په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١١\٢٠١٦

یوسف عزەدین لە دایالۆگێکدا.

 

سازدانی: ئەفشین غوڵامی


ئەفشین غوڵامی: بەڕای ئێوە سەرەتاکانی نووسین لەڕوانگەی مێژووییەوە، لەکەیەوە دەست پێدەکات؟


یوسف عزەدین: گەڕانەوە بۆ سەرەتاکان و ڕۆچوونە نێو موعەماکانی مێژووەوە، کارێکی سەختەو ھەندێک جارانیش چەواشەکار و ھەڵخەڵەتێنەرە، بەتایبەت لەساغکردنەوە ئەرکیۆلۆژییەکاندا، جا چ نیازپاکانەو خۆڕسکانە بێت، یان بەئەنقەست و دەستێک لەپشتەوە گەمە بەحەقیقەتەکان بکات.
بەجیاکردنەوەی مێژووی نووسین و مێژووی نووسینی ئەدەبی کەدوو بواری جیان، وەک زانراوە مێژووی نووسینی ئەدەبی بەجیاوازی بگرەو بەردەی ساڵانی نووسینی، بەڵام تا ئێستا ھەمووان کۆکن بەئەژمارکردنی داستانی گلگامش بەکۆنترین تێکستی ئەدەبی نووسراو و دواتریش پاش چەندین سەدەش ئەلیادەو ئۆدیسە-ی ھۆمیرۆس و جودایی و جیاوازی گلگامش-ش لەگەڵ ئەو دوو داستانەی دیکەی ھۆمیرۆس-دا کەمەزەندە دەکرێت نۆسەد یان ھەشت سەد ساڵی پێش زایین گوترابێت و لەحەوت سەد ساڵی پێش زاینیشدا لەلایەن کەس و کەسانێکەوە نووسرابێتەوە، ھەر بۆ خۆی جیاکەرەوەی دوو دنیای جیاوازە لەشێوازی بیرکردنەوەی مەعریفی و فەلسەفیدا.

ئەفشین غوڵامی: بێگومان زمانی سانسکریتیش بەشێکی ئەو ئەدەبیاتە کۆنەی پێ نووسراوەتەوە؟

یوسف عزەدین: ڕاستە و وەک گوتم، ساغکردنەوەی ئاسان نییەو رەنگیشە لەئایندەدا نووسراوی دیکە بدۆزرێتەوە، ھەر وەک چۆن دۆزینەوەی داستانی گلگامش رێکەوت بوو. دەگوترێت داستانی رامایاناو ماھابھاراتا وەک نمونەیەکی بەرچاوی زمانی سانسکریتی پێش زایین بەچەند سەدەیەک نووسراوە.

ئەفشین غوڵامی: دەبێت رۆژئاوا لەسەردەمانی خۆیدا ئاگاداری ئەم تێکستە سانسکریتیانە بوو بێت، یان ھەر ئاگاداری ئەلیادەو ئۆدیسەی ھۆمیرۆس بووە؟

یوسف عزەدین: دەبێت لەخۆمان بپرسین کەئاخۆ ھەر لەسەردەمانی بەکارھێنانی سانسکریتی لەنووسیندا، لەماوەی مۆریاو گۆپتا-دا کە لەھەشت سەد ساڵی پێش زایینەوە بۆ دوو سەد ساڵی پێش زایینی خایاندووە، ھیچ کام لەتێکستەکان نەگەیشتبێتە رۆژئاوای ئەو دەم، بێگومان دەبێت گەیشتبێت.. یان تۆ بڵێی نەگەیشتبێت؟!.. دەگوترێت کتێبی "مردووانی میسری" گوایە ھەزار و ھەشت سەد سالڕ، یان ھەن دەڵێن دوو سەدو پەنجا سالڕ لە پێش زاییندا نووسراوە.. بەڵام لەسەدەی نۆزدەداو پاش کەشفکردنی جفرەکانی "بەردی رەشید" توانرا بخوێنرێتەوە، بەڵام ئاخۆ لەسەردەمی نووسین و دانانی بەردی رەشید-دا کتێبی "مردووانی میسری"و چەندین تێکستی دیکە نەخوێنراونەتەوە؟ بێگومان خوێنراونەتەوەو لەگەلڕ چەندین مەعریفەی دیکەی تریشدا گوازراونەتەوە بۆ رۆژئاوا.

ئەفشین غوڵامی: بابگەڕێینەوە سەر یەکەمین تێکستی ئەدەبی نووسراو؟

یوسف عزەدین: داستانی گلگامش چ وەک کۆنترین تێسکتی نووسراو کە تائێستا لەبەردەستدایەو چ وەک ئەو قووڵاییەی کەھەیەتی سەرسووڕھێنەرە، بەشێوەیەکی باڵاو کاملڕ پرسیارە کەونیی و ئەنتۆلۆژییەکان لەخۆ دەگرێت، دەگوترێت دوو ھەزار سالڕ پێش زایین نووسراوەتەوەو لەھەمووشی سەیرتر ئیمزاو ناوی کەسێکی لەسەرە بەناوی " شین ئوقی ئونینی" کەنەزانراوە ئاخۆ نووسەری داستانەکەیە یان ئەو کەسەیە کەنووسیویەتییەوە. داستانەکە باس لەگلگامش دەکات کە پاشای "ئۆرک-وەرکا"یەو دایکی خوداوەندەو باوکی لەتوخمی مرۆڤی فانییەو بەمەش ئەویش دەبێتە بوونەوەرێکی فانی.. تاکڕەوانە حوکمی کردووەو لەتاو زوڵم و زۆری، خەڵکی "ئۆرک" پەنا بۆ خوداوەندەکان دەبەن تا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە، یەکێک لەخوداوەندەکان کەناوی ئۆرۆرۆ-یە پیاوێکی بەرایی و بەھێزی سەرەتایی توکنی بۆ دروست دەکات کەلەنێو ئاژەڵاندا وەک ئەوان دەژی بەناوی "ئەنکیدۆ"و پاش ئەوەی چەند جارێک ئاژەڵان لەتەڵەی ڕاوچییان رزگاردەکات و دەبێتە مایەی کۆسپ بۆ خەڵکی، خەڵکەکە پەنا بۆ گلگامش دەبەن و شەکوای حاڵی خۆیانی بۆ دەکەن.. گلگامش-یش فێڵبازانەو تەنانەت بەشێوازێکیش کەبەدرێژایی مێژوو بەکارھاتووە، مێینەیەک بۆ تەفرەدانی دەنێرێت.. لەداستانەکەدا یەکێک لەکارەکەرەکانی پەرستگەی عەشتار بەناوی"شمخات" دەنێرێت بۆ دەستەمۆکردنی دڕندایەتی "ئەنکیدۆ" و رابواردن لەگەڵی تا ئاژەڵان لێی بتەرنەوەو ببێتە کەسێکی رامکراو و مەدەنی.. ئیتر فێری جل لەبەرکردن و خواردنەوەی شەراب و کەیف و سەفاو شت گەلێکی لەو چەشنەی دەکات.. ئینجا پاش ئەو گۆڕانە، ئافرەتە نێردراوەکە غیرەی "ئەنکیدۆ" دەبزووێنێت و باسی ئەوەی بۆ دەکات چۆن غەریمێکی ھەیە کەناوی گلگامش-ەو یەکەمین شەوی پەردەی ھەموو کچانی مەملەکەت بۆ ئەوەو بەمەش "ئەنکیدۆ" ھار دەبێت و مەیدان لە گلگامش دەگرێت، بۆ زۆرانگرتن و ململانێ.
ھەردووکیان زۆر بەتوندی بەگژ یەکتردا دەچن و ھەرچەند لە ھێزدا یەکسانن و بەرانبەر دەوەستنەوە، بەڵام بەددان پێداھێنانی "ئەنکیدۆ" بەھێز و توانای گلگامش-دا.. گلگامش بەسەرکەوتوو ئەژمار دەکرێت و ئیتر بەمە دەبنە دوو ھاوڕێی زۆر خۆشەویست و لەدرێژەی داستانەکەدا "ئەنکیدۆ" لەپێناو بەرگریکردن لە گلگامش، کاتێک خوداوەندەکان گای پیرۆز بۆ کوشتنی گلگامش دەنێرن، پەلاماری قۆچی گای پیرۆز دەدات تا گلگامش زەفەری لێبھێنێت و بیکوژێت، بەکوشتنی گای پیرۆزیش ئەنجومەنی خوداوەندەکان کۆدەبنەوەو بڕیار دەدەن ئەنکیدۆ بکوژن، ئیتر تووشی نەخۆشییەکی دەکەن و پێی دەمرێت..ئەمەش وا لە گلگامش-دا دەکات دەیان پرسیار لەبارەی بوون و نەبوون بەمێشکیدا گوزەربکات و نغرۆی خەم و پەژارەیەکی ھێجگار قوولڕ ببێت و عەوداڵی دۆزینەوەی نھێنییەکانی بوون و فەنا بوون ببێت، لەم پێناوەشدا دەست دەکات بەسەفەرکردن و لەدرێژەی سەفەرەکەشیدا دەگاتە لای ئەو کەسە نەمرەی کەناوی "ئوتنابشتم"ەو پاش رزگاربوونی لەتۆفانە مەزنەکە.. خوداوەندەکان نەمری ھەتا ھەتاییان بەخۆیی و ژنەکەی بەخشیوە. پاش ھەوڵێکی زۆری گلگامش بۆ رازیکردنی "ئوتنابشتم" تا نھێنی نەمری پێ بڵآ.. ئەو زاتە نەمرە مەرجی شەش رۆژ و حەوت شەو نەخەوتنی بۆ دادەنێت، تا پێی بڵێت.. ئەمەش بەگلگامش ناکرێت و پاش بێدارییەکی زۆر دەخەوێت و ھەلی بەدەستھێنانی نەمری یان زانینی نھێنی نەمر بوون لەدەست دەدات.. ژنی "ئوتنابشتم" بەزەیی بەگلگامش-دا دێتەوەو نھێنی گەنج بوونەوەی پێدەڵێت و پاش بەدەست ھێنانی ئەو گیایەو دەرھێنانی لەنێو دەریادا، ئەویش لەغەفڵەتێکدا مار دەیخوات، ئیتر مایەپووچانە دەگەڕێتەوەو دەگاتە ئەو یەقینەی چارەنووسی ھەموو مرۆڤێک مەرگ و فەنا بوونە.

ئەفشین غوڵامی: ھەر ئەمەشە کەبەڕوونی لەفەلسەفەی رۆژھەڵاتی و دنیای سۆفییەکاندا رەنگدەداتەوە؟

یوسف عزەدین: بەڵێ تەنانەت کاتێک گلگامش سەفەرەکەی دەست پێدەکات، بۆ دۆزینەوەی نھێنییەکانی نەمر بوون و مانەوەی ھەتا ھەتایی، جلی پاشایەتی دادەکەنێت و جلی وەک ھی سۆفییان و دەروێشان دەکاتە بەرو لەڕێگەش بەقسەو ھەولڕ و تەقەللاکانی خوداوەندی خواردنەوەو شەراب"سیدوری" ھەڵناخەڵەتێت، کەپێی دەڵێت دنیا بۆ خواردنەوەو رابواردن کراوەو لەجێی عەوداڵبوونت بەشوێن وەڵامی پرسیارەکاندا خۆت لەچێژبینین و رابواردندا غەرق بکە.. بەڵام ئەو گوآ لەو قسانە ناگرێت و درێژە بەسەفەرەکەی دەدات.

ئەفشین غوڵامی: ئەدەبیاتیش بۆ خۆی سەفەر و گەڕانە، پێتان وانییە ھەر ئەم پرسیارگەلانەیە، ئەدەبیات سەرقاڵییەتی؟

یوسف عزەدین: بەڵی ئەمە لای سەرجەم ئەو ژمارە کەمە لەنووسەرە جدییەکانی دنیا وایە، ئەوانەی حەوسەڵەو توانا و تاقەتی قووڵبوونەوەو تێپەڕکردنی ئاستە سەتحییەکانیان ھەیە، وەک کافکا و ئیتالیۆ کالڤینۆ و بۆرخیس و ژمارەیەک لەنووسەرە جدییەکانی دنیا.

ئەفشین غوڵامی: بەڕای ئێوە، ئەو شتانەی واقیعی ئەدەبی لەدنیای نووسینداو واقیعی حەقیقی لەیەکتر جیادەکاتەوە کامانەن؟

یوسف عزەدین: پرسیارەکەتان فرەڕەھەندەو گەلێک وەڵام ھەڵدەگرێت، وەک دەڵێن یەکێک لەجیاکەرەوەکانی ئەدەبیات لەواقیعی حەقیقی میتافۆرە، بەڵام بەڕای جۆرج لاکۆف و جۆنسۆن میتافۆر تەنھا پەیوەست نییە بەگوزارشتە زمانەوانییەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بەبیرکردنەوەو کردار و ھەستکردنەکانمانەوە، پەیوەستە بەفۆڕمۆڵەبوونی رایەڵەی چەمکەکان لەبەڕێوەبردنی کردەوە مۆڕاڵییەکانمانەوە. مەبەست لەوەیە لەخودی بیرکردنەوەو تێڕوانین و دنیابینی و تەنانەت فڕوفێلڕ و کاروکردەوە ھەڵخەڵەتێنەرەکانی مرۆڤیشدا، میتافۆر حزووری ھەیە. ئیتر بەشێک لەبەرەو پێشچوونە شارستانییەکان پەیوەستە بەمیتافۆرەوە کەپاش دروستبوونی زمانێکی تایبەت، بەچەشنێک لەچەشنەکان لەنێو ھەناویدا و ھاوتا لەگەلڕ بەکارھێنانی بەردەوامیدا دێتەبوون. ئەگەر کەمێک زیاتر قووڵبینەوە دەبینین بیستن رۆڵێکی سەرەکی ھەیە لەقسەکردن و ئاخافتن و پەرەپێدانیدا.. ھەروەک "مەولانا جەلالەدینی رومی" دەڵێت: ( ھەر وەڵامێک لەڕێی گوێوە بچێتە دڵەوە، چاوت پێت دەڵێت، وازی لێ بھێنەو گوێڕادێری من بە.. بزانە گوآ بازاڕییە.. بەڵام چاو ئەھلی ویساڵە.. چاو ساحێبی حاڵە.. بەڵام گوآ ئەھلی مەقامەو لەگوێگرتندا سیفاتەکان دەگۆڕێن.. بەڵام لەبینیندا زات دەگۆڕێت).

ئەفشین غوڵامی: کەواتە دنیای عیرفان و سۆفیگەری و نووسینەکانیان لەدنیای ئەدەبیاتی جیدییەوە نزیکەو وەک چۆن توانیووتانە لەسەرجەم رۆمانەکانتانداو بەتایبەتیش لەرۆمانی" وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان"دا رایەڵەیەکی نھێنی و ئەفسوونئامێزانە لەنێو ئەو دوو دنیایەدا دروست بکەن، واتە ئەدەب و عیرفانتان کردۆتە دوو دیوی یەک تێسکتی ئەدەبی؟

یوسف عزەدین: تۆ بڕوانە دنیای ئەو عاریفانە ھێندە قووڵ و فرەڕەھەندە، ھەیانە جگە لەدەیان کتێبی فیکری و فەلسەفی و عیرفانی، لەئەدەبیاتیشداو بەتایبەتیش لە بواری گوتنی شیعردا بەیت و پارچە شیعری زۆر کاریگەرو سەرسامئامێزیان ھەیە، یان تەنانەت دیوانە شیعریان ھەیەو ھەشیانە تەنھا بەشیعر ھەموو ئەزموونە ناوەکییە قووڵەکەی خۆی خستۆتەڕوو.. ئەوانەی زۆر بێدەنگ و تەریکیش بوون، زمانی حاڵ و دەربڕینیان ھەر شیعر بووە..لەگەلڕ بوونی ئەو جەزب و راکێشانەی کەتەنھا لەدنیای عریفاندا ھەیەو رۆحی بنیادەم تووشی ھەژان و سەرسامبوون دەکات، لەپشت ھەر بەیتێکیاندا دنیایەک مانای زۆر قوولڕ لەباتن و زاھیردا حزووریان ھەیە.
سەیرکە من و تۆ چیمان لێدێت بەرانبەر تەنانەت بەیتە شیعرێکی فەریدەدینی عەتتار و حافزی شیرازی و حەللاج و ئیبن عەرەبی و مەولانا جەلالەدینی رومی کەخودی ئەو زاتە دەرحەق بە"عەتتار" دەڵێت:( عەتتار سەفەری بەھەر حەوت مەملەکەتەکەی عیشقدا کردو کەچی ئێمە لەسەرەڕێگەی شەقامێکی عیشقدا چەقیووین).. ھەروەھا ھەموو توانستە شیعرییەکانی خۆی دەباتەوە بۆ "عەتتار"و تەنانەت دەڵێت:( ھەڵەکانیشم ھەر لە عەتتار-ەوە فێر بووم).. ئەمەیە ئەدەب و رەوشتی ئەھلی عیرفان کەبەدەر لەمل شکاندنی یەکتر و حەسادەت، پێکەوە کار لەخوڵقاندنی دنیای مەجازیدا دەکەن، ئەوەتا مەولانا ئاماژە بەوە دەکات، ھێندە کاریگەری عەتتار-ی لەسەرە، تەنانەت ھەڵەکانیشی ھی ئەون، بەڵام لەواقیعی ئەدەبیات و نووسینی ئەم دەڤەرەی ئێمەدا، ئەوەی تۆ بۆخۆت کەشفت کردووەو زادەی شەونخوونی و ئەزموونی مەعریفی و رۆحیتە، کاتێک دەیخەیتەڕوو، لێرەو لەوآ ئەوەی پێی گەیشتوویت، بەلاسایی کردنەوە یان بردنی دەبێتە بابەتێک یان چەند بابەتگەلێکی بڵاوکراوە، لەڕوو ھاوشێوەو لەناوەخندا کاڵوکرچ و دزێو.. ئیتر چی لەوە ترسناکتر ھەیە لەواقیعێکی ئاوادا ھەبیت و بنووسیت و دڵنیابیت ئەوەی تۆ گوتووتەو لەڕووکەشدا بێدەنگی لێکراوە، ھەر وەک ئەوەی نەبینرابێت و نەخوێنرابێتەوە، کەچی لەڕاستیداو بەبێدەنگی و لەتاریکیدا کار بۆ فامکردن و راڤەکردنی کراوەو پاش ماوەیەک لێرەو لەوآ ئاوەژوو یان بەکەمێک دەستکارییەوە بەناوی کەس و کەسانێکی ترەوە بڵاودەکرێتەوە؟!

ئەفشین غوڵامی: کەواتە تێکستە ئەدەبییەکانی عاریفان، ئەدەبی راستەقینەو جدین؟

یوسف عزەدین: لەڕاستیدا رۆژھەڵاتناسەکان توانیان سەرتاپای ئەدەبیات و فیکر و بیروبۆچوونی رۆژئاوا لەبنەڕەتەوە بگۆڕن، بەوەرگێڕان و گەیاندنی دەیان تێکستی ئەدەبی و فیکری و مەعریفی و زانستی و عیرفانی رۆژھەڵات.. زۆریان تەمەنی خۆیان بۆ کەشفکردنی نھێنی و پەنھانی عیرفان و دنیای سۆفییان تەرخانکرد، لەوانە "لویس ماسینیون"ی فەڕەنساییە، بابەتی دەرحەق بە"سەلمانی فارسی"و "ئیبن سەبعین"و "حەللاج"نووسیوە، بەتایبەتیش نزیکەی سی سالڕ لەتەمەنی خۆی بۆ ناساندنی بەرھەم و ژیانی "حەللاج" تەرخانکردووە، "ئازارەکانی حەللاج " ناونیشانی کتێبێکی تۆکمەو جوانی ئەو زاتەیە.

ئەفشین غوڵامی: دووبارە راڤەکردنی مێژوو و خوڵقاندنەوەی سەرلەنوێشی، لەھەموو رۆمانەکانتاندا بەرچاو دەکەوێت، سەرباری بینینەوەی لەھەندێک لەوتار و لێکۆڵینەوەو بابەتی رەخنەیی و وەرگێڕانەکانیشتاندا، ھۆکاری گرنگی دانتان بەمێژوو بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

یوسف عزەدین: وەک وەبیرم دێت و تەنانەت پێش فامکردنی تەواویشم بۆ دنیا، باس و خواس و بەسەرھاتە مێژووییەکان زیاد لەگەمەو یاریکردن سەرنجیان رادەکێشام، بەبێدەنگی بەدیار بەساڵاچووەکانەوە دادەنیشتم بۆ گوآ بیستی ئەو حیکایەتە مێژووییانەی کەنازانم بۆ ھەر لەو دەمەوە لەواقیعی ژیان جوانتر و بەتامتر دەھاتە پێشچاوم و بێزار نەدەبووم لەھەموو ئەو گێڕانەوانەی کەسالڕ لەدوای سالڕ منیان ئالوودەو شەیدای خوێندنەوەی مێژوو کرد، بۆ ئەوەی لەنێو خەیالڕ و خەونەکانمدا ببێتە بەسەرھات و ماجەراو و داستان و حیکایەتگەلێکی جیاواز لەوەی کەلەواقیعدا ھەبووەو روویداوە...گێڕانەوە مێژووییەکانی سەردەمی منداڵیم، ئەوەندەی گوێبیستیان دەبووم، ھەستم بەسامی وشەکان و قووڵاییەکانی زەمەن دەکرد، زەمەنێک کەبۆنێکی تایبەتی ھەبوو.. بۆنێک بوو، وەک بۆنی خودی بەساڵاچووەکان.. دەمزانی ئەو کەسانەی حیکایەتە مێژووییەکان دەگێڕنەوە، ھەر یەکێکیان چەند جیاوازن لە کەسێکی تریان، لەگێڕانەوەی ھەمان بەسەرھات و ماجەرای مێژوویدا.. کاتێک باسی ئەسکەندەری مەکدۆنییان بۆ دەکردم و دواتر لەشوێنێکی ترەوە باسی زولقەڕنەین-یان بۆ دەکردم و ئیدی کاتێک لای یەکێکیان جیابوون و لای یەکێکی تریشیان ھەردووکیان ھەر یەک بوون، زۆر سەرسام و حەیران دەبووم، بەو توانستە سەیر و سەمەرە عەجایبەی، کەدنیایەکی جیاوازی وای دەھێنایە پێشچاوم، کەدەبوو لەگەلڕ یەکێکیان بم و لایەنگری تەسەوراتی بم، دژ بەوی تریان.. یان پێچەوانەی ھەردووکیان بم و ھەموو ئەمەش دەبووە مایەی چەندین پرسیاری بێکۆتا، کەھەم رووبەڕووی ئەوانەم دەکردەوە کەحیکایەت و بەسەرھاتە مێژووییەکانیان بۆ دەگێڕامەوەو ھەم لەکەسانی تریشم دەپرسی، ئیدی ھەر لەسەرەتاوە بەپرسیار و نایەقین بوونمەوە دەرحەق بەوەی دەیبیستم، ھاتمە نێو دنیای بەسەرھات و ماجەرا مێژووییەکانەوە، بەگومانەوە کەوتمە روانین و سەرنجدانی سەرجەم دیاردەو شتەکان.

ئەفشین غوڵامی: ھەر بۆیە دەتەوێت بگەڕێیت بەشوێن مێژووی نەنووسراو و نەگوتراوی شتەکاندا؟

یوسف عزەدین: ئێمە ھەموومان چ لەئێستادا لەنێو مێژووداین و چ پاش مەرگیشمان لەنێو مێژوودا دەمێنینەوە.. بەکەسە ناسراو و نەناسراوەکانیشەوە..ئیتر ئەگەر مێژووی نووسراویش نەبێت، ئەوە مێژووی شەفەھی دەتوانێت کەسە نەناسراوەکان بھێڵێتەوەو دەماو دەم بەسەرھاتی ژیانیان بگێڕێتەوە. بۆیە بوونی من و تۆ لەمێژوودا، چەندە بابەتێکی حەقیقی و واقعییەو وەک خۆی و لەخۆیدا بوونی ھەیە، ئەوەندەش بابەتێکی ئەبستراکت و جیاوازە.. ئەمە جگە لەچۆنیەتی بینینی ئەویتر بۆ من و تۆ. بۆ نمونە "ھیتلەر" لای من و تۆ، تەنھا دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ و ماڵوێرانکەر و تاوانبارە، بەڵام لای ھەموو ئەوانەی تا دوا دڵۆپی خوێنیان بەرگرییان لێکردو لەپێناویدا جەنگان شتێکی ترە. "ھیتلەر" لەتێڕوانینی بیرمەندەکانیشدا جیاوازە، بیرمەندێکی داھێنەری وەک"ھایدگەر" یەکێک بووە لەحەیران و موعجیبەکانی، کاتێک پێی دەڵێن چی لەو پیاوە سەتحییەدا دەبینیتەوە، وا ھێندە پێی موعجیبیت؟ لەوەڵامدا دەڵێت، تەنھا جووڵانەوەی دەستی بەسە! واتە بۆ گۆڕینی کەساتییەکان و ھێنانە ژێر باریان..ئیدی "ھایدگەر" بەکۆڵێک ئەقڵەوە کەسایەتییەکی وەک ھیتلەر لەناخەوە دەیھەژێنێت؟!
"ئۆشۆ" لەکتێبی "لەکۆیلایەتییەوە بەرەو ئازادی"دا ئاماژە بەوە دەکات، ( کەئەڵمانیا وڵاتی کانت و ھیگلڕ و فیورباخ و کارلڕ مارکس و فرۆیدو مارتن ھایدگەر-ە بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا کەسێکی سایکۆباتی پلە سێی وەک "ئەدۆلف ھیتلەر" توانی میللەتێکی ئاقڵی وەک ئەڵمان بەلای خۆیدا رابکێشێت) دەڵێت( بەڕای من ئەگەر بەشەرییەت ھیچ لەمەوە فێر نەبێت، ئەوە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە...ناچێتە ئەقڵەوە کەیەکێک لەناودارترین فەیلەسوفەکانی چەرخی بیستەم، کەسێکی وەک "مارتن ھایدگەر" ببێتە ھەوادار و لایەنگری ھیتلەر. ھیتلەر بووە سەرۆکی ئاقڵترین وڵاتی دنیا، ھەموو خاوەن بڕوانامەکان چوونە پالڕ پیاوێکی نەخوێندەوار و گەورەترین ئیمپراتۆریەتی فاشیستی لەدنیادا دروستکردو دە ملیۆن ئینسانی کوشت، بەبآ ئەوەی پشتگیری لایەنگرانی لەدەست بدات ).

ئەفشین غوڵامی: پێتان وایە کاری ئەدەبە بەدووی ڕاستییەکاندا بچێت و ھۆکاری نەھامەتییەکانی مێژوو بدۆزێتەوە؟

یوسف عزەدین: "سیباڵد"ی بەڕەگەز ئەڵمانی یەکێکە لەو نووسەر و رۆماننووسە جدییانەی کەبەبێدەنگی ساڵانێک خەریکی کەشفکردن و خوێندنەوەیەکی نوێگەریانەو جیاواز بوو بۆ مێژوو.. تا مەرگی لەناکاوی لەساڵی ٢٠٠٣-دا بەڕووداوی ھاتوچۆ لەبەریتانیا، پرۆژەی زۆر تایبەت و ناوازەی نووسینی ئەو پیاوەی وەستاندو پاش مەرگی ئینجا ئەم نووسەرە بەتوانایەیان بیرکەوتەوەو خەڵاتی "ئیندیپێندت"ی چیرۆکیان بەخشی بەیەکێک لەرۆمانەکانی بەناوی"ئۆسترلیز"و بەگشتی رۆمانەکانی تێکەڵەیەکن لەڕیپۆرتاژ و وتار و لێکۆڵینەوەو چیرۆک و تانەت ھەندێک جار کتێبەکانی وێنەش لەخۆ دەگرن. شێوازێکی زۆر تایبەتی ھەیە لەخستنەڕووی ڕووداوەکانداو کاتێک رۆمانەکانی دەخوێنیتەوە، ھەست دەکەیت بەدەر لەسۆز و عاتیفەی موزەیەفانە، دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ قوربانیانی جەنگدا بکات. لەڕۆمانی "ئۆسترلیز" واقیع و خەیاڵ تێکەلڕ دەبێت و باس لەدروستکردنی ھۆڵۆکۆست و کلتووری شیوەنکردن و یادەوەری دەکات و سەرباری خوڵقاندنی شێوازێکی نوێی نووسین. ئەتمۆسفێری دەقەکانی کافکاو ئیتالیۆ کالڤینۆ و بۆرخیس-مان بیردەخاتەوە. لەساڵی ٢٠٠٨-دا لەدایالۆگێکمدا کەلەگۆڤاری رامان بڵاوبۆتەوە ئاماژەم بەرۆمانی"مەدارەکانی ساتوورن"ی "سیباڵد"کردووەو گوتوومە:
(زەمەن بۆ خۆی نەفی دۆگماو وەستان دەکاتەوەو بێکۆتا بوونی زەمەنیش، وامان لێدەکات لێکچوون و ھاوشێوەبوونێکی زەمەنی لەنێوان دوێنآ و ئەمڕۆ و سبەینێدا ببینینەوە، ھەروەک لەڕۆمانی مەدارەکانی ساتوورن-ی سیباڵدا دەبینرێتەوە. لەمیانی گەشتێک بەنێو زەمەندا، بەئامانجی گەیشتنە حەجی مەسیحیان، تاقیبی رێگەی قەرەجان و گەڕیدەکان دەکات و لەڕێگەی سەردو مەنەلۆگەوە، رووداوو و کارەسات و ساتە سەیر و سەمەرەکانی مێژوو زیندوو دەکاتەوە، بەچەشنێک کەھەر دەڵێی لەئێستادا روو دەدات و خوێنەر ناچار دەکات بپرسێت.. سیباڵد وامان لێدەکات بکەوینە پرسیارکردن، سەبارەت بەچەقۆ ئاساییەکانی نێو مووبەقەکانمان، چونکە ھەر ئەو چەقۆ ئاساییانە بوون کەلەدووھەمین جەنگی جیھانیدا، سەرلەبەری خەڵکانی شارۆچکەیەکی پآ سەربڕدرا ). سیباڵد لە جۆرە نووسەرانەیە کاتێک گەشت بەنێو مێژوودا دەکات و بەسەرھاتە مێژووییەکانمان بۆ وێنا دەکات، خۆی لەقەرەی خستنەڕووی گوتارە سیاسی و تێڕوانینەکانی خۆی نادات و تەنھا بەوەی دەیخاتەڕوو پرسیارمان لا دروست دەکات.

ئەفشین غوڵامی: ھەرچەند پرسیاری ترمان زۆرە، بەڵام ھەڵیدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر و بەنیازی بەردەوامیتان.

یوسف عزەدین: سوپاستان دەکەم.

 

ماڵپه‌ڕی یوسف عیزه‌دین 



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک