١٣\١٠\٢٠١٨
١٠\١٠
رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانە.
ھاوپەیمانی
جیھانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان ساڵی(٢٠٠٢) بەفەرمی دامەزرا،
ساڵی(٢٠٠٣) ڕۆژی(١٠) ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی
سزای لەسێدارەدانی دەستنیشانکرد. ئەو دەستپێشخەرییە وایکرد یەکیەتی
ئەوروپا لەساڵی(٢٠٠٧) دا بڕیاربدا ڕۆژی(١٠) ی ئۆکتۆبەر ببێتە ڕۆژی
بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە یەکیەتی ئەوروپا.
لە ساڵانی(١٩٧٦- ١٩٧٧) بەگشتی(١٦) ووڵاتی ئەوروپا سزای لەسێدارەدانیان
بە یەکجاری لە ووڵاتەکانیاندا ھەڵگرت، واتە لە ڕووی یاسایی شتێک نەما
بەناوی سزای لەسێدارەدان بۆ سەرجەم تاوانەکان لەو ووڵاتانەدا.
لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەیان ووڵاتی جیھان سزای
لەسێدارەدانیان نەھێشت، لە ناویاندا(١٠٤) ووڵات بە شێوەیەکی یەکجاری بۆ
ھەموو تاوانەکان سزاکەیان ھەڵگرت، (٣٠) ووڵاتیش جیبەجێکردنی سزای
لەسێدارەدانیان ھەڵوەشاندەوە، (٧) ووڵاتیش سزاکەیان بۆ چەند تاوانێک
ھەڵوەشاندەوە، لە(٥٧) ووڵاتیش سزاکە تا ئێستا بەکاردێت، (٢٩) ووڵاتیش
سزاکە جێبەجێدەکەن.
زۆربەی سزاکانی لەسێدارەدان ئێستا لە ئاستی جیھان لە پێنچ ووڵات
جێبەجێدەکرێت ئەو ووڵاتانە بریتین لە:
چین، ئێران، سعودیە، عیڕاق، پاکستان.
لە ماوەی(١٠) ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدان لەو پێنچ ووڵاتە بەمشێوەیە
بووە: (چین-١٠١٩٠) (ئێران-٤١٨٠) (سعودیە- ٩٨٥) (عیڕاق-٧٩٢ ) (پاکستان-٥٩١)
لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆربەی لەسێدارەدان ھەر لەو پێنچ ووڵاتە
جیبەجێکراون.
لەھەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی(٢٠٠٨ تا ٢٠١٥) سزای لەسێدارەدان
بەسەر کەس جێبەجێنەکراوە،بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی(٢٠١٥) سێ
کەس لە یەک خێزان پیاوێک و دوو خێزانەکەی واتە ھاوژینەکەی لەسێدارەدران،
ھەروەھا شەوی ١٠ لەسەر ١١ ی مانگی دیسێمبەری ساڵی(٢٠١٦) بکوژی مینای
تەمەن ھەژدە مانگ کە ناوی(عەبدوڵا حسێن) بوو لەسێدارەدرا. بەپێی
زانیارییەکان لەھەرێمی کوردستان، لە ساڵی (٢٠١٧) دا(٣٤) کەس سزای
لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەگشتی(٢٥٣) کەس لە ناویاندا(٢٠) ژن، بەپێی
یاسا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەبەندیخانەکانی ھەرێمی
کوردستانن، بەڵام لەسێدارەدان لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێ، بەپێی
زانیارییەکانی ڕێکخراوی نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) تەنیا
ئەو چوار کەسەی ئاماژەمان پێکرد لەسێدارەدراون.
لە عیڕاق لەماوەی(١٠) ساڵدا بەگشتی(١٨٠٨) کەس سزای لەسێدارەدانیان
بەسەردا سەپێندراوە لەو ژمارەیە(٧٢٩) کەس لەسێدارەدراون.
سزای لەسێدارەدان واتە لێسەندنەوەی ژیان، بەڵام لێسەندنەوەی ژیان زۆر
جۆری ھەیە لە دەرەوەی بەندیخانەکان بەبێ تێپەڕبوون بە قۆناغ و ڕێچکە
یاساییەکان جار ھەیە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی، جاریش ھەیە لەلایەن گرووپ
و میلیشیای چەکدار بە ھۆکاری سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و مەزھەبی،
ڕەگەزی، یان لەڕێگای بۆمبارانکردنی بەئەنقەست جێبەجێدەکرێت بۆ نموونە:
ساڵی(٢٠١١) لە(١٧) ی شوبات و ڕۆژانی دوایی لە سلێمانی و شارۆچکەکانی تر
ژمارەیەک خۆپیشاندەر درانە بەردەستڕێژی گولـلە بەلایەنی کەم(١٠) کەس
بوونە قوربانی.
لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ساڵی(٢٠١٣) ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی
بەرەی نوسڕە و ھاوشێوەکانی لە سوریا لە ناوچەی تەلعەران و تەلحاسڵ(٢٧)
کوردیان کۆمەڵکوژکرد، دواتر زۆر شوێنیان داگیرکرد زۆر کەسی بێتاوانیان
ڕفاند و سەربڕی و تیرۆرکرد، بەتایبەتی بەرامبەر بە کوردەکان تاوانی
زۆریان ئەنجامدا.
سەرەتای مانگی ئابی(٢٠١٤) دوایئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شەنگال و
کۆجۆی داگیرکرد ئیعدامی بە کۆمەڵی ئەنجامدا بەتایبەتی لە کۆجۆ،
بەھەمانشێوە لە موسڵ و ھەموو ئەو ناوچانەی کە داگیریکرد، ھەروەھا
چارەنووسی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کەوتنە دەست داعش کە لە شارۆچکەی
حەویجە لە ناوبازاڕدا سواڕاندیانن تائێستا چارەنووسیان دیارنیە و
نەگەڕانەوە ناو خێزانەکانیان.
لە بەرواری(١٣.٠٤.٢٠١٦) لە شارۆچکەی پێنجوێن ئیتڵاعاتی ئێران کەسایەتی
ناسراوی پێنجوێن نیشتمانپەرەوەر(کەمال شێخ سادە) و وەستا(سەدیق
ساڵیئاوایی) تیرۆرکرد.
شەوی ١٧ لەسەر ١٨ ی مانگی(تەمووز) ی ٢٠١٨( ئیقباڵ مورادی) لە شارۆچکەی
پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی تیرۆرکرا، ناوبراو باوکی زیندانی
سیاسی کورد(زانیار مورادی) و مامی زیندانی سیاسی کورد(لوقمان مورادی)یە.
ڕۆژی(٠٨.٠٩.٢٠١٨) لە ئەنجامی موشەکبارانکردنی شارۆچکەی کۆیە لەلایەن
کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە(١٦) کەس شەھید و (٥٠) کەسی تریش برینداربوون.
موشەکبارانکردنی شارۆچکەی کۆیە لەلایەن ئێرانەوە ھاوکاتبوو لەگەڵ
لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی کورد(ڕامین حسێن پەناھی،
زانیار مورادی، لوقمان مورادی) کە(٨)ی سێپتێمبەر لە گرتووخانەی ڕەجایی
شاری کەرەج لە ئێران لەسێدارەداران، ڕۆژانی دواتر زیندانی سیاسی
کورد(کەمال ئەحمەد) و دوو پێشمەرگەی(حدکا) کە بەدیل گیرابوون لە ئێران
لەسێدارەدران.
ڕۆژی(٢٥.٠٩.٢٠١٨) لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای
سلێمانی(لوقمان شەھابی) کە خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە نیشتەجێی
دەربەندیخانە لەبەردەم ماڵەکەیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێکرا و
ھەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەسەختی بریندارکرا.
ئەشکەنجەی دژوار جار ھەیە دەبێتە ھۆی کوشتنی زیندانیان، ھەروەھا زۆرجار
چارەسەرنەکردن و دابین نەکردنی دەرفەتی چارەسەری پزیشکی دەبێتە ھۆی
گیان لەدەستدانی زیندانیان. کوشتنی کۆڵبەرانی سەرسنوری نێوان ڕۆژھەڵات
و ھەرێمی کوردستان، یان کۆڵبەرانی نێوان سنوری باشور و باکوری کوردستان
بەھەمان شێوە دەتوانین ناوی بنێین ئیعدام، ئەوانە چەند نموونەیەکن
لەسەر ئیعدامی جۆراوجۆر.
لە عیڕاق لە شاری(بەسرە- بێرە) ی باشوری عیڕاق لە ئەنجامی
سەرھەڵدانەکانی ناوەڕاستی مانگی تەمووز لەو شارە(١٢) کەس لەلایەن ھێزە
چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیڕاق لەو شارە کوژران و دەیان
کەسی تریش بریندارکران و سەدانی تریش دەستگیرکران.
لەشاری سەماوە ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی عیڕاق لە(١٥) ی تەمووز چوار
خۆپیشاندەریان کوشت کە ناوەکانیان بەمشێوەیە:
(وەلید حەمید، ئەحمەد ڕازی، حسێن دەخیل) بە فیشەک کوژران، ھەروەھا
ھێزەکانی عیڕاق لە سەماوە بە ئۆتۆمۆبێلی جۆری ھەمەر خۆپیشاندەر (عەلی
قاسم) یان شێلا بەوھۆیەوە گیانی لەدەستدا.
لە شارەکانی بەغدا و بەسرە بەگشتی چوار ژن تیرۆرکران کە ناوەکانیان
بەمشێویە:
سوعاد حەبیب ئەلعەلی- چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە شاری بەسرە، تارا
فارس شەمعون- نمایشکاری جل و بەرگ، د.ڕەفیف ئەلیاسری- ناوندی جوانکاری،
د.ڕەشا ئەلحەسەن- ناوەندی جوانکاری.
لەگرتووخانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا شێوازێکی تری ئیعدام پەیڕەو
دەکرێ دەتوانین ناوی بنێین مردنی ھێواش کە بریتیە لە بێبەشکردنی
زیندانیانی سیاسی لە بینینی ڕۆژ واتە بێبەشبوونیان لە تیشکی خۆر،
بەردەوامبوونی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی وەک ئەوەی ماوەی بیست ساڵە
بەرامبەر بە سەرکردە و ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان(عەبدوڵا
ئۆجەلان) پەیڕەو دەکرێ، ھەروەھا چارەسەر نەکردنی زیندانیانی سیاسی
نەخۆش کە کێشەی تەندروستیان ھەیە، بێبەش دەکرێن لەچارەسەری پزیشکی ھەتا
مردن، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنجامی ئەشکەنجەی دژوار جارھەبووە
زیندانی سیاسی گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبورنی نێودەوڵەتی لە ساڵی(٢٠١٦) دا بەگشتی(١٠٣٢)
کەس و لە ساڵی(٢٠١٧) دا بەگشتی(٩٣٣) کەس لە(٢٣) ووڵاتی جیاواز
لەسێدارەدراون.
وەک ڕێکخراوی نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) پێمانوایە ژمارەی
لەسێدارەدان لەسەر ئاستی جیھان زۆر زیاترە لەوەی کە ڕاگەیەندراوە،
چونکە ئەو ووڵاتانەی خەڵک ئیعدام دەکەن مەرج نیە ھەموو لەسێدارەدانێک
ڕابگەیەنن.
ڕێکخراوی نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) داوادەکات سزای
لەسێدارەدان لەھەرێمی کوردستان و عیڕاق و جیھان نەمێنێت و ڕۆژی (١٠) ی
ئۆکتۆبەر بەکردار ببێتە ڕۆژی نەھێشتنی سزای لەسێدارەدان لە ھەرێمی
کوردستان و عیڕاق و سەرتاسەری جیھان...
رێکخراوی نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە)
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان
١٠\١٠\٢٠١٨
fuadzindani@yahoo.de
|