١٣\٩\٢٠١٤
خهمنامهکهم.
ئەفسانە سروش
دەمەوێ نامەیهك
بۆ خودا بنێرم.
قاسیدێکم دەوێ
خەمی ناو ئەم
خەمنامەیەم
بگەیهنێتە دەستی خودا و
وەڵامێکم بۆ بێنێتەوە.
قاسیدێك لە رەشیی هەوری
سەر نیشتیمانی من رهشتر بێ
تا لە شەوە سوورەکاندا نەبیندرێ،
قاسیدێکم دەوێ
قاسیدێك که سڵ له هیچ نەکاتەوە و
لە هیچ مزگەوتیك بۆ نوێژی (عیشا) لانەدا و
نەترسێ لە بینینی جەستە سەربڕاوەکان
که بە ناو مەخلوقێکدا تێپهڕی
رانەچڵەکێ نا
کە بادەیان پر بوو لە خوێن و
سەر مێزەکانیان بە کەللە سەر رازندبۆوە.
قاسیدێکم دەوێ قاسیدێك
هەر ئاوڕیش لەوانە نەداتەوە
خەمنامەکەی من پڕ پڕن لەو خەمانەی
که بۆ خودام نووسیوون
پڕن لەو سکاڵایانەی که ئەم مهخلوقە بە ناوی ئەوەوە
هەموو ئاوەزە خۆشەکانی ژیانیان سوتاندوە و
پرن لە خنکانی ماسییەکان و
هەڵوەرینی باڵی
پاسارییەکان
بەسەر حینجەکردنی
ئەلف و بێی
ناو پەڕتوکەکەی ئەو
پڕن لە رژاندنی کچێنیی کچەکان
بەسەر ریشی
عەلی و هەمزەکانی مۆدێرندا و
پڕن لە خۆکوشتن
قاسیدێکم دەوێ ئهمن
نامەکەم بگەیەنێتە دەستی خودااااا و
هاوار بکا
ئەو وەڵامەم بۆ بێنێتەوە ئاخۆ خواش نازانێ لە کوێن!؟
دەمهوێ بزانم ئاخۆ خوداش نازانێ
کچەکانمان لە کوێن!؟
رانیه
ماڵپەڕی
ئەفسانە سروش
|