په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\۴\٢٠١٠

خۆخوازی بەرپرس و تۆرانی هاووڵاتی.


سالار بابەشێخ 


کۆمەڵگەی ئێمە لاشەی بە دارە تەڕەکانی دیکتاتۆریەت راهاتووە و لە گەڵ ئەوەشدا زۆربەی تاکەکانی گیرۆدەی خۆخوازییەکی پەتیین. کورد لە راڤەکردنی دیموکراسیدا تازەکارە و سەرکردایەتییەکەشی زۆر ئاساییە گەر مل بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەدات! بەڵام یەکێک لەو مەترسییە گەورانەی کە پێکهاتەی کۆمەڵگە تووشی قەیرانی جۆراوجۆر دەکات، درووستکردنی دیوارە ئاسنییەکانی نێوان خەڵکی سڤیل و دەسەڵاتە. بێگومان کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە ئەگەر داواکاری و داخوازی خەڵکی بەش مەینەت نەگاتە شوێنی خۆی و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێکی لێنەداتەوە، ئەوە دەبێتە گەورەترین هۆکاری درووستبوونی بێ متمانەیی و تەنانەت بێزاری لەوانەش کە داوا رەواکانی خەڵکی خۆیان پشتگوێ دەخەن.


هۆکارەکانی بەرین بوونەوەی مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی گەلێک زۆرن، فڕینی سامانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و گەیشتنی کارگێڕی بە چڵەپۆپەی گەندەڵی و پەروەدەی بێ پلان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، بەشێکن لەو هۆکارانە، هەروەها بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن، داواکاری و پێشنیارەکانی کەسانی پسپۆر و شارەزا بە هەند وەر ناگیرێن، دڵسۆزانی خۆنەویست و کارا لە پشت دەرگە داخراوەکاندا دەهێڵنەوە و کەسی نەشیاو لە بەر خاتری خاترداران، نەک بە پێوەری لێهاتوویی و توانا، پۆستی ئەوتۆیان پێدەبەخشن کە قوڕبەسەری پێ دێتە پێکەنین!! ئەمانە و دەیان هۆکاری دیکەی ناوخۆیی و بە تایبەتی پاڵنەری دەرەکی، پەیوەندیی بە تین و یاسامەندانەی تاک و دەسەڵات دەشێوێنن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر کاری ئەرێنی کراون. ئاوەدانی و جوانکاری و شارسازی و دابین کردنی ئاو و کارەبا و دەرخستنی بنەچەی ستراتیژی ئابووری بە هەناردەکردنی نەوت و دروستکردنی کارتەکانی فشار بۆ دەستەبەرکردنی مافە زەوت کراوەکانی کورد و دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و راکێشانی دەیان کۆمپانیای نێودەوڵەتی و باڵوێزخانەی وڵاتان بۆ باشووری کوردستان و ...هتد، ئەمانە نموونەیەکی بەرچاوی کارە ئەرێنییەکانن کە یاران و نەیاران دانی پێدا دەنێن.


کاتی خۆی سەرۆکی حکومەت لە کابینەی پێنجەم خەڵکی بەوە کەیف خۆش کرد کە لە ئەنجوومەنی وەزیران بەنیازن گەندەڵی پاکتاو بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لە وەزارەتخانەکانەوە دەستیان پێکرد. حاشا لەوەش ناکرێ کە میوانداری بێسنوور و خەرجییەکانی بێ سەروبەرەی ڤستیڤاڵەکان و (فاکتۆر و قائیمە ساختەکان) و. هتد، تا ئاستێک لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا و چەندین لیژنەی چاودێرییش لە ناخی حکومەتدا بە ئاشکرا و بە نهێنی دروستکراون، بۆ ئەوەی گەندەڵی بنبڕ بکرێ!!


بە یەکێک لە کاربەدەستانی حکومەتی ئەوکاتم گوت: چاودێری دارایی خوارەوە کۆنترۆڵ دەکات، ئەی سەرەوە؟ لە وەڵامدا گوتی "گەندەڵی و واسیتە و بەرتیل و شتی لەوجۆرە لە خوارەوە دەکرێ". وەک نموونەش ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی حکومەت ئەگەر کەسێک لەشوێنێک دابمەزرێنێ، پێویستی بە بەرتیل دان و واسیتەکردن نییە و گوتی "راستەوخۆ بە بڕیارێک دایدەمەزرێنێ".


ئەو کارمەندە کەسێکی خەیاڵی نییە و بە وردبینییەوە هەڵسەنگاندنەکانی دەکا، چونکە زۆرجار کەموکوڕییەکانی حکومەت و دەسەڵاتی کوردی لە رووی پلان و پیشەیی کردنی وڵاتەوە ئاشکرا کردووە، ئەویش هاوڕابوو لەگەڵ من کە بۆ ئەوەی متمانە بگەڕێتەوە بۆ خەڵک، پێویستە حکومەت روونکردنەوەی شەفافی هەبێت و پلاتفۆرمی خۆی و تێچووی پرۆژەکانی و ناوی کەسانی گەندەڵ بەبێ سڵکردنەوە لە عەشیرەتەکەی ئاشکرا بکات.


جگە لە نەبوونی روونکردنەوە، کەمتەرخەمی و سستییەکی زۆر لە دامودەزگەکانی حکومەتدا دەبیندرێن کە دەکرێ پەنجە بخەیەنە سەر دەیان نموونەی و باسی بکەین.


لە زۆربەی رۆژنامە و هەفتەنامەکانی کوردستان، ئەگەر لاپەڕەیەکیشی بۆ تەرخان نەکرابێ، بە پەرتەوازیش بێ، کەم تا زۆر داواکارییەکانی خەڵکی مەغدوور و داخوازیی هاووڵاتییان ئاراستەی دەسەڵات کراوە، بەڵام بە دەگمەن لە هەزاران نامە و داواکاری خەڵک، یەکیان بەسەر دەکرێتەوە!!


ئەگەر سەرۆکەکان سەرقاڵن، ئەی کوا ئەو دەیان راوێژکاری ژیر و دڵسۆزە کارپێسپێردراوەی کە دەتوانن ئەو کێشە و گرفتانەی خەڵک بخەنە بەر باس و راڤە تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەن و بەرۆکی سەرۆکەکانی پێبگرن؟؟!!


حکومەت بەدواداچوون و هیچ روونکردنەوەیەکی نییە، بۆیە داواکارییەکان بێ وەڵامن و سکاڵا و گلەمەندییەکانی هاووڵاتییانیش بەردەوامن. ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و هەتا دێت مەودای نێوان دەسەڵات و خەڵک زیاتر دەکات. بۆیە پێویستە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بە زووترین کات ئەو متمانەیە بۆ خەڵک بگێڕنەوە و چاوێک بە راپۆرت و کارە مەیدانییەکانی رۆژنامەکانی کوردستاندا بخشێنن، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئاستەنگەکاندا بدۆزنەوە. دەنا ئەو کەمتەرخەمییانە وا دەکات بگوترێ: رێکارەکانی چارەسەرکار زۆرن، بەڵام خۆخوازی پەتی و لووتبەرزی بەرپرسانی بێ "رێکار"، و تۆرانی هاووڵاتی کۆسپی بەردەم چارەسەری کێشەکانن!
 

 

Salar_hisami@yahoo.com