په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٦

خەون و خەم.

یاسین برایم      


پۆل پۆل، نمرەی قوتابییەکانیان دەدایەوە ، کە نۆرە گەیشتە پۆلەکەی پۆڵا و خوێندنەوەی ناوەکەی بە پەیڤی (یەکەمی پۆڵ) و پێشوازی چەپلەی گشت قوتابییان، شەپۆلێک زەردەخەنەی جوان لەسەر لێوی سەمایان کرد. رابەری پۆلیش بە دیارییەکی بچووک، رێزی لە پۆڵا نا. لەبەرچاوی نمرە نایابەکان وەک ئەستێرە دەگەشانەوە، ئەوەی بە یاد ھاتەوە کە بابی بەڵێنی ئەوەی پێداوە (لاپتۆپ)ێکی بۆ بکرێت. لە گەڵ دەرچوونی لە قوتابخانە، ھاوڕێیەکانی ھەر باسی سەرکەوتنەکانی ئەویان دەکرد. لە خۆشیدا، حەزیدەکرد بفڕێت.

کاتێ نێزیک ماڵ بۆیەوە، دەنگی شین وگریان ، شانۆی گەڕەکی دەھەژاند. ھەموو خەندەکانی سەر لێوی ئەویان فراند، بەلەز تەکانی داخۆ، لەپێش دەرگا خەریک بوو وشەی چ بووە بپرسێت! گوێی لە دەنگێکی گریاناوی بوو (.... شەھید بووە!). لە گەڵ بیستی ئەم پەیڤەو بینینی چاوە بە فرمێسکەکانی ژنان و دەنگی دایکی. ھەر لەوێ سەری خستە سەر کۆشی خۆی و فرمێسکانی جۆگەلەیان بەست، کارت وئەو نمرە نایابانەی چەند خولەکێک پێش ئێستا خەندەیان پێ بەخشی بوو، بوون بە ھەویر. بەڵێنەکەی بابیشی بوو بە کۆترێکی سپی و لەگەڵ شەھیدبوونی بۆ ھەتاھەتایە فڕی!
 

٦\٦\٢٠١٦ - رواندز
ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک