په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٤\٢٠١٦

یەکگرتنەوە.

جەمالی عەلیالی   

 

کەم کەس دێتەوە بیری کە لە کەنگێوە کۆمەڵێک کەسایەتی خێرخواز هەڵوەدای یەکگرتنەوەی لایەنەکانی دێمۆکرات و کۆمەڵەن. لەمێژە کە لە سەر ئەو مژارە زۆر باس و خواس کراوە و دەکرێ، زۆر لاپەڕ، ڕەش بوونەتەوە بەڵام تا ئێستا هەرگیز ئاکامێکی نەبووە. ئەو کورتە نووسراوە، هەوڵێکیترە بۆ شیکردنەوەی گرینگترین خاڵەکانی ئەو مژارە لە ڕوانگەی نووسەرەوە. بەڵام پێشەکی، زەمینەیەک بۆ ئەو بیروڕایە:


پێ بە پێ، دەگەڵ بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگا لە گشت بوارەکاندا، بیر و هزری کەسایەتی لە کۆمەڵگادا تووشی ئاڵوگۆڕ دەبێت. بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگا لە گۆڕانکاری لە دوو بواری سەرەکیدا بەدی دەکرێت. یەکەم ئابووری و دووهەم کۆمەڵایەتی. پێناسەکردنی ئەو دوو بوارانە بە یەکم و دووهەم هەڵەیە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە پلەی یەکەم و دووهەمی ئەو دوو بوارە لە گۆێرەی شۆێن و کات، ئاڵوگۆڕی بەسەرا دێت، واتە لە گۆێرەی "جووتەوانە" یاخود دوالیسم هەر یەک لەو دوو بوارە، گرێدراو بە شۆێن و کات دەتوانن یەکەم یاخود دووهەم بن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا، پێوەندی "رکەبەرانەی"، واتە ئانتاگۆنیستی ئەو دوو بوارە ئاشکرا دەکات.
گۆڕانکاری لە سەر کۆمەڵگا، خۆی لە ئاڵوگۆڕ لە "سەرجەمی ویژدانی مرۆڤایەتی"دا دەبینێتەوە. (ویژدانی مرۆڤایەتی، بابەتێکی جیاواز لەو نووسراوەیە بەڵام بە واتایەکی هەڵە، گوزارە لە زانستی مرۆڤەکان دەدات). ئاڵوگۆڕ لە هێندێک بواراندا زۆر لێک نامۆن، "شتێک" کە جاران قەباحەتی ئاشکرا بوو رەنگە ئێستا زیارەتی کابە بێت، مرۆڤێکی نێرینە کە گورەویەکانی خۆشی نەدەشوورد، ئێستا خواردن بۆ مناڵەکانی چێ دەکات. هەستی مرۆڤەکان لە هەمبەر کۆمەڵگادا ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت. ئەوە هۆکاری سەرەکیە لە سەر ئەوەی کە نە حیزبی دێمۆکرات و نە کۆمەلەی زەحمەتکێشان، هیچ کامیان نەیاندەتوانی سوکنایی دڵی هۆگرانی بدەنەوە و لە کۆتاییدا بوون بە چەند بەش. پێویستە ئێمە ئەو ڕاستییە نەک هەر بیبینین بەڵکوو بە دەستی خۆ، هەستی پێ بکەین.


کاتێک ئەو ڕاستییە لە خەڵکێک ئاشکرا نیە، ئەوکات کەسانێکی زۆر دەکەونە هەوڵی یەکگرتنەوەی لایەنەکانی جیاوازی ئەو دوو سازەیە و هەرچی هێز و توانایان هەیە دەکەن بە ئاوی بەردئاشێک کە زۆر قوورسە و بەو تۆسقاڵە ئاوە هەرگیز ناگەڕێ. کارتێکەری ئاشکرای ئەو بیرە جوان و بێ ئاکامە، ئەوەیە کە مرۆڤەکان تووشی نائومێدی دەبن. کارتێکەری شاراوەی ئەو بیرە جوان و بێ ئاکامە، ئەوەیە کە مرۆڤەکان تووشی (کۆێریی ناتەواو) دەبن. لە ئاکامی ئەو نەخۆشییەدا، چاویان گشتی دیاردەکان نابینێ. ئەوە، مەزنترین زەرەرمەندی مرۆڤە کە بناخەی کۆیلەیەتی مرۆڤەکان دادەڕێژێ. ئەوجارە، بە ڕوون بوونەوەی ئەو دوو کارتێکەرییە پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین: ئایا بیری یەکگرتنەوە جوان و پیرۆزە؟ واتە چ خێرێکی بۆ نەتەوەی کورد هەیە؟ وڵامی ئەو پرسیارە بۆ خۆێنەری بەرێز.


ڕووداوەکانی ئەو ماوەی ڕابووردوو، ئەوەی سەلماندووە کە هیچ سازەیەکی کوردی لە هەر پارچەیەک بێ، ناتوانێ بە تەنیایی بارتەقایی داگیرکەر بێت. مینای ئەو ڕاستییە دۆخی لە ڕەسمە دەرچووی دەسەڵاتی شکەست خواردووی باشوورە، پارتی و یێکێتی جگە لە ماڵوێرانی، چ دەورێکی خێریان بۆ نەتەەی کورد نەبوو، تەنانەت گەلی باشوورمان تێداچوو، ئەوەتا هەر ئێستاکە داگیرکەران خەریکن نەک هەر کەرکوک بەڵکوو گشتی ناوچکە لە باشوور دەپچکڕێنن. هەر بەو پێیە، سازەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو کورد لەو بەشە لە نیشتماندا، هەرگیز ناتوانن لە چوارچێوەی سنوورەکانی داگیرکەردا خۆ بدۆزنەوە و قوورساییەک بن. هەر ئەو حوکمە لە سەر باکوور و ڕۆژئاوا بە هەمان شێواز خۆی دەنوێنێ. بە تایبەت ئێستا کە گەمارۆی داگیرکەر لەسەر کوردستان تەنگتر بووە. بە ڕای نووسەر، ئەو کەمایەسییە دیاردەیەکی نەخوازراو بەڵام بەپەلەی هەنووکەییە و ئەگەر بێتو چارەی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا نەتەوەی کورد ناتوانێ بارتەقایی داگیرکەر و ئاکارە نامرۆڤەکانی بێت. یێکێتی نەتەوەیی سەرڕای جیاوازی لە بیروڕادا، واتای "سوور بوون لە سەر مان و نەمانی نەتەوەی کورد"ی هەیە، گرینگترین پێداویستی دۆخی هەنووکەییە و نەک هەر لە سەر سازەی کوردی بەڵکوو لە سەر کەسایەتی کوردیش فەرزە کە گشتی هێز و هەوڵەکان ئاراستەی ئەو پێداویستییە بکەن. سازەی کوردی دەبێ فێر بن کە دەکرێ سەرەڕای جیاوزای لە بیروڕادا، لە سەر خاڵی گرینگی "مان و نەمان" بۆ نەتەوەی کورد یەکتر بگرنەوە و بەرنامەی هاوبەش لە سەر پلاتفۆرمێکی پان و بەرین دابڕێژن.


نووسەر لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆی و خۆێنەرانی بەرێز دەکات: ئەگەر ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی تا ئێستا بۆ یێکگرتنەوە بە فیرۆ چووە، بۆ بەرپەرچ دانەوەی سیاسەتەکانی داگیرکەر خەرج کرابا، ئێستا دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی وڵاتەکەمان لە چ ئاستێک دەبوو؟

 

٢٧\٤\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک