه‌ڵگای توشی بێئاسایشی و نائارامی و فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی و دزینی پاروی ده‌می کۆمه‌ڵگا کردوه‌، ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌یانه‌وێت چیتر خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی عێراق نه‌کرێت به‌ سوته‌مه‌نی نێوان ئه‌و کۆ حیزبه‌ تائیفی و مه‌زهه‌بی و قه‌ومی و شۆڤینیه‌ی بونیان هه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ به‌رینه‌ پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌که‌ن به‌سه‌ گه‌نده‌ڵی و دزینی سامانی کۆمه‌ڵگا. عێراق له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌م حیزبه‌ ئیسلامی و تائیفیانه‌وه‌ بۆ سه‌د ساڵ گه‌ڕێنرایه‌ دواوه‌ و هه‌رده‌م به‌ره‌و وێرانه‌ بونی زیاتری ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ سه‌رانی ئه‌م حزبه‌ ناعه‌داله‌تیانه‌یه‌ که‌ ڕێکخراوی قاعیده‌یان له‌ عێراقدا زیندوو کردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عسدا، بۆئه‌وه‌ی هه‌رکات خه‌ڵکی ویستی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستیانه‌ بیان ترسێنن، به‌ڵام ئیتر ئه‌م جۆره‌ درۆیانه‌ جێگای نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌ نێو دید و بۆچونی ئه‌و چینه‌ به‌رینه‌ی کۆمه‌ڵگادا و باش ده‌زانن ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌لقاعده‌ و حیزبی به‌عسی ڕوخاو درێژ ده‌کات له‌ عێراق و کوردستاندا خودی سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارن. بۆیه‌ ئه‌م هاتنه‌ مه‌ده‌نیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ زۆر به‌ ڕوونی داواکاری خۆیان پێیه‌ و داخوازی نه‌مانی ئه‌م به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاته‌ دزانه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتی ده‌سه‌ڵاتیاندا هه‌ر هه‌مویان بوون به‌ ملیۆنێر و خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوتی عێراقیش تا دێت باری ژیانی ڕوو له‌ نابووت بونی زیاتر ده‌کات.


خه‌لکی هه‌ژار و نه‌وه‌ی نوێی ئازادیخواز له‌ عێراقدا نه‌هاتن وه‌ک مه‌یدانی ئازادی له‌ سلێمانی ده‌ستی مه‌لاکان بگرن و بانگهێشتیان بۆ بکه‌ن تا نوێژی هه‌ینیان بۆ بکه‌ن. ئه‌رێ داخوازی خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌و نه‌وه‌ ناڕازیه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ نوێژی هه‌ینی بوو له‌ مه‌یدانی ئازادیدا یان داخوازی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازیه‌ کوردیه‌ چیتر یاری به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌ته‌وه‌ نه‌کات؟ ئاخۆ مه‌یدانی ئازادی که‌ ئێستا له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانی سلێمانیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت ئه‌وان بانگهێشتی مه‌لاکانیان کرد بۆ ئه‌وه‌ی داخوازیه مه‌ده‌نیه‌کان بگوازرێته‌وه‌ بۆ نوێژ کردن؟ ئاخۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ خۆشیان له‌و نوێژه‌دا به‌شدار بوون؟ ئه‌رێ بنیات نانی کۆمه‌ڵگایه‌کی سکولار و مه‌ده‌نی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت یان ئه‌م کاره‌ بۆخۆی ڕێخۆشکردنه‌ بۆ به‌ ئیسلامیزه‌ کردنی کوردستان؟ دیاره‌ ئه‌م ڕۆشنبیره‌ به‌ڕێزانه‌ش که‌ خۆیان له‌ ڕه‌هه‌ندیه‌کاندا ده‌بیننه‌وه‌ سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نزیکایتیه‌کیشیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کاندا، ئه‌گه‌ر نا بۆ ئه‌و خواسته‌ به‌رینه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی لیبێت. ئاخۆ داخوازی خه‌ڵکی و نه‌وه‌ی نوی له‌ کوردستاندا بۆ جێبه‌جێ کردنی نه‌مانی هه‌ژاری و گرانی بازاڕ و دیاری کردنی لانی که‌می ژیان و نه‌هێشتنی ئه‌و فه‌ساده‌ ئیداریه‌ گه‌وریه‌ نیه‌ که‌ ئێستا له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا بونی هه‌یه‌؟ بۆخه‌ڵکی کوردستان و گه‌نجانی زه‌حمه‌تکێش له‌به‌ر خاتری چی گولله‌ باران کران له‌لایه‌ن لقی 4 و هێزو ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیه‌وه‌ له‌ شاره‌کانی تری کوردستاندا، هاتنه‌ مه‌یدانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ چه‌سپاندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیه‌ یان بۆ به‌ ئیسلامیزه‌ کردنیه‌تی؟ ئه‌وه‌ چ هۆکارێکه‌ وا ده‌خوازێت ڕێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ره‌و ئاقارێکی تر ببات و دایماڵێت له‌و ئه‌سڵه‌ی که‌ شوێنی که‌وتووه‌؟ ئاخۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کگرتو کۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌هاتوون سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان ببن و له‌وڵاشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رانی یه‌کێتی و پارتیدا مساومه‌ی پێوه‌ بکه‌ن؟ ڕه‌نگه‌ ئاینده‌ وه‌ڵامی ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌ بداته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ توانی خواسته‌کانی خه‌ڵکی به‌کار بهێنیت بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌و کات خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان چۆن وه‌ڵامی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ ده‌داته‌وه‌؟

خه‌ڵکی مه‌ده‌نی عێراق و کوردستان بێهێچ ته‌مومژێک و لێڵیه‌ک داخوازی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیان پێیه‌ و ناخوازن چیتر کۆمه‌ڵگا به‌م شێوه‌ی ئێستا ببرێت به‌ڕێوه‌. ئه‌م هێزو ئیراده‌ ملیۆنیه‌ ئیتر له‌ قۆناغێکی مه‌زنی وه‌رچه‌رخانی خۆیدایه‌ و هه‌رچ خه‌ڵتانی خوینکردنێکی خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێز و پیاوانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ شه‌رمه‌زار ده‌کرێت و ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ خوازیاره‌ ئه‌و سوپایه‌ش لایه‌نگری له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رمایه‌دار و ناعه‌داله‌تیه‌ نه‌کات، چونکه‌ ئه‌وه‌ی چه‌کی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێیه‌ بۆخۆی به‌شێکن له‌و چینه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ی کۆمه‌ڵگا و ناچاری باری ژیان وای لێکردون له‌و سوپایه‌دا بن، نه‌ک خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌. چونکه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌و هێز و سوپایه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و داموده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره‌کانی خستۆته‌ خزمه‌ت خۆیه‌وه‌. ئه‌وه‌ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و چینی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ نێو شه‌قامه‌کاندا جمه‌یان دێت و به‌یه‌ک ده‌نگ ده‌ڵێن به‌سه‌ کوێره‌وه‌ری باری ژیانمان، تا که‌ی ببین به‌ سوته‌مه‌نی بۆ ئێوه‌ و خۆشمان خاوه‌نی هیچ ژیانێکی ئینسانیانه‌ نه‌بین؟ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ چیتر به‌که‌ڵکی ئه‌وه‌ نایه‌ت کۆمه‌ڵگاو چینی به‌رینی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخواز به‌هی خۆی بزانێت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌م سه‌ری عێراقه‌وه‌ تا ئه‌و سه‌ری کوردستان ته‌نها بۆ چینێکی مشه‌خۆر و سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌، بۆیه‌ ده‌بێت کۆتاییان پێبێت و ژیانێکی مه‌ده‌نیانه‌ بۆ کۆی کۆمه‌ڵگا دابین بکرێت که‌ چیتر کۆمه‌ڵگا دابه‌ش نه‌کرێت به‌سه‌ر دوو چیندا و، چینێک ببێت به‌ چه‌وسێنه‌ری سه‌ر چینێکی تر له‌ کۆمه‌ڵگادا. ئاسۆداری و هه‌نگاو نانی ئیراده‌ی یه‌کگرتوانه‌ ده‌توانێت کۆمه‌ڵگایه‌کی بێترس و کوشتار و ته‌قینه‌وه‌ بنیات بنیت، بژی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخواز و به‌شمه‌ینه‌تی عێراق و کوردستان.


25\2\2011 - هۆڵه‌ندا

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک